جەمشیدخان دیرۆکی مەملەکەتێکی خوێناویی دەگێرێتەوە
“جەمشیدخانی مامم کەهەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەبات” ، ناونیشانی دواهەمین رۆمانی کاک بەختیار عەلییە. ئەم رۆمانە کەلە قاڵبی کارێکی ” مینیمالیستیدا ” دەردەکەوێت ، یەکێکە لە کارە نایابەکانی نووسەر.
هەروەک چۆن کاتێک بینەر سەیری فیلمێک دەکات ، گەر لە 5 دەقیقەی یەکەمدا ، نەچێتە ناو دونیای فیلمەکەوە ، ئەوا تاقەتی بینینی ئەو فیلمەی نابێت. رۆمانیش بەهەمان شێوە، گەر لە 5 لاپەرەی یەکەمدا ، نەتوانێت خوێنەر بخاتە ناو رۆمانەکەوە، ئەوا خوێنەر لە خۆی دووردەخاتەوەو تاقەتی خوێندنەوەی ئەو رۆمانەی نابێت. رۆمانەکەی کاک بەختیار ، هەر لەسەرەتاوە ماگنێتێکی گەورەی هەیە و دەتوانێت خوێنەر بۆ ناو رۆمانەکەی ڕابکێشێت.
رۆمانی فەنتازیی
یەکێک لەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە ئەمرۆ ئەدەبی جیهانی گرتۆتەوە، زاڵبوونی ئەدەبی فەنتازیی و ئەفسانەییە. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەو رۆمانانەی کە ناوبانگێکی باشیان پەیداکرد و فرۆشیان زۆربوو، هەموو دەچنە قاڵبی ئەدەبی فەنتازیاوە. لەوانە ( هاری پۆتەر، داڤینشی کۆد) .
بەداخەوە ئێمەی کورد ، زۆر درەنگ ئاگاداریی ئەم ژانرە گرینگەی ئەدەب بووین. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند هەوڵێک دراون ، بەڵام بەپێی پێویست نەبووە، یان دەتوانم بڵێم کە زۆر کەم بووە.
رۆمانی جەمشیدخانی مامم ، لەڕێگای فەنتازیاوە بەتایبەت ” فڕینی جەمشید خانەوە” ، هەوڵیداوە مێژوویی گەلەکەمان بگێرێتەوە.
جەمشیدخان کورێکی خوێن گەرمی شیوعییە ، ساڵی 1979 لەتەمەنی حەڤدە ساڵییەوە دەگیریت. پاش لێدان و ئەشکەنجەدانێکی زۆر ، ئەم کوڕە کێشێکی زۆر لەدەست دەدات و ، وای لێدێت کە “با” لەگەڵ خۆیدا بیبات. کاتێک لە حەوشی زیندانی ئەمنی کەرکووکدا ، باییەک هەڵدەکات و بۆ یەکەمجار جەمشیدخان دەفرێت. لێرەشەوە رۆمانەکە دەست بە هۆنینەوەی رووداوەکانی تر دەکات .
گێرانەوەی مێژوو بەشێوەیەکی فەنتازیی/
دیارە نووسینەوەی مێژوو کارێکی ئاسایی نییە، لەبەرئەوە هەمووکاتێک نووسینی رۆمانێکی مێژوویی ، کارێکی زۆر زەحمەت و ئاڵۆزە. بەتایبەت مێژوویی گەلێکی چەوساوەی وەکو کورد. ئەم رۆمانە هەوڵیداوە باسی چەند قۆناغێکی گرینگی گەلەکەمان بۆ بکات . لەهەمانکاتیشدا چەند وێنەیەکی ژیانی کۆن پیشانی نەوەی نوێ داوە، کە نەیدیوەو ئاگای لێیان نییە.
