Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بەئاگاهاتنەوەى دێوەزمەكە دواى دوَخى سڕبون !… كاروان نەجمەدین

بەئاگاهاتنەوەى دێوەزمەكە دواى دوَخى سڕبون !… كاروان نەجمەدین

Closed
by January 31, 2008 گشتی

 ئەو دێوەزمەیەى كە لە دوو مانگ و چەندڕۆژى ڕابردوودا لەهەوڵى چڕوپڕدابوو بۆ خنكاندنى ئازادى,هەمووڕۆژە لە فرسەتێك دەگەڕا تا دواگورزى یەكلاكەرەوە لە ئازادى ڕادەربڕین بوەشێنێت لەشكركێشى حكومەتى توركیا نەبو بۆسەرسنورەكان , یان هەڕەشەى حكومەتە داگیركەرەكان و مەرامى دەوڵەتانى ناوچەكە لەكوردستان .
 بەڵكو هەوڵو هەنگاوەكانى پەڕلەمانى كوردستان بوو بۆسەپاندنى یاسایەك بەسەرخەڵكى كوردستاندا كەتروسكاییەك بۆ ئازادیەكانى خەڵك ناهێڵێتەوە , تا ئەوجێگایەى لەڕوانەگەى دیفاع لە ئازادى ڕادەربڕینەوە تەماشاى بكەین یاسایەكە بەقازانجى بەرەى كۆنەپەرستى كۆمەڵگا و قەڵغانى بیرى تایەفەگەریە , یاساى دڵخوازى ئەولایەنانەیە كە ئەو ئاستەنگ و ڕێگرى و پێشێلكاریانەى ڕوبەڕوى ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسان هەیە و دەكرێت بەكەم دەزانن و لە هەوڵى نەخشەسازی و  بەیاسایى كردنەوەى خنكاندنى ئازادى ڕادەربڕیندان .
 دواى ئەوەى سەندیكاى ڕۆژنامەنووسان لە بەجێهێنانى واجبەكەیدا سەرباز ئاسا كارى خۆى بەجێگەیاند و هیچ نهێنیەكى پشتى پەردەى نەهێشتەوە و پڕۆژەیاسایەكى دژى ئازادى خستە بەردەم پەڕلەمان , لەیەكەمین ڕۆژەكانى گفتوگۆى ناو هۆڵى پەڕلەمانەوە دێوەزمەیەك كەوتە هەڕەشەكردن لە زمان وقەڵەمى ڕۆژنامەنووسان كە خودى پەڕلەمان بوو , خۆشبەختانە بەوجۆرە سەركوتكردنى ئازادى كە پەرلەمان و سەندیكا ویستى نەیانتوانى بە ئاسانى بۆیانبچێتەسەر چونكە لەسەرەتایترین ڕۆژەكانى سەرهەڵدانى پڕۆژەكەى سەندیكا و هەوڵەكانى پەڕلەمان كەوتنە بەر لێشاوى ناڕەزایەتیەكانى ئازادیخوازانى كوردستان .
 بەهاتنى پشوى زستانەى پەرلەمان كە ئەو دوومانگەیە شانۆى سیاسى دوردەبێت لە نمایشكردنەوەى هەمان ئەو سیناریۆیانەى لەكوردستان بەردەوامیان هەیە و لەژێرناوى پەرلەمان و حكومەتدا دوكەڵ دەكاتە چاوى خەڵكو بە هەراوهوریاى ناسیۆنالستى خەریكى ئاخنینى گوێچكەى خەڵكن , دەورەى پشوى ئەم زستانەى پەرلەمانى كوردستان جیاوازیەكى تایبەتى هەیە , ئەویش پشوە بەدیار دواین هەناسەى ئازادى ڕادەربڕینەوە كە لە چوارچێوەى پڕۆژەیاسایەكدا لەبەردەم دوژمنانى ئازادیدا كەلەپچە كراوە , سەرەڕاى ئەوەى كە لەبەرانبەر هەوڵو هەناگاوەكانى پەڕلەماندا بۆ سەركوتى ئازادى ڕیزێكى فراوان لە كۆمۆنیستەكان و ئازادیخوازانى كوردستان هاتنەمەیدان و پیشانیاندا كە ئازادى لەكوردستان خاوەنى هەیەو خنكاندنى بە دامەزراوەكانى دەسەڵات لەژێرناوى "سەندیكا" و" پەرلەماندا" كارێكى ئاسان نیە , بەڵام بە سڕبونى ئەودێوەزمەیەى كە بەسەردڵى ئازادیەوە وەستاوە , بە پشوى ئەودەستەبەرزانەى كە مێژویەكە بۆ لەسێدارەدانى ئازادى بەرزكراونەتەوە , بزوتنەوەى ئازادیخوازى و بەرپەرچدەرەوەى