Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، سەرەتایەكە بۆ….

جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، سەرەتایەكە بۆ….

Closed
by September 18, 2008 گشتی

 جیابونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، سەرەتایەكە بۆ چارەسەری كێشەی كەركوكو كێشەكانی تر
 عبداللە مەحمود
 abdulla.mahmud@gmail.com
 
 
 لە ناوەڕاستی مانگی تەموزەو و بەدیاریكراویش لە 22 تەموزەوە تا ئێستا تەنگژەو ئاڵۆسكاوی نێوان بەغداو هەولێر درێژەی هەیە.
 هۆكاری ئەم تەنگژانەش، ئەگەر زۆر نەگەرێنەوە دواوە دەتوانین بێ دودڵی بڵێن. سازانی هێزەكان و بزوتنەوە سیاسیەكان بۆ پێكهێنانەوەی عێراق، ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، باڵانسی هێزەكان گۆڕاوە، بزوتنەوەی قەومی و ئیسلامی عێراقی لە سەرەتای كەوتنی بەعسەوە تا ئێستا، جێگاو ڕێگایەكی مناسبتری پەیداكردۆتەوەو بەهێز بووە، بزوتنەوەی قەومی كوردو هێزەكانی بەپێچەوانەوە كێرفی توانایی و جێگاو ڕێگایان لە عێراق و ناوەندی كێشمەكێشەكاندا بەرەوخوار دەڕوات.
 بێگومان نائاكامی ئەمرێكا لە عێراق، لەبەرامبەر تەوژمی سیاسەت و نەخشی وڵاتانی ناوچەكەدا، بوار پەیداكردنی زیاتر بۆ ئەم دەوڵەتانە تا لەهەمیشە زیاتر ئەسپی خۆیان لە ساحەی سیاسی عێراقدا تاوبدەن، توانا پەیداكردنەوەی بزوتنەوەی میلیتانتی قەومی عەرەبی سوننە لەناو كێشمەكێشی سیاسی عێراقدا كە بەكەوتنی بەعس كەمەری شكێنرابوو، بوونەتە سەرەتایەك بۆ ئاراستەی بەهێزكردنەوەی مەركەزو هەنگاونان بەئاقاری خۆگرتنەوەو توانا پەیداكردنەوەدا.
 تێكچوونی هاوپەیمانیەتەكان لە ئاكامی گۆڕانی هێزو بزوتنەوە سیاسیەكانی ناو ئەم هاوپەیمانیەتانە لە عێراقدا بوونەتە مەبنای  و دوبارە چاوخشاندنەوە بە هاوپەیمانیەتیەكاندا. بەوپێیەش دوبارە چاوخشاندنەوە بەو كەیسانەی پێشتر سازانیان لەسەر كرابوو، لەوانە كێشەی بودجە، داهاتی سامانە سروشتیەكان، پێشمەرگە، ناوچە كێشە لەسەرەكان، فیدرالی، سنور، یاسای وەبەرهێنان و …..تاد. 
 ئەوەی كە ئێستا لە ساحەی سیاسی عێراقدا ڕووئەدات بەرئەنجامی واقعی ئەم ئاڵوگۆڕانەیە.
 دیارە لەناو ئەم كێشانەدا، كێشەیەكی سەرەكی هاتۆتەوە گۆڕێ، كێشەیەك كە مەبنای ڕێكەوتنی هەموو هێزە قەومی-دینیەكانە"عەرەبی عیراقە بەسونەو شیعی"وە، ئەویش كێشەی خەڵكی كوردستان و هەرێمێكە كە كوردنشینە.
 كێشەی ناوچەجێناكۆكەكانی وەكو قەرەتەپەو خانەقین و جەلەولاو دیالە ….تاد، كێشەی كەركوك، بەشێكن لەو كێشەیە. وەڵامدانەوەش پێیان گرێی خواردووە بە چارەسەری ئەم كێشەیەوە نەك بەپێچەوانەوە.
  كێشەی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكومەتە یەك لەدوای یەكە قەومییەكانی عیراق، كێشەیەكی مێژوویی پر توندوتیژی بووە، مەبنای ئەم كێشەیە زوڵمی قەومی بووە، لەسەر خەلكی كوردستان. بوونی ئەم كێشەو وەڵام وەرنەگرتنەوەی بە شێوەیەكی كارسازو پێشكەوتنخوازانە، كە ستەمی میللی سەر خەڵكی كوردستان كۆتایی پێبهێنی مافی هاوڵاتی بوونی یەكسان زەمانەت بكات، سەرئەنجام بۆتە هۆی مەیدانێكی گرنگ و سەرەكی ململانی حزب و هێزەكانی بزوتنەوەی قەومی كورد و بەیەكدادانی لەگەڵ دەوڵەتە قەومیەكانی عێراق و بزوتنەوەكانیدا.
