Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
تەكنیكی سوپای توركیا و تاكتیكی پەكەكە …. بەشی یەكەم

تەكنیكی سوپای توركیا و تاكتیكی پەكەكە …. بەشی یەكەم

Closed
by January 12, 2012 گشتی

“بۆمبابارانی یەكەمی ساڵی 1993 ی زەلێ* دێنمەوە بیر، كە لەلایەن 50 فرۆكەی جەنگیی سوپای توركیا لە دوو گەڕدا و بۆ ماوەی دوو سەعات بەرامبەر بە كامپەكانی پەكەكە، كە لە دوو دۆڵ و چەند پاڵێكدا جێگیرببوون ئەنجامدرا، بە گوێرەی ژمارەی فرۆكەكان و تەسكی رووبەری ئامانجەكە و زۆری ژمارەی گەریلاكان كە نزیكەی 1000 دەبوون و كەم تەدبیری كامپەكە بەرامبەر بە هێرشی ئاسمانی، دەبوایە زیانەكان بێشوومار بووان، كەچی پێچەوانە دەرچوو، ئەگەر هەڵە نەبم، تەنیا 4 گەریلا ژیانیان لەدەستدا و چەندێكیش بریندار”.

شەڕی سوپای توركیا لەبەرامبەر گەریلاكانی پەكەكە، شەڕی ئامێر و تەكنەلۆژیای دڕندەیە هەمبەر بە مرۆڤ.
لەوەتەی مرۆڤ لەسەر خوێن و كەد و رەنجی مرۆڤی دیكە بۆتە ئاشقی بەرژەوەندییەكان ، لەو كاتەوەش بەشێكی دیكەی مرۆڤەكان – ژێردەست و چەوساوە و رەنجدەران – رێباز و كولتووری روو بەڕووبوونەوەیان هەڵبژاردووە.

لە رەوشی روو بەڕووبوونەوەیدا دەگوترێ “مرۆڤ بە تواناترینە” واتە توانای مرۆڤ لەسەرووەوەیە.
لەڕاستیدا ئەو گووتەیە ئەوەندەی بە ناوەڕۆك زانستییە، ئەوەندەش بەمەبەستی مەعنەوی و عاتیفی و جۆشدانی گیانی بەرەنگاربوونەوە بەكارهاتووە و دەهێنرێت، هەر لەیەكەم تەكنیكی چەكی لەناوبردن كە ئەو دار و بەردە تیژانە بوو، مرۆڤ بۆ بەردەوامی ژیانی خۆی و دواییش بەرامبەر بە خۆی بەكاری هێنان، تا دەگاتە ئەوانەی دواییش، لەسەرەتادا خۆ پاراستن لە بەرامبەریدا زۆر ئەستەم و مەحاڵ بوو، بەڵام دوای ئەزموون و قوربانی زۆر لەبەرامبەریدا، توانرا رێوشوێنی پێویست بگیردرێتەبەر و كاریگەرییەكانیان كەم بكاتەوە.

بە هۆی لاوازی پەیوەندییەكانی مرۆڤ و نەبوونی ئامرازی پەیوەندییەكانی گەیاندن یان سەرەتایی بوونیان، رێوشوێنەكانی  خۆپاراستن لە بەرامبەر تەكنیكە داهێنراوەكان ماوەی زۆری دەویست و شارەزایی و ناسینی كارێكی هەر وا ئاسان نەبوو.
لە سەدەی بیست و یەكەمیشدا، هەرچەندە تەكنیكی شەڕ بەپەلە پێشدەكەوێت، بەڵام ئامرازەكانی گەیاندن و گواستنەوەش بە ئاستێك گەیشتووە كە ئیدی رێوشوێنی خۆپاراستن لەبەرامبەر تەكنیكە دڕندەكان ئاسانتر و خێراترە لە جاران.   

سوپای تورك و تەكنیكی شەڕ

دەوڵەتی توركیا ئەندامی ناتۆیە، بۆیە سوپاكەشی ئەندامی هێزەكانی ناتۆیە، لەنێویشیاندا دوای ئەمریكا، وەك توركەكان خۆیان بانگەشەی دەكەن، دووەمینن.
ئاشكرایە كە هەرچی داهێنانی تەكنیكی نوێیە، ناتۆ  لەهەوڵی هەڵگێڕانەوەیەتی بۆ ئەوەی بیخاتە خزمەتی سوپا و شەڕ، بۆیە بەو بۆنەیەشەوە توركیاش سوود لەو دەرفەتە وەردەگرێت و سوپاكەی پڕ چەكی تەكنیكی نوێ كردووە.

