Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
جەنابی بارزانی؛ئەوە ئێوەن کە جێگەتان نابێتەوە لە کوردستان!

جەنابی بارزانی؛ئەوە ئێوەن کە جێگەتان نابێتەوە لە کوردستان!

Closed
by March 1, 2011 گشتی

جەنابی بارزانی؛ئەوە ئێوەن کە جێگەتان نابێتەوە لە کوردستان!
وەختێک هێزەکانتان گووللە بە سنگی منداڵەکانمانەوە دەنێن!

ناسک ئەحمەد

وەختێک هێزەکانی پارتی و یەکیتی بە ئاشکرا گوللە بە سنگی خەڵکی ڕاپەریوو و نارازی  کوردستانەوە دەنێن، ئەوە ئیتر بڕیاری جەنگێکی ئاشکرایە لەلایەن ئەم دووهێزەوە لەگەڵ سەرجەم خەڵکی کوردستان. بەڵام وەختێک بە ڕۆژی رووناک و بەبەرچاوی دنیاوە گوللەکانیان جەستەی ناسکی منداڵە دوانزە و چواردە ساڵانەکانمان سارددەکەنەوە و خەڵتانی خوێنی دەکەن، ئەمە ئیتر ئیعلانی مەرگیانە بە دەستی خەڵک و ئاشتنەبوونەوەی هەتاهەتایی خەڵکی کوردستانە لەگەڵیان. ئەمە ئیتر داڕمانی دووایین خشتەکانی دیواری پەیوەندی نێوان خەڵکی کوردستان و ئەم دەسەڵاتەیە. وەختێک چەکدارانی پارتی منداڵیکی ١٢ ساڵان لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە رۆژی ٢٧ی مانگدا گوللەباران دەکەن، چیتر هیچ ئینسانێکی ویژدان بە خەبەر ناتوانی قبووڵی ژیانکردن لە سایەی دەسەڵاتی ئەم  منداڵکوژانەدا بکات. ئەم دەسەڵاتە دەبێ بڕوات، هیچ ویژدانێکی بەخەبەر چیتر لە کوردستان ناتوانی ئارام سەرخاتە سەرسەرین و بزانێ ئەوانەی دەسەڵات و پارووی نان و چارەنووس و موقەدەرات و سەروەت وسامانی خەڵکی کوردستانیان بە دەستە ئەوانەن کە گەرمیانی ١٢ ساڵان، رێژوانی ١٥ ساڵان….یان گوللەباران کرد. هیچ کۆمەڵگەیەکی زیندوو و وویژدان بەخەبەری ئەم سەردەمە ناتوانی ئەم تاوانانەی بەسەردا تێپەرێ. کۆمەلگە و جەماوەرێک قبووڵی ئەم تاوانە گەورەیە بکات، ئەوا حوکمی تاریکی و داڕمان بەسەر خۆیدا دەدات. کۆمەڵگەی بە خەبەری کوردستان هەرگیز ناتوانێ ئەم تاوانە گەوەرەیە بە قوڕگی نەوەکانی ئێستا و داهاتوویدا بەرێتە خوار.

ئەی  چەک بەدەست و ڕێکخستنەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار !

بەڕاستی ئێوە پێویستان بە چ تاوانێک لەمە گەورەتر و لەمە وویژدان هەژێنتر هەیە کە بیبینن تا چەکەکانتان فرێبدەن و بێنە نێو ریزی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانەوە، تا پەیوەندیتان بەم مافیای منداڵ و گەنج کوژانەی کوردستانەوە بپچڕن وبێنە نێو ئاپورەی خەڵکی ڕاپەریوی کوردستانەوە. چ تاوانێک لەتاوانی گوللەباران کردنی جەستەی منداڵێک گەورەتر و نائینسانی ترە، چ تووندوتیژییەک بە ئەندازەی تووندوتیژی دەرهەق بە جەستەی منداڵێک تووندوتیژترە. چ سیاسەتێک دەتوانێ حەقانیەت بدات بە کوشتن و خەڵتان خوێن کردنی یەک منداڵ. تف بکەن لەو سیاسەتە، لەو دەسەڵاتە، لەو حیزبە، لەو میلیشیایەی کە بۆ پارێزگاری لە خۆی ئامادەیە لاشەی ناسکی منداڵان ساردبکاتەوە، خونچەیەکی نەپشکوتووی وەک گەرمیانی ١٢ ساڵان بە گوللە هەڵپروچقێنێ.  کاتێک منداڵێک دەکوژرێت ئیتر هەموو جووانییەک لە ژیاندا دەکوژرێ، ترووسکایی لە ژیاندا نامینێت و هەموو ژیان تاریک دەبێت، سەبووری نامێنێت و تەنها یەک سەبووری دەتوانێ مانای هەبێت، ئەویش ڕووخاندنی دەسەڵاتێکە کە کوشتنی منداڵان بەرهەم دێنێ. بۆیە چیدی ژیانێک مەگوزەرینن کە ژیانی خەڵکی کوردستان بەرەو تاریکی دەبات و خونچە نەپشکوتووەکان بە دڕندانەترین شیوە هەڵدەپروچقێنێت و تروسکایی لەچاوەکانی گەرمیانەکان و ڕیژووانەکان و سەردەشتەکان ئەکوژێنێتەوە، وەک جەللادێکی بێرەحمانە لە نێو شەقام و جادەکانی کوردستاندا بە بەرچاوی هەموو دنیاوە دڵە بچکۆلانەکانیان لە لێدان دەخات. چەکەکانتان فرێدەن، ڕیزەکانی ئەم حیزبانە چۆل کەن ، وەرنە نێو ریزی جەماوەری شۆرشگێر و ڕاپەڕیوی کوردستانەوە و بۆ یەک جار خۆتان لە خۆتان بپرسن، ئاخۆ دەبێ تاوانی مندالانێکی ١٢ و ١٤ ساڵانەی وەک گەرمیان و ڕێژوان و زمناکۆ چی بووبێت تا لە سەرەتای تەمەنیانەوە مەحکووم بە مەرگ بکرێن.

