Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
تیرۆژە چیرۆک نەوزاد بەندى

تیرۆژە چیرۆک نەوزاد بەندى

Closed
by February 14, 2013 چیرۆک

 

 

(1)

سەرۆک و بەرۆک و تیرۆک و پیشۆک

 

لە سەدەکانى ناوەڕاستدا ، واتە پێش ڕێنیسانس ، سەرۆکێک بەرۆکى میللەتەکەى گرتبوو ، بەرى نەدەدا .. یاخود بەرۆکێک بە دەستى سەرۆکێکەوە نوسا بوو ، لێى نەدەبۆوە .. لەو وڵاتەدا ، تیرۆک بەسەر پۆلیسەکاندا دابەش کرا ، لەبەر ئەوە نانەواخانەکان گردبوونەوەیەکیان ساز کرد و ..بنکەى پۆلیسیان بەر پیشۆک دا .. میژوونوسەکان ئەڵێن : بە درێژایى سەردەمەکان هیچ کاتێک پۆلیس ئەوەندەى ئەو ڕۆژە پیشۆکى نەخواردوە ..

 

 

(2)

دەق و چەق و تەقتەق و چەقچەق

 

نوسەرێک دەقێکى نوسى ، دەقا و دەق لە نوسەرێکى دى بردبووى، ئیتر لەگەڵ ئەو دەقەدا ، کردى بە تەقە ، هەموو ڕەخنەگرانى بە چەقبەستوو ، بێفەڕ ، جاهیل ، کۆنەپەرست تاوانبار کرد ..ئەو ئێوارەیە نوسەرەکە لە چەقچەق خەریکى خواردنەوەى ویسکى سکۆتلەندى بوو ، کە پیاوێک لە تەقتەقەوە هاتبوو ، گاڵۆک بە دەست ، داخ لە دڵ ، هەتا هێزى تێدا بو تێى سرەواند : هەى نامەرد ! لە عەسرى جاهیلى جەزیرەى عەرەبیشدا ، وشە نەدزراوە !

 

 

(3)

بۆق و شۆق و ڕیپۆق و لەق ولۆق

 

حاکمێکى عەسکەرى کورسیەکەى لەق و لۆق بو ، ئیتر ڕاوێژکارەکانى وایان بە باش زانى هەڵبێت ، چونکە کورسى کە تەقەى تێکەوت ، هەتا چۆڵ نەکرێت ، چاکسازى تێدا ناکرێت ..حاکمەکە ڕیپۆقێکى چاوى لێدەکاتەوە و بە دەم قسە کردنەوە ، ڕیپۆقەکە خڕ ئەکاتەوە و ئەڵێ : بڕوا ناکەم لەق و لۆق بوبێ ، بۆ گەواهى بۆچونەکەیشم ، چەند چێڵێک بێنن ، با شۆقبارانى بکەن ، بزانن بە خۆى ئەزانێ ..لەو کاتەدا بۆق و چێڵ لە مێرگێکدا خەریکى گفت و گۆ بوون ، بۆقەکە ئەیوت : من سترانبێژى ئەم مێرگەم .. چێڵەکەیش ئەیوت : منیش شیرەکەم ئەکرێت بە ماست و پەنیر و ژاژ ..

دەست و پێوەندى حاکم ئەگەنە ئەو مێرگە و بە چێڵەکە ئەڵێن : بە ئەرکى نەزانیت ، شۆقێک بدەى لە کورسی خاوەن شکۆ بزانین کورسى چاکە یان نا ..بۆقەکە ئەیدا لە قاقاى پێکەنین و لە مێرگەکەدا خۆى ون ئەکات .. حەوت شەو و حەوت ڕۆژ بە دواى بۆقەکەدا ئەگەڕێن بۆ ئەوەى بە سزاى ڕەواى خۆى بگەیەنن ، نایدۆزنەوە ..توێژەرەکان ئەڵێن : لەو ڕووداوەوە جلى سەربازى بۆ پەڵە پەڵە ى وەکو پێستى بۆق ئەگۆڕن و .. هێزى وشکاوەکى ئەبێتە پۆلێکى نوێ لە سوپا مۆدێرنەکاندا ..

 

(4)

دیق و لیق و فیق و فرە لیق

 

