Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بە رەسەنكردنى دەق…عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە رەسەنكردنى دەق…عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

Closed

 میتۆدى بونیادگەرى پێكهاتەیى لۆسیان گۆڵدمان….
 
 (فرۆید) پێیوایە داهێنان كۆمەڵێك ئارەزووى چەپێنراوى نەستە (لە سەر ئاستى تاك) لە میانەى ململانێى ئیگۆ و ئید هەناسە دەدات،بە مانایەكى دیكە داهێنان تێركردنى ئارەزووە نەستیەكانە لەرێگەى خەیاڵەوە پراكتیزە دەبێت و سێكس رۆڵى گرینگى تێدا دەگێرێت. بەڵام (یۆنگ) تەئكید لەلایەنە كۆمەڵایەتیەكان دەكاتەوە، بەو مانایەش داهێنان لاى ئەو هەوڵدانى منە بۆ گەیشتن و خۆ لكاندنى بە ئێمە، ئەوەش دروستكردنى رستێك پەیوەندییە لەنێوان داهێنەرو ئەو دەستەجەمعەى كە داهێنەر ئینتیماى بۆ هەیە. ئەگەرچى ئەو دوو نموونەیە راستەوخۆ پەیوەندى بە باسەكەوە هەیە، بەڵام لێرەدا هەرگیز نامەوێت بكەومە بەراوردكرنەوە، بەو مانایەش دەشىَ ئەو دوو نموونەیە لە لایەك جیاوازییەكان قوڵ بكەنەوە، لە لایەكى دیكە دەشىَ خوێنەر بخەنە سەر جۆرێك لە بەدواداچوون و بیركردنەوە لەو دوو نموونەیەو هەروەها خوێندنەوەى سەرچاوەگەلى دیكەوە.
 (1)
 بونیادگەرى لە رۆشنبیریى خۆرئاوادا ساڵى (1916) لەگەڵ دەركەوتنى كتێبە زمانەوانییەكەى (سوسێر) هاتە ئاراوە، هەڵبەتە (سوسێر) پێیوایە كە زمان سیستمێكە لە كۆمەڵێك رەگەز پێكهاتووە، ئەو رەگەزانە بە شێوەیەكى كارفرمایى و وەسفییەوە كارلێكدەكەن. كەواتە بونیادگەرى رێبازێكى وەسفئامێزە لە خوێندنەوەى دەقى ئەدەبیدا پشت بە دوو هەنگاوى بنەڕەتى دەبەستێت،كە هەڵوەشانەوەو پێكەوەنانەو چەندان جۆرى هەیە وەك: بونیادگەرى زمانەوانى، سەردى، شێوازگەرایى، شیعریى، دراماتۆرى، سینەمایى، سیمیۆلۆژى، سایكۆلۆژى، ئەنترۆپۆلۆژى، فەلسەفى ، هەروەها بونیادگەرى لەگەڵ هەر یەك لە میتۆدە دەرەكییەكانى وەك میتۆدى سایكۆلۆژى، كۆمەڵایەتى، ئابوورى، بونیادگەرى پێكهاتەیى، دژ دەكەوێتەوە.
  بونیادگەرى پێكهاتەیى لاى (لۆسیان (گۆڵدمان) وێناكردنێكى زانستییانەى ژیانى مرۆڤایەتییەو دەكەوێتە میانى سۆسیۆلۆژیاى كۆمەڵایەتى و ئەدەبییەوە، وەك چۆن چەمكە ئەبستمیەكانى (هیگل) و (ماركس) و (جان بیاجىَ) دەكاتە بنەما، بە هەمان شێوەش لە سەر ئاستى سایكۆلۆژییەوە سوود لە وێناكردنەكانى (فرۆید) وەردەگرێت،لە لایەكى دیكەش لە سەر ئاستى مێژوویى ئاوێزانى (گرامشى) و (لۆكاچ) و (ماركسییەتى لۆكاچى) دەبێت. هەڵبەتە لێرەدا ئامانجى كتێبى ((بەرەسەنكردنى دەق، میتۆدى بونیادگەرى پێكهاتەیى))    قسەكردنە لە سەر ((جیهانبینى كارى ئەدەبى)) داهێنەرانەوە، كۆى ئەو قسەكردنەش لە دواى دیاریكردنى بونیادە دەلالییەكانى دەق، لە دوالیزمییەتى ((تێگەیشتن و راڤەكردنەوە)) هەڵدەگرێتەوە.
