Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
حزبی شیوعی، ئاڵودەبوون بە ڕیاکاری

حزبی شیوعی، ئاڵودەبوون بە ڕیاکاری

Closed
by February 21, 2011 گشتی

            عەبدوڵا مەحمود
abdulla.mahmud@gmail.com

حزبی شیوعی کوردستان، وەکو پیشەی هەمیشەیی و مێژوویەکەی، لەدڵی خرۆشان و خۆپیشاندانی شاری سلێمانی و توڕەیی بەرینی جەماوەری کوردستاندا، لەڕێگای بەیاننامەیەکەوە کە بەرواری ٢٠/٢/٢٠١١ بڵاویانکردۆتەوە، داوای هێورکردنەوەی وەزعی کوردستان دەکات. دیارە کە حزبی شیوعی مەبەستی ئەوە نییە، کە سنورێک بۆ دزی وتاڵانی دەسەڵات، سنورێك بۆ دەستکۆتاکردنی هێزی چەکداری میلیشیا، سنورێک بۆ پاوانکردنی دەسەڵات و هەموو جومگە گرنگەکانی کۆمەڵگاو ئابوری، سنورێک بۆ سەرکوتی سیاسی و پێشلکردنی ئازادی سیاسی و ڕۆژنامەگەری، سنورێک بۆ ڕێگەگرتن لەخۆپیشاندان و مانگرتن، سنورێک بۆ یاسا کۆنەپەرستە ئیسلامی میلیشیایەکانی پەرلەمان، سنورێک بۆ دەست نەپاراستنی هیزە چەکدارەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران… بەڵکە مەبەستییەتی خەڵکی خۆپیشاندەرو توڕە، ڕەوانەی ماڵەوە بکاتەوە، و داوایان لێدەکات دەست لەداخوازی و مافەکانیان هەڵبگرن. لە دیدی ریاکارانەی رابەری حزبی شیوعیدا، کۆمەڵگای خوازیاری چاکسازی، خەڵكی توڕە لە دزی و تاڵانی و سەرکوت و پاوانی دەسەڵات… جەلادن و دەسەڵاتیش دەسەڵاتی نیشتمان و خاوەنی دەسکەوتەکانی کوردستانە!! و … قوربانیین و دەبێ لەدەستی توڕەبووەکانی کۆمەڵگا، جەلادە بێچەک و دەست بەتاڵەکان، بپارێزرێت. ئەوەتا بێئەوەی ئاماژە بەوەبکەن کە ڕووداوەکە چی بووە، کێ کوشتاری کردووە.دەڵێن” حیزبی شیوعی كوردستان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ له‌ روداوه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی شاری سلێمانی ده‌روانێت كه‌ له‌ 17\2 \2011 رۆژی پێنجشه‌مه‌ ودواتری دا رویان داو بووه‌ هۆی گیان له‌ ده‌ستدان و بریندار بوونی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی و تائه‌مرۆش بارێكی نا ئارامی خوڵقاندووه‌ له‌ وشاره‌دا. كه‌ جێگای نیگه‌رانی و خه‌می هه‌موو لایه‌ن‌و كه‌سێكی نیشتیمان په‌روه‌رو دڵسۆزی ئه‌م گه‌له‌یه‌”
حزبی شیوعی کە هیچ نەخش و کارێکی لە پەیوەند بە کۆمەڵگاو خواستەکانی خەڵکەوە نییە، لە جێگای ئەوە ئاڵودەیە بە ڕیاو ڕیاکاری بۆ دەسەڵات، خەریکی ناوبژی و گێرانی دەوەری ریاکاری و هەڵتروکانە لەبەردەم بارەگای دەسەڵاتدا. ئەم حزبە هاوارو فوارەی خوێنی ڕێژوان و سوکێوەکان، پڕ بوونی خەستەخانەکان لە جەستەی کون کونی بریندارەکان، ڕاوەدونانی خۆپیشاندەران و هەڵسوراونی و شەوانە هەڵکوتانە سەرماڵان… نابینێ، ئیدانەکردنێکی شەرمنۆکانەش لە خۆی نیشان نادات، هەموو ئەم هەڵویستەشی بۆئەوەیە کۆمپانیای حزبەکەیان، موچەبڕ نەکرێت. لەبەرامبەر