Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
توانەوەی بەربارانێکی مەستی …. شوان عوسمان

توانەوەی بەربارانێکی مەستی …. شوان عوسمان

Closed
by January 30, 2011 ئەدەب

 

لەو دیو مینای شوشەیی ،
قاوەخانەکە..
بۆنسۆیەک ودوکەڵێکی ،
سوتانێک ئەبینم ،
لە ژوورەوەش من لە بن باری سۆتەک و
 سوتوویەکمدا ،
خۆم بە گڕی ،
 قاوەیەک نا، جگەرەیەک نا، بە پێکێک شەرابی
تاڵ…
ئازارێکی خۆم ،
هەڵئەدەم و
خۆم بەم ئێوارە تەزیوە ،
هەڵئەکڕوزێنم..
پێکێک لە تەمەنم ئەڕژێ و
بەو رژانەش خۆم ئەسوتێنم….
لەم سوتان وبوونە خۆڵەمێشیەمدا ،
هەڵقرچان ودەست لێبەردانێک ،
چاوەڕێمە…
زەمەنی کۆچە ناوادەکان ،
قرچە قرچی دڵشکانە ،
ناوەختیەکان ،
خێسە لە زەمەنی دڵشکانم ،
ئەکەم…
سەمای سەرشێتانەو
سوتانی ئەو دلۆپە بارانانە ،
سەرشێت ترم ئەکەن…
کە لە سەمای سەربڕینی خۆیان ،
بە گریانێکی نەزیف ،
مەراسیمی دابارینێکیان ،
تێکەل بە سەمای گریانی ناوەختی من و
دابارینی گەڵای تەڕی تەمەنی من ئەبن…
ئەوان لە چاوی ئاسمانێک دائەڕژێن ،
کە دەریای ئەوانە ،
لانکی سەرخەوەو
 سەرسنگی دایکانە..
بە ماچێکی تەڕو گەرم ،
دەم لە دەمی ئەو خاکە وشک و
دڵرەقەوە ئەنێن..
لە سەفەری غوربەتی دوورەوڵاتیەکدا ،
کۆچی بەجێهێشتن…
سەر هەلئەدا…
خۆیان بە بەردینی ئەو مەملەکەتە دڵبەردە ،
 ئەسپێرن و
بە ناچاری دائەبارن و
 ئامێزیان لێوەرئەنێن…
بەڵام من لە بە‌جێهشتنی مەملەکەتێک لە نامۆییم..
لە مەنفایەک، لە دووری و
بزر بوون….
لە ماڵێکی بە پەرتەوازە بوو ،
دڵ وچاوو هەناسەم بەجێئەمێنن…
لە سەمای جەستەیەکی رەقهەڵاتووی ،
بەر سایەقەی ئەو زەمەنەی ،
 ژان لە راژەنینی رۆحدایە ،
 برینی تەڕیش لە هەڵکۆڵینی مەسافەو
لەیەک دوور کردن و
کەرت کردنمان دایە….
 کەوڵی ئەو رۆژانەی لە گرووانی ،
جەستەی شەکەتم ،
زامی جێماوەیەکی دیکە بۆ من ،
بە جێ دێلن…
زەمەنی ساتە نابووتەکانی رابردووم ،
یەکەیەکە لە دەفتەری رۆژانی عومرێکی ،
بە پاییز بوو…
خۆیان نوێ ئەکەنەوەو
بە بێ ماچێکی لێکدابڕان ،
ئەڕۆن وشۆڕ ئەبنەوە…
من لە سەمای ئەو رۆژانەی ،
باران لە حەشری تەڕ کردنم ،
چەترێکی ئارام بوو ،
جەستەمیان دائەپۆشی…
بە سەفای بەزمی سەرخۆش بوون و
سەرگەردان بە دوای ساتێک ئاسوودەیی..
باکم بە هەل لەرزین وتەڕ بوون نەبوو..
هەوەسم بەو داشۆرینە ،
زیاترو بەگوڕتر ئەبوو….
بۆ ئەوەی تاوێک لە بن لێزمەی ئەو تۆفانەی ،
لە پاکبوونەوەی رۆحدا ،
گوناهەکانمان یەکە یەکە ببینم ،
کە لە بن رژانی تنۆکە بارانەکان ،
خاوێن ئەبنەوەو
شۆڕ ئەبنەوەو
 لێم ئەبنەوەو
ئەکەونە ژێر پێم…
دوا قومی بنی پێکەکەم ،
کە خۆشترین قومە ،
بە داخەوە کە دەستم لێ بەر نابێت ،
نازانم چۆن دڵێک، لە دەستی دێت ،
دەست لە دڵ و
لەو قومە تەڕەی ماچێک ،
 بەردات….
ئەو قومە بانگم ئەکات و
منیش وەکو ئاشق ومەعشوق ،
بە هەڵقورانێکی بە پەلە..
لێوم بە لێوی پێکەکە ،
ئەئالێنم و
لە پڕێک وبە فڕێک ئەو و
خۆشم بەو ریتمەی فڕ کردنە ،
