Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
حكومەتێكى گەندەڵ و پەرلەمانێكى زەلیل

حكومەتێكى گەندەڵ و پەرلەمانێكى زەلیل

Closed
by May 30, 2008 گشتی

 ڕێبوار ڕەزا چوچانى…….

 لەو كاتەوەى كە حكومەتى هەرێم دەست بەكار بوە، یەكەمین گرفتى ئەم حكومەتە گەندەڵى بوە، گەندەڵى وەك پەتایەك خەریكە تەواوى سەروەریەكانى حكومەتى هەرێم دەخاتە بەر هەرەسى تیاچونەوە، بەڵام تا ئێستا حكومەت نەیتوانیوە خۆى لەم كێشەیە قوتار بكات، هۆكارەكەى بە بڕواى من نەبونى تواناى حكومەت نیە لە بەرانبەر ئەم دیاردەیەدا، بە قەد ئەوەى كە حكومەت مەیلى بنبڕ كردنى ئەم دیاردەیەى نیە، چونكە بە پێى ئەوەى كە گرفتى گەندەڵى سەردەمانێكە بونى هەیە و سەردەمێكە بۆتە هۆكارى رق لێبونەوەى خەڵك لە بەرانبەر حكومەتدا، بەڵام تا ئێستا حكومەت وەك كێشەیەك سەیرى ئەم پەتایە ناكات، بەڵكە لە زۆر كاتیشدا حكومەت پاداشتى گەندەڵكاران دەداتەوە و پلە و پایەیان بەرز دەكاتەوە، بەمەش دەیەوێت بە خەڵك بڵێت گەندەڵى بە لاى دەسەڵاتەوە گرفت نیە، بەڵكە گرفت لاى دەسەڵات دەنگ هەڵبڕینە، گرفت لاى دەسەڵات تەنیا باسكردنى گەندەڵیەكانە، بۆیە زۆرجار بەو یاسایانەى كە وەكو لاستیك كێشى دەدەنىَ و كەمى دەكەنەوە، هەوڵى بنبڕكردنى دەنگ بەرزكردنەوەكان دەدەن، كە باس لەگەندەڵآ و نەبونى سیستەمى دەسەڵات و ئیدارى دەكەن لەم هەرێمەدا.
 دەسەڵات خۆى سەرچاوەى گەندەڵیەكانە، ئەو گەندەڵیانەى كە بونەتە سیماى ناشیرینى دەسەڵات، یەكێكە لەو كارانەى كە لەلایەن خودى دەسەڵاتەوە ئاسانكارى بۆ دەكرێت، ئەوەتا لە زارى یەكێك لە بەرپرسانى دیوانى چاودێرى دارایى كوردستان( هەولێر )، باسى ئەوە دەكرێت، كە ئەوان راستەوخۆ ئەو راپۆرتانەى كە لە بارەى گەندەڵكارانەوە ئامادەى دەكەن، دەینێرنە نوسینگەى تایبەتى نێچیرڤان بارزانى، بەڵام لە جیاتى ئەوەى سەرۆكایەتى حكومەت ئیجرائات لەگەڵ گەندەڵكاراندا بكات، بەڵام هەندێكجار ئیمتیازاتى زیاتریشیان دەداتێ، ئایە ئەمە دەروازە كردنەوەى دەسەڵات نیە بۆ ئەوەى بەرپرسانى ناو دەسەڵات گەندەڵى زیاتر بكەن و ئەمەش هەولێك نیە بۆ بە ئاسایى نیشاندانى گەندەڵى، كە لەم سەردەمەدا بە یەكێك لە سیما ناشیرینەكانى دەسەڵات دادەنرێت؟، كاتێكیش لێپرسینەوە نەبو لە ئاست گەندەڵى و سەرپێچیەكان، ئەوا گەندەڵیش لە ناو گەندەڵكاراندا بە یەكێك لە هەڵە ئەخلاقیەكانى مرۆڤ سەیر ناكرێت، چونكە هێشتا گەندەڵى لەم وڵاتەى ئێمەدا نەبۆتە هۆكارێك بۆ لێپرسینەوەى ئەو كەسەى كە ئەم كارە دەكات.
 لە لایەكیترەوە هێشتا پەرلەمان نەبۆتە دەزگایەك كە دەسەڵاتێكى رەهاى هەبێت، بۆ ئەوەى هەوڵى بەرباسخستنى كێشەكانى خەڵك بكات و لە سەروى هەمووشیانەوە، هەوڵى ئەوە بدات كە لەسەر كەموكوڕیەكانى خەڵك حكومەت بانگێشتى پەرلەمان بكات، بۆ ئەوەى لەسەر دیاردەى گەندەڵى ئیجرائاتى پێویست بكات، من بڕوا ناكەم كە پێگەى پەرلەمان لە ئاست سەركردایەتى حیزبەكانیشدا بێت، بەڵكە پەرلەمان لە ئاست مەڵبەند و لقەكانى حیزبدایە، بۆیە ئەوانەش كە لە پەرلەماندان تواناى ئەوەیان نیە، كە جارێك لە جارەكان باسى گەندەڵآ حكومەت بكەن و بە پێویستى بزانن گەندەڵكاران بانگێشتى پەرلەمان بكەن، ئەو كارانەش كە ئەنجامى دەدەن شتى رۆتینین و هیچ جورئەتێكى تێدا بەدى ناكرێت، لە دواینترین شتە سەیر و سەمەرەكانى پەرلەماندا دەركەوت، كە پەرلەمان پشتنابەستێَت بەو بەڵگانەى كە رۆژنامەكان بڵاوى دەكەنەوە، چونكە وەك پەرلەمان باسى دەكات دەبێت ئەندام پەرلەمان خۆى بەدواى راستیەكاندا بچێت، بەڵام ئەگەر واى دابنێین كە راستە و دەبێت ئەندام پەرلەمانەكان ئەو كارە بكەن، بەڵام بۆچى تا ئێستا نەمانبینى كە ئەندام پەرلەمانێك لێپرسینەوەى لەگەڵ بكرێت لەسەر كەمتەرخەمییەكانى، یان ئەوەش دیسانەوە پاساوێكى زۆر لاوازە بۆ شەرعیەتدان بە گەندەڵى، كە تەواوى دەسەڵاتەكانى هەرێم لێی بەرپرسیارن، باشە ئەگەر بەڵگەى رۆژنامەكان بە هەند وەرناگیرێت، ئەى بۆچى بە دواداچون ناكەن بۆ ئەو هەموو راپۆرتەى، كە چاودێرى دارایى ئامادەى دەكەن و لێوانلێوە لە گەندەڵى حكومەت و بەر پرسان، بۆیە دەگەینە قەناعەتێك كە بڵێین، گندەڵى وەك پەتایەكى خەتەرناك لەلایەن دەسەڵاتەوە سەیرى ناكرێت، بەڵكە وەك بەخششێك پێشكەش بە بەرپرسان دەكرێت، ئایە دواتریش ناگەینە ئەو رایەى كە بڵێین: لە ئاست ئەم حكومەتە گەندەڵەدا، پەرلەمانێكى زەلیلمان هەیە، كە تواناى لێپرسینەوەى نیە لەو هەموو گەندەڵكارە.
 
rohani1983@gmail.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.