 لۆسیان (گۆڵدمان) سەر بە قوتابخانەى ماركسییەو یەكێكە لە قوتابى و پەیڕەوانى (جۆرج لۆكاچ) كارەكانى دەكەوێتە نێوان سۆسیۆلۆژیاى كۆمەڵایەتى و سۆسیۆلۆژیاى ئەدەبییەوە، لە ساڵى (1913) لە شارى (بوخارست) هاتۆتە دنیاوەو تەمەنى منداڵى لە شارى (بۆكۆزالن)ى (رۆمانیا) بە سەربردووە، دواى وەدەستهێنانى بڕوانامەى (بكالۆریا) لە (بوخارست) چۆتە (كۆلیژى ماف) هەر لەوێشەوە بۆ یەكەمینجار ئاشناى كارەكانى (ماركس) بووە. لە ساڵى (1933) لە بوارى ئابوورى سیاسییەوە تێزى دكتۆراى ئامادە كردووە، هەر لە هەمان ساڵیش ئیجازەى لە زمانى (ئەڵمانى) وەرگرتووە. ساڵى (1940) لە ترسى ئەڵمانیاى داگیركەر بەرەو (فەرەنسا) رایكردووە، پاشان بە شێوەیەكى نافەرمى بەرەو (سویسرا) دەچێت و لەوىَ لە یەكێك لە سەربازگە پەناهەندەییەكان تا ساڵى (1943) دەمێنێتەوە، ئینجا بە هۆى (جان پیاجىَ)وە رێگەى خوێندنى بۆ خۆش دەكرێت لە زانكۆى (زوریخ) رێگەى پێدەدرىَ خۆى بۆ تێزى دكتۆرا لە فەلسەفە ئامادە بكات و پاشان تێزى دكتۆراى لە سەر (كانت) پێشكەش دەكات و دواتر لە زانكۆى (جنیڤ) وەك یاریدەدەرى (جان بیاجىَ) دەست بەكار دەكات.
 لە دواى ئازادبوونى فەرەنسا بۆ (پاریس) دەگەڕێتەوەو خۆى بۆ تێزى دكتۆرا لە ئەدەب ئامادە دەكات، ئەو تێزەى لە ژێر ناونیشانى (خواوەندى شاراوە، لێكۆڵینەوە لە مەرگەساتى باسكال و شانۆى راسین) پێشكەش دەكات، لەو تێزەو لە رێگەى بونیادى زەینى كۆمەڵایەتییەوە، قسە لە دنیابینى تراژیدیانە دەكات، جگە لەوەش چەندان پایە لە نێو زانكۆ بەدەست دەهێنىَ و دواتر بە تەواوى خۆى بۆ قسەكردن لە بارەى گرفتەكانى كۆمەڵگەى خۆرئاوایى هاوچەرخ تەرخان دەكات، لە ساڵى (1970) كۆتایى بە ژیانى دێت.
