Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بەئۆپۆزیسیۆنبوون  … ئازاد حەمە

بەئۆپۆزیسیۆنبوون … ئازاد حەمە

Closed
by September 3, 2013 گشتی

 

 

 

 

لەبەرئەوەی بەڕادەێکی بەرچاو،و لەئاستێ فەلسەفی سیاسییانە،تێگەیشتنێ هزری سیاسیی لەسەر واتای یان گوزارەی بەئۆپۆزیسۆنبوون لە نووسینی ئێستامانا بوونی نییە بەپێویستی دەزانین لەم سەروتارە ڕووبەرچڕ و پووختەدا لەدیدێ تیۆرییەوە قسەبهێنینەپێشێ لەسەر ماهیەتی سیاسی بەئۆپۆزیسۆنبوون و کردەی سیاسی ئەم ئاڕاستە سیاسییە جاچجای بەئۆپۆزیسۆنبوون ئاڕاستەێ سیاسی کەم بەها نییە و لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی کوردیشا دیاردە و وزەیێ سیاسی کۆن نییە.ئەم زەمینەسازییە بۆ شیتەڵکردنی ئەو واتایە بە لێواری دیدگەلێ هۆمانی سیاسیدا تێدەپەڕێنین چونکە گەر سیاسەت ئاستی هۆمانی تاک باڵانەکا و وزە و بەهرەی مرۆڤەکان بەجۆرێ هۆمانی نەخاتەگەڕ ئەوکات سیاسەت دەبێ بە شوێنێک بۆ ونبوون،ونبوونیش لەناو سیاسەتدا ترسناکترین شێوەکانی ونبوونە،ونبوون لەناو سیاسەتێ برینئامێز و هیچنەکردە ئاسۆکوژ و هیواخنکێنەرە.بۆئەوەی بەئۆپۆزیسۆنبوونیش لەگەڵ ڕازی سیاسیمانا یەکبگرێتەوە،دڵی سیاسیمان لە ناسۆری و فشاری قەیرانەکان بپارێزێ پێویستمان بە هۆشێ سیاسی ڕیزپەڕ و دەگمەن هەیە.ئەم سیاسەتە سەرکزەی لە دەڤەری ئێمەدا ڕێدەکا ئۆباڵی تەنیا ناکەوێتە ئەستۆی نەتەوە و کولتوورەکانی دەوروبەرمان یان ئەوانەیش لێماندورن بەڵکو بەپلەی یەک دەکەوێتە ئەستۆی خۆمان،ئەستۆی ئێمەی کورد کە لە بەخۆبوونی خۆمان تاهەنووکەش حاڵینیین.چونکە هەقایەتی بەرخوردانەکانمان،دیرۆکی تراژیدیاکانمان،قووربانی و برینە سیاسییەکانمان ناتوانن هۆشی سیاسیمان تیابڕسکێنن گەر ئێمە هۆشیاریمان لەسەر گرینگی و مانای کردەی سیاسی نەبێ.بەومانایەی تا سیاسەت لەناو ئێمە بوارێکبێ بۆ زیندەبەچاڵکردنی تاک و پەراوێزکردنی ویستی ئەویتر،ئەو ئەویترەی لە زۆنی سیاسی هەنووکەدا ئامادە نییە،ئێمە ناکارین بە دەرهاویشتەی سەرتاپاگیر و گۆڕانئامێزەوە هەستینەسەرپێ.بۆیە لایخوارەوە،لە ڕوانگەی خۆمانەوە،تاوێک لەسەر ماهیەتی دیاردەی بەئۆپۆزیسۆنبوون دەوەستین و چڕنووکی سیاسی ئێستای سیاسەتی کوردی بەسەر ئەم دیاردەیەشەوە بەرباسدەخەین.

