Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
تۆ نازانیت چەند نزیکیت لە دڵمەوە  !

تۆ نازانیت چەند نزیکیت لە دڵمەوە !

Closed
by October 4, 2010 ئەدەب

     ” دڵم تەنگە ، شەوانە وەرە دیدەنیم ! ”
– مەهدی ئیخوان سالیس –

1
دوای گەڕانەوە لە سەفەر
هەموو نیشتمانم هێنایەوە بۆ پایزە غەمگینەکەی ئەدیلاید
 شتێک نەبێ لەوێم جێهێشت ؛
 ئەویش دڵم بوو .. دڵی پڕ بارانی خۆم !

2
بمبەخشە ئەی دڵی بێشەوق !
من جێم هێشتی تا بەر تۆفانی غەریبییم نەکەویت و
نەچیتەوە شەوەکانی نائومێدی ،
 نەبیتەوە بە گومان و ئاوێنەکانم لێ پڕکەیت لە تەنیایی . 

3
لە ئێوارەمدا کە ئەستێرەیەک هەڵدێ
ئەڵێم ئەوە تۆی ،
بۆیە قەت حەز بە ئاوابوون ناکەم !

4
لە بەر تەنیایی
ڕۆژێک دێت ئەم ‘ مەتاعی غرور’ ە جێبهێڵم (*)
ئەزانم لەوێش ، لەو دنیا ، تەنیا ئەبم !

5
بێکۆتاییە حیکایەتی هەڵوەرینی من
لە کوێوە دەست بە نوسینەوەم ئەکەیت ، لە کوێوە ؟
– لەو سەفەرانەی کە جانتاکانی ژیانم تێدا بەجێهێشتن ؟
– لەو مێرگانەی کە قەرار بوو شتێکیان تێدا شین بێ لە پیریی بچێ؟
– یان لەو تێرمیناڵ و فڕۆکەخانە گەورانەی
ناوی خۆم و
عەینەکی تەمەن و
 دوا شیعری جاویدانییم تێدا بزرکردن ؟
 
6
کە ئەتبینم ، شیعریشم وەک دڵم ئەلەرزێ !

7
تۆ کە جانتاکەت پڕە لە میهرەبانیی ،
عیشقێک دێت پڕم کەیت لە غەزەلی خۆت 
ئەوینێک دێت بە دەم ئاوابوونەوە
لە پایزەکەی خۆتم هەڵکێشیت !

8
ئەی میهرەبان !
کەمێک لەتریفەی خۆتم بدەرێ
شەوی سەفەری من وەک خەمی تۆ نابڕێتەوە .

9
هەتاوێک فێربووە
بەیانیان لە پەنجەرەی ئیحساسم ئەدات !
هەتاوێک فێربووە
نیگەرانییم ئەخاتە بەر باران و
لە خۆیدا ئەمنوسێتەوە .

10
جاران کە مانگ شیعری ئەنوسی ؛
– ئەستێرە ، قاوەی بۆ حازر ئەکرد
– شەوگار قەڵەمی ئەدایە
– ئاسمان سنگی بۆ ئەکردە دەفتەر !
ببینن ، قەسیدەکانی مانگ ، چۆن ڕەنگی خودایان لێ ئەتکێ .

11
کە بانگت ئەکەم ؛ باران
– باخچەیەک ئاوڕ ئەداتەوە
– کانییەک بە خەبەر دێ .
کە بانگت ئەکەم ؛ باران
– ‘سلێمانی’ ئەڵێت : بەڵێ !

12
کە ماچت ئەکەم
دەمی هەنار ئاو ئەکات
دڵی ڕوبارێک ئەلەرزێ !
13
حەز ئەکەم قەت پێک نەگەین .
گەر پێک بگەین ؛
ئیتر شیعر چۆن داگیرسێ !

14
لە ژوری سەفەرمدا ، تۆ ئاوێنەیت .
لە ساڵی قەسیدەمدا تۆ پایزێکی غەمگینیت .
لە باخچەکەی تەنیاییشما تۆ هەمیشە بارانیت ، باران !

15
– بۆ قاوەکەت ناخۆیتەوە ، بۆ قاوەکەت تەواو ناکەیت ؟
        ئەترسیت قەرەجێک بێت و
        ‘ بەخت ‘ ێکت بۆ بگرێتەوە و
        بە ترسێکەوە پێت بڵێ ؛ بۆ یەک نابن !

16
هەموو شەوێک ئەتخوێنمەوە و تەواو نابیت !
هەموو شەوێک چراکەی خۆتم ئەدەیتێ و
کەچی هێشتا من تاریکم ، هێشتا تەنیام !

17
وەرە ئەمبەری تەنیاییم ،
بەسەر پردی تەمەنمدا بپەڕێوە
پایز و هەتاو و شیعرم لەگەڵ بەش کە .

18
ڕۆژێک دێ ئەم حیکایەتە ببێتە بیرەوەری
هەینییەک دێت بەلای گۆڕێکدا تێپەڕیت
دڵێکی بێدەنگی تێدا ڕاکشاوە
بە خۆت بڵێیت ؛
– لەم دڵەوە چەند نزیک بووم .
چەند جار ئەم دڵەم بردۆتە ناو ژوورەکانی خەیاڵم .
بە خۆت بڵێیت ؛
– لە هەیوانە تاریکەکەی مەراقمدا 
چەند جار ئەم دڵەم وەک چرا هەڵکردووە .

19
لە نێوانی من و تۆدا ، “سلێمانی” خۆی شاهیدە ؛
دڵم چەند تێکشکانی بینیوە
ڕۆحم چەند جار خراوەتە قەفەسەکانی عیشقەوە !
کەچی من ئاقڵ نابم و
هێشتا دەست بۆ پشکۆکان ئەبەم .