بەڕاستی زۆرم بەلاوە سەیرە ، کە چۆن بەختیار توانیبێتی ئەو هەموو شتە گرینگ و پڕ بایەخانە بخاتە ناو رۆمانێکی 150 لاپەرەییدا. بەڕاستی دەستڕەنگینیی و شارەزاییەکی ئێجگار باشی نواندووە، لە نووسینەوەی ئەم رۆمانەدا.
جەمشیدخان باسی چەند قۆناغێكی گرینگی کردووە. لەگەڵ هەر فڕین و دابەزینەوەیەکی بۆ سەر زەوی ، باسی قۆناغێکی مێژووی گەلەکەمان دەکات . لەساڵی 1979 وە دەستپێدەکات تا ئەمرۆ .
لەهەمانکاتیشدا بۆ هەر قۆناغەو کەسایەتییەکی هەڵبژاردووە، کە گوزارشت لە قۆناغێکی مێژوویی دەکات . جەمشیدخان وەکو ( شیوعییەک ، جەنگاوەرێکی ناو شەڕ، سەربازێکی هەڵهاتوو لە بارانۆک ، خەباتگێرێکی کورد دژ بە رژێمی فاشیستی توورکی ، مەلایەکی ساختەچی ،قاچاخچییەک لە ئەستەنبووڵ کە خەڵکی دەبات بۆ یۆنان، پاشان رۆژنامەنووسێکی ساختەچی ، لەکۆتاییشدا وەکو ئاژەڵێکی ناو قەفەز ، باسی ژیانی مەسئوولە گەندەڵەکان دەکات .)
دیارە جەمشیدخان لەگەڵ فرین و دابەزیندا، کەسایەتییە کۆنەکەی ژبیر دەکات و کەسایەتییەکی نوێ هەڵدەگرێت. بەم شێوەیەش نووسەر توانییویەتی گوزارشت لە چەند کەسایەتییەکی جیاوازی ناوکۆمەڵگای کوردەواریمان بکات.
سەرەتا باسی چیرۆکە تۆقێنەرەکانی زیندانی بەعسییەکان دەکات . زیندانییەکانی بەعس یەکێکە لە زیندانییە تۆقێنەرەکانی جیهان . مەگەر زیندانی توورکی هێندەی زیندانی بەعس ، تۆقێنەر و نامرۆڤانە بووبێت. هەروەک رۆماننووسی گەورەی ئەمریکی Billy Hayes بیلی هایس لە رۆمانی نیوە شەو 12 Uhr nachts – Midnight Express باسی وەحشیگەریی و کردارە نامرۆڤاییەکانی ناو زیندانی توورکی دەکات . بەختیار عەلیش هەوڵیداوە ، لە رێگای جەمشیدخانی شیوعییەوە تشیکێک بخاتە ناو ژیانی زیندانی سیاسی لەسەردەمی بەعسدا.
لەپاش ئەوەی بۆ یەکەمجار جەمشیدخان لەزیندان دەفرێت ، قۆناغی زیندانی کۆتایی دێت و ، سەرەتای قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات ، کەئەویش قۆناغی جەنگی نێوان عێراق و ئێرانە . هەرچەندە بە بڕوای من ئەمە جەنگی گەلی عێراقی و ئێرانی نەبوو ، بەڵکە زیاتر جەنگی سەدام و خومەینیی بوو. لەبەرئەوە من لەگەڵ ناوە رەسمییەکەی ئەم جەنگە دام ( قادسیەی سەدام ) . لەپەنادا پێویستە ناوی خومەینیشی بۆ دابنێین واتە ( قادسیەی سەدام و خومەینی ). چونکە ئەم دوو وڵاتە لەلایەن دوو ملهوور و دیکتاتۆرەوە حکوم دەکران . هیچ کاتێک خەڵکی ئەم دوو وڵاتە بریاری شەڕیان لەگەل یەکتری نەداوە.