دیقکردن چاوگە و ..ناوەکەیشى دیقە ..مناڵان دیقە – دیقە بە یەکتر ئەکەن .. واتە جۆرێک لە گەلە کۆمە یان تامى – تامى یان هەر حاڵەتێک لە حاڵەتەکانى وروژاندن و ڕابواردن بە بەرامبەر ..ڕۆژوەوان تەماشاى برنج و گۆشتەکە ئەکات و هێشتا بانگى ئێوارە ماوێتى ، ئەڵێ : دیقم کرد بۆت ..هەروەها زۆر جار کوڕ و کچیش دیق بۆ یەکترى ئەکەن ..بەڵام لیق واتە لینج ، ئەوەى کە زانایەکى بوارى بایۆلۆژى تووڕە کردبوو کاتێ بیستبوى بە بەزاقە ڕووتە ئەڵێن : کرمە لیقە … لە پرێس کۆنفراسێکدا وتبوى : براکانم .. خوشکەکانم .. هاوڕێ خۆشەویستەکانم ! ئەم کائینە ، کرم نیە ..ئەمە لە پۆلى مۆلوسکایە واتە نەرمۆڵەکان ..چەند پۆلێک باڵاترە لە کرمەکان ..ئەم بەزاقە ڕووتانە لە پۆلى هێلکە شەیتانۆکەن ، بەڵام سەدەفەکەیان پوکاوەتەوە …( ئەڵێن : زۆریان گاڵتە پێکردبوو ، تاکو کار گەیشبووە فیکەبۆکێشان و تەنەکە بۆ لێدان و .. گۆرانى کەتانە و کەتانە وتن ) ..بەڵام فیق بۆ خۆى لە ڕێزماندا وشەیەک نیە ئاماژەى بۆ بکرێ ، تەنها لە پێچ و پەناکانى ئاخاوتندا دەردەکەوێ ، بۆ نمونە کە گیانەوەرێک ئەبێ بە ژێر ئوتومبیلێکى باباهانەوە ، ئەوترێ : جیق و فیقى دەرهات ! .. فیق تەنانەت لە زمانى عەرەبیشدا سەربەخۆ نییە ، ئەوەتا بە کۆلکە مەلایەک ئەڵێن :ئەم دێڕە عەرەبیەمان بۆ بکە بە کوردى : وەما توفیقى ئیلا بیلا …کۆلکە مەلاکە ئەڵێت : وەماتو : بە مەعناى وە مردن ..فیقى : ئەمەیان مەگەر خوا بزانێ مەعناى چیە !!! ..

بەڵام فرەلیق شتێکى تەواو جیاوازە ، شەوێکیان لە نەخۆشخانە ئێشکگرى تاقیگە بووم ، پیرەژنێک هات ، بوتڵێک خوێنى ئامادەکراوى بۆ بوکەکەى ئەویست ، وتم : نەنە گیان بوکەکەت ناوى چیە ؟ .. وتى : فرەلیقە !! ..وتم : چى ؟؟…وتى : هەر ئەوەیە ، لە خوار بەغداوە بە بوکى هێنامان بۆ کوڕە ناوەنجێکەم …جا ئەیوت لە خوار بەغداوە شارۆچکەیەک هەیە ناوى بەغێلەیە ..!!پاشان بۆم دەرکەوت بوکەکەى ناوى فەرەح لیقائە ، بەڵام کە هاتۆتە ناو زمانى کوردیەوە و بووە بە بوکى کورد ، لە ژێر سمارتەى بەردەوام و قسە و قسەڵۆکدا ، فەرەح بووە بە فرە ، لیقائیش بووە بە لیقە …لەگەڵ ئەوەیشدا تاکو ئیستا نازانم ئەو شارۆچکەیەى ناوى بەغێلەیە ، کامەیە و داتاشراوەى چ ناوێکە ..

 

(5)

پاکەت و چاکەت 

 

لە قۆناغى سەرەتایى بوم ، هەژارى بە ڕوخسارى هەموومانەوە دیار بوو ..چۆغە و شەرواڵ هەریەکەى لە ڕەنگێک بوون.. بۆگەنى دەمى قوتابیە برسیەکان لەگەڵ ددانى کلۆ ر و کرمێ ، تێکەڵاوى بۆنى تۆزى تەباشیر و شڵپەى دارحەیزەرانى دەستى مامۆستاکان ئەبوون ..هەموومان پێڵاوى لاستیکمان لە پێدا بوو..برادەرێکمان کراسێکى تازەى لەبەردا بوو ، لە چوار دەورى کۆبوینەوە ، بزانین ئەم شتە جوانەى لە کوێ بوو .. وتى : خاڵێکم شوعیە ، لە بولگاریاوە ، دوێنێ هاتەوە ..تۆپى جەلاتین و کراسى ناو پاکەتى بۆ هێناین .. چاکەتێکى لە بەردابوو ، کەس نەیئەزانى چ رەنگێکە ، ئەیووت : هەوڵ ئەدەین هەموو پیاوەکانى جیهان دانەیەک لەم چاکەتەیان هەبێ ، ئەوسا یەکسانى دێتە دى …

تۆپى جەلاتین ، تۆپێکى یەکپارچە لاستیکى پەستێندراو بوو ، کە ئەتدا بە زەویدا زۆر بەرز ئەبۆوە و لە شێوەى کەنگەرێکى چالاکدا هەڵئەبەزیەوە .. سەرەتا وامانئەزانى جۆرێکە لە سیحر ..

( ئیستا ئەو برادەرەمان و خاڵى و خاڵۆزاکانیشى گەورە سەرمایەدارن و .. تەڕ و وشک بە گەروویاندا ئەڕواتە خوارەوە ، بە بێ ئەوەى قڕقێنەیەک یان حەمد و سەنایەک بەرز بێتەوە .. )

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.