بەپێیئەوەی لە واتای ئۆپۆزیسیۆندا دژەگەرای و جەمسەرگیری پەنهانە،ڕووبەڕووبوونەوە و فشارخستنەسەر ئەویتری سیاسی جێنشینە ئەمەوادەکا ئۆپۆزیسیۆن پاسەوانی سیاسی شار بێ،بۆیە کاتێ ئۆپۆزیسیۆن لەناو سێستەمێ سیاسییدا دەردەکەوێ بەزۆری دوو لایەن یان دوو تاقم و جەمسەر دەگرێتەوە کە هاوکۆک و هاوشێوەی یەکنیین.لەڕووی سیاسییشەوە ئۆپۆزیسیۆن بەوە پێناسەدەکرێ کە دژەجەمسەری دەسەڵاتی سیاسییە.واتە،ئەوی ئۆپۆزیسیۆن هەستیپێدەکا دەسەڵات هەستیپێناکا یان فەرامۆشیدەکا.گەر زۆرتر لەبارەی واتای ئۆپۆزیسیۆنەوە بڵێین ئاماژە بۆئەوەش دەکەین کە ئۆپۆزیسیۆن نەبینراو بینە،دەرکپێنەکراو دەرکپێکەرە،پەراوێزکراو و باسنەکراو گفتووگۆکەرە.بەکورتی ئۆپۆزیسیۆن بۆئەوە هەیە تابڵێ نەخێر،نەخێر بەپیتی گەورە و بە دەنگێ بەرز.هەر لەبەرئەوە ئەوی لەناو ئۆپۆزیسیۆن کاری سیاسی دەکا بەدوای بەرائەتی سیاسی خۆی ناگەڕێ بەڵکو بەدوی کەموکوڕی و بەدییە سیاسیەکانی دەسەڵاتا وێڵە و،پێوەندی نێوان کۆمەڵگە و هاوڵاتیش بەجۆرێ دێنێتەسازان کە لە لۆژیکی داخلەدڵی و ڕقپەرستی سیاسییەوە بەدووربێ.بۆ ئۆپۆزیسیۆن بێباکی سیاسی پێویستە وەک دەردێ سیاسی و کۆمەڵایەتی کوشندە تەماشاکرێ و لەناوبردنیشی بەرپرسیاری سیاسی و ئەرکخوازی لێبکەوێتەوە.کەوابێت لە هزری سیاسی ئۆپۆزیسیۆندا مەرجە ئەرککەوتنەسەرشان و بەرپرسیارئامێزی وەک خاڵێ بنەڕەتی ئیشی سیاسی تەماشاکرێ.

لەبەرسایەی ڕوونکردنەوەی واتای بەئۆپۆزیسۆنبووندا گەلێ لایەن پێویستە بخرێنەبەرچاو لەوانە:کراوەی ئۆپۆزیسیۆن، چاکسازی،بەرژەوەندی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن،ڕۆڵبینینی ئۆپۆزیسیۆن لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشە سیاسیەکان ،واتە ڕۆلی ئۆپۆزیسیۆن لە دیالۆگی نیشتیمانیدا،کاریگەری ئۆپۆزیسیۆن لەسەر جوڵانی دەزگا یاساییەکان لەکاتی کێشە سیاسییەکانا،گەڕانەوەی متمانە لەنێوان شەقام(چاترەبووترێ هاوڵاتیان)و ئۆپۆزیسۆن و حاکمی سیاسی کۆمەڵگە، حیزب پێویستە لە حوکومەت و دامەزراوەکانی جیاکرێتەوە،واتە حاکمی سیاسی شار دەستنەخاتە گشت شتێکەوە کە پێوەندی بە تاکەکانی کۆمەڵگەوە هەیە،هەروەها ڕای شەقام و یان شوێنی هاوڵاتیان لە سیاسەت دا و… 

