Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تیرۆرستى دەسەڵات….هه‌ڵۆ نوری

تیرۆرستى دەسەڵات….هه‌ڵۆ نوری

Closed
by October 24, 2008 گشتی

 تیرۆرستى دەسەڵات
 هەڵۆ نورى

 زۆر سەیرە! لە وڵاتى ئێمەدا پێشكەوتنو عەولەمە یانى دەبڵ ڤالیۆمو سەیارە جام رەشى بەرپرسەكان، ئازادىو دیموكراتیش یانى كوشتنو تۆقاندن، ئەمە بەس لەوڵاتى ئێمەدا هەیە لە كوردستان، لەم وڵاتەشدا رۆژانە لەسەر ووتنى وتەى حەق خوێن دەڕژىَ، رۆژانە رۆژنامەنووسى ئازاد دەكوژرىَ، هەرگیز لە كەس قەبوڵ ناكرىَ راستو دروست، ئەمڕۆ پیاو ماقوڵەكانى دەسەڵاتى كوردى رەشەكوژیان دەست پێكردووە، ئەو پیاوانەى كە ئێمە پێمان وابوو هاتن میللەتیان لە دەستى دیكتاتۆر رزگار كرد، ئێستا بەربوونەتە گیانى رۆژنامەنووسانو دەیانكوژن، تا رۆژنامەنوسانى دیكەشى پىَ بتۆقێنن بۆ ئەوەى چاوپۆشى لە ئاكارە خراپەكانیان بكرىَ، بۆ ئەوەى باسى چوونە نێو مەلهاكانیان نەكرىَ، هەر وەك شەهید (سۆران مامەحەمە) ویستى لە راپۆرتێكى دورودرێژدا هەموو ئەو بەرپرسانەو نێو مەلهاكانیان ئاشكرا بكات، عودەیىو قوسەیش هەر وایان دەكرد، سەدام تەنها خۆىو دوو كوڕ بوون میللەت غەزالەتى بوو بەدەستیانەوە، كەچى ئێستا هەزارو یەك بەرپرسو هەر بەرپرسێك هەزارو یەك حیمایەو هەر حیمایەیەك هەزارو یەك خزم، هەمووى بووەتە عودەیىو قوسەى، ئێستا هەر مەسئولەو بۆخۆى سەدامێكە، هەر بەرپرسەو بووەتە دیكتاتۆرێك، لەبرى ئەنفال رفاندن هەیە لەبرى هەڵەبجە كوشتن هەیە، تەقینەوە، دزى، گەندەڵى، ئەنواع جۆرى تەقەمەنى، تلیاك، دەرۆزەیى، بىَ ئەخلاقى، ئەم هەموو دیاردە قێزەوەنە بووەتە ئازادىو دیموكراتى لە كوردستان، تا دوێنىَ پێم وابوو پاشماوەكانى بەعس تیرۆرستن، پێم وابوو خەڵكى دژ بە ئازادى كورد تیرۆرستن، پێم وابوو ئەگەر سەدام نەمێنىَ یانى نەمانى توندوتیژىو جینۆسایدو كوشتنو بڕینو تۆقاندن، كەچى ئێستا رۆژانە بۆم دەردەكەوێت كە هەڵە بووم نەك تەنها من بەڵكو هەموو ئەوانەى وەكو من حاڵیى ببوون لە ئازادىو دیموكراسى ئێستا بۆیان دەركەوتووە كە تا سەر ئێسك هەڵەن، ئەم دیموكراتیەى ئێستاى كوردستانى باشوور ژیانى لىَ تاڵ كردووین، ، ئەو بەرپرسانەى ئێستا باندى تیرۆرست دروست دەكەنو بە پارەیەكى خەیاڵى رۆژنامەنووس تیرۆر دەكەن، ئازادى لە بیناى خەڵك لێڵ كردووە، هەموو خۆزگە دەخوازىَ بە زەمانى پێشوو، پیاو ماقوڵانى دەسەڵاتى كوردى چیان كرد بۆ میللەتى كورد جگە كوشتنى خەڵكى بێتاوان، چیان كرد جگە لە دزىو گەندەڵى؟ چیان كرد جگە لە تۆقاندنى خەڵك؟ چیان كرد جگە لە گیرفان پڕ كردن لەسەر حیسابى خەڵكى فەقیر، كە تا سەد ساڵى دیكەش نەوە بیژیەكانیان لەو پارەیە بخۆن تەواو نابىَ، نەخێر بۆ بێدەنگى نەخێر بۆ سەرشۆڕكردن نەخێر بۆ قبوڵكردنى ناعەدالەتى، ئەگەر هەوڵى چاكسازى خۆتان نەدەن بەدەردى سەدامتان دەبەین، ئەگەر نا بە دەنگى قەڵەمەكانمان دەتانكوژین، یان ئەوەتا بە نامەردى خۆتان بمانكوژن.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.