Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
بەهەشت لە ژێر پێی دایکانە!

بەهەشت لە ژێر پێی دایکانە!

Closed
by July 14, 2012 چیرۆک

 

 

 

شەوێکی هاوین لەسەر بانی ماڵ ڕاکشابووم و دەمڕوانیە ئاسمان و ئەستێرەکانم دەژمارد . دایکشم بەتەنیشت دیواری بەیتونەکەوە لەسەر قەرەوێلەکەی پالیدابووەوە ، نەمدەزانی ئاخۆ ئەویش بێدارە یان نوستووە؟

تا ئەو کاتەی گوێم لە دەنگی بوو وتی : کوڕی شیرینم بیر لە چی دەکەیتەوە؟.

وتم : دایکە گیان ، خەوم زڕاوە …ئەستێرەکان دەژمێرم!.

دایکم وتی :کوڕی خۆم.. ئەوەندە خەم مەخۆ، کاتێ گەورە بوویت دونیا جوانتر دەبینی!.

وتم : دەزانم دایکە گیان. بەس من ئەگەر کەسێک مەتەڵم بۆ نەلێت خەو ناچێتە چاوم.

دایکم وتی : کوڕی شیرینم ، کاتێ ساوا بوویت هەمیشە خەو زڕاو بووی ، لای لایەم بۆ دەکردی ئینجا دەنووستی. هەر کە پێت گرتوو فامت کرت  لە مەمکم کردیتەوە ، لەو ڕۆژەوە  هەموو شەوێک دەگریایت و داوای مەتەلێکت لێدەکردم  بۆت بگێڕمەوە.

وتم : زۆر ڕاسدەکەیت دایکە گیان … ئێساتش لە بەر بێمەتەڵییە خەوم زڕاوە.

دایکم وتی : کوڕی خۆم … مەتەلێکت بۆ دەگێڕمەوە هیوادارم بت خەوێنێ .

وتم : زۆر باشە..

 وتی : دەگوێبگرە …

هەبوو نەبوو بە دایکێک لە ماڵی دونیا تەنیا  تاقە کوڕێکی هەبوو، دایکەکە هەموو ئاواتێکی ئەوەبوو لە دوا ڕۆژدا ئەم  کوڕەی کاری خەراپە نەکات و خاوەن ویژدان و مهرەبانبێت ، بۆیە هەولیدا منداڵەکەی جوان پەروەردا بکات.

ڕۆژێکیان دایکەکە دەمرێت. خوداش لەبەر کار و کردەوە چاکەکانی، دایکەکە دەنێرێتە بەهەشت.

  دوای چەندین ساڵ کوڕەکەی گەورە دەبێت و مردنی دایکی لە بیردەچێتەوە و ژیانی ئاسایی خۆی دەباتە سەر تا ئەو ڕۆژەی  نۆبە مەرگی ئەویش دێت . لەو سەر دونیا کوڕەکەی گوناهەی زۆردەبێت خوا سزای دەدات و دەینێرێت بۆ دۆزەخ.

بە زانینی ئەم هەواڵە دایکەکە لە بەهەشت دڵتەنگ دەبێت هەموو ڕۆژ بۆ ڕۆلەکەی دەگریێت و لە یەزدان دەپاڕێتەوە کە منداڵەکەی ببەخشێت!.

 لەبەر ئەوەی کوڕەکەی گوناهە و تاوانی گەورەی ئەنجامدابوو خودا لێی خۆش نەبوو ، بەلام بۆ ئەوەی دڵتەنگی دایکەکە چاککاتەوە بڕیاریدا کە ئەم دایکە زیندوو کاتەوە بینێرێتەوە سەر زەوی و ئەم چیرۆکە بۆ مرۆڤەکان  بگێڕێتەوە تا مرۆڤەکان دەست  لە تاوان وگوناهە کردن هەلگرن . 

دایکەکە بەفەرمانی خودا گەڕایەوە سەر زەوی و پەیامی خودای بە خەلکەکە ڕاگەیاند و وتی : نەکەن کەسێکی خەراپ و زاڵمتان لێ دەرچێ چونکە لەوسەر دونیا دایکان لە بەهەشت ناتوانن ئاسودە بژێن.

خەلکی باوەڕیان بە دایکەکە نەکرد کە لەوسەر دونیا گەڕابێتەوە ، بۆیە پەیامەکەی دایکەکەیان پشت گوێخست . بەلام دایکەکە لە گەیاندنی پەیامەکەی یەزدان کۆلی نەدا ، تا ئێستاش ئەم دایکە گەشتی هەموو جیهان دەکات و ڕۆلەکان ئاگادار دەکاتەوە کە دەست هەلگرن لە کردەوەی خەراپە و بە زەییان بە دایکیان بێتەوە.

پاشان دایکم بە ئاسپایی وتی : کوڕم تۆش نەکەی کاری خەراپە ئەنجام بدەی دوایی لەوسەر دنیا دایکت ئارام ناگرێت .

بەشپرزەییەو وەلامی دایکم دایەوە : بێگومان دایکە گیان هەمیشە هەولدەدەم کردەوەی چاکە ئەنجام بدەم.

 ئەو شەوە خەو نەچووە چاوم ، روح و جەستەم لە یەکتر جوودا بوونەوە، کردەوە باش و خەراپەکانی خۆم لێکدەدایەوە. 

لەگەل تاریک و لێلی بەری بەیان  لە سەرجێگەکەم هەلسام و لەسەربان هاتمە خوارەوە . چوومە چێشتخانەکە و کترییەکەم پڕ کرد لە ئاو و خستمە سەر ئاگر. بەرماڵ نوێژەکەی دایکم ڕاخست و لە خودا پاڕامەوە ، وتم :-

 ئەی یەزدانی پەخشندە و مهرەبان ، خۆت ئاگاداری ودەزانیت چەندە کاری خەراپە و گوناهەم ئەنجامداوە. تکات لێدەکەم دایکم بپارێزە و پێش مەرگی دایکم گیانی من هەلکێشە ، چونکە نامەوێت بەهەشت لە دایکم تاڵ کەم !. 

لە پڕێکا گوێم لە دەنگی پێی دایکم بوو بە نەردبانەکە دەهاتە خوار.

 بە پەڵە چوومە چێشتخانەکە وخۆم سەرقاڵی چای لێنانکرد.

دایکم چوو دەست نوێژی هەلگرت و هاتە سەر بەرماڵ نوێژەکەی ، پێش ئەوەی دەست بە نوێژکردن بکات، دەستی هەڵبڕی لە خوا پاڕایەوە وتی : خودایە تۆ گەورەیی خۆت نەکەی جەرگ سووتاوم کەیت و مەرگی کوڕەکەم ببینم. من ژیانی خۆم کردووە بەزەییت بە کوڕەکەم بێتەوە.

 لە شەرمەزارییا نەمزانی چی بکەم؟ ئاگری تەباخەکەم کوژاندەوە و بە پەڵە دەرچوومە دەرەوە . لەو ڕۆژەوە ، ئێستاشی لەگەلدابێت دەلێی لە دۆزەخدا دەژیم . هەر کە گوێم لە تەپەی پێی دایکم  دەبێت هەموو گیانم دەلەرزێ .

 

 

 ن/جەلال قادر

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.