Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
تکایە ناوی قەزافی  لەکوردستان بسڕنەوە

تکایە ناوی قەزافی لەکوردستان بسڕنەوە

Closed

زۆرن ئەوانەی کە بە درۆو قسە گەورەکانی قەزافی هەڵخەڵەتان . کەسانێک کە لەدوورەوە دەنگ و ناوبانگی ئەم دیکتاتۆرە عەرەبەیان دەبیست، وایان دەزانی کەئەم باشترین سەرۆکی جیهانە ، چونکە تاکە سەرۆکی جیهانە پشتگیری گەلی کورد دەکات.  کورد دەمەێکە گووتیەتی (دەنگی دەهۆڵ لە دوورەوە خۆشە ) . بەحوکمی ئەوەی جاران تەکنەلۆژیا هێندە پێشکەوتوو نەبوو، خەڵکی هێندەی شارەزاییان لە جیهان نەبوو. لێ ئەمڕۆ بەحکومی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، بوونی ئینتەرنێت و تەلەفوون و کەناڵی سەتەلایت، لەماوەی چرکەیەکدا دەزانیت چی لە جیهاندا دەگووزەرێت. ماوەیەکی زۆرە شۆرشێکی جەماوەری گەورە ، هەموو دەوڵەتانی عەرەبی گرتۆتەوە. توونسیەکان و میسریەکان توانییان هەردوو دیکتاتۆر لەسەر کورسی دەسەڵات لابەرن و چرای ئازادی دابگیرسێنن و کۆتایی بە حوکمی تاریکی دیکتاتۆرەکان بهێنن. گەلی لیبیش دەیویست کۆتایی بە حکومی کۆنترین و پیرترین دیکتاتۆری عەرەبی و ئەفریکی بهێنێت . قەزافی بۆ ماوەی 42 ساڵە سەرۆکی لیبیایە. قەزافی بە درندەترین شێوە حوکمی خۆی بەسەر گەلی لیبیدا دەسەپاند. قەزافی ماوەی 42 ساڵە کورسی دەسەڵاتی بەناڕەوا داگیرکردووەو ئامادەنییه وازی لێ بهێنێت. قەزافی هێندە دڵ ڕەق و دڕندەیە ، هێشتا پاش 42 ساڵیش نایەوێت هەروا بەئاسانی بەرۆکی خەڵکی لیبی بەربدات. 42 ساڵە هەموو رۆژێک خەڵکی لیبی بەناچاری دەبێت ، سەیری دەم و چاوی ناشرینی قەزافی بکەن . 42 ساڵە گەلی لیبی تەحەموولی سیاسەتە گەوج و  شێتانەکانی ، قسە هەلەق وپووچەکانی قەزافی دەکەن . لیبیا کە دەوڵەمەندترین وڵاتی ئەفریکایە ، خاوەنی سامانێکی زۆری سروشتییه ( نەوت و گاز) . لەکاتێکدا لیبیا  لەچاو فراوانی ڕووبەری زەوی و ئەو سامانە سروشتیە زۆرەی کە هەیەتی ، ژمارەیەکی دانیشتوانی ئێجگار کەمی هەیە  . کۆی گشتی دانیشتوانی دەگاتە 5.680.000 . ڕووبەری گشتی 1.769.540 km²  .  کۆی ئابووری نیشتمانیشی دەگاتە 57.064 .  ملیۆن دۆلار 1.  لێ  ئەم دەوڵەتە دەوڵەمەندەی ئەفریکا، قەزافی بەئارەزووی خۆی گەمەی بە سامان و داهاتی ئەم دەوڵەتەوە دەکرد. لیبیا بۆ پێشکەوتن و خۆشگووزەرانی ، دەبوایە ببێتە پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریکی. لێ بەداخەوە وانەبوو. لیبیا بریتی بوو لە زیندانێکی گەورە بۆ گەلی لیبی. قەزافیش بوو بە کلیل داری هەموو گەنجینە بەنرخەکانی ئەم وڵاتە . لەسایەی قەزافیه‌وە ، گەندەڵی و ناعەداڵەتیەکی زۆر بڵاوبۆتەوە. لیبیا پلەی 146 ی لە کۆی 178 دەوڵەتی جیهان  لە گەندەڵیدا تۆمارکردووە2. بەداخەوە خەڵکی لەکوردستان هیچ ئاگاداریەکی وەزعی ناوخۆی لیبیا نەبوون . ئەوان هەموو بە درۆکانی قەزافی هەڵخەلەتابوون ، کە گوایە ئەم تاکە دۆستی کوردە. لەکاتێکدا قەزافی زۆر بێ شەرمانە و نامرۆڤانە ، هەموو هێزێکی عەسکەری دژی گەلەکەی بەکاردەهێنێت. بە تۆپی قورس و فرۆکەی جەنگی پەلاماری خەڵکی سیڤیلی لیبی دەدات. کەسێک ئابەم شێوەیە هەڵسووکەوت لەگەڵ گەلەکەی بکات ، چۆن دەتوانێت ببێت بە دۆستی گەلێکی زوڵم لێکراوی وەکوو کورد ؟ کەسێک ستەم و زوڵم لەگەلەکەی خۆی بکات ، چۆن دەتوانێت پشتگیری خەباتی گەلێک بکات ، کە دژی زوڵم و ستەمی داگیرکەران خەبات دەکات ؟ . بەداخەوە لە سلێمانی شەقامێکیان بەناوی ئەم دیکتاتۆرە ملهوورەی عەرەب کردووە، کەئەمەش بە بڕوای من گەورەترین سووکایەتییه بە خەڵکی . هەربۆیە لێرەدا داواکارم لە پارێزگاری سلێمانی ، کەناوی قەزافی لەسەر ئەو شەقامە بسرێتەوە، چونکە بۆئێمەی کورد شەرمەزاریەکی گەورەیە، ناوی یەکێک لە شەقامەکانمان ، ناوی دیکتاتۆرێکی عەرەبی بێت ، کە بە تۆپ و تەیارە بەربۆتە گیانی گەلەکەی .

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
a.abdulla@araspress.com

 

سەرچاوە:
1.    www.laender-lexikon.de/Libyen
2.    تقرير خاص: بلدان الشرق الأوسط وانتفاضاتها. 18.02.2011. www.bbc.co.uk/arabic

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.