 (2)
 بونیادگەرى پێكهاتەیى وەك چۆن زانستێكە لە بارەى مرۆڤایەتییەوە، دەدوێت بە هەمان شێوەش هەوڵدەدات ئەرزش بۆ كارى ئەدەبى و فیكرى دابنێت بىَ ئەوەى لە مێژووى كۆمەڵگە جیاى بكاتەوە، هەروەها ئەو دەمەتەقێیەش ناخاتە دواوە كە بە شێوەیەكى پەنهان دەكەوێتە پشت بەردەوامییەت و نوێكردنەوەوەى كۆمەڵگەوە. هەر لە سەر ئەو وێناكردنەش (گۆڵدمان) جیاوازییەكانى خۆى لەگەڵ هەر یەك لە (فرۆید) و (ماركس) دەخاتە روو. ئەگەر جیاوازى لەگەڵ (فرۆید) پەیوەندى بە نەستى تاك و نەستى كۆوە هەبێت، ئەوە جیاوازى لەگەڵ (ماركس) دەكەوێتە نێوان بە زانستكردن و بە ئایدیۆلۆژیاكردنەوە، هەڵبەتە (گۆڵدمان) زۆر بەجوانى بەرگرى لە یەكەمیان دەكات و پێیوایە ئەو تاكە كەسێكە لە نێو قوتابخانەى (ماركسى) كە بەتەواوى بەرگرى لەو تێزە كردبێت.
 كەواتە میتۆدى بونیادگەرى پێكهاتەیى ئەدەبى هەوڵى بەدواگەڕانى پەیوەندى نێوان كارى ئەدەبى و سیاقە كۆمەڵایەتى و ئابوورییەكان دەدات، و پێیوایە كۆى ئەو ناوكۆییانە دەكەونە پێش كارى ئەدەبى و هونەرییەوە، بەو مانایەش هەموو كارێكى ئیبداعى حەقیقەتى ژیان و رەفتارى لەخۆ گرتووە. لێرەدا (گۆڵدمان) ئەگەرچى گرنگى نووسەر ناخاتە دواوە، بەڵام پلەى یەكەمیشى پىَ نابەخشێت، بەڵكو كاریگەرى بونیادى زەینى دەستەجەمعى و تاقمى كۆمەڵایەتى بە هەند هەڵدەگرێت كە نووسەر ئینتیماى بۆیان هەیە.
 لە لایەكى دیكە (گۆڵدمان) لە میانى گوتەزاى "بەرهەمى ئەدەبى رەنگدانەوەى ئاگایى كۆمەڵایەتییە" دێت وشەى "رەنگدانەوە" رەت دەكاتەوەو لە برى ئەو، وشەى "پەیوەستبوون" بەكار دەهێنێت.  پێیوایە پەیوەندى نێوان ئەدەب و كۆمەڵگە نە هەمیشە پەیوەندییەكى هۆكارئامێزەو نە رەنگدانەوەخواز، بەڵكو بە پێچەوانەوە پەیوەندییەكى ئاڵوگۆڕخوازانەیە. بە دەستەواژەیەكى دیكە پێیوایە فۆڕمە ئەدەبییەكان-نەك ناوەڕۆك- دەبىَ بە پێى بونیادى كۆمەڵایەتى و ئابوورى و مێژوویى چاوى لێبكرێت. واتە هەر رەنگدانەوەیەك لە نێوان ئەدەب و كۆمەڵگە وا دەكات ئەدەب بێتە لاسایى كردنەوەو بەرهەمێكى وشكى واقیعییانە ئەوەش بە لاى ئەو رۆحى داهێنان و خەیاڵى داهێنەرانەو ئیستاتیكاى هونەرى لەناو دەبات.