بەشێ زۆر لەو لایەنانەی لایسەرەوە بەرچاوخران بە لێواری پرسی دامەزراندنی دیالۆگی سیاسی نیشتیمانیدا تێدەپەڕێ چونکە دامەزراندنی دیالۆگی سیاسی نیشتیمانی بۆ ئۆپۆزیسۆن ماناێ هەستیاری سیاسی هەیە،ئەمەش لەبەرئەوەی بەرامبەری سیاسی گشت ئۆپۆزیسۆنێک دەسەڵاتێ سیاسیی ئامادەیە کە ناخوازێ دەستبەرداری دەسەڵاتی سیاسی بێ.بۆیە ڕوون نییە ئەو دیالۆگە لەلایەن دەسەڵاتی ناوبراوەوە بەچجۆرە یاریێکی سیاسیدا تێدەپەڕێ.ئەمەو ئەوەش لەولاوەبوەستێ کە بەشێ زۆر لە دەسەڵاتە سیاسییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆزی سیاسی،یان بابڵێین قەیرانە سیاسییەکان کە لە ڕیشەدا کۆمەڵایەتی و ئابوورین،ڕەنگە زمانێ سیاسی نەرم و بەڵێئامێز بۆ گشت پێشنیارەکانی ئۆپۆزیسۆن بەکاربەرن و دوای ماوەێکی تر بچنەوە قاوغە سیاسییەکەی خۆیانەوە و ئەوی دیالۆگکراوە پشتگوێیخەن.بۆیە دیالۆگی نیشتیمانی پێویستە بە هەستیاری وەرگیرێ و ئۆپۆزیسۆن لە دیالۆگەکانیا لەتەک دەسەڵات نەکهەر زمانێ سیاسی ڕاسیۆنالی کراوە و لۆژیکێ سیاسی ئایندەیی بەکاربەرێ بەڵکو لەو یارییە سیاسییانەش حاڵیبێ دەشێ دەسەڵاتی سیاسی لەتەکیا بیکا. ئەوکاتەی قسە لە دیالۆگی سیاسی نیشتیمانی دەکرێ پێویستە گەڕانەوەی متمانە بۆ پێوەندییەکان لەنێوان هێزەسیاسییە جیاکان و هاوڵاتیان بابەتی سەرەکی بێ.لە مەسەلەی متمانە تەنیا ئەوەندە بەس نییە هاوڵاتیان متمانەیان بە دەسەڵاتی سیاسی،بە بەڵێن و گفتەکانی لاوازنەبێ بەڵکو ئەوەش کە متمانە لەنێوان هاوڵاتیان(یان شەقام) و ئۆپۆزیسۆنیشدا بسازێنرێ و،هاوڵاتیان لەو پرسیارە هەستیارە سیاسییەش تێگەن بۆ دەبێ ئۆپۆزیسۆن هەبێ؟و ئۆپۆزیسۆنیش لەوە حاڵیبێ چ جۆرە سیاسەتێ لەکاتی قەیرانەکاناپێویستەبگیرێنەبەر؟ تەنانەت ئەوەش کە چۆن مامەڵە لەتەک قەیرانە سیاسییە ڕیزپەڕ و هەنووکەییەکانا بکرێ؟

وێرایئەوی ووترا،ڕوویێ تری دیالۆگی سیاسی نیشتیمانی ئەوەیە کە چوونە دیالۆگەوە پێویستە وەک لایەنێ گرینگ وەرگیرێ.چونکە ئامادەبوون لە چوونە دیالۆگ و لە نەچوونە دیالۆگەوە دوو کردەی سیاسی جیان و دەرهاویشتەی سیاسی جیا دەخەنەوە.چونکە دیالۆگ ئەوەش نیشاندەدا کە ناشێ ئۆپۆزیسیۆن قایلبێتبەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەکاتی گرفتە سیاسییەکانا هەوڵدا دەستبەسەر دۆزەکەدا بگرێ و دۆخە ساسییەکە بەجۆرێ بەلاخا کە بەرژەوەندییە سیاسیەکانی پارێزراوبن. 

هاوکات ناکرێ بیرمانچێتەوە کە بەئۆپۆزیسیۆنبوون واتە لێهاتووی لە چارەسەر دۆزینەوە،لە ڕووبوڕووبونەوەی گرفتە سیاسییەکان لەکاتی خۆیدا،واتە ئۆپۆزیسیۆن پێویستە و پێشمەرجیشە خاوەنی سیاسەتێ هەنووکەی بێ.هەروەها ناکرێ ئۆپۆزیسیۆن کارلەسەر هیواسازی بکا چونکە هیوادروستکردن شادی سیاسی دروستدەکا ڕەنگنییە ئۆپۆزیسیۆن لەڕووی سیاسییەوە بۆیبلوێ ئەو شادییانە کە خەونی گەلن بەدیبهێنێ ئەمەش کاردانەوەی سیاسی خراپی لەسەر ئایندەی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن دەبێ.

