Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
خۆرهەڵاتی ناوین گۆڕەپانی ململانێی رەوتەكان

خۆرهەڵاتی ناوین گۆڕەپانی ململانێی رەوتەكان

Closed
by August 3, 2008 گشتی

                                                                                                   
  مسۆگەر ئەمڕۆ خۆرهەڵاتی ناوین بۆتە چەقی ململانێ و ناكۆكییە چارەنووسسازەكانی جیهان، هاوكێشە سیاسییەكانیش لە چوارچێوەی ئەو ململانێ و ناكۆكییانەدا شێوەگیر دەبن و بەڕێوە دەچن، بەڵام ئەوەی دەستنیشانی كۆتایی و دەرئەنجامەكانی ئەو ململانێ و ناكۆكییانە دەكات فاكتەرە دەرەكییەكانی دەرەوەی ئەو ناوچەیە نییە، بەڵكو زیاتر فاكتەرە ناوەكییەكانی ناو ئەو ناوچەیە. بۆیە سەرباری ئەوەی خۆرهەڵاتی ناوین بۆتە چەقگیری ململانێ و ناكۆكییە چارەنووسساز و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی خۆی، یان راستتر بڵێم گرفت و كێشە قووڵەكانی خۆی كە تا ئاستی (گێژاو ـ كائیوس) رۆچوون، رۆڵگیرن. دەكرێ ئەم دەستنیشانكردن(تسبیت)ە كەمێك ووردتر بكەینەوە تاكو زیاتر لە رۆڵ و پێگەی فاكتەرەكان و هێزەكان تێبگەن و زیاتریش لە رۆڵ و پێگەی پەكەكە ش تێبگەن كە وەك بزاڤێكی خۆرهەڵاتی ناوینی، بە ناسنامەی كۆتیزیانە(سەنتێزیانە)ی (خۆرهەڵات ـ خۆرئاوا)ی خۆیەوە جەمسەرێكی قایمی ململانێ و ناكۆكییەكانی گرتووە و رۆڵگیرە لەمیانەی شیكردنەوەیەكی چروپڕی رووداو كێشەو گرفتەكانی خۆرهەڵاتی ناوین لەسەدەی بیستەمدا و ئەو ناكۆكی و ململانێیانەی ئەوكاتە لە ئارادا بوون، دەگەینە ئەو تێگەیشتنەی كە : هەرچەندە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەنێو خودی خۆیدا لە دوا قۆناخی دارووخان و داتەپین دابوو و بەراستیش لەو(پیرەمێردە نەخۆشە)دەچوو كە لە لێواری گۆڕدا خەریك بوو مەڕگ پاڵی پێوە دەنا، بەڵام ئەوكاتە فاكتەری ناوخۆیی (رەوشی سۆبژێكتیف) ئامادە نەبوو جلەوی ناكۆكی و ململانێیەكان بەدەستەوە بگرێت و رووداوەكان بە قازانجی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین ئاراستەگیر بكات. بۆیە فاكتەری دەرەكی(هێزە دەرەكییەكان)توانیان ببنە عیزرائیلی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و لەگۆڕدا بینێژن. هێزە دەرەكییە باڵادەستەكانی ئەوكاتەی جیهان(بریتانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا)كە لە جەنگی یەكەمی جیهانیدا سەركەوتبوون خۆرهەڵاتی ناوینیان وەك میراتی هەرە بەهاداری ئیمپراتۆرییەتە داڕزیوەكە وەك برا دابەشی بكەن. بەڵام ئەوكاتە لە نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هێزە دەرەكییەكاندا هیچ هێزو بزاڤێكی ئەوتۆ لەناو خۆرهەڵاتی ناویندا لە مەیداندا نەبوو تاكو بتوانێت ژیرانە سوود لە دۆخی گیانەڵڵای ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ململانێی نێوان ئەو ئیمپراتۆرییەتە و هێزە دەرەكییەكان وەربگرێت. بۆیە ئەو هێزانە رێك بە گۆیرەی بەرژەوەندی هاوبەشی خۆیان لەرێگەی سیاسەتی