Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
تێڕوانین: چی چۆن دەبینیت؟

تێڕوانین: چی چۆن دەبینیت؟

Closed

 

لەم وێنەیەدا ژن و پیاوێک ڕوویان کردۆتە یەکتر و سەیری یەکتر دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا لە توانایندا نییە، بە ڕوونی یەکتر ببینن. هەر یەکەیان ئەڕوانێتە ئەو وێنەیەی، کە لە ناو خودی خۆیدا سەبارەت بەوی تر کێشاویەتی، بەڵام ئەو وێنەیە دیمەنە ڕاستەقینەکە، دەموچاوە ڕاستەقینەکەی کەسەکی تری داپۆشیوە.
هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانین فلیمێک سەبارەت بە کەسان و بارودۆخەکانی دەوروبەری دروست بکەین. ئەمە زۆر جار ڕوو دەدات، کاتێک ئێمە بە تەواوەتی هۆشمەند نەبین سەبارەت بە پلانەکانمان، چاوەڕوانەکانمان، سۆزمان، هەستمان وە هەروەها بڕیارەکانمان. لەبری ئەوەی لێپرسراوێتی هەموو ئەم شتانە بخەینە سەر شانی خۆمان و خۆمان بکەین بە خاوەنیان، هەوڵ دەدەین کەسانی تر بخەینە ژێر تاوانەکانەوە، هەڵەکانەوە  یان هەوڵ دەدەین ئەو کەسەی بەرامبەرمان بکەین بەوەی، کە خۆمان ئاواتەخوازین یاخود ئەوەیان لەسەر تۆمار بکەین، کە وێنەیمان کێشاوە. پێشبڕیار و پێشنرخاندنی یەکێک سەبارەت بە کەسێکی تر لەوانەیە یەزدانیی بێت یان شەیتانی بێت، ڕوخێنەر بێت یان بنیاتنەر بێت، ڕاست بێت یان هەڵە بێت، بەڵام هەرچییەک و هەرچۆنێک بێت، جگە لە جۆرە تێڕوانینێک هیچ شتێکی تر نییە، کە دەرئانجامی کۆتایی پەیوەندییەکانی کەسێکە یان بارێکە. ئەو تێڕوانینە، کە لەوانەیە بتوانێت ببێت بەو هەورەی، کە ڕێگەمان لێ بگرێت لە بینینی واقیعەکان.
تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی بتوانیت تێڕوانینە نێگەتیڤەکانت بناسیتەوە و تێیان بگەیت ئەوەیە، کە یارییەکە فێر ببیت.
کاتێک بڕیارێک، بۆچوونێک یان ڕایەک بەرامبەر یەکێک پەیدا دەکەیت، یەکسەر هەوڵ بدە گۆشەنیگای خۆت بگۆڕە و بپرسە: ئایا ئەوەی، کە ئەیبینیت، بەڕاستی و لە دڵەوە بۆچوونی خۆتە؟ ئایا ڕووانگەت ڕوونە  یاخود تەنها ئەوە ئەبینیت، کە ئەتەوێت بیبینیت؟
لە سینەمایەکدا تۆ تەماشای دیواری شاشەی سینەماکە دەکەیت و ڕووی بینینت ناکەیتە پشتەوە، بۆ ئەو شوێنەی، کە پرۆجەکتەری سینەماکەی لێیە. لە ڕاستیدا ئەو شوێنەی، کە بە درێژایی کاتەکە تۆ تەماشای دەکەیت، فلیمەکەی لێ نییە، بەڵکو سەرتاپای فلیمەکە بە کاری پرۆجەکتەرەکە و دروستکردنی سێبەر و ڕووناکییەکانەوە وێنەکانی دەخرێنە ڕوو. لە ڕاستیدا فلیمەکە لە شوێنی نمایشکردنی فلیمەکەیە لە پشتەوە و کەسیش سەیری ئەوێ ناکات. لەوانەشە هەندێک جار تێڕوانینت بەم شێوەیە بێت بۆ سەرتاپای شتەکان: بە درێژایی کات تەماشای کەسانی تر دەکەیت و هەڵیان دەسەنگێنیت، بەڵام تێڕوانینت وەک ئەوەی سەر شاشەی سینەماکە بن . . . .
کاتێک یەکێکت خۆش دەوێت، وەک کەسێکی بێنموونە، ئازیز و بەهادار دەیبینیت، کە کەس هاوتای نییە. کاتێک ڕقت لە هەمان کەس بێت، لەبەر چاوتا دەبێت بە کەسێکی ناشرین و بێبەهای قزێون، بەڵام هەرگیز هزرت لێت ناپرسێت: بۆچی هەمان کەس جارێک کەسێکی ناشرینی ڕقاوی و جارێکی تر کەسێکی خۆشەویست و بێنموونەیە؟ لە کاتی فشار، توڕەیی و گرژییدا دەست دەکەیت بەوەی، کە ئەم خەوانە یان وێنە ناواقیعییانە وەک ڕاستییەک بیابینیت، لە کاتێکدا تۆ لە پێستی خۆت چوویتە دەرەوە و وەک بوونەوەرێکی ڕووخاو لە دەری هەستەکانی خۆتدا دەژیت.
هەوڵ بدە گۆشەنیگاکانت تاک نەبن، تەسک نەبن، چونکە فراوانیی تێڕوانینیت ئاوێنەی فراوانیی هزر و سۆز و بۆچوونەکانتە. بەم شێوەیە دەتوانیت گۆشەنیگای ژیان فێر بیت و بۆ خودی خۆت یارمەتییەک بۆ ژیانت بەدەست بهێنیت. ئەوەی دەیبینیت بریتییە تەنها لە تێڕوانینەکەت بۆ شتەکان. لەو تێڕوانینەشدا بۆچوونی زۆر و گۆشەنیگای زۆر و جیهانێکی زۆری تیادایە، بەڵام هەر گۆشەنیگا و بۆچوونێک لە جیهانێکی خۆیدا دەژی.
ئێمە پێویستە لێپرسینەوەی ئەوە هەڵبگرین، کە بیری لێ دەکەینەوە، کە دەیڵێین وە کە دەیبینین.

کامەران چڕوستانی
chrostani@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.