 (گۆڵدمان) لە رەخنەى نوێدا بە دواى دەلالەتى گشتگیرى دەقى ئەدەبیدا دەچێت، بەڵام (بارت) ئەو یەكگرتنە لە بونیادى ناوەوەى دەق و سیستەمى فۆڕمئامێزى بابەتە دەلالییەكانى زمانەوە دەدۆزێتەوە، (گۆڵدمان) جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە كە كارى ئەدەبى و هونەرى كارێكى گشتگیرە، واتە لە رێگەى دالى گشتگیرو پەیامى گشتگیرەوە دەبىَ دراسە بكرێت (بونیادى دەلالى گشتگیر دەستەواژەیەكە راستەوخۆ پەیوەندى نووسەر و دەستەجەمعى دەخاتە روو) بەمجۆرەش تێڕوانى گشتگیر بەرجەستە دەبێت، هەر لەو خاڵەشەوە لەگەڵ بونیادى سیمیۆلۆژیانەى بونیادگەرى و (بارت) جیاواز دەكەوێتەوە، چونكە یەكەى گشتگیرى (گۆڵدمان) لە تێڕوانینى كۆوە هەڵدەقوڵێت، بەڵام یەكەى دووەم راستەوخۆ پەیوەندى بە بونیادى زمانى دەقەوە هەیە، هەر لەویشەوە وەك جیهانێكى ئاوەڵاو جیاواز سەیرى خوێندنەوەى دەق دەكات. بەڵام (گۆڵدمان) وەك جیهانى دەستەجەمعى گشتگیرو داخراو دەیخاتە روو، و تەواوى ماناو دەلالەت و دنیابینى جیاوازى…. لە تاكە ماناو دنیابینیەكى گشتگیر و رەسەندا سەر دەبڕێت، هەروەها تەواوى تەئویل و پێشبینییە جیاوازەكانیش بە بنبەستبوون دەگەیەنێت.
 ئەگەر (گۆڵدمان) لە سەر بونیادى ناوەوەى دەق لەگەڵ (بارت) هاوڕا بێتەوە، ئەوە لەگەڵ (فرۆید) لەوێوە هاوڕا دێتەوە كە دەروونشیكارى پێمان دەڵێت "تۆ تاكێكم بدەیتىَ، من كۆمەڵگەیەكت دەدەمەوە"  ئەوەش راستەوخۆ تواناى راڤەكردنى دەروونشیكارى لەخۆ گرتووە. بەڵام رەخنەى (گۆڵدمان) لە (فرۆید) ئەوەیە كە (فرۆید) تاك لە ژینگە دادەبڕێت، هەر لەوێشەوە هەموو پەیوەندییە جەدەلییەكانى نێوان خود و بابەت، تاك و دنیا، رەشدەكاتەوەو بەمجۆرەش تاك بە بىَ دوارۆژ دەمێنێتەوە.
 هەڵبەتە چەمكى دوو لایەنەى (داهێنەر و دەستەجەمعى) لاى (گۆڵدمان) لەوێوە دێت كە خۆشەویستى بە دوو لایەنە نەبێت ئەنجام نادرێت، بە دیوەكەى دیكەش ئەگەر لە (گۆڵدمان) بپرسین كىَ بیر دەكاتەوە دەڵێت "فیكر بۆخۆى هەیە" وەك چۆن پێیوایە "منى دێكارتى یان كانتى یان فیختەیى…" بە بىَ بابەتى كۆمەڵایەتى كە ئێمەین وجودى نییە. هەروەها رەخنەى دیكەى لە (فرۆید) لەوێوە دێت كە بە شێوەیەكى رەها  مامەڵە لەگەڵ خود (لە سەر ئاستى تاك) دەكات، چونكە (گۆڵدمان) پێیوایە راستە ئێمە لە رێگەى هەمەجۆرى تاكەوە نەبێت وجودمان نییە، بەڵام ئەو جۆراوجۆرییەى تاك بە دەستەجەمعى و كۆمەڵەوە بەندە، هیچ تاكێكى سەربەخۆ بەبىَ كۆ وجودى نییە، ئێمە لە رێگەى هاوژیانییەوە بەرەو وجودى مرۆیى دەبینەوە. هەر لەوێشەوە پێیوایە رەخنەى ئەدەبى بەشێكە لە سۆسیۆلۆژیاى مەعربفى چونكە سنوورى