Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
حکومەت و لای لایە…سەنگەر زراری

حکومەت و لای لایە…سەنگەر زراری

Closed
by February 3, 2008 گشتی

هەموو شتێک لە گۆڕاندایە.. هەموو شتێک، تەنانەت "لای لایە"ش لە سایەی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتندا هەمان ئەو "لای لایە"ی جاران نییە کە دایکان و دایەگەورەکان بە دیار چرایەکی نەوتییەوە دابنیشن و بێشکە راژەنن و لای لایە و گۆرانیان بۆ بڵێن تا کۆرپەکان دەخەون، ئێستا حکومەت خۆی ئەو ئەرکە دەکێشێت، ئێستا نەک کۆرپە و منداڵە خرپنەکان، بەڵکو حکومەت گەورەکانیش دەنوێنێ و ناچاریان دەکات بخەون، ئەویش تەنها بەیەک دوگمە.. یەک دوگمە و زیاتر نا، هەر کاتی ویستی خەڵک بنوێ سرکێتی کارەبای شار دەهێنێتە خوارەوە و میللەت ناچار دەبی تێکڕا بخەوێ، ئەوەی خەویشی نەهات هەر دەبێ بخەوێ، مەڵێن منەتمان بە حکومەت نییە و لە ماڵەوە موەلیدەمان هەیە، حکومەت ئەویشی بۆ چارە کردوون، داوای لە هەندێ کەس کردووە کە لە گەڕەکەکان موەلیدە دابنێن بۆ ئەوەی خەڵک واز لە موەلیدەکانی ماڵەوە بێنن، بەمەش خەڵک فێری موەلیدەی گەڕەک دەبێت و چی دی تاقەتی نامێنێ موەلیدەی ماڵەوە بەکار بێنی، کە خەڵکیش فێری موەلیدەی گەڕەک بوو، ئەمجارە پلانێکی دی بەکار دەهێنێ، ئەویش ئەوەیە کە بە وەزیری کارەبای گەڕەکەکان (مەبەستم خاوەنی موەلیدەکانە) دەڵێت وەرن لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و بۆ خزمەتی خەڵک!!! خشتەیەک دابنێین کە بەیەکەوە کارەبا بدەینە خەڵک، کاتێکی واش بۆ نۆرەکەی خۆی دادەنێت کە ئەگەر کارەبا نەبێت خەڵکی پەکی بکەوێت، خوا هەڵناگری خاوەن موەلیدەکان کارەبا لە کاتی دیاریکراوی خۆیان بە خەڵک دەدەن، ئەوەی کارەباکە بە جوانی نادات حکومەتە، یان شتێکی دی دەکات ئەویش ئەوەیە ماوە ماوە خشتەی کارەبا دەگۆڕێت، ئێستا سەرەی موەلیدە لە هەموو کاتە پێویستەکانە، بەڵام سەرەی حکومەت بەدزی خەڵکەوە دێتەوە، بۆ ئەوەی کەس ئاگای لێ نەبێت، (سەعات(2)ی شەو)، کارەبای تەجاوز بۆ بەرپرسەکان هەیە، بەڵام خەڵکی هەژار نەک ئەم کارە ناکات، بەڵکو ئەگەر بیکات پشتی دەشکێنن.
بە پێی هەندێ زانیاری هەندێ لەوانەی کە بە تەجاوز کارەبایان راکێشاوە دەیفرۆشنەوە، قوڕ بەسەری ئەو کەسانەی کە نە بیری ئاویان لێ نزیکە تا کارەبا بە تەجاوز رابکێشن و نە موەلیدەی گەڕەکەکەیان مەزبووتە و نە موەلیدەی ماڵەوەیان هەیە، دەبێ شەوان زوو زوو بخەون. بەڕاستی گوناهێکی گەورەیە جەنابی حکومەت کە وا لەو خەڵکە دەکەن، دەزانم ئەمە قسەیەکی زۆر بێدەسەڵاتانە و دووبارە و پێکەنیناوی و ناخۆشیشە، بەڵام چی بکەین ئێمەی میللەت هەر ئەوەندەمان لەدەست دێت، هیچمان لە دەست نایەت تەنیا ئەوە نەبێت کە بپاڕێینەوە و تکا بکەین "توخوا حکومەت گیان خەومان نایەت مەمان خەوێنە، ئەگەر هەر هیچ نەبێ لێمان گەڕێن ئێمە بۆ خۆمان لەگەڵ وەزارەتی کارەبای گەڕەکەکان (موەلیدەکان) پێکدێین و کارەبایەکی بەئارەزووی خۆمانیان لێ دەکڕین، تکایە نێوان ئێمە و ئەوانیش تێک مەدەن.. تکایە خەومان نایەت مەمان خەوێنن، حەزمان لە خوێندەوەی شیعر و چیرۆکە، حەزمان لە خوێندنەوەیە، حەزمان لە خواردنی شەوچەرە و سەیرکردنی فیلمە، قوتابییەکان دەخوێنن، تکایە خەومان نایەت مەمان خەوێننن، تکایە…. تـ…کـ..ا..یـ..ــە".
www.sangarzrary.kurdblogger.com
sangarzrary@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.