هێز و سیاسەتی پەرتكەو زاڵبە و سیاسەتی "كەروێشك رابكە و تانجی بیگرە" و سیاسەتی"سەگ برسی بكە بەدوات دەكەوێت"خۆرهەڵاتی ناوینیان پارچە پارچە كردو بەهەزار پەتەوە بە خۆیانەوە پەیوەستیان كرد. لە ئاكامدا هیچ هێزو بزاڤێك نەیدەتوانی بە بێ مۆڵەت و پشتیوانی هێزە دەرەكییەكان لە خۆرهەڵاتی ناویندا دەربكەوێت و جموجۆڵ بكات و باڵادەست ببێت. بۆیە دەركەوتنی بزوتنەوە نەتەوەیی و میللییەكانی وەك"كەمالیزم، ناسریزم، بەعسیزم، پانئێرانیزم، میللیگەرای سەرەتایی كورد" هەروەها دەركەوتنی بزوتنەوە چەپ و كۆمۆنیستەكانی ئەو ناوچەیە سەرجەمیان لە ژێر كۆنترۆڵ و بەمۆڵەت و پشتیوانی هێزە دەرەكییەكان بوو، هیچیان خۆ كرد نەبوون. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت زەمینەی دەركەوتنیان لە ناوچەكەدا لە رووی بابەتی (ئۆبژێكتیف)وە نەبوو، بەڵكو ئەوە دەگەینێت ئەو زەمینە بابەتییەی لە ئارادا بووە، لە لایەن هێزە دەرەكییەكانەوە ختووكە دراوە و فۆرمیلە كراوە و بەردەوام لە ژێر كۆنترۆڵدا هێڵراوەتەوە و چۆنیان ویستووە و خواستووە وەها بەكاریان هێناون.
  لەم چوارچێوەیەدا بەهەڵەداناچین ئەگەر بڵێین: سەدەی بیستەم سەدەی نەبوونی ئینسیاتیف و ئیرادەی سەربەخۆی خۆرهەڵاتی ناوین بوو، لەهەمانكاتدا سەدەی ئینسیاتیف و جلەوی هێز و فاكتەرە دەرەكییەكان بوو لە خۆرهەڵاتی ناویندا. ئەم راستییە لە قۆناخی نێوان شەڕی یەكەم و دووەمی جیهانیدا، لە قۆناخی بەڕێوەچوونی جەنگی ساردی نێوان هەر دوو جەمسەرەكەی سۆسیالیزمی بونیادنراو و سەرمایەداری دا باڵادەست بوو و خۆی سەپاند بوو، تەنانەت لە دوای رووخانی جەمسەری سۆسیالیزمی بونیادنراویشدا تاكۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەكەم بەردەوام بوو. واتا لە سەدەی بیستەمدا، ململانێ و ناكۆكییەكانی دەرەوەی خۆرهەڵاتی ناوین، كێشەو گرفت و تەنگەژە جیهانییەكان حوكمیان بەسەر خۆرهەڵاتی ناوین دا دەكرد و شێوەیان بە ناوچەكە دەدا و ئاراستەگیر یان دەكرد، هەرچی ململانێ و ناكۆكیی و كێشەو گرفت و تەنگەژە ناوخۆییەكان بوو لە ژێر باڵادەستی و هورژمی دەرەوەی ناوچەكەدا دەتلایەوە و تا ئەو ئاستەی ئەمڕۆ بە بنبەست گەیشتووە و گەیشتۆتە ئاستی گێژاوێكی قووڵ. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە هێزە دەرەكییەكان خاوەن ئینسیاتیف و توانستی جلەوگیری بوون لە خۆرهەڵاتی ناویندا، نەك هێزە ناوخۆییەكانی خۆرهەڵاتی ناوین. بەڵام ئێستا دۆخەكە پێچەوانە بۆتەوە، سەرهەڵدانی بزاڤی پەكەكە وەك هێزێكی سەربەخۆی خۆرهەڵاتی ناوینی بە ناسنامەی كوردستانی یان بڵێین وەك هێزێكی كوردستانی بە ناسنامەی خۆرهەڵاتی ناوینیانەی خۆیەوە ئەو هاوكێشە سەقەتەی مێژووی لە ناوچەكەدا سەروبن كرد و ئێدی لەسەرەتای سەدەی بیست و یەكەمدا پەكەكە بووە هێزی هەرە جلەوگیرو بە ئیرادەو بەئینسیاتیفی خۆرهەڵاتی ناوین، بۆ تێگەیشتنی زیاتر دەكرێ لەمیانەی پۆلینكردنێكی پراكتیكیانەی ڕەوت و هیزەكان لە خۆرهەڵاتی ناویندا قووڵتر ببێتەوە.