جەمشیدخان لەدووەمین فرینیدا مەرگەساتی ئەو جەنگەمان بۆ دەگێرێتەوە. یەکەمجار لە سەنگەری عێراقدا کاردەکات . لێ پاش فرینێکی تری ، دەکەوێتە بەرەی ئێرانەوە. ئەمەش وا دەکات ، کە خوێنەر ئاگاداری هەردوو بەرەی جەنگەکە بێت. هەروەها ئاگاداری ئەو ئەتمۆسڤێر( جەوی ) بێت ، کەباڵی بەسەر هەردوو بەرەی شەرکەرەدا کێشاوە، چۆن هەردوولا هەوڵی بەشەیتانییکردنی ئەوی تر دەدات .
لە سێهەم فرینیدا ، جارێکی تر جەمشیدخان دەگەرێتەوە بۆ نیشتمان لە گوندی بارانۆکدا ، سەر هەڵدەنێتەوە. گەڕانەوەی بۆ سەر زەوی ، رێگا خۆش دەکات تا نووسەر باسی کاولکاریی و گوندچۆڵکردن و سیاسەتی ( زەوی سووتاندنی ) بەعس بکات. لێرەدا جەمشید لەگەڵ سالاری برازایدا ، ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە. هەتاوەکو ڕاپەڕین . لێرەشەوە باسی قۆناغێکی تری مێژوویی گەلەکەکان دەکات. قۆناغی دوای ڕاپەرین .
جەمشید کاتێک دەگاتەوە ناو شار ، کەسایەتییەکی تری دەبێت . کەسایەتییەک کە حەزی بە خۆشیی ژیانەو ، بەتەواوەتیی ناخۆشیی ژیان بێزاریکردووە. پاش ماوەیەک سافیناز خان دەخوازێت . لێ ئەم ژنە دەتوانێت فێڵی لێبکات و جارێکی تر بۆ ئاسمان بیفرێنێت و دەست بەسەر سامانەکەیدا بگرێت.
لەم فرینەشیدا ، دەکەوینە ناو جیهانێکی تری ئەم مەملەکەتەوە، کەئەویش بریتییە لە خەباتی کوردی باکوور و شەری گەریلا لە دژی رژێمی فاشیستی توورکی. لێرەدا جەمشیدخان دەبێتە پێشمەرگەیەکی لەشکری خەباتگێرانەی باکوور. لێ پاشان دەفرێت و دیسانەوە دەگەرێتەوە بۆ ناوشار.
کاتێک دەگاتەوە ناوشار ، جارێکی تر کەسایەتییەکی تر وەردەگرێت، کەخۆی لەکەسێکی ئایینیدا دەبینێتەوە. لێرەشەوە نووسەر باسی مەسەلەی بەهێزبوونی رۆلی ئایین لە کۆمەڵگای کوردەواریدا دەکات . لەهەمانکاتیشدا باسی ڕەوتە ئیسلامییەکان دەکات ، کەلەپاش راپەرینەوە بەهێزبوون و هەوڵی ئەوە دەدەن ، کە هەژموونی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن.
ئەمجارەشیان دیسانەوە جەمشیدخان دەفرێت و پاش ماوەیەک دەنیشێتەوەو کەسایەتی پێشووی ژبیر دەکات و، خۆی لەناو کەسایەتییەکی نوێدا دەبینێتەوە.
لەپاش ڕاپەرین ، بەهۆی شەری ناوخۆ و ئابلووقەی ئابووری و جێگیرنەبوونی باری سیاسی کوردستان ، ” کۆچ ” بەهێزترین دیاردەی ئەم قۆناغەیە. کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان و لاوانی ئەم گەلە ، پانتاییەکی گەورەی ئەم قۆناغە لەخۆ دەگرێت. باندەقاچاخچییەکان ، ئەوانەی خەڵکیان وەکوو مەڕ دەکردە قوورگی ” جەندرمە وەحشییەکانی توورکیا ، یان نەهەنگەکانی ناو دەریای ئیجەوە”. جەمشیدخان لەگەڵ سالاری برازای دەچێتە ئەستەنبووڵ و دەبێتە قاچاخچییەکی گەورە. زۆر لێزانانە نووسەر باسی جیهانی قاچاخچێتیی و گوزەرانی خەڵکی ئاوارەی کورد لە تورکیا دەکات. لەهەمانکاتیشدا زۆر شارەزاییانە باسی ، ئەو قاچاخچیە بێ ویژدانانە دەکات ، کەچۆن لەسەر ژیان خەڵکی ئاوارەوە، فیرعەون ئاسا لە ئەستمبووڵ دەژیان .
