Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ترسی دەسەڵات و خۆپیشاندانی هەولێر

ترسی دەسەڵات و خۆپیشاندانی هەولێر

Closed
by February 25, 2011 گشتی

   

ئەوە دیارە کاسەی توورەیی چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکانی شارو شارۆچکەکانی کوردستان ئەوەندە پڕ بووە کە ئیدی لێی دەرژێ و پارێزگای سلێمانی و شارۆچکەکانی دەوروبەری ئەوە ماوەی حەوت ڕۆژە بە بەردەوام لە خۆپیشاندان، بەردەرکی سەرا یان مەیدانی ئازادی، ڕۆژانە شیعرو ووتارو هوتافی تێدا دەکێشرێ لە دژی گەندەڵی، ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی، میراتگری دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ هتد. جەماوەر کۆمەڵێ داواکاری عادیلانەیان هەیەو دەیانەوێ دەسەڵات گوێیان بۆ بگرێ. بەڵام بەداخەوە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە خەڵتانی خوێن کرا، هەرچەندە ئێستا توندوتێژی تۆزێ کەمتر بۆتەوە.

سبەی دیارە لاوانی هەولێری قەڵاو منارەش، بە تەمان خۆپیشاندانێکی هێمنانە بکەن، بۆیە منیش داواتان لێدەکەم کە ئەوەی لەتوانایدایە با بچێت و بە چالاکی خۆتان مێژووێکی نوێ بنووسنەوە، ئاواتی دێرێنی شەهیدەکانمان شاد بکەن، بەڵام تکایە نارەزایی خۆتان، بیروڕاکانی خۆتان، توورەیی خۆتان، شارستانیانە دەرببڕن، خۆتان ساز بدەن، پاساو بۆ هێزە ئەمنیەکان دروست مەکەن بە دەسرێژی گوللە شەقام خەڵتانی خوێن بکەن، بواری خەڵکی ئاژاوەگێڕ نەدەن ڕیزەکانتان تێکبدات، پێم باشە  لاسکە گوڵ بەدەستەوە بگرن وەک هێمایەکی وەڵامدانەوەی گوللە بە گوڵ و بە ووشەی ئاشتیانە. ئەگەر دەکرێ تیمی موسیقا ببەن و سروود بڵێنەوە، چالاکی شیعر خوێندنەوە ئەنجام بدەن.

هەروەک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵاتەوە، چەند کەسێکی سەر بەدەسەڵات و دام و دەزگا حیزبیەکان، ڕایانگەیاندووە کە بارودۆخەکە مەترسیدارەو خوێن دەرژێ بۆیە دەڵێن مەڕۆن بۆ ناڕەزایی دەربڕین. خۆ دیارە لە خۆپیشاندانی هەولێر دەترسن چونکە بڕیاردەرە، بەڵام ئەی خەڵکینە ئەوە بزانن کە ئەم دەسەڵاتە تەنیا ئەو کاتە گوێ لە قسە دەگرێ کە کورسی دەسەڵاتیان لە لەرزینە، بۆیە سڵ لە بە جۆشکردنی مەکەنەوەو زەماوەندی سەرکەوتن لەوێ ئەنجام بدەن.

دەمەوێ پێتان بڵێم کە دەسەڵاتی کوردی بە ناڕەزایی دەربڕینێک ئاشنا نیە کە مەترسی بۆ دەسەڵاتی هەبێت، بە دیموکراسی ئاشنا نین، بە زمان و بیری سەردەم ئاشنا نین، تا ئێستا چەندین هەڕەشەیان جۆراو جۆریان بۆ خەڵک ناردووە، گوایە لێیاندەدەن، دەیانکوژن. بەداخەوە شێوازی دەسەڵاتی کوردی زۆرتر لە هی ووڵاتێک دەچێ کە دەسەڵاتی خۆی، بە خواپێداوی و ئەبەدی دەزانێ، چونکە ژیان و مانی خۆیان لە بوونی کورسی دەسەڵات دەبیننەوە. هەروەها ئەم دەسەڵاتە شارەزای کوشتنی بێرەحمانەی براکوژیە، بە زمانی هەرەشەو بە دەسڕێژی گوللە دەیەوێ خەڵک بتۆقێنێ تا دەنگ هەڵنەبڕن، هەر کۆیلە بن، هەروەک لە شاری سلێمانی دەرکەوت بەڵام ئەوان ئازایانە کڕنۆشیان بۆ دەسەڵات نەبرد. زمانی ئاگرو ئاسن سیفەتی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی جیهانە، بەڵام ئەو ڕۆژە بەسەرچوو، ئێستا رەورەوەی مێژوو لە قازانجی ئێوەی خۆپیشاندەرو لە زیانی دیکتاتۆرەکانە و بڕۆنە سەرجادەکان، بێگومانم داواکانتان دێتە دی.

Hoshmend-salih@hotmail.com
24-02-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.