  ئێستا لە خۆرهەڵاتی ناویندا سێ رەوتی بنچینەیی كە سێ هێزی سەرەكی سەركێشی ئەو رەوتانە دەكەن لە مەیداندا كاران و لەبەرامبەر یەكتردا لە نێو جموجۆڵ دان.
 رەوتی یەكەم: رەوتی كۆنە پارێزی ستەمكار (رەوتی ستاتۆ پارێزی تۆتالیتار)ە. ئەم رەوتە بریتیین لە رژێمە دەسەڵاتدارەكانی خۆرهەڵاتی ناوین(ئێران، توركیا، سوریا، ئوردون و وڵاتانی كەنداو و …هتد)، هەروەها هێزە ئایینی و مەزهەبییە ئوسوڵگەراییەكان، هێزە میللیگەراو نەتەوەپەرستە دەوڵەتگەراكان. ئەو رژێم و هێزانە هەر چەندە لە نێوان خۆیاندا لە نێو ناكۆكی و ململانێ و تەنانەت شەڕو پێكدادانیش دابن، بەڵام لەرووی ئەقڵییەت و چەمك و جموجۆڵ و ئەو سیستەمەی پەیڕەوی دەكەن یان خوازیارن پەیڕەوی بكەن یەك و تێیدا هاوبەشن، هەموویان خاوەن ئەقلییەتێكی كۆنەپارێزو دەسپۆت و ستەمكارین و خۆیان بەخاوەنی یەكەمی خۆرهەڵاتی ناوین دەزانن و لەسەر پاشخانی دیوی كۆنەپارێزانەی و كولتووری ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی ناوچەكەدا كە دۆگماتیك و قەدەرگەرایی و مشەخۆری و ستەمكارییە دەژیێنن و لە سەدەی بیستەمیشدا پشتیوانیی و توانستێكی مەزنی لە هێزە دەرەكییەكان و ململانێ و ناكۆكییەكانی دەرەوەی ناوچەكە وەردەگرت، هەم دژی مودێرنیتەن و هەمیش لەسەر بەرهەمەكانی مۆدێرنیتەوە دەژین وخۆیان تۆكمە دەكەن، لە دژی هەموو دەستێوەردانێكی دەرەكین، بەڵام ئامادە نین بچووك ترین هەنگاوی ریفۆرم و گۆڕانكاری بهاوێژن. لەهەمانكاتیشدا خاوەن هیچ توانست و ووزە و بەرنامەیەكی چارەسەری نین بۆ ئەو كێشە و گرفتانەی ناوچەكەی خنكاندووە و لە گێژاودا هێشتوویەتییەوە، بۆیە كەتەنگەتاو دەبن بۆ مانەوەی خۆیان ئامادەی ملكەچی و بەكرێگیراوێتین. كەچی دژی سەرهڵدان و دەركەوتنی هەر هێزێكی گۆڕانخوازو چارەسەریخوازو تەنانەت ریفۆرمخوازیشن. ئەو بزووتنەوەو هێزو رژێمانەی لە نێو ئەو رەوتەدا گیریانخواردووەو لێی دەرناچن لەبەر دوو هۆكاری سادە مەحكومی ژێر كەوتن و هەڵوشانەوەو دارووخانن، یەكەمیان: چونكە لەگەڵ راستینەو تایبەتمەندی و پێداویستییەكانی گەل و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی خۆرهەڵاتی ناویندا یەكانگیر نابنