بیرم نایه‌ت … به‌ندی عه‌لی
.. 2012
بیرم نایه‌ت
له‌ساڵی چه‌ندی کۆچیه‌وه
به‌ڕێوه‌م و چه‌ند فرسه‌خیش
له‌سفری ده‌ستپێکه‌وه دوورم
بیرم نایه‌ت
که‌چه‌ند خه‌ڕه‌ندو گاپێڵ و
هه‌ورازو که‌نده‌ڵم دیوه
بیرم نایه‌ت
له‌چه‌ند به‌فری حوزنم داوه‌و
چه‌ند ڕه‌هێڵه‌ی شه‌رمه‌زاریش
په‌ڕه‌سوێلکه‌ی ماخۆلانی ئه‌م دڵه‌می
شۆردۆته‌وه
بیرم نایه‌ت
ئه‌گه‌ر جارێ ، به‌ڕێکه‌وتیش
له‌سه‌ر کانیی ئولفه‌تێک و
له‌ژێر دارتوی متمانه‌دا
به‌کات و شوێن
سه‌رخه‌وێکی دڵنیاییم شکاندبێ
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌بیرماوه
دایکم ده‌ی ووت
ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆ له‌دایک بووی
له‌م شاره‌دا ، هاتن و چوون
قه‌ده‌غه بوو .. بۆیه ده‌ڵێم
ڕه‌نگه تاکۆتایی ته‌مه‌ن
قه‌ده‌ر تۆڵه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌م لێ
بکاته‌وه
بیرم نایه‌ت
چه‌ند پاییزم
به‌دیار هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵا
زه‌رده‌کانی فرسه‌ته‌وه ڕێ کردووه‌و
چه‌ندێ نه‌عشی به‌هاریشم
له‌چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی
هه‌ندێ شکۆفه‌ی ئومێدا
به‌کۆشی خاک سپاردووه
وه‌لێ ئه‌و زستانه‌م هه‌رگیز
له‌بیر ناچێت
به‌شه‌خته‌ی کۆچی ناساندم
بۆیه به‌چله‌ی هاوینانیش
هه‌ڵده‌له‌رزێم
بیرم نایه‌ت
چه‌نێکه خۆم ده‌خۆمه‌وه
له‌وانه‌یه روحم دڵۆپه ئاوێکی
تیانه‌مێنێ و ببمه هه‌ڵم و
له‌په‌نجه‌ره نه‌فره‌تیه‌که‌ی ئۆزۆنه‌وه
بفڕ‌م به‌ره‌و
بۆشایی بێ دوایی گه‌ردوون
بۆ ئه‌و شوێنه‌ی
نه‌قوه‌ی جه‌زبی تێدایه‌و
نه‌هه‌ست به‌قورسایی زه‌مه‌ن
بیرم نایه‌ت
له‌ساڵی چه‌ندی کۆچییه‌وه
به‌ڕێوه‌م و چه‌ند فرسه‌خیش
له‌سفری ده‌ستپێکه‌وه دوورم
ئیتر چیم داوه .. له‌م کۆچه