 ئەمڕۆ ئەم كێشەیە، بە خۆگرتنەوەیەكی نسبی هێزە قەومی ودینیەكانی عەرەبی عێراق بەهاوكاری و هاوپشتی وڵاتانی ناوچەكە لەژێرناوی سنوردانان بۆ قەڵەمرەوی بزوتنەوەی قەومی كورددا، هاتۆتەوە گۆڕێ. چەند ناوچەو شوێن و مەسەلەیەكیش وەكو دەروازەی ئەم كێشەیە كراونەتە مەبنا.
 كەم كەس و لایەن هەن، ئەم كێشەیە وەكو بەشێك لە كێشەی خەڵكی كوردستان و پەیوەندیدار بە كێشەی هەرێمی كوردستان لەقەڵەم بدەن، زۆرتر ئەم كێشانە وەكو كێشەی سنور و چەند شوێنێك تەماشادەكەن، نەك وەكو كێشەیەكی گەورەترو فراوانتر.
 وە خەریكن بۆوەڵامی ئەم كێشانە لە قەرەتەپەو خانەقین و دیالەو جەلەولاوە دەست پێدەكەن، نەك لە ئەسڵی كێشەكەوە. كە كێشەی مێژووی خەڵكی كوردستانە. و ئەم كێشانەش ئەنجامی ئەون.
 كێشەی خەڵكی كوردستان، كێشەی سنور نییە، هێندەی كێشەی بەڕەسمی ناسینی مافی هاوڵاتی بوونە. كێشەی خەڵكی كوردستان كێشەی قەرەتەپەو خانەقین و  نییە، هێندەی كێشەی خەڵكێكە كە خوازیاری سەربەخۆیین. كێشەی نەوت و بودجە نییە، هێندەی كێشەی سەربەخۆیی وبەڕەسمی ناسینی ئیرادەی چەندین ملیۆن ئینسانە. ئەوانەی كە ئەم كێشەیان هێناوەتە خوارەوە بۆ كێشەی بودجە، پێشمەرگە، داهاتی سامانی سروشتی، فدراڵی، قەرەتەپەو …تاد، هیچ پەیوەندیەكیان بە چارەسەری كێشەی خەڵكی كوردستانەوە نییە. بزوتنەوەی قەومی كورد ئەو هێزو بزوتنەوەیە كە بەكەڵك وەرگرتن لە كێشەی خەڵكی كوردستان دەیەوێت كێشەی سەرەكی خەڵكی كوردستان بكاتە بارمتەی داخوازی و قازانجەكانی خۆی و ئەم كێشە سەرەكیە بهێنێتە خوارەوە بۆ كێشەی نەوت و بودجەو داهات و …. بۆ یەكلاكردنەوەشی خەڵكی كوردستان بە بارمتەبگرێت و ڕەوانەی بەرەكانی جەنگی داهاتووی خۆیان بكات بۆ سەهمی زیاتر لە بەشداربوونی لە دەسەڵاتی ناوەندی و درێژەدان بەدەسەڵاتدارێتی تاڵانیخوازانەی لە كوردستاندا.
 ئەم سیاسەت و تموحەی بزوتنەوەی قەومی كورد، هیچ تەبایەكی لەگەڵ داواو خواستەكانی خەڵكی كوردستان و هیچ پەیوەندیەكیشی بەچارەسەری كێشەی بناغەیی خەڵكەكەیەوە نییە.
 كێشەی خەڵكی كوردستان، كەیسێكی تایبەت و بە مێژوویكراوی واقعییە، بە جیابونەوەوپێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆ، یان بەهاتنە سەركاری  حكومەتێكی سكولاری غەیرە قەومی لەعێراقدا، وەڵام وەردەگرێتەوە.
 ئەوەی تا ئێستا لای وابووە لای وایە ئەم هێزانەی عێراق دیموكراتی و سكولارن، ئەوە خەڵكی كوردستان نییە، ئەوە ئەو یەكێتی و پارتیەن، كە چەندین ساڵە دەهۆڵی عێراقی دیموكراسی و بانگەشەی دڵسۆز بوونی ئەم هێزانە بۆ خەڵكی كوردستان و مافەكانی دەكوتن. ئێستاش ئەگەر ئەم هێزە تاسەرمۆخ كۆنەپەرستانە ، مل بدەن بە چەند خواستێكی یەكێتی و پارتی لەوانەش بودجەودرێژەدان بە بەشداری پێكردنی دەسەڵاتیان لەوناوچەو شوێنانە، ئەوا پێشوازی لێدەكەن و ئەمە بە چارەسەری كێشەی خەڵكی كوردستان دەزانن.
