Skip to Content

Tuesday, March 19th, 2024
بەرەو فەوزا یان هەنگاوی کاریگەر بۆ سەربەخۆیی

بەرەو فەوزا یان هەنگاوی کاریگەر بۆ سەربەخۆیی

Closed
by March 5, 2011 گشتی

ڕوداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بارودۆخی عێراق بەتایبەت دوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەیاد عەللاوی و ناسەقامگیری سەرجەم شارەکانی عێراق بە سوننە و شێعەشەوە، و لەهەمان کاتیتشدا ئەو گەمارۆ بەردەوامەی شێعە دەیخاتە سەر سوننە لەگەڵ نواندنی زەردەخەنەیەکی ڕوکەشانەی کاتی لەگەڵ کوردا بۆ پشتگیریکردنیان لە سەندنی تۆڵەی پتر لە هەزار ساڵەیان لە بەشی سوننەی ئیسلام، و هەوڵە توندڕەوەکانی سوننە کە زیاتر بەرامبەر بە کورد هەستی پێ دەکرێ بە حوکمی نزیکبوونی جوگرافی و پاڵەپەستۆی شیعە بۆ گواستنەوەی شەڕەکە بۆ ناو کوردستان و لێدانی هەردوکیان لەیەک کاتدا، کۆمەڵێک پێشبینی جۆراوجۆر ئەخاتە بەردەم گەلی کورد کە دەشێت سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان هۆشیارانە سودیان لێوەربگرێت بۆ هەنگاوی فراوان بەرەوە دیاریکردن و چەسپاندنی سنوری هەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی ناوچە بەعەرەبکراوەکان بۆ نێو ئەو سنورە، کە بە هەنگاوێکی گەورە بەرەو جیاکردنەوەی ئیداری هەرێمی کوردستان شێلگیرنەو بەرەو ئامانجە ستراتیژیەکەی گەلی کورد لە هەموو پارچەکاندا هەنگاو بنێت و ڕاکێشانی پشتگیری نێوودەوڵيتی بۆ دانپێنان و پشتگیریکردنی و پاراستنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە ئایندەدا.
بەڵام ئەو جۆرە هەنگاوانە بە بێ ئاستەم نیە، لەبەر ئەوەی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی پێویستی بە چەند فاکتەرێکی ناوخۆ و دەرەکێ پێویستە، لەهەموو گرنگتر دیاریکردنی سنوری ئەو پارەچەیە و بە بۆچونی من دابەشبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم کات و ساتەی ئێستا نەک هەر بۆ پاراستنی بارودۆخی ئەو شوێنانە بەڵکو ئەرکێکی مێژوویی لەسەر شانە ئەیش پاراستنی هووڵاتیانی کوردستانە لەو شوێنانەی کە مێژوو و واقیعیش ئەیانسەلمێنێ کە بەشێکن لە نیشتمان و گەلی کوردستان. فاکتەرێکی دیکەی گرنگی ناوخۆ ئارامی ئاسایشی ناوخۆ و پێگایندنی خواستی تاکی کوردستان بۆ هەموو جۆرە ڕووبەڕووبونەوەیەکی چارەنوسساز بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئەمەیان کە ئێستا کەلێنێکی گەورەی تێکەوتووە بە ئەنقەست یان بەهۆی پاڵەپەستۆی نادادپەروەری پەنگخواردوی چەند ساڵەی دوای ڕاپەرینی 91 تاوەکو ئێستا، هەروەها قۆزینەوەی ناڕەزایی خەڵک لەلایەنی سیاسی ناوخۆ بە دەسەڵاتیشەوە، و دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ مەرامی تایبەتی لێکترازراو، کە بەردەوامبوونی گورزی کوشندە لە ئامانجە ستراتیژیەکانی گەلی کورد ئەدات.
لێردەا هۆشیاری و لێهاتووی دەسەڵاتی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆن و ڕۆشنبیرانی قسە بیسراو و جەماوەریش ڕۆڵی کاریگەر ئەبینێت لە دۆزینەوەی زمانێکی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو بارودۆخە کە هەموو ناوچەکەی گرتۆتەوە. و بە بۆچونی من هەنگاوێکی مەترسیدارە ئەگەر نەتوانرێت زمانێکی هاوبەشی ناخۆیی کوردستانی نەدۆزرێتەوە و هەموو لایەنەکان لە لوتکەی داواکاریی و خواستەکانیان نەیەنە خوارەوە، بۆ خۆ ئامادە کردن بۆ هەموو ئەگەر نەویستەکان، بەتایبەت کە هەست بکرێت ئەو ململانێ شارستانیەی لە شەقامەکانی کوردستاندا ئەکرێت لەلایەن خواست و تەکتیکی ناوخۆ و دەرەکیەوە بەرەو هەڵدێری دەبات و هەوڵ دەدات ئەو ڕووە شارستانیە بشێوێنی و بەرەو پێکهێنانی فەوزایەکی سیاسی ببات و خواستی خەڵکی هەژار و ئەرکە نیشتمانییەکانی هەموو حیزب و پەرلەمان و حکومەت ڕووبەڕوی مەرتسیەکی نادیار بکات، و بۆ جارێکی دیکەش ئەم هەلەش لەسەدەت ئەچێت، لەو حاڵەتەشدا کەس ناتوانێت خۆی بێبەش بکات لە ئۆباڵی ئەو کارەساتە.

4/3/2011
colnadar@hotmal.com
دلێر محمد عەلی – دانمارک

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.