نێوان خود و بابەت، فیكر و دنیا، دەستە كۆمەڵایەنیەكان دیارى دەكات و بە ناوكۆیى بەرفرەوانتر (كە چیینە) ئاوێتەیان دەكات. بەو مانایەش بونیادگەرى پێكهاتەیى لەو گریمانەوە هاتووە كە دەڵێت كۆى رەفتارى مرۆڤ هەوڵدانە بۆ وەڵامێكى دەلالى هەڵوێستێكى دیاریكراو، ئامانجیش دروستكردنى هاوسەنگییە لە نێوان خودى كارا و بابەتى كار، ئەو هاوسەنگییەش وەك گوتمان بە پێى بارودۆخى ژینگە گۆڕانى بە سەر دادێت، هەر لە سەر ئەو تێڕوانینەش (گۆڵدمان) دەڵێت مۆدیلى (رۆمانى نوێى فەرەنسى) دەرئەنجامى گۆڕانى كۆمەڵگەیە نەك گۆڕانكارى ئەدەبى. كەواتە لەسەر ئەو بنەمایە ئیبداع هەڵوەشانەوەى بونیادى كۆن و بونیادنانى كۆمەڵێك حەقیقەتى نوێیە كە لەگەڵ ژینگە و دەستەجەمعى دەگونجىَ، یان هاوسەنگ دێتەوە. بەو مانایەش ئەگەرچى ئیبداعى ئەدەبى بەشێكى جیاوازە بەڵام لە هەمان سروشتى پارچەكانى رەفتارى مرۆیى پێكهاتووە هەر لەوێشەوە ملكەچى یاسا خودییەكان دەبێت.
 (3 )
 وەك دیارە (گۆڵدمان) لە سەر دوو میتۆد كار دەكات، میتۆدى شیكردنەوەى دەروونى وەك لاى (جان بیاجىَ) و لێكۆڵینەوە ئاماژەییەكانى (سوسێر) هاتووە، لەگەڵ میتۆدى (ماركسى) وەك چۆن لاى (لۆكاچ) پەرەى پێدراوەو بەرفرەوان بووە. هەڵبەتە یەكێك لەو پێوانانەى كە (گۆڵدمان)ى پىَ دەناسرێتەوە چەمكى دنیابینى یان جیهانبنییە، ئەو چەمكە تەعبیر لە كۆى ئەو فیكر و بیروڕاو ئاگایى و هەستانە دەكات، كە هەر ئەندامێك لە ئەندامەكانى دەستە و كۆمەڵ و چین بە یەكەوە دەبەستێتەوەو هەر لەوێشەوە لەگەڵ دەستەو تاقم و كۆمەڵ و چینێكى دیكە ناكۆك دێتەوە، بەو مانایە جیهانبینى: كۆى ئەو خەون و سەرنج و ئاگایى شیاوى ئایندەیى و فیكرە میسالیانە دەگرێتەوە كە كۆمەڵێك یان دەستەیەك یان چینێكى دیاریكراو خەون بە جىَ بە جێكردنییەوە دەبینێت.
 (گۆڵدمان) لە دراسە ئەدەبییەكەى لە سەر (باسكال و چوار شانۆگەرى راسین) پێیوایە بۆچوونە جیاوازەكانى نێوان (باسكال) و (راسین) بە هیچ شێوەیەك نابنە رێگر لە پێش تاك جیهانبینى ئەوانەوە، هەروەها دنیابینى ئەوانیش راستەوخۆ بە بزاڤى ئایینى هاوچەرخەوە بەند دەكات، بەو مانایە دەیەوێت لە گشتەوە دراسە بۆ بەش بە ئەنجام بگەیەنێت، لە كۆمەڵ و دەستەوە تاك بخوێنێتەوە.  لێرەدا جیهانبینى هەڵگرى حەقیقەتێكى میتافیزیكیانە نییە، وەك چۆن تەعبیر لە لێوردبوونەوەیەكى پەتى ناكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە خستنە رووى واقیعێكى سەرەكى و دیارە ئەو واقیعەى كە زانایانى كۆمەڵایەتى بە هەستى دەستەجەمعى وەسفى دەكەن، ئەو پیناسەیەش راستەوخۆ بە چەمكى پەیوەستبوونمان گرىَ دەداتەوە.