هێرشى دژى ئازادیش خەریكە پشو بەخۆى دەدات و چاوەڕوانى دەستبەكاربونەوەى پرۆسەى لەسێدارەدانى ئازادیى ڕادەربڕینە , كە بەبڕواى من لەتوانای و بەرەوپێشچونى هەوڵى بەرەى ئازادیخوازى كوردستان بۆ دیفاع لە ئازادیى ڕادەربڕین و بەشكست هێنانى نەخشەیەك كە ئەحزابى دەسەڵاتدارى كوردستان و پەرلەمانەكەیان بەدەستیانەوەیە بۆ بەرتەسكردنەوەى ئەو( ئاوەڵایى) ئازادیەى لە كوردستاندا بەدەستهاتوە كەمدەكاتەوە, وە پێویستە ئەوڕەوتەى لە یەكەمین ڕۆژەكانى سەرهەڵدانى باسى بەیاسایكردنەوەى سەركوتى ئازادیى ڕادەربڕین دەنگى (نا)ى بۆ پڕۆژەویاساكەیان بەرزكردەوە و (بەڵێ)ى بە ئازادى بىَ قەیدوشەرت ڕاگەیاند بەسڕبونى وەرزى دێوەزمەى سەردڵى ئازادى سست نەبێت و چاوەڕوان دانەنیشێت تا پەرلەمان دەست دەكاتەوە بە(كارى ڕۆتین)ى خۆى ,چونكە هەمووئەو تەجروبانەى خەڵكى كوردستان هەیانە لەگەڵ ئەو پەرلەمانە شاهیدى ئەوەن كە ڕۆژێك لەڕۆژان بڕیارێكى ئەوپەرلەمانە نەك بەقازانجى ئازادى نەبوە بەڵكو ڕاستەوخۆ دژایەتى خۆى ڕاگەیاندوە لەبەرامبەر  ئازادیدا ,  باشترین نمونەش دەنگى بەرزى پەرلەمانبوو بە داخستى ڕۆژنامەكان ئەگەر بانگەشە بۆ مانگرتنو ڕێپێوان بكەن كە ئەوان بە توندوتیژى ناوى دەبەن, وە ئەوانەش سەرەتایترین ئازادیەكانى خەڵكن , ئەمە بێجگە لەوەى كە بە سڕبونى پەرلەمان كۆمەڵگا لە هەندێك لەو دڵەڕاوكێیانە نەجاتى دەبێت كە هەمووڕۆژە پەڕلەمان دەیانكات بەنسیبى خەڵكوو زەوتكردنى مافو ئازادیەكانیان , ئێستاش لەپەیوەند بە سەپاندنى یاساى دژى ڕۆژنامەگەرى  دەبێت ئەوە بزانین كە ئەم دەورەیە تەواو دەبێت و جارێكى دیكە ئازادى بەنیوەگیانەوە فڕێدەدەنە ناو ساحەى پەرلەمانێكەوە كە تائێستا دەستى لە بینەقاقایدایە , هەمان شێوەى بەرلە پشوو دەكەونەوە شەنو كەو كردنى تا هەناسەى لێدەبڕن .
 بۆیە هەمووپیشبینیەكان لە بەرانبەر كاركردى پەڕلەماندا ئەمڕۆ لەهەمووكات زیاتر پێویستى بەهێزكردن و یەكڕیزى و هاتنەمەیدانى سەراسەرى ئەوبەرەیەمان بۆ دوپاتدەكاتەوە كە لەبەرانبەر بەیاسایكردنى سەركوتى ئازادیدا دەورونەخشى جدى هەبوەو هەیە , لەڕیزى پێشەوەیاندا كۆمۆنیستەكان و ئەوئازادیخوازانەى كەلەبەرانبەرنەخشەكەى "سەندیكاى ڕۆژنامەنووسان" و "پەرلەماندا" پەیگیرانە هاتنە مەیدان و سەرباى ئەوەى پەڕلەمان سەر بەچى بەرەیەكەو گوێنەگرتنى بۆناڕەزایەتیەكانى خەڵك بەڵام پیشانیاندا كە ئەوپاروەقورسە ئاسان بە قوڕگى پەڕلەمان و دەسەڵاتدارانى كوردستاندا ناچێتەخوارەوە , ئێستاش بەر لەبەئاگاهاتنەوى پەرلەمان لە دۆخە سڕەكەى پێویستە ئەوبەرەیە خۆى ئامادەبكات بۆ بەرگرتن لە ئەگەرى سەپاندنى ئەویاسا كۆنەپەرستانەیەى كە لە ماوەى داهاتودا پەرلەمان دەیهێنێتەوەناو هۆڵەكەیان و جاریكى دیكە ئازادى دەسپێرن بە بەرزونزمى ئەودەستانەى لە ئەنجامى پرۆسەیەكى قۆرخكردنى دەسەڵاتو ڕێكەوتنى دوولایەنى سیاسى دژبەخواستەكانى خەڵك لە هۆڵێكدا كۆكراونەتەوە.    
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.