20
من هەتا ئەبەد لەلاتم
هەتا ئەبەد مانگت بۆ ئەکەم بە دیاری ،
ڕوبارت بۆ ئەکەم بە قەسیدەی درێژ  ،
گۆرانییت بۆ ئەهێنمە ماڵێ !
بەڵام ئەوەی تا ئەبەد ترسم لێی هەیە :
بەیانییەکی سارد
لەسەر تەمی پەنجەرەکەم بنوسیت ؛
– لەبیرم کە ئازیزی من ، لەبیرم کە !
ئەم حیکایەتەی من و تۆ
چنگێ خۆڵەمێشی خەم بوو
لە پشکۆی دڵتەنگیی جێما ..
مۆمێک بوو ، تەنیایی دایگیرساند و
بێهودەیی کوژاندیەوە .
لە بیرم کە ئازیزی من ، لەبیرم کە !

21
لەوە غەمگینترم
بە ماچێک دڵم بدەیتەوە دەست خۆی !
لەوە غەمگینترم
چنگێ ئەستێرەم بدەیتێ و
ببیتە دەلیلی هەورەکانم ، گوڵەکانم
بۆ گەڕانەوە بۆ لای خۆم ، بۆ کەلاوەکانی ڕۆحم ،
بۆ گەڕانەوە بۆ شارە سووتاوەکانی یەقین .

22
کەی ئەمبیستیت خودایا !
کەی ئەمبینیت ..

23
ڕەزی عومرم هێشووی خەمێکی گرتووە
لە تۆ ئەچێ .
لێوی قەسیدەم گوڵێکی وا پێوە
لە دڵی شکاوی تۆ ئەچێ .
لەم چۆڵەوانیی ڕۆحەدا
هەموو گەڵاکانی ئومێد بوونە تەرم
کەچی من نازانم بۆچی هێشتا دەستم لە دەستی عیشقایە و 
گۆرانیی بۆ زیندانێک ئەڵێم پێی ئەڵێن ؛ ژیان !

24
ئەو ئاسمانەی مەرگی منی بە بێدەنگیی لێوە هەڵدێ
ئەوە بێ شک ئاسمانەکەی غەریبانە
هەموو دڵێک ناتوانێ لەوێوە هەڵبێت !
ئەو گۆڕستانە غەمگینەی تەنییایم ئەگرێتە باوەش
ئەوە گۆڕستانە ڕوناکەکەی غەریبانە
جێگەی هەموو دڵێک ناکاتەوە !

25
ئەو ڕێگەیەی منی شیعری هێنایەوە بۆ نیشتمان
ڕێگەیەک بوو پڕ بوو لە فڕین و غەزەل
 پڕ بوو لە تۆ .  
لەو ڕێگەیە
ئەستێرەی ئەو هەموو خەونەم بینی ڕژابوون .
لەو ڕێگەیە
عاشقانی ئەو هەموو حیکایەتەم بینی کوژرابوون .
لەو ڕێگەیە
چاوی ئەو هەموو نەورەس و کۆترانەم بینی
لە تەماشای مناڵێکەوە ئاڵابوون ، بۆ کۆچی ئاوێک ئەگریان . 
لەو ڕێگەیە ئەو هەموو شاعیرەم بینی ؛
 هەندێکیان نوریان ئەچنی
هەندێکیشیان بە دیار شکانی بەلەمەکانی ژیانەوە
 تەجەللایان ڕاو ئەکرد .
ئاوا بوو ئەو ڕێگەیەی
منی ئێوارەی گەیاندەوە شەوی ئەوێ .
ئاوا بوو ئێوارەی درەنگی ئەو ڕێگەیە ؛
 گوڵێک نوێژێکی بۆ باخچە نەکرد . 
لەو هەموو ئەستێرەیەی لەو ڕێگەیە هەڵهاتن   
ئەستێرەیەکم نەدی لە گۆرانییەکەی تۆ بچێ !
ئاوا بوو نووسینەوەی سەفەری من ؛
لەو هەموو قافیەی مردنە ،
مەرگێک نەبوو لەو ڕێگەیە پڕ بەبەری ژیانی من بێت !
لەو ڕێگەیە زۆر ئەترسام دەستی بارانێک بگرم و
 کەچی تۆ نەبیت .
لەو ڕێگەیە زۆر ئەترسام دنیا بڕوخێ و
 سێبەری تۆم لەگەڵ نەبێت .
ئەترسام ، زۆر ئەترسام بۆ دوا جار پێت بڵێم :
وێرانم کە ، تا پێت نەڵێم خۆشم ئەوێیت !
وێرانم کە ؛
تازە قیامەتی دڵی من ئاگرێکی تری تێدا ناڕوێت 
             عیشق بگرێت !

وێرانم کە ،
     نە مەملەکەتی ڕۆحە بزێوەکەی تۆ و
     نە سەرابستانی مەنفاکەی من
هیچیان پەنجەرەیەکیان تێدا نەماوە ؛ 
  بۆ هەتاوی ئومێدێک ،
 بۆ هەناسەی عاشقێک ،
  بۆ نزای نەورەسێکی بێوەژن
  یان بۆ سەبای خەمێکی تری نیشتمان بکرێتەوە ! 
                                 
 ———-پایزی 2010 ی ئەدیلاید ——-
جەمال غەمبار

 

 (*) سەرنج:
مەتاعی غرور :  مەبەست لە دنیایەکە کە بە پێی چەمکی ئایینی دواجار فەنا ئەبێت و دنیایەکی تر هەیە بۆ نەمریی . ڕەنێوهێنانی ئەم چەمکە لێرەدا بە تەنها ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ‘تەنیایی’ لە هەموو شوێن و زەمەنێکدا لە ڕۆحی ئینسان نابێتەوە .  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.