 بارزانی و تالەبانی!
بە راستییەکەی چۆن چۆنی دەتوانن شەوانە سەربکەنە سەر سەرین و بە ئارامی بخەون، گەر تەنها بۆ یەک جاریش بووە دەتوانن خۆتان بخەنە جێگای باوک و دایکی گەرمیان و ڕێژوان و تەسەوری ئیحساسات و گریانی ئەوان بۆ ڕۆلەکانیان بکەن، شکم لەوە هەیە کە بتوانن ئەو کارە بکەن، دەنا بۆ یەک ساتیش بووبێ تەحەمولی سیاسەتی ئینسان کوژانە و منداڵ کوژانەی خۆتانتان نەدەکرد.
حەتمەن ئاگاتان لێیە، کە دەوڵەت و حکومەتی زۆر لە ئێوە بەهێزتر نەیتوانی بەرگەی هێزی جەماوەر و شۆرشی خەڵک بگرێ. ئەوە حوسنی موبارەکی لە ئێوە زۆر زل‌هێزتر مەجبوور بە بەجێهێشتنی میسر کرا، ئەوە موعەممەر قەزافی دۆست و هاورێتان کە تالەبانی دەیویست شەقامەکانی کوردستانی بە ناوەوە ناو بنێ، نەیتوانی دڕندەیی و کوشتنی بە کۆمەڵی خەڵکی ڕاپەریوی لیبیا تاسەر بەرێ و مەجبور بە بەجێهیشتنی تەخت وتاراجی دەیان ساڵەی دەکرێ و درەنگ یان زوو دەبێ دەسەڵات بۆ خەڵکی لیبیا چۆڵ کات. پێتان وایە تا کەی دەتوانن ئێوە ئیدامە بە کوشتن و گرتن و ڕاونان و سەرکوتکردن و دزیکردن وخواردنی پارەپوولی خەڵکی کوردستان بدەن. جەماوەری خەڵکی کوردستان تازە حەقیقەتی دەسەڵات و سیاسەتی ئینسانکوژانە و دژ بە منداڵان و لاوان و ژنان و کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانی بۆ ئاشکرا بووە. خەڵکی کوردستان چیدی هیچ جۆرە نزیکایەتییەک لە نێوان دەسەڵاتی ئێوە و خۆیدا نابینێتەوە و هەموو گەمەکانی ئێوەی بۆ ئاشکرا بووە.
لاوانی کوردستان ژیانی ئینسانی شەرافەتمەندانەیان دەوێ، زانست و تەکنەلۆجیا و بەهرەمەندبوون لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان دەوێ، کاری گونجاو و دوارۆژێکی روونیان دەوێ، ئازادییان دەوێ، دەسەڵاتێکی مۆدیرن و جیایی دین لە دەوڵەت و یاسایان دەوێ، ئازادی رادەربرین و خۆپیشاندانیان دەوێ، قانوونی یەکسانیان بۆ ژن و پیاو دەوێ، نایانەوێت چیدی کوردستان گۆرستانی ژنان و کچانی ئەم ووڵاتە بێت و تیرۆرستانیان  لە نێو حیزب و میلیشیاکانی ئێوەدا ئازادانە بسورێنەوە. لاوان و خەڵکی کوردستان زۆر باش لەو راستیە گەیشتوون کە دەسەڵاتی ئێوە ئەم خواست و داواکارییانەی پێ جێبەجێ ناکرێ، بۆیە هەموو ئەمڕۆ هاتوونەتە سەر شەقامەکان و داوای چۆڵکردنی دەسەڵاتتان لێ دەکەن. خەڵکی کوردستان بیست ساڵە بە برسێتی و نەبوونی و تاریکی ماڵەکانیان و بێکاری ودەربەدەری و شەڕی ناوخۆ و کوشتن … باجی دەسەڵاتی نێو شارتان دەداتەوە، ئیتر دەڵێن، بەسییییییەتییییی.
یەک ڕاستی هەیە، باش بیزانن، هێشتا ئێوە توڕەیی وتۆڵەی گەورەی خەڵکی کوردستانتان نەبینیوە. بۆیە دەست هەڵگرن لە توڕەکردن و ئیستفزاز کردن و کوشتنی خەڵک، ملکەچی داواکان و خواستەکانی خەڵکی کوردستان ببن. خەڵکی کوردستان خەڵکی لیبیا نین، خەڵکی کوردستان خەڵکێکی چەکدارن، ئەوەی ئێوە هەتانە لە چەک خەڵکی کوردستانیش هەیەتی. 
جەنابی بارزانی ! هەر بە پێی قسەکانی خۆتانیش بێت، ئێوە و هێزەکانتان جێگاتان نابێتەوە لە کوردستان، لە هەڕەشەکانتان کە دەیکەن لە خەڵکی کوردستان باس لەوە دەکەن کە ئەوەی تووندوتیژی پەیرەو بکات جێگەی نابیتەوە لە کوردستان. خەڵکی کوردستان و هەموو دنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی تراژیدیایەک بوو کە هێزەکانی ئێوە بەرامبەر بە منداڵان و گەنجانی کوردستتان کردیان کە لە مێژووی تاوانکاری و دڕندەییدا بێ وێنەیە، ئەو تاوانانە تەنها دەتوانێ لەگەڵ تاوانی نازییەکان و بەعسییەکان و قەزافییەکاندا باس بکرێن. بۆیە حیزبێک کە ئێوە رابەر و سەرکردەیین دەبێ لە کوردستاندا قەدەغەبکرێت و رابەران و سەرکردەی حیزبێکی لەو جۆرە لە کوردستان جێگای نابیتەوە.

٢٨ی فێبریوەری ٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.