موچەیەک کە دەسەڵات بەهەزار ئەمماو ئەگەرەوە پێیان دەدات، بێدەنگەو لەوەش واوەتر دەیانەوێ دەوری ناوبژی و لە ڕاستیدا ریاکاری بگێرن. ئەوەتا لە بەشێکی تریدا دەڵێن “مافی هه‌موو كه‌س و هاوڵاتی و حیزب و لایه‌نێك و رێكخراوێكی سیاسییه‌ كه‌ به‌ ئازادانه‌ راو تێروانینی خۆیان ده‌ربرن و به‌شداری كارا بكه‌ن له‌ دروست كردنی رای گشتی و بریاری سیاسی و ژیانی ناوخۆی ئه‌م هه‌رێمه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌و شارستانیانه‌ و دوور له‌ هه‌رچی توندو تیژی و هیرش و تاوانباركردنێكی پێشوه‌ختانه‌ و به‌ مه‌به‌ست به‌ تایبه‌تی هیرش كردن سه‌ر باره‌گاو بنكه‌ی حیزب و لایه‌نه‌كان.”
بەئاشکرا حزبی شیوعی پێیان وایە خۆپیشاندەران تاوانبارن و توندوتیژی و هێرش بردن بە تایبەت بۆ سەر بارەگاو بنکەی حزب و لایەنەکان” سەرچاوەی پشێوی وەزعی ئەم چەند ڕۆژەی کوردستانە، نە وەڵامی چەکدرانەی میلیشیای حزب بەرامبەر بە خۆپیشاندان و داخوازیەکانی خەڵکی.
هێشتا رابەری ئەم حزبە، نایانەوێ لەوە تیبگەن، ئەگەر خەڵک دەستی داوەتە خۆپیشاندان و هەتنەسەرشەقامەکان و دەسبردن بۆ هەنگاوەکانی رامالێنی دەسەڵات،  ئەمە لە کۆتایی سەرکەوتنی خۆیدا، حزبە موچەخۆرەکانی دەسەڵاتیش دەخاتە بەردەم لێپرسینەوەی جەماوەری. لە کاتێکدا بەشێک لەخەڵکی کوردستان لەسەر شەقامەکان و  داوای رەوایان هەیە، ئەوەی کۆمەڵگای نائارام کردووە بیدەربەستی دەسەڵات و میلیشیاکانیان و هیزە سەرکوتکەرەکانیانە، کەچی حزبی شیوعی بەدوای ناوبژی و گفتوگۆی نیوان حزبەکانەوەیەو دوا لەخەڵکی کوردستان دەکەن هێمن و ئاسایشی هەرێم بپارێزن. تا بارگرژی دروست نەبێت و ئەوەتا دەڵێن “… هه‌ر بۆیه‌ له‌ پاش هه‌وڵ و گفتو گۆی به‌رده‌وامی حیزبمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی كوردستان ، داواكارین له‌ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان هێمنی و ئاسایشی ئه‌م هه‌رێمه‌ بپارێزن و دوور له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ناشارستانیانه‌ ودوور له‌ عورفی دیموكراسیانه‌ و له‌ رێگه‌ی توندو تیژییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا نه‌كه‌ن و ئه‌م ئه‌زمونه‌ ئه‌گه‌ر كه‌موو كوریشی هه‌بێت به‌ ئه‌زموونی خۆیان و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بزانن و ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ به‌ ده‌سكه‌وتی گشتی ته‌ماشا بكه‌ن”
 رابەری حزبی شیوعی هیشتا پێی وایە ئەمەی لەشەقامی شاری سلێمانی دەگوزەرێت، ململانێی حزبییە، لەوە حاڵی نییە کە جەماوەری توڕەو ناڕازی لە بەرەیەکدان و دەسەڵات و حزبە بەناو نەیارەکانیشیان، لەبەرەیەکدان. هەموو حزبەکانی بۆرژوازی کورد، بەرلەوەی ئیدانەی دەست بۆچەک بردن و کوشتارو راوەدونان بکەن، ئیدانەی خۆپیشاندان و سەرەڕۆیی لاوانی بێچەکیان کرد و دەکەن،