 كەواتە هەستى دەستەجەمعى تەنها لە نێو هەستى تاكەوە نەبێت بوونى نییە، بەڵام دەرئەنجامى هەستى تاكەكان نییە، بەڵكو پەیوەندى بەو مەسەلەیەدایە كە دەكەوێتە نێو تاك و كۆ، بۆ نموونە:
 هەستى شۆڕش بە نیسبەت هەستى چینایەتى، یان جەنگ بە نیسبەت هەستى نەتەوایەتییەوە,,,
 (4)
 ئەگەر (تێگەیشتن) لاى (گۆڵدمان) جەختكردن بێت لە سەر دەق، بىَ ئەوەى بتوانین لە خۆمانەوە شتێكى دیكەى بخەینە سەر، یان دیدو قسەى خۆمانى بخەینە سەر، ئەوە (راڤەكردن) ئەوەیە كە رێگەى تێگەیشتنى بونیادى دەقمان بۆ دەكاتەوە، بە شێوەیەك كە لەگەڵ كۆى دەقە دراسەكراوەكان بگونجىَ، هەڵبەتە لە راڤەكردندا پێویستمان بە هێنانەوەى كۆمەڵێك هۆكارى دەرەوە دەبىَ، تاكو لە رێگەیانەوە بتوانین بونیادى دالى دەق ئاشكرا بكەین (بونیادى دال گوتەزایەكى زەینى یان وێناكردنێكى فەلسەفییە، كۆى كارى ئەەبى لە ژێر دەسەڵاتى ئەو دایە و لە رێگەى گرژبوونى دەلالى و دوبارەكردنەوەى بونیادێكى جوانى شانەكانى دەقى ئیبداعییەوە دەست نیشان دەكرێت) بەو مانایە (تێگەیشتن) لە كۆى چەمكە هاوگونجاوەكانى ناوەوەى دەق دێتە بەرهەم، بەڵام ناشىَ هیچ بەرهەمێك لە دەرەوەى ناوكۆییە كۆمەڵایەتیەكانە تێبگەین. كەواتە بۆ ئەوەى لە دەق بگەین دەبىَ بە دواى هۆكارەكانى دەرەوەدا بچین و كاریگەرى ئەو هۆكارانە لە سەر پێكهاتەى دەق شیبكەینەوە، بەوەش بە تێگەیشتنێكى گشتگیر و تەواو و راست دەگەین، هەر لەو رێگەیەشەوە دەتوانین هەنگاوە سەرەكییەكانى راڤەكردنى دەق لە كاریگەرییە مێژوویى و سیاسى و دەروونییەكاندا هەڵگرینەوە.
 (5)
 دواجار (شیكردنەوەى فسیۆلۆژى مێشك) لە نێوان ئەو دوو نموونەى دەسپێكەوە بە شێوەیەكى زانستى جەخت لەوە دەكات كە بۆخۆى بىَ ئەوەى بە هۆى كۆمەڵێك چالاكى و قوتابخانە بەش بەش بكرىَ، وەك یەكەیەكى تەواو بە كارەكانى خۆى هەڵدەسێت، و لە دەرئەنجامى چالاكییەكانى خۆیەوە بەرەو: پرۆسەى درككردن و خوازتن و كۆپى كردن و هێزى خەیاڵكردن و لایەنە بیركارى و یادەوەریەكان دەبێتەوە. هەر بەهۆى ئەو چالاكیانەشەوە یادەوەرى فریاى زیرەكى تاك دەكەوێت، وەك چۆن لایەنە دەروونیەكانیش كاریگەرى تایبەتى خۆیان بەسەر فاكتەرى نابراودا هەیە كە لە هەندىَ كەسدا بۆ ئاستى داهێنان گەشە دەكات.
 سەرچاوەو پەراوێزەكان:
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.