Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
جەنابی سەرۆكی حكومەت دكتۆر عادل بۆ زیندانی كرا…. بڵند مستەفا

جەنابی سەرۆكی حكومەت دكتۆر عادل بۆ زیندانی كرا…. بڵند مستەفا

Closed
by December 4, 2008 گشتی

 جەنابی سەرۆكی حكومەت دكتۆر عادل بۆ زیندانی كرا
 بڵند مستەفا*
 
 بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوایین وتارتاندا لە بارەی ڕاگەیاندنەوە فەرمووت "ئێمە لە كوردستان ڕاگەیاندنمان ئازاد كردووە، بە ڕۆژنامەنووسانمان گوتووە چ دەنووسن بنووسن، هیچ سانسۆر و لێپێچینەوەیەك نییە لەسەر بیر و بۆچوون، نەكەسمان سزا داوە و نەكەسیش سزا دەدەین" ئەم بۆچوونە و قسەكانی تریشتان مایەی دڵخۆشی و جێگەی بایەخ بوو لەلای من، بەڵام دوای تەنیا چوار ڕۆژ لە قسەكانی جەنابت دادگای كەتنی هەولێر بەپێى ماددەى (403)ى یاساى سزادانى عێراقى نووسەر و ڕۆژنامەنووس و پزیشك (دكتۆر عادل حوسێن) ی حوكمدا بە سزای شەش مانگ زیندانی كردنی و (225000) دینار غەرامە، لەبەرامبەر نووسینێكی لە ژمارە (321)ى ڕۆژنامەی هاوڵاتی، كە گوایە دەرچوونە لە دابی گشتی. جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێدەچێت بەڕێز (دادوەر تەحسین تەها خۆشناو ) كە ئەو حوكمەی بەسەر دكتۆر عادل سەپاندووە گوێی نەدابێتە بۆچوون و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە لە كاتی ڕەتكردنەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری بەرگرى لەوە كرد مافى رۆژنامەنووسان و ئازادى رادەربڕین بپارێزرێت، هەروەها گوێى نەداوەتە بڕیارى پەرلەمانى كوردستان، كە هەموو هەولێكیاندا بۆ ئەوەى زیندانى كردنى رۆژنامەنووسان نەمێنێت، هەروەك گوێى نەداوەتە بۆچوونەكەى جەنابیشت، كە دەڵێیت "ئێمە لە كوردستان ڕاگەیاندنمان ئازاد كردووە، بە ڕۆژنامەنوسمان گوتووە چ دەنوسن بنووسن، هیچ سانسۆر و لێپێچینەوەیەك نییە لەسەر بیر و بۆچوون، نەكەسمان سزا داوە و نەكەسیش سزا دەدەین".
 جەنابى سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان دكتۆر عادل حوسێن یەكەمین نووسەر و رۆژنامەنووسى بوارى تەندروستییە، كە لە راگەیاندنى بینراو و بیسراو و نوسراو وەكو رۆژنامەنووس و پزیشك كارى كردبێت و رەوتێكى نوێى لە كارى راگەیاندن داهێنا، سەدان هەزار كەس ماوەى زیاتر لە دوازدە ساڵە سود لە نووسین و بەرنامەكانى وەردەگرن  لە رێگەى كەناڵە تەلەفیزیۆنى و رادیۆیى و رۆژنامە و گۆڤار و كتێبەكانییەوە، هەروەها وەكو پزیشكێك زۆر دڵسۆزانە كارى خۆى كردوە و رۆژانە لە بنكەى تەندروستى كەس و كارى شەهیدان چەندان نەخۆشى چارەسەركردوە، هەرچى لەبارەى نووسینەكەشیەتى ئەو باسى شتێكى زانستییانەى لە رووى تەندروستییەوە كردووە دەبوایە بە شێوەى تر مامەڵەى لەگەڵ بكرێت، كە ساڵى رابردوو هەر لەسەر ئەم نووسینە شەش مانگ تەجمیدكرا لەلایەن وەزارەتى تەندروستیوەوە و عیادەكەشى داخرا لەلایەن سەندیكاى پزیشكانى كوردستانەوە.
 بەڕێز كاك نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان حوكمدانى دكتۆر عادل لەسەر نووسین و زیندانى كردنى بۆ سومعەى ئەزموونى دیموكراسى هەرێمى كوردستان و پرۆسەى رۆژنامەگەرى لە كوردستان و ئاراستەى بەرەوپێشچونمان باش نابێت و دەبێتە مایەى تانەلێدانى ناحەزانمان لە حكومەت و دام و دەزگاكانى و نیگەرانى لەلایەن رۆژنامەنووس و نووسەرانى كوردستان لىَ دەكەوێتەوە.
 بەڕێز سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان دۆسیەى دادگاییەكەى دكتۆر عادل ئێستا لە دادگاى تێهەڵچونەوەیە بۆ (تەمیز) كردنەوەى، بۆیە پێویستە هەریەكە لە لە بەڕێزان (سەرۆكى هەرێمى كوردستان و پەرلەمانى كوردستان و سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان) هەڵوێست وەربگرن و بەڵێن و بۆچوونەكانیان بخەنە بوارى كردارییەوە، رێگە لە زیندانى كردنى نووسەر و رۆژنامەنووس و پزیشك دكتۆر عادل حوسێن بگرن، بە تایبەت كە قورسترین سزایان بۆ داناوە چونكە بەپێى ماددە یاساییەكە یان غەرامە یان زیندانى كردنە، بەڵام دادگاییەكە هەم غەرامە و هەم زیندانیشى بۆ دكتۆر عادل سەپاندووە.
 بێگومان هەڵوێست وەرگرتنتان سەلماندنى بۆچوون و بەڵێنەكانتانە بۆ پاراستنى مافى رۆژنامەنووسان و فراوانكردنى پانتایى ئازادى رادەربڕین و خزمەتكردنى ئەزموونى دیموكراسییە لە كوردستان، بە پێچەوانەوە بىَ دەنگیدان هاندانى پێشێلكردنى مافى رۆژنامەنووسان و ئازادى رادەربڕین و ماناى هەبوونى سانسۆر و لێپێچینەوە و سزادانە.
 
 * رێكخەرى كەمپینی پشتگیریكردن لە دكتۆر عادل حوسێن.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.