گومانی تێدا نییە سوپای توركیا لەمێژووی كۆمارەكەیدا، جگە لە بەشداریكردنی لەشەڕی كۆریا شانبەشانی ناتۆ، هەروەها داگیركردنی قوبرس، هیچ شەڕێكی دیكەی بەرامبەر بە هێزی دەرەكی نەكردووە، بەڵام هەمان ئەو سوپایە لە سەركوتكردن و داپلۆسینی كۆمەڵگای توركیادا ژمارەی پێوانەیی تۆماركردووە.

سوپایەك كە ژمارەی سەربازانی نزیكەی ملیۆنێكە و خاوەنی تەكنیكی دڕندەی شەڕە، تەنیا لەوەتەی كۆمار دامەزراوە، 3 كودەتای سەربازی خوێناوی و یەك كودەتای سپی لەبەرامبەر حكومەتە هەڵبژێردراوەكانی وڵاتەكەی خۆیدا ئەنجام داوە، ئەمە جگە لە دەیان جار چاو سووركردنەوە و گەفوگوڕ و هێنانەوەی حكوومەت و كاربەدەستانی سیاسی بۆ سەر هێلی خۆی.

سوپایەك كە تەمەنی زیاتر لە 400 ساڵە و بە درێژایی دەیان ساڵ، بە هەموو تەكنیكێكی شەڕ كە لەبەردەستیدا، لەبەرامبەر كوردان تاوانی جینۆساید ئەنجام دەدات، بە درێژایی 30 ساڵی رابردووش لە بەرامبەر PKK دا، چی تەكنەلۆژیای شەڕە بەكاریدێنێت، لە نوێكردنەوە و مۆدێرنیزەكردنی چەكە تاكتیكی و ستراتیژیەكان و تەكنیكی هەواڵگری شەریشدا درێغی ناكات.

بێگومان پەكەكەش لە لایەنی خۆیەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوامی بە بەرگری بدات، پێویستی بە پیادەكردنی تاكتیكە بۆ دروستكردنی هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر سوپایەكی وادا، بۆیە هەڵبژاردنی رێبازی شەڕی پارتیزانی تاكە چارەیەكە بۆ مانەوە، تەدبیر و رێوشوێنی گونجاویش بۆ ڤالا دەرخستن یان كەمكردنەوەی كاریگەری تەكنەلۆژیای شەڕ كە لە دژیدا بەكاردێت، ناچارییە و پێویستییەكی ژیانییە.
بۆ ئەوەی باسەكە روونتر و واتادارتر بێت، چەند نموونەیەك دەهێنمەوە كە خۆم شاهێدی بۆ دەدەم و تێیدا ژیاوم:


نمونەی یەكەم

تەكنیكی ئاسمانی و تاكتیكی خۆپاراستن
بۆمبابارانی یەكەمی ساڵی 1993 ی زەلێ* دێنمەوە بیر، كە لەلایەن 50 فرۆكەی جەنگیی سوپای توركیا لە دوو گەڕدا بۆ ماوەی دوو سەعات بەرامبەر بە كامپەكانی پەكەكە كە لە دوو دۆڵ و چەند پاڵێكدا جێگیرببوون ئەنجامدرا، بە گوێرەی ژمارەی فرۆكەكان و تەسكی رووبەری ئامانجەكە و زۆری ژمارەی گەریلاكان كە نزیكەی 1000 دەبوون و كەم تەدبیری كامپەكە بەرامبەر بە هێرشی ئاسمانی، دەبوایە زیانەكان بێشوومار بووان، كەچی پێچەوانە دەرچوو، ئەگەر هەڵە نەبم، تەنیا 4 گەریلا ژیانیان لەدەستدا و چەندێكیش بریندار.

بێگومان هۆكاری كەمی زیانەكان، تەنیا دژە ئاسمانییەكان نەبوون كە یەك دۆشكەی چوار لوولە و 4 یان 5 دۆشكەی یەك لوولەی 12.5 ملم بوون، سەرەڕای ئەوەی نكۆڵی لەوە ناكرێت چاوی فرۆكەوانەكانیان ترساند ، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەنجام نەگرتنی بۆمبابارانەكە، نزمی ئاستی تەكنیكی فڕۆكەكان و تەنسیقی كلاسیكیانەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەكە بوو.

سەیركردن و دیاریكردنی ئامانجەكان لەلایەن خودی فرۆكەوانەكان لە ئاسمانەوە، یان پێناسەكردنی ئامانجەكە لەلایەن هیلیكۆپتەرێكەوە كە ئەركی نیشاندانی ئامانجەكانی لەئەستۆ بوو، هۆكارێكی دیكەی گرنگی ئەنجام نەگرتن بوو، گەر پرۆسەی بۆردومانەكەش پێچەوانە بكەینەوە، وەك ئەوە وابوو بە تفەنگ نیشان بگریتە ئامانجێكی جوڵاو، چونكە خودی فرۆكەكە لە جوڵەدایە.

لە شەڕدا، هەر تەكنیكێكی  نوێی هێرشیی كە دەكەوێتە پراتیكەوە، پێویستە لە بەرامبەریشیدا تاكتیكی نوێ و جووڵەی نوێ داهێنرێت بۆ خۆ پاراستن و ڤالا دەرخستنی، یان كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی تەكنیكە داهێنراوەكە، بێگومان ئەو تاكتیكە نوێیەش دەمودەست ناخولقێ، بەڵكو لەئەنجامی تێپەڕین بە ئەزموون و ناسینی تایبەتمەندییەكانی تەكنیكە نوێكەوە، تاكتیكی نوێش دەناسرێت و پیادە دەكرێت.
 
لەنموونەی یەكەمدا لە زەلێ، رێوشوێن و سیستەمی خۆپاراستنی هێزەكانی پەكەكە، لە داهێنان زیاتر، كلاسیكی یان سرووشتی بوو، چونكە جگە لە چەند چەكێكی دژە ئاسمانی و یەك دوو ئەشكەوت و ژێربەرد، حەشارگەیەكی دیكە نەبوو، بۆیە تاكتیك و خۆپاراستنی سەرەكی تەنیا بڵاوبوونەوە بوو بە پاڵ و بەرزاییەكاندا، هۆكارەكەشی ئەوە بوو، تا ئەو كاتە ئاستی نزمی تەكنیكی “پێكانی ئامانج”ی فرۆكەكانی سوپای توركیا هەر ئەوەندە ناسرابوو.

ساڵی 1994 و 1995 توركەكان لە ئەنجامی رێكەوتنێكی بازرگانی سەربازی، سیستەمی نیشانگرتنی فڕۆكەكانیان لە لایەن ئیسرائیلەوە نوێكردەوە، سیستەمی لێزەر كە تا ئەو كاتە نە توركیا خاوەنی بوو و نە پەكەكەش لە دژیدا بەكارهاتبوو، كەوتە پراتیكەوە، بەمەش فڕۆكەكانیان ئیدی دەیانتوانی باشتر ئامانجەكانیان بپێكن، ئیدی تەدبیری سەرەتایی نەدەبوو بە وەڵامی تەكنیكە تازەكە، خۆپاراستن لە ئەشكەوتە سرووشتییەكانیش رۆلی زۆر كەمببوەوە، چونكە سوپای بەرامبەر خاوەنی نەخشەی سەربازی پێشكەوتووە و هەرچی ئەشكەوت و كانی ئاو و شوێنی حەشارگەی سرووشتییە دیاریكراو و ئاشكرایە، هەر كاتێكیش بخوازێ هێرش بكاتە سەر ئەو شوێنانە دەیتوانی ئامانجەكان لە رێگای لێزەر بپێكێت.

لەبەرامبەر ئەو تەكنیكەشدا كە مۆدێلێكی تازەی ئەو كاتە بوو، هێزەكانی پەكەكە هەندێ تاكتیكی خۆپاراستنی نوێیان داهێنا، ئیدی بەكارهێنانی ئەشكەوتی سرووشتی نا، بەڵكو هەڵكەندن و درووستكردنی ئەشكەوتی تازە لە شوێنی گونجاو، جێگیربوون لەسەر كانی و ئاوەكان نا، راكێشانی ئاو بۆ شوێنی نادیار و گونجاو و توندتركردنی هەموو مەرج و یاساكانی جووڵەی پارتیزانی دیكە، بێگومان ئەو هەنگاوە نوێیانەی پەكەكە ئەنجامی باش و گرنگی لێكەوتەوە، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە ئەو تەدبیرانە دوای قوربانییەكی زۆر و كات و ئەزموونی زۆر بەدیهاتن، دوای ئەوە بەدیهات تا تایبەتمەندی و خاڵە لاوازەكانی تەكنیكەكە ناسرا. 

    هوشیار حسێن

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.