لێ دیسانەوە جەمشیدخان بەدەستی سالارەوە گووم دەبێت و ماوەیەکی زۆر لەنێوان کیشوەری ئاسیا و ئوروپادا دەگەڕێت. بەڵام پاش ماوەیەکی زۆر دیسانەوە دەگاتەوە نیشتمان . بەمەش باسی قۆناغێکی تر دەکات ، کەدەتوانین بڵێین قۆناغی پاش داگیرکردنی عێراقە لەلایەن ئەمریکاوە.
لەم قۆناغەدا دووشتی گرینگ باس دەکات . یەکەمیان بوونی ژمارەیەکی زۆری رۆژنامە وگۆڤار. ئەم زۆریەش وایکردووە کە بۆر بێت. دووەمیان : مەسەلەی گەندەڵبوونی سیستەمی سیاسی و بوونی مەسئوولی گەندەڵ .
ئەمجارەیان جەمشید ئاژانسێک دادەنێت ، کەزیاتر وەکو ئاژانسێکی سیخوورییە بەڵام لە قاڵبی رۆژنامەگەریدا دەردەکەوێت. بەڵام دیسانەوە جەمشید دەکەوێتە هەڵەوەو ، تاچار جارێکی تر بۆ ئاسمان دەفرێتەوە.
لە دواهەمین نیشتنەوەیدا ناخۆشترین قۆناغی ژیانی جەمشید دەستپێدەکات ، کاتێک لەماڵی مەسئوولێکدا، وەکو مەیموونێک دەیخەنە قەفەزێکەوەو ، دەبێتە جێگای گاڵتەو مەخسەرەی شەوانی ئەم مەسئوولە. لێ دیسانەوە سالاری برازای بەهانایەوە دەچێت و، لەو قەفەزە رزگاری دەکات . لەپاش رزگارکردنی بۆ دواجار سالار دەیباتەوە بۆ ئاسمان لەم ووڵاتە دووری دەخاتەوە، چونکە چیتر ناتوانێت وەکو مرۆڤێکی ئاسایی بژی. لەپاش ماوەیەکی زۆر ، جەمشیدخان لە وڵاتێکی دووری ئاسیاویدا، دەنیشتێتەوەو باری ژیانی دەگۆڕێت و چیتریش ترسی لە “با ” نابێت بیفرێنێت.
چەند سەرنجێک/
دیارە من زیاتر وەکو خوێنەرێکی ئەکتیف قسە لەسەر ئەم رۆمانە دەکەم، بەدڵنییایەوە کەسێکی تر جۆرە خوێندنەوەی تایبەت بەخۆی دەبێت بۆ ئەم رۆمانە. ئەوەی جێگای سەرنجە نووسەر لەم رۆمانەدا ، لەهەندێک شوێندا دەزووی بۆ جەمشیدخان درێژکردۆتەوەو لەهەندێک شوێنیشدا بەپەلە فڕێی دەداتەوە سەر زەوی.
بۆ نموونە کاتێک لە مەیدانەکانی جەنگەوەلە باشووری عێراقەوە ، فڕێی دەداتە لای شاری ئەسفەهان. لەپرێکیشدا سواری کەرێکی دەکات و دەیکات بە گوندی بارانۆک دا. یان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاسمانی هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئوروپادا ، دەزووی بۆ شل دەکات و بەو ناوچانەدا دەیفرێنێت. بەبێ ئەوەی خوێنەر بزانێت ، کەئاخۆ لەو ماوە زۆرەدا جەمشیدخان چیکردووە. بەیەک دوو دێر ، باسەکە لەکۆڵ خۆی دەکاتەوەو دەیخاتە ناو جیهانێکی ترەوە.
خاڵێکی تر کە جێگای سەرنجە، ئەوەیە نووسەر لەم رۆمانەیدا بە شێوازێکی خراپ باسی ” ژن و خێزان ” دەکات . لەکاتی گێرانەوەی چیرۆکی ئادەم و حەودا ، لەزاری جەمشیدەوە دەڵێت :
( خودا وەک باوکێکی خۆرهەڵاتی سزای دەدات ، بەوەی ژنی بۆ دەهێنێت.ل103)
لە شوێنێکی تردا دەڵێت :
( پێم نەگووتی پیاو یەک جەهەنەمی هەیە ، ئەویش ژنە.ل110 )
زۆرجار هەست دەکەم کە بەختیار کەوتۆتە ژێرکاریگەری نووسینەکانی نووسەری میسری ” انیس منصور” کە بەیەکێک لە دوژمنانی ژن دادەنرێت . زۆرجاریش لە شێوەی ساتیردا ، ئەم بۆچوونە خراپانەی دەرخستووە. هەروەها تارادەیەکیش کاریگەری بۆچوونە خراپەکانی فەیلەسووفی ئەڵمانی ” نیتچە” ی پێوە دیارە.
خاڵێکی تریش کە جێگای سەرنجم بوو، لە هەندێک شوێندا بەختیار حوکمێکی گشتگیریانە بۆ هەندێک رووداو دەردەکات. بۆ نموونە کاتێک باسی کێشەی زۆربوونیی رۆژنامە و گۆڤارو سایتیی کوردی دەکات ، زۆر گشتگیریانە حوکم لەسەر ئەم دیاردەیە دەدات.
دیارە راستە زۆربوونی ئەو هەموو سایت و رۆژنامانە ، زۆر شتێکی باش نییە. بەتایبەت سایتە ئەلکترۆنییەکان ، بەحکومی ئەوەی هیچ سانسۆرێکی حکومیان لەسەر نییە ، زۆرجار لادانێکی زۆری پێوە دیارە ، کە زۆر دوورە لە یاسا و نەریت و مۆڕاڵی نووسین و رۆژنامەگەرییەوە . لە هەندێک سایتەوە زۆر ناشرین و بە شێوازێکی نزم ، هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی ، بەتایبەت خەڵکی سیاسی و ناسراوی گەلەکەمان. دیارە بەختیار عەلیش زۆرجار بۆتە تیری ئەم سایتانە.
” لای ئێمە کەوچکێک لەنووسەری خراپ تێکەڵ بە کەوچکێک لە سیاسی خراپ بکەو جوان ڕایانوەشێنە و چەند کەوچکێک لە گیراوەی مەلای خراپیان تێکەڵاوبکە و تۆزێک لەگەڵ ئاودا بیانخەرە سەر ئاگر و بیانکوڵێنە، ئەوە رۆژنامەنووسی عەیارە بیستووچواری وڵاتی ئێمەی لێدەردەچێت .ل121 “
لەسەدەی پێشوودا میرغەزەبەکانی توورک ، حکومێکی گشتگیریان بۆ لەناوبردنی کورد و ئەرمەنی دەرکرد و کەوتنە قەتلوعامکردنی خەڵکی. ئەڵمانەکانیش پاش ئەوەی بە زۆرینەی دەنگ ، دەنگیان بە هیتلەر دا ، ئینجا هیتلەریش فەرمانێکی خوێناوی دەرکرد ، بە کۆمەڵکوژی جوولەکە لە جیهاندا.
لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، مرۆڤایەتی لەپاش ئەم جەنگە وێرانەیەدا ، ڕاستە فێری ئەوە نەبوو کە چیتر بریاری گشتگیریانە لەسەر بابەتێک یان رووداوێک یان گەلێک نەدات ، لێ مرۆڤایەتی فێری ئەوەبوو کە دژی ئەم جۆرە بریارانە بوەستێتەوە ، چونکە زەرەری بۆ مرۆڤایەتیی هەیە ، دوورە لە بریاری عەقڵانییەوە .
