Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

خوێندنەوەى پێخەفێك لەخوێن…. نوسینى: ئارى كەمال ئەمین

Closed
by July 12, 2008 کتێبخانە

           
 كاتێك رووبەڕووى تێكستێكى جوان دەبینەوە، بمانەوێت و نەمانەوێت رووبەڕووى باردۆخێكى ناوازەو ناباو دەبینەوە، هەستێكى تازەمان لادروست دەبێت، بەچەشنێكى تر بەزانراوەكانى خۆماندا دەچینەوە، لەگۆشەیەكى ترەوە دەڕوانینە ئەوەى كەپێشتر لامان زانراو بووە.
 كاتێك ئەو كۆمەڵە چیرۆكەى رۆماننووس و چیرۆكنووس " یوسف عیزەدین" خوێندەوە، هەستم كرد بەرامبەر كۆمەڵێك تێكستى زۆر ناوازەو ناباوو جوان راوەستاوم، چەشنێك لەكاركردنم تێدا بینییەوە كەزۆر جودایە لەو جۆرە كاكردنانەى تا ئێستا لەچیرۆكى كوردیدا بینیومانە، شێوازو تەكنیكێكى نوێگەریانە لەتۆكمەكردنى تێكستەكاندا دەبینرێتەوە، خەیاڵ و فانتازیایەكى بەرفراوان سەرجەم فەزاى دەقەكانى تەنیوە، ئەمە جگە لەو چێژ بەخشینە نامەئلوفەى كەلەئەنجامى خوێندنەوەدا خوێنەر پێى دەگات.
 جێگەى باسە كەئاماژە بەو راستیە بدەین كە"یوسف عیزەدین" یەكێكە لەو نوسەرانەى كەپاش راپەڕین بەو پەڕى جدیەتەوە دەستى داوەتە نوسین و توانیویەتى دنیاكەى تایبەت بەخۆى لەدنیاى نوسیندا دروست بكات، دنیایەك كەسەرتاپاى ئەوەى هەیەو لامان پێشتر زانراوە لاى ئەو بەشێوەیەك گۆڕانى بەسەردا دێت كەناكرێت پێى سەرسام نەبین.
 چیرۆكى "پێخەفێك لەخوێن" یەكێكە لەو چیرۆكە زۆر جوانانەى كۆمەڵەكە كەدەكرێت بەداستانى خوێنى ناو بەرین، لەو چیرۆكەدا شرۆڤەى مێژووى خوێن لەدوو توێى دنیایەكى فانتازیدا دەكرێت، هەرچەندە لەو چیرۆكەدا خوێن ئەو خوێنە ئاسایى و زانراوە نییە كەهەموومان دەیزانین و خوێندنەوەى خۆمانمان بۆ هەیە، دەتوانم بلێم خوێن لەو چیرۆكەدا بۆتە مەجاز بۆ زۆر شت و كۆمەڵێك دەلالات و هێماو سیمبۆل لەپشت بەكارهێنانى خوێن لەو چیرۆكەدا دەبینرێتەوە.
 سەرجەم چیرۆكەكان باس لەتەنیایى ئێمەى مرۆڤ دەكەن، باس لەدەستەوسانى و بێدەسەڵاتیمان دەكەن بەرامبەر بەزۆر شت كەلەراستیدا نازانین چۆن مامەڵەى لەگەڵدا بكەین.
 ئەو كۆمەڵە چیرۆكەى "یوسف" هەوڵدانێكى زۆر جدیانەیە بۆ بەكابردنى ئەو شتانەى كەكەم نووسەر هەن تواناى بەكابردنیان هەیە، سەرجەم چیرۆكەكان هەوڵدانێكە بۆ ژێرو ژووركردنى دنیایەك بۆچوون و زاراوەو تێڕوانین و شرۆڤەى باو. نامۆبوونى كەسایەتیەكانى نێو چیرۆكەكان، هاوتاى ئەو نامۆبوونە قووڵەیە كەكەسایەتى كورد دووچارى بووە بەرامبەر بەدنیا و نازانێت چۆن مامەڵەى لەگەڵدا بكات.
 دواجار دەتوانم بڵێم " یوسف عیزەدین" یەكێكە لەو دەنگە جدیانەى دنیاى رۆمان و چیرۆكى كوردى كەتوانیویەتى بۆ خۆى دنیایەكى جیاواز بێت، هاوكات لەپاڵ كۆمەڵێك دەنگى وەك "بەختیار عەلى و عەتا محەمەد و كاروان كاكەسوور" تەوژمێكى تازەى ئەدەبیى كوردى بێنە كایەوە كەدەشێت ببێتە سەرەتایەكى هاوچەشنى ئەوەى لەئەدەبیاتى مەغریبیدا رووى داو توانییان نەخشەى نوسینى نەك خۆماڵیانەى خۆیان بەڵكو نەخشەى نووسینى جیهانیش بگۆڕن و كارێك بكەن كەنەكرێت خوێنەران پێیان سەرسام نەبن.
 
 سەرچاوە: "پێخەفێك لەخوێن" چاپى دەزگاى ئاراس2008
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.