تەواو ئەکەم..
ئەی پێکە بەتاڵەکەی بەر دەستم ،
بە تاڵی تۆ تاڵی تەمەنم ،
بەتاڵ ئەکەم…
ئەمڕۆکە شەرابی کۆنینەی ،
رۆحی منیش ،
لە تەواو بوون و
رژان وزەمەنی خۆبەتاڵ کردنە ،
لە دوا پێکی هەڵداندا ،
بە گیانەڵایەک خۆی فڕ ئەکات….
ئای لەو زەمەنە سەرشێتانەی ،
زۆر لەیەکتر ئەچن ،
دڵێک لەو ئامێزە گەرمەو
لەو دڵە بەرزە بەرئەبێتەوە ،
بەو دابارینەی تەمەن وزەمەنەش ،
هێشتا ئاسوودەیەو
گوناهی جوانەمەرگ بوونی لە خەندەی لێوێکدا ،
ئەبینێتەوە..
دلێکیش لە لێکترازانی رایەڵەی ،
پێکەوە لکانی ،
لەگەل ئامێزێکدا..
مەرگ بە چاوی خۆی ئەبینێ و
ئەتوێتەوە…
دوا تنۆکی داچۆڕاوی ،
دیوی دەرەوەی پێکی شەرابەکەش ،
بە دەم دوا ماڵئاوایی و
بە دەستلەملانێی تنۆکە ئارەقاویەکانی ،
سەر گلاسەکە ،
تێکەڵاوی یەکتر ئەبن و
بە دەست تێک ئاڵان و
لە بۆتەی ئاوێزانی یەکتردا ،
ئەبورێنەوە…
بەختیاریشن لەوەی بە تەنیا نین و
بەیەکەوە سەر ئەنێنەوە…
بەڵام من بە هەرای ئەو دەست لێکبەردانە ،
لە سەر ترۆپکی شاخێک ،
لە فڕینی خەونەکاندا ،
بەرەو بنار شۆڕ ئەبمەوەو
دائەخزێم…
لە کۆشکێکی شاهانەی زێریندا ،
بەرەو فەنا بوون دائەڕوخێم….
تاسەو رازە باڵا گرتووەکانم ،
لە باڵا ئەکەون و
هەموو زەمەن وچرپەیەکی گەرمی تەمەنم ،
دائەرمێنن….
لەو مەملەکەتەی پڕ غوربەتەدا ،
جگە لە غوربەت وغرورێک ،
مەملەکەتێکی دیکەی  مەغروریی ،
ئامێزم لۆ ناهێنن..
ئەوەی لە ئارەقەی دامێنی ئەو پێکەدا ،
ئەچۆڕێتەوە ،
تنۆکێکی ئاسایی نیە ،
خوێنی چاوی ئەو شەرابەیە ،
کە بەدەست لێک بەردانێک ،
زیکری هیستریای خۆی ئەگێڕێ و
شین وشێتی دایئەگرێ…
شەپۆڵی ئاوی ئەو خاکە تەڕەش ،
بارانێکی ئاسایی نیە ،
 فرمێسکی حەسرەتە کەسک وسۆرەکانی ،
چاوی ئەو ئاسمانەیە ،
کە لە لەیەکدابڕان و
دووری ودوورەوڵات بوونی ،
ئەو دلۆپە بارانەی ،
دەستی لە دەستیان بەربووەو
جارێکی تر بەرەو یەکترو
یەکتر نابیننەوە….
ئەدی من….
ئەی بارانە سەراسیمەو سەرشێتەکە…
هۆ پێکە شەرابە تاڵ وسەرخۆشەکە…
لەگەل مەرگی هەر تنۆکێک شەراب و
رێژنەی ژانی دابارینی ئەو بارانەدا ،
خشپەی پێچانەوەی لاپەڕەیەک ،
لە دەفتەری عومرم ،
دەست پێ ئەکات و
حەیرانی چ بەزمێکی خەڵوەتی ،
شێزۆفریناو
فەزای کامە هەوەسی ،
سەرمەستی ئەو ساتە دەست لێک بەردانەم ،
کە رۆح لەگەل جەستەدا ،
لێک ئەبنەوەو
خۆیان نوێ ناکەنەوە…
چ لاوەنەوەیەک هەیە ،
لەو وەختە بێتە هانام و
رۆحم بە تەپڵی ئاسوودەییەک هەڵپەڕێنێ…
جەستەشم بخاتە جۆلانەیەک و
بە چاولێکنانێکی ئەبەدی ،
لە بڕی قورگی خنکاوم ،
دەنگ هەڵبڕێ…
لە بڕی ناوەوەشم ،
ئەو کەسەرە رەشەی ،
هەناوم لە بن دەربکاو
بارانێکم بۆ هەڵبکاو
پێکە شەرابێکم بۆ دانێ و
خەمی ئەوجارەشم بە با بکات…
بەڵام خۆشبەختیشم لە خەمی ئەوجارەدا ،
بە تەنیا نیم باران وشەرابم ،
لەو حەشرەدا هاودەمن ،
هاودەم….
هاودەم….

شوان عوسمان  
هۆلەندە
       
  sjiuar@hotmail.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.