نووسەر کە دەسەڵاتی بەسەر قەڵەمدا هەیە ، نابێت حوکمێکی گشتگیری بۆ دیاردەیەک یان رووداوێک دەربکات . ناکرێت گەر کەمێک زەرەرمان لە ئازادی رۆژنامەگەری کرد ، یان گەمژەیەک شێتانە بەردی تێگرتین ، ئیتر یەکسەر نەفیری عام بۆ هەموو رۆژنامەنووسێک دەربکەین.
تەکنیکی نووسین/
دیارە لەم رۆمانەیدا بەختیار عەلی زۆر شارەزاییانە تەکنیکی رۆمانی بەکارهێناوە. هەر ئەم تەکنیکی رۆمانەش وایکردووە ، کە خوێنەر زیاتر بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. نووسەر زۆر بەباشی تەکنیکی ” فلاش باگ” ی بەکارهێناوە، توانیوویەتی لەم رێگایەوە ، چیرۆکەکان بگێرێتەوە. هەروەها زۆر بەباشیش سوودی لە بەکارهێنانی ” گرێ” ی ناو رۆمان کردووە ، بەتایبەت لە کاتی باسکردنی ” ئاژانسەکەی جەمشیدخان ” دا، هێدی هێدی ” گرێ” کە دەکاتەوە و خوێنەریش بێ تاقەت نابێت ، لە دواکەوتنی چیرۆکەکە . بەڵام بەداخەوە لەم رۆمانەدا رەگەزی ” کتوپڕ ” ی زۆر کەم تێدایە ، گەر تێشیدا بێت خوێنەر هەستی پێ ناکات . دیارە رەگەزی ” کتوپڕ’ چێژێکی زیاتر بە رۆمان دەدات . جێگای ئاماژەیە نووسەری مەزنی رووسی” دۆستیۆفسکی ” ، بە ئوستادی ئەم رەگەزە دادەنرێت.
بەڵام لە رووی زمانەوە، نووسەر هەوڵیداوە بە زمانێکی زۆر ساکار و ئاسان بنووسێت، بەشێوەیەک کەهەموو کەس دەتوانێت لێی تێبگات و بتوانێت مامەڵە لەگەڵ دەقەکاندا بکات. بە بڕوای من بەکارهێنانی ئەو جۆرە زمانە، وایکردووە کە خوێنەرێکی زۆر بۆ رۆمانەکە ڕابکێشرێت. لێرەدا نووسەر ” زمان” وەکو ئامرازێک بەکارهێناوە، تا لە ڕێگایەوە بتوانێت چیرۆکەکەی خۆی بۆ خوێنەران بگێرێتەوەو هەر لەرێگای زمانیشەوە، بتوانێت پەیوەندی بە خوێنەرەوە بکات.
دووا قسە/
بە بڕوای من ئەمە یەکێکە لە رۆمانە باشەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییمان ، بەڕاستی خوێندنەوەی ئەم رۆمانە ، بەتایبەتی بۆ نەوەی نوێ زۆر گرینگە ، چونکە لەڕێگای ئەم رۆمانەوە ، نەوەی نوێ دەتوانێت شارەزایی و ئاگادارییەکی زۆری ، لە چیرۆکە ناخۆشەکانی نەوەی پێشوو هەبێت .
جارێکی تر دەستخۆشی لە نووسەری هێژامان کاک بەختیار عەلی دەکەین و هیوادارین بە دڵێکی فراوانیشەوە سەرنج و بۆچوونەکانمی وەرگرتبێت .
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
Ardellen4@yahoo.de
سەرچاوە :
بەختیار عەلی . جەمشیدخانی مام کەهەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەبات. چاپی یەکەم . چاپخانەی ئەندێشە . ساڵی .2010.