 لە كاتێكدا هێشتنەوەی سەهمی یەكێتی و پارتی لە دەسەڵاتی ناوەندی و قبوڵكردنی شەراكەتیشیان لە ناوچەو شوێنەكانی وەكو خانەقین و دیالەو قەرەتەپەو كەركوك….تاد، وەكو ئەوەی چەند ساڵی ڕابردو بوویانە بەمانای كۆتاییهێنان بەكێشەی خەڵكی كوردستان نییە و نەبووە. وەلانانی هەموو ئەوكێشانەش كە یەكێتی و پارتی باسی دەكەن و كێشمەكیشان لەگەڵ ناوەند بەردەوامە بۆیان، بەمانای كۆتاییهێنان و وەڵامدانەوە نییە بە كێشەیەكی واقعی و مێژووی كە كێشەی خەڵكی كوردستانە لەگەڵ دەسەڵات و بزوتنەوەی قەومی عەرەبی بە دینی و غەیرە دینییەوە، بەسونی و شیعەوە.
 ڕاستی ئەوەیە یەكێتی و پارتی ڕەبتیان نییە بە كێشەی خەڵكی كوردستانەوەو بەناحەق و لە غیابی بزوتنەوەیەكی بەهێزو ڕادیكاڵ و سەربەخۆدا خۆیان بە كێشەی خەڵكی كوردستانەوە هەڵواسیوە، لەبەرامبەریشدا تەبان لەگەڵ بزوتنەوەی قەومی و دینی عەرەبی و لەدەستوریشدا ئەوەیان قبوڵكردووە كە عێراق بەشێكە لەدنیای عەرەب و …تاد. بەمانایەكی تر یەكێتی و پارتی چەندە لە دنیای واقعیدا بێ پەیوەندن بە چارەسەری كێشەی خەڵكی كوردستانەوە، بە پێچەوانەشەوە هێندە تەباو هاو بەرژەوەندین لەگەڵ بزوتنەوەی قەومی عەرەبی و ئیسلامی عیراقی و هەرگیز ئەوەی فەرامۆشیان نەكردووە ئەم بزوتنەوانە بوون، و هەموو هەوڵیان ئەوە بووە كە لە دەسەڵاتی ناوەندیدا هاوبەشیان پێبكەن. تەنانەت كێشمەكێشی دەیان ساڵەی بزوتنەوەی قەومی كورد لەگەڵ دەولەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بە ڕژێمی بەعسیشەوە كە لەهەموویان دڕندەترو هەوسارپچراوتر بووە بەرامبەر بەخەڵكی كوردستان ئامادەبوون شەراكەتی قبوڵ بكەن، بەڵام ڕژێمی بەعس بەو غرورو توانایەی هەیبوو ئامادەنەبوو ئەمان بكاتە شەریكە بەشی واقعی، ئەوەی ئێستاش ڕوودەدات و بەڕێوەیە هەمان سیناریۆیە بەڵام ئەمجارە بەچكە سەدام حسێنەكان پەیرەوی لێدەكەن.
 كەواتە كێشەی واقعی كێشەی خەڵكی كودستانەو چارەسەری ئەم كێشەیەش پەیوەندی بە یەكێتی و پارتی یەوە نییە، بۆیە بۆچارەسەری ئەم كێشەیە دەبێ ڕێگایەكی تر بگیرێتە بەر.
 ڕێگایەك كە لەهەموو حاڵەتێكدا، كوردستان لە عێراق جیابكاتەوە. چونكە مانەوەی كوردستان بە عێراقەوە بە چارەسەری كێشەی كەركوك و خانەقین و قەرەتەپەو دیالەو…تاد، لە چوارچێوەی عێراقدا، بەمانای بێبەشكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستانە لەمافەسەرەتایەكانی هاوڵاتیبوون،و دوبارەكردنەوەی كێشمەكیشی قەومی و ئەو خوێنڕێژەیەیە كە مێژووی  چەندین دەهەی عێراق و ناوچەكەی پێكهێناوە.
 ڕێگای كۆتاییهێنان بەكێشمەكیشی ئێستای نێوان بەغداو هەولیر، ڕێگای كۆتایهێنان و بەرگرتن بە دوبارە بوونەوەی سیناریۆی زوڵمی قەومی و بێمافی جیابونەوەی كوردستان و پێكهێنانی دەوڵەتێكی غەیرە قەومی و سكولارە. دەوڵەتێك كە ناسنامەی قەومی نییە، دەوڵەتی هەموو دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە بێگویدانە هیچ ئینتمایەكی ئیتنكی و دینی و مەزهەبی …پێكهێنانی دەوڵەتێكی ئاوا زامنی چارەسەری كێشەكانی تری كوردستانە. با لە دڵی كێشمەكێشی ئێستای نێوان بەغداو هەولێردا ئاڵای جیابونەوەی كوردستان و پێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆ بكەینە پەرچەمی خەباتی ئەم دەورەیەمان.
                                          
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.