Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
بەیاننامەى گۆڤارى (لڤین)..سەبارەت بە هەوڵى تیرۆركردنى ئەحمەد میرە

بەیاننامەى گۆڤارى (لڤین)..سەبارەت بە هەوڵى تیرۆركردنى ئەحمەد میرە

Closed
by November 2, 2008 گشتی

 بەیاننامەى گۆڤارى (لڤین)
 سەبارەت بە هەوڵى تیرۆركردنى ئەحمەد میرە

     دوابەدواى بڵاوبوونەوەى هەواڵى دەستگیركردنى باندێكى تیرۆریستى لەلایەن ئاسایشى سلێمانییەوە، كە پیلانى تیرۆرى سەرنووسەرى گۆڤارى لڤین (ئەحمەد میرە)یان بەدەستەوە بووە. بە پێویستى دەزانین ئەم روونكردنەوەیە ئاڕاستەى رای گشتیى كوردستانو سەرۆكایەتیى هەرێمى كوردستانو پەرلەمانى كوردستانو حكومەتى هەرێمو رێكخراوە نێودەوڵەتىو ناوخۆییەكان بكەین.
 گۆڤارى (لڤین) هەموو لایەك ئاگاداردەكاتەوە لە ئاشكرابوونى پیلانێكى پڕ مەترسى بۆ تیرۆركردنى سەرنووسەرەكەى، لەلایەن باندێكى تیرۆریستییەوە، كە خۆشبەختانە لەلایەن ئاسایشى سلێمانییەوە دەستگیركراون، بەر لەوەى پیلانە چەپەڵەكەیان جێبەجێبكەن. دیارە سەرەتاى دەستگیركردنى ئەندامانى ئەم باندە بۆ ماوەیەك پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام  ئەوكات لەبەر سەلامەتیى لێكۆڵینەوەو لەبەر چاوەڕوانیمان بۆ دەستكەوتنى زانیاریى تەواو، بڵاوكردنەوەى هەواڵەكەمان راگرت.
 هەوڵى تیرۆرى سەرنووسەرى گۆڤارى (لڤین) دواى تیرۆرى سۆران مامەحەمە بەرپرسى نووسینگەى گۆڤارەكەمان دێت لە كەركوك، كە شەوى (21)ى تەمموز لە كەركوك لەبەردەم ماڵەكەیاندا تیرۆركراو تا ئێستاش بكوژەكانى نەگیراونو نەشدراونەتە دادگا.
 دووبارەبوونەوەى ئەم هەوڵانە بەرامبەر گۆڤارى (لڤین)، وەكو یەكێك لە دیارترین میدیاى ئازاد لە كوردستاندا، ئاماژەى بوونى پیلانى رەشە دژ بەم گۆڤارە وەك یەكێك لە سیمبولە دیارەكانى میدیاى ئازاد لە كوردستاندا، كە بە هەڕەشەو تۆقاندنەوە نەوەستان، بەڵكو شێوازى تەسفیەى جەستەییان گرتووەتەبەر. ئێمە سەرەڕاى ناڕەزایى توندمان بەرامبەر خەمساردیى حكومەت لە دۆسیەى شەهید سۆران مامەحەمە كە وایكرد رووداوى تیرۆریستیى دیكەى بەدوادا بێت، نیگەرانیى خۆمان رادەگەیەنین لە بوونى پیلانى تیرۆریستى بەرامبەر بە خۆمانو رۆژنامەنووسانى دیكەى ئازاد لەژێر سایەى دەسەڵاتى حكومەتى هەرێمى كوردستان.
 ئێمە نامانەوێت پێش پڕۆسەى لێكۆڵینەوە بكەوین لە دیاریكردنى ناسنامەى تاوانبارەكاندا، بەڵام دەمانەوێت ئەو راستییە بە هەموو لایەك بڵێین كە سەرەداوەكانى ئەم رووداوە، دەمانخەنە بەردەم ئەو گومانەى كە ئەو هەڕەشەو تیرۆرەى ئەمڕۆ هەیە لە كوردستان، بەشێك بێت لە تیرۆرى دەسەڵات. بۆیە ئێستا دەسەڵاتى سیاسیى كوردستان لەبەردەم ئەركێكى قورسدایە، كە ئەویش ئاشكراكردنى ناسنامەى كەسىو سیاسیى ئەو باندەو دادگاییكردنیانە لە دادگاییەكى روونو ئاشكرادا بە بەرچاوى خەڵكى كوردستانەوە. چونكە ئێمە ئەم گروپە بە بەرپرسیار لە خوێنى شەهیدى قەڵەم سۆران مامەحەمە دەزانینو گومانى ئەوە دەكەین، تۆڕێكى تیرۆریستى لەپشت ئەم كارەوە بێت، كە بێدەنگیى دەسەڵاتى سیاسیى كوردستانو حكومەتى هەرێم لێى، ماناى ترسناك دەگەیەنێت.
 ئەوە راستییەكى حاشاهەڵنەگرە كە تیرۆر ناتوانێت ئازادى لەم وڵاتە بكوژێتو دەنگى ئازاد كپبكاتەوە، بەڵام دەتوانێت ناوبانگى كورد لە دونیادا بزڕێنێت، هەروەها هۆكارێكیشە بۆ هاتنەناوەوەى گروپى تیرۆریستیى دیكە بۆ كوردستانو گۆڕینى گۆڕەپانى كوردستان بۆ مەیدانى تەراتێنى تیرۆریستەكان.
 لە كۆتاییدا وێڕاى دەستخۆشیمان لە ئاسایشى سلێمانى بۆ پوچەڵكردنەوەى ئەو پیلانەو دەستگیركردنى ئەو باندە تیرۆریستییە، داوادەكەین كە سەرۆكایەتیى هەرێمى كوردستانو حكومەتى هەرێمى كوردستانو پەرلەمانى كوردستان ئەم دۆسیەیە بەجدى وەربگرنو وەڵامێكى روونو ئاشكراى رۆژنامەنووسانو خەڵكى كوردستان بدەنەوە، كە هەموو لایەك بەپەرۆشەوە چاودێریى ئەنجامى لێكۆڵینەوەو هەڵویستەكانتان دەكەن.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.