 حزبە ساسیەکانی بۆژوازی کورد، هەموو هەوڵیكیان بۆ ئەوەیە کە ئەوەی روودەدات  بەرەو خوینرشتنی زیاتر و توندوتیژی بێئەوسەر ببەن، تا دەستمایەی قۆلکردنەوەی ململانێی حزبی زامن بکەن و خواست و داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستانی پێ لەباربەرن.  دەیانەوێ خەڵکی خوازیاری ئازادی و نان و شکۆ ئیرادەی سەربەخۆ، بکەنە بارمتەی یەکلاییکردنەوەی ململانێی سیاسی نێوان خۆیان بۆ بەش و ئیمتیازات و پۆستی سیاسی، ئەم بارەگا سوتاندن و تاڵانکردن و تەقەکردن و… هەموو هەنگاوی بەنەخشەن بۆ زاڵکردنی دۆخی جەنگی ئەحزاب و ترساندنی ناڕازیانی کۆمەڵگا لە دۆخەکەو خاوکردنەوەیان لە خۆپیشاندان و داوا ڕەواکانیان … کۆبونەوەی حزبە سیاسیەکانی کوردستان ٢١-٢-٢٠١١ بۆ ئەوەیە هەر یەکەیان خۆیان بکەنە نوێنەری بەشێک لە خەڵکی، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان خەریکن و بەکردەوە و بە کۆوەبوونیان لەسەر شەقامەکان و وتنەوەی دروشمە هاوبەشەکان، ئینتمایان بۆ ئەم حزبە دەسەڵات بەدەستانەو لایەنی بەناو نەیارو سازشکار توڕدەدەن، ئەمەش ڕاگەیاندنی ئەو ڕاستیەیە کە خەڵکی کوردستان ئەمانە بە نوێنەری خۆیان نازانن، و هەر بۆیەشە دەبێ خەڵکی کوردستان ڕابگەیەنن کە کۆبونەوەی حزبە سیاسیەکان لەسەرەوە سازش و سات و سەودایە بە خوێنی رێژوانەکان و سورکێوەکان و خۆپیشاندان و خواستە ڕەواکانی جەماوەری توڕەو نەداری کوردستانەوە. وە پێویستە هەرچی زووە نوێنەرانی واقعی خواستەکانی خەڵکی کوردستان لەناو خۆپیشاندانەکان و کۆبونەوەکانی مەیدانی تەحریرو هاوکات گەرەکەکاندا، بەراستەوخۆ ئازادانە هەڵبژێرن و ئەوان قسەکەری خواست و داوکانی خەڵکن نەک ئەم حزبە سیاسیانەی، بونەتە خوڵقاندنی دۆخی برسیتی و بێکاری و سەرکوت و کۆنەپەرستی و دەست نەپارێز لەبەتاڵانبردنی داهاتی خەڵکی کوردستان و دەست بڕینەوەی ئازادیخوازان و ئەو لایەنانەی سات و سەودا بە خواستی رەوای ئازادیخوازی و مافەکانیانەوە دەکەن.
  حزبی شیوعی هیج کام لەم ڕاستیانەی سەرەوە نابینێ، دەیەوێ بەبانگەشەی  هێورکردنەوەوە هەم ئالودەبوونی بە ریاکاری درێژە پێبدات و هەمیش دەزانێ ئەگەر رەوتی خۆپیشاندان و تورەیی خەڵک دەسەڵات ڕابماڵی خۆی لە پریشکی ئاگرەکە بێبەش نابێت و موچەی مفتیشیان کە لەبەرامبەر بە دەوری ناوبژی و بەیان ئیمزاکردن لە دەسەڵات وەردەگرن، لەدەست دەچێت. بۆیە نایانەوێ ئەم دۆخە بگۆڕێت و تێک بچێت.
پیویستە ئەم دەورە سازشکارانەیەی حزبی شیوعی لەبەرامبەر موچەی کۆمپانیای حزب و کادرانی رابەریان، ئیدانە بکرێت. ئەگەر مێژووی ڕیاکاری بنوسرێتەوە، حزبی شیوعی دەتوانی پلەی نایاب لە ئاڵودەبوون بەڕیاکاری دەست بخات.
٢١-٢-٢٠١١
   تێبینی: نوسراوەی ناو کەوانەکان لە دەقی بەیانی حزبی شیوعی وەرگیراون

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.