Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
تۆ ……. نەوزاد بەندى

تۆ ……. نەوزاد بەندى

Closed

 

ئەزانى تۆ ،
لە نێوان شەو و ڕۆژدا
هیچت بۆ نەهێشتمەوە : بۆ خەو بینین ..
بۆ خواردن ..
بۆ ڕاکردن ..
بۆ خوا پەرستن ..
بۆ ڕێکخستنى کتێبەکانم ..
بۆ ددان شتن ..
بۆ نوکتە کردن ..
ئەزانى تۆ ،
لە نێوان پێکەنین و گریاندا ،
بوارێکت بۆ نەهێشتمەوە :
بۆ بیر کردنەوە ..
بۆ قوڵبوونەوە ..
بۆ سەرنجدانى خۆر ، کاتى ئاوا بوون ..
بۆ تووڕە بوون ..
بۆ پیش خواردنەوە ..
بۆ خۆ پیشاندان ..
بۆ توانەوە و فەنا بوون ..
ئەزانى تۆ ،
لە نیوان چاوى چەپ و
چاوى ڕاستتا ..
بوارێکت بۆ نەهێشتمەوە بۆ بینینى
نیشتمان ..
نەتهێشت زەردەپەڕ ببینم ،
کە لە ناو جۆگەلەى باراندا ،
خۆى ئەشوا ..
نەتهێشت بڕۆمەوە بۆ ماڵى باوکم ..
لەبەردەم بەلوعە قەوزاویەکەى حەوشە ،
دوو شڵپ ئاو بدەم
بە دەم و چاوما ..
نەتهێشت بەشدارى چالاکیەک بکەم ..
نەتهێشت شەهید بم ..
ئەزانى لە نێوان ڕەش و سپیدا ،
سنورێکت نەهێشتەوە بۆ شین ..
بۆ سوور
بۆ ئەرخەوانى ..
بۆ وەنەوشەیى ..
بۆ سەوزێکى قەرسیلى ..
* * *
ئەزانى تۆ
ناچارت کردم شانە سەرەتاییەکان دروست کەمەوە و
ڕێکخستنەکان هان بدەم
لەسەر دیوارەکانى دڵت :
بە بۆیەى سپراى : دروشمى دژ بە تۆ بنووسن ..
ناچارت کردم ، لە گۆڕەپانى فیردەوسى ناختا ،
گەورەترین پەیکەرى تۆ بشکێنم و
چاوە کاڵەکانت ،
بە دواى دەبابەیەکدا ڕاکێشم ..
هەموو ڕەسمەکانت بسوتێنم ..
ناچارت کردم ، هەموو ئەندامەکانم
لافیتە بەرز بکەنەوە ،
وەک میسر
وەک لیبیا
وەک تونس
وەک سوریا ..
دواى ئەوەى ساڵەها ،
تۆ فەرمنڕەواى تاکڕەو و بێڕەحمى
دڵم بووى ..
دواى ئەوەى تۆ
تاکە بەهار
تاکە مێرگ
تاکە ڕێگا و .. تاکە گوڵم بووى ..
ناچارت کردم ..ڕاکەم بۆ دەرەوەى ڕاکردن ..
سنوورەکانى
وشە و
ئیلهام و
فەیسبووک و
دوو پیاڵە چاى نیوەڕۆیەکى بڕۆنزى
ببڕم ..
ناچارت کردم ،
ناو
و
نازناو
و
ئەدرێس و
ئەو شتانەى تۆ ئەیزانى :
هەمووى بدڕم

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.