بەپێیئەوەی بەئۆپۆزیسیۆنبوون لە سیاسەتی هاوچەرخدا شیکردنەوە و ڕەخنەکردنی دۆخی سیاسی هەنووکە دەگەێنێ،ئەو دۆخەی بەباشی ناگوزەرێ و ئاستەنگ و ڕێگری لەبەردەمدایە،ئەمەوادەکا لە ماهیەتی بەئۆپۆزیسیۆنبووندا ئەو بیرۆکەیە  سیاسەت بجووڵێنێ کەخۆی لەسەر بنەمای لەچەقخستنی دەسەڵاتی سیاسی دادەمەزرێنێ،واتە کار بۆئەوەدەکرێ دەسەڵات بەدەست دەستەبژێرێکی سیاسییەوە نەمێنێ.ئەڵبەتە تەنیاش لەکاتی گرفتەکانا دەردەکەوێ چەند ئۆپۆزیسیۆن ئەملایەنە بە ئامانجی سەرەکی خۆی دەزانێ و وەک ئەرکێ گەورە و بەردەوامی خۆشی تەماشایدەکا.هەرئەمەش ئەوەمان بۆشیدەکاتەوە چەند ئۆپۆزیسیۆن لە بەئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی حاڵییە.بیریشماننەچێ قسەی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر بڕیارە سیاسییەکانی دەسەڵاتی سیاسی ئەمەشیان لە کردەی پرۆسەی خۆبەئۆپۆزیسیۆنکردندا لایەنێ مانادارە.کەوابێ،بەئۆپۆزیسیۆنبوون بەشێکیشە لە ئەزموونی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەتەک دەسەڵاتی سیاسی.بەڵام لەبەرئەوەی چەواشەکاریەکانی دەسەڵاتی سیاسی هەرجارەو فۆڕمێ وەردەگرێ و فۆڕمەکانیش سەرسامبوونی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگەدا دروستدەکەن ئۆپۆزیسیۆن پێویستیبەوەیە ڕێگری لەم فۆڕمانەبکا و نوێخوازیخۆیشینیشاندا.بەپێیئەوەش دەسەڵاتی سیاسی شیاویێزۆری لەبەردەستدایە ئەمەوادەکا ڕێگالە جووڵەی سیاسیتر بگیرێ بەس لەمحاڵەتانەدا واپێویستدەکا ئۆپۆزیسیۆن هێزە کۆمەڵایەتییە نوێکان بخاتەگەڕ تا نەخێری خۆی سەردەخا و کاریگەری بەسەر بڕیار و ڕەفتاری سیاسی دەسەڵاتی سیاسییەوە بەجێبێڵێ ولەگەڵکاتیشا ئەوە بۆگشت لاێک ڕوونکاتەوە نەوەی نوێ پێویستی بە ئۆپۆزیسۆنە و ژیانی داهاتووش بێ ئامادەبونی ئۆپۆزیسیۆن بێمانایە بەڵام ئۆپۆزیسیۆن لەمدۆخەداپێویستی بەوەیە کارلەسەر جۆرەهۆشێ سیاسی تربکا ئەوەش بە هێرشکردنە سەر ئەو دیموکراسیەتەی لە کۆمەڵگە بێمافەکانا بانگەشەیبۆدەکرێ.لێرە دەمانەوێ جەغتلەسەر ئەو بیرۆکە سیاسییە بکەین کە ئەرکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنەکانە ئەوە ڕوونکەنەوە لەو کۆمەڵگانەی پارتە سیاسیەکان تەنیا ئیش بۆخۆیاندەکەن،تەنیا لە زۆنی سیاسی خۆیانا بکەرن و دونیایێ جوگرافیایتر بەبەتاڵی و بەنەزۆکی جێدێڵن دیموکراسیەت بێسوود و ناکاریگەرە.چونکە دیموکراسیەت لەمجۆرە کۆمەڵگانا لەگەڵ دیاردەگەلێ یەکیگرتۆتەوە دیموکراسیەتی بێماناکردووە:واتە دیموکراسیەت ئەودەمەلە کۆمەڵگەدا باڵادەست دەبێ دیاردەگەلێ وەک گەندەڵی   سیاسی،نادادپەروەری و بێمافی شوێنگوومدەبن.بۆیە لەمجۆرە کۆمەڵگانە شیکردنەوەی نوێ بۆ واتای دیموکراسیەت ئەرکێ گەورەی ئۆپۆزیسیۆنە.ئەویووترا ئەوسێرکردنە سیاسییەشمان تیادەووروژێنێ کە بەئۆپۆزیسیۆنبوون بەمانایئەوەش دێ ئامانجی ئۆپۆزیسیۆن گۆڕینی پەروەردەی سیاسی هەنووکەیە.لێرەوە قسەدێتەسەر سیاسەتکردن و نەوەی داهاتوو.چونکە لە سیاسەتکردنە هاوچەرخەکانا وەبەرهێنانێ زۆر لەسەر ئایندەی نیشتیمان و نەوەی داهاتوو دەکرێ.ئەمەش تەنیا بەهۆی گۆڕینی هزری سیاسییەوە،بەهۆی چاندنی تۆوی ڕەخنە و ڕاڤەکردن لە جەستەی وتاری سیاسییدا،بەهۆی دامەزراندنی بیری ڕەخنەی سیاسی نوێوە بەریدەبێ.هەرلەبەرئەوە ئۆپۆزیسیۆن،بەپێچەوانەی دەسەڵاتی سیاسییەوە،پێویستیبەوەیە کارلەسەر دامەزراندنی بیرێ سیاسی مەعریفی بکا چونکە ئۆپۆزیسیۆن تائەمەنەکا ناتوانێ کار بۆ دروستکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی نوێ بکا.بەمجۆرە،ئۆپۆزیسیۆن پێویستە هەمیشەلە کۆنتێکستی ڕەخنەی جیاوازدا بیری سیاسی خۆی وەبەربهێنێ.ناوبراو تائەمەنەکا ناکارێ بیری سیاسی لە وڕێنە و درۆ دەربازکا.ئۆپۆزیسیۆنێک کە ئەمانەی نەکرد لەگەڵکاتا جیاوازیێئەوتۆی لەگەڵ دەستەبژێری سیاسی باودا نابێ.

