Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خواى ئێمە و شەیتانى ئەوان!

خواى ئێمە و شەیتانى ئەوان!

Closed
by July 16, 2008 گشتی

 (1)
   بیرمە جارێكیان "رێبوار سیوەیلى" گوتى: دەكرىَ لە بچوكترین شت و لایەنە سادەكانى ژیانى ئەم جوگرافیایە شاكارى گەورە بەرهەم بێنین، ئەوەش پێویستى بە بینین و روانینێكى رۆژنامەنووسییانەى ورد هەیە، تا باشتر لە دیاردەكان بكۆڵینەوە و رەهەندەكانیان تێبگەین…رەنگە دەرگا و پەنجەرەى ماڵى هەر یەكێكمان شتگەلى سادە و بچوك بن، بەڵام دەشىَ لەودیو ئەو بچوكى و سادەییانەوە حیكمەتى گەورە بخوێنینەوە.
 
 (2)
 دەرگاكانمان بارتەقاى ژیانى ئێمە نهێنیان لە پشتەوەیە، پەنجەرەكانیشمان دوو ئەوەندە و زیاتریش، هەر دەرگایە و هەڵگرى چیڕۆكێك و هەر پەنجەرەیەكیش لە هەناویدا سەربوردەیەكمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو دەمانەش پەى بەو چیڕۆك و نهێنیانەیان دەبەین، كە سەر بە ماڵى هەژارێك و سوخۆر و بەرپرسێكى گەندەڵپێداوى ئەم وڵاتەدا دەكەین…
 
 (3)
 نهێنى خۆشویستنى هەژارێك بۆ دەرگا و پەنجەرە شڕەكەى، لە گەورەیى ئەو ژیانە مرۆییە بىَ رتوشەى دایە، كە لە پشتى دەرگا و پەنجەرەى هەژارییەوە دەگوزەرىَ، سیحرى گۆڕینى مۆدێل و بەردەوامى نۆژەنكردنەوەى بەرپرس و سوخۆرى گەندەڵكاریش بۆ دەرگا و پەنجەرەكانى، لەو ترس و دڵەڕاوكىَ و ژیانە پڕ فرت و فێڵەى دایە، نەبادا باى توڕەیى لانەوازێك بیانهەژێنىَ…
 
 (4)
 چ دیمەنێكى حەزینە دەرگاى ئەو ماڵانەى رێسمەكانیان شكاوە و بەرگەى بایەكى پایزى ناگرن و پەنجەرەكانیان وەك گوڵى ژاكاوى بەر تەپ و تۆز وان و وەكو جەستەیان، ماڵەوەشیان بەبەرچاوى حەشاماتەوەیە، بەڵام لە پشتیانەوە ژیانێك هەیە لێوڕێژ لە تەبایى و هاوكارى و چاوتێرى و قەناعەت، چ كوردایەتییەكى گاڵتەجاڕییانەیە دەرگاى ساجى ماڵى ئەو بەرپرسانەى، نەك مێشولە، تەنانەت (با)ش زەفەر بە درزەكانیان نابات و پەنجەرە ئەلەمنیۆمەكانیان لە تینى گەرما و لورەى رەشەبا و كڕێوە و نیگاى رێبواران دەیانپارێزىَ، لە پشتیشیانەوە ژیانێك ئامادەیە پڕ لە بەرژەوەندى هەڵپەرستانە  و خۆپەرستى و قرچۆكى و تەماع…لە پشتى دەرگاكانى هەژاردا خەمى هۆنینەوەى تنۆكى ئارەقەى هاوینان و دزەكردنى مار و مێرو و مێشوولە و  هەڵلەرزینى ترسى باوبۆرانى زستان و چراخانێكى خامۆش، هاكا نەوتەكەى چكى كرد و روناكى ماڵە ساردەكەیانى جێهێشت. لەودیو دەرگا و پەنجەرەى سوخۆر و گەندەڵكاریشدا پڕخەى خەوى بەر سپلیت و تریقانەوەى بەر سۆپا…لەوەى یەكەمیاندا ژیانێكى سادەى پڕ متمانە و خۆشەویستى و دڵنیایى، لە دووەمیاندا عەیش و نۆشى تژى ریایى و درۆ و ترس…
 
 (5)
 شەیتان پەشیمانە لەوەى فڵانى فێرە گەندەڵى كرد و ئێستاش لەسەر باڵاخانەكەى نووسیوە (هژا من فچل ربی)، ئەو قسەیەیان هاوكارم (جەبار عەلى) بۆى گێڕامەوە، میانەى شەیتان و گەندەڵكارانى ئەمڕۆى كوردستانیش رێك وایە، تا خوا هێزى پێداون بە ناهەقى و ناشەرعى خوێن و سامانى ئەو خەڵك و وڵاتە دادەدۆشن و دواتریش لەسەر تابلۆیەكى كۆشك و كۆمپانیا و باڵاخانەكانیان دەنووسن ئەوە لە چاكەى خوایە..جا ئەگەر وایە خوا بۆ ئەو هەموو نەدار و هەژار و لێقەوماو و بێسەرپەرشت و بێنەوایانەى خۆى بەسەر ناكاتەوە و رووى هات و خێروبێرى تەنها كردۆتە ئەو كەسانە؟ پێدەچىَ حیكمەتى جیاوازى ئەو دەرگا و پەنجەرە و شێوەژیانى ئەو مرۆڤانەدا لەو سیحرە دابێت، بۆیە چاكتر وایە بپاڕێینەوە، كە ئەو چاكە و خێرەى خواى گەندەڵكاران روومان تێنەكات و هەروا بەسادەیى لە پشتى دەرگا و پەنجەرە سادەكانمان بژین!!  
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.