 هەرتایبەت بەمانای دیار و شارەوەی بەئۆپۆزیسیۆنبوون ئاماژەبەوەشدەکەین،مەسەلەی خاوکردنەوەی گرژییەکان پێویستە بۆ ئۆپۆزیسیۆن مانایێ نیشتیمانی بەدەستەوەبدا نەک بریتیبێ لە ڕیزێ بەرژەوەندی سیاسی بچووک کەدواتر شەقامی لێدووردەخاتەوە.هاوڵاتیان،یان شەقام،کە ماتریاڵ و هیزی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆنن ناکرێ یارییانپێکرێ و یان جارجارە سیاسییانەبەکارببرێن.ئەمەو پشتکردنی ئۆپۆزیسیۆن لە داواکاریەکانی خەڵک و بەهەندوەرنەگرتنی دووری کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو داوایانە ئۆپۆزیسیۆن بەناخی داڕمانی سیاسی دەبا بەڵام کێشەکەلەوەدایە زۆرجار ئۆپۆزیسیۆن لەوەحاڵینییە ئاکامەخراپەکانی ئەملایەنە لە ئایندەدا نەک ئێستادا دەردەکەوێ.کەوابێ،گەر سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆن نەتوانێ دیدی نوێ بخوڵقێنێ و هاوڵاتیانیش فێرئەوەنەکا وڕێنە لە ڕاستی،یەقین لە نایەقینی سیاسی جیاکەنەوە بەئۆپۆزیسۆنبوون دەچێتە خانەی خورافیاتی سیاسییەوە.بەمجۆرە ئێمە لێرە دەگەڕێینەوە ئامێزی پرسیارە سیاسییە ڕیشەییەکەی ئەمنووسینە:بۆ ئۆپۆزیسیۆن پێویستە هەبێ؟لەوەڵامدا دەڵێین ئۆپۆزیسیۆن دەبێهەبێ چونکە دەسەڵاتی سیاسی بەد هەیە،ئەم دەسەڵاتە هێزی سیاسی خۆی بەهەڵە بەکاردەبا.کەواتە ئۆپۆزیسیۆن هەیە تا هاوڵاتیان لەناو سیاسەتی وێرانکەر و هیچگەرادا ووننەبن.لێرەوە دەگەینە ئەو حاڵیبوونەشکە شەڕی بەردەوامی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن پێویستە بۆ گۆڕینی سێستەمی بەڕێوەبردنبێ نەک شتێکیتر.شەڕی لەمشێوەیەش ئایندەی سیاسی کۆمەڵگە لەبنڕا دەگۆڕێ و بناغە بۆ داهاتووێکی سیاسی جوداوازیش دادەنێ.ئەم لایەنەش لەسەرێترەوە ئەوەدەگەێنێ کە ئۆپۆزیسیۆن دەشێ ڕۆلی سەرسوڕمان دروستکردنی لە سیاسەتدا هەبێ چونکە ئۆپۆزیسیۆن،بۆ هاوڵاتیان،ئەو هێزە هیواپێکراوەیەپێشتر بوونی نەبووە. 

بۆئەوەی ووتنە تیۆریەکانمان پراکتیزەبکەین زۆربەکورتی قسەلە هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستان و بکەری وتاری سیاسی ئۆپۆزیسیۆن دەکەین.بۆئەومەبەستەش هەرلەسەرەتاوە هێمابۆئەوە دەکەین هێزەسیاسیەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان هاوشێوە و تاکوتار نیین.هێزەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان جیاوازیێ ئایدیۆلۆژی،هزری و کۆمەلایەتی زۆر لەنێوانیاناهەیە و لەگەلێڕووشەوە بەشێ زۆرلە ئاوەڵناوە سیاسییەکانی دەسەڵاتیشیانتیابەدیدەکرێ.لەبەرئەوەش خۆیان بە بەرامبەری سیاسی دەسەڵاتی سیاسی دەزانن ئەمەوایکردووە جیاوازیەکانیان وەلاوەنێن بەڵام ئەفسووس ئۆپۆزیسیۆن لەوەحاڵینییە ئەملایەنە لەئایندەدا زیانی سیاسیی گەورەیان لێدەدا.کەوابێ سەیرەکەلەوەدایە هێزەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆن بۆچوونیان بۆ مافی ئافرەت،ژینگە،ئازادی تاک،چۆنیەتی بەکاربردنی شیاویەکان وەک یەکنییە و دەشیانەوێ زۆرینە لەڕووی سیاسییەوە بەرامبەربەملایەنانە بێدەنگبن.بەپێی ئەزموونی سیاسی هاوچەرخیشبێ زۆربەی پێکهاتە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە جیهانی نوێدا لەسەربناغەی ستراتیژ و ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندییەهزریەکان بەرەپێکەوەدەسازێنن، بۆنموونە زۆرجار چەپ،سۆسیالیستەکان،ژینگە و سروشتپارێزەکان پێکەوەکاردەکەن و بەرەی شین یان مۆریش دەبن بەبەرەی پێکەوەکارکردنی هێزە گەلی،ڕاستڕەو و مەسیحایی و بۆرجوازی یان کۆنسەرڤەتیڤەکان.

ئێمە پێمانوایە بەئۆپۆزیسیۆنبوون ئاستێ هۆشیاری سیاسی باڵایە و دەرککردنیشە بە بەرپرسیاری نیشتیمانی و دڵسۆزی نەتەوەیی کەخودی سیاسەتیش بێ ئەم دووانە ناکارێبژی:واتە سیاسەت بێ بەرپرسیاری نیشتیمانی و دڵسۆزی نەتەوەی ناکارێ مرۆییانە نەشونماکا بەس حەیف لەناو ئێمەی کورد ئەزموونی بوونبەئۆپۆزیسیۆن دیاردەیێ سیاسی نوێی هەرسنەکراوە،جارجارەش وەک خیانەتێ نیشتیمانی و دیاردەێ گێرەشێوێنیش تەماشادەکرێ.لەبەرئەوەش بەئۆپۆزیسیۆنبوون مەترسییە بۆسەر سیاسەتی دەستەبژێری ئەمەوادەکا بەئۆپۆزیسیۆنبوون بڤەبێ.ئەوەشلەولاوەبوەستێ خودی بەئۆپۆزیسیۆنبوون لەناو ئێمە تاهونووکەش هیوای ئەوەیپێناکرێ گۆڕانەگەورەکان پەلەکێشی ناو کۆمەڵگابکا.چونکە ئۆپۆزیسیۆنی هزرهەژار هیوای سیاسی هەژار بەرهەمدێنێ.ئۆپۆزیسیۆنی خێڵەکی،کەبەهەمان ئاوەڵناوە سیاسییەکانی دەسەڵاتی سیاسی ڕێدەکا،پەروەردەی ڕەخنەییمان نەزۆک و بێئایندەدەکا،لەکۆتایشا وامانلێدەکا هەست بەتەنیایی سیاسیبکەین. هەربۆیە کلۆد-لیڤی شتراوس وتەنی دەڵێین:لەوە غەمبارتر نییە نەتەوەێک هەستبە تەنیای بکا.پێشمانوایە لەبەرئەوەی تەنیایی سیاسی تەنیایێکی دەستەجەمعییە ئەمەوادەکا تەنیای سیاسی ترسناکترین شێوەکانی تەنیای بێ. 

 

 

ئازاد حەمە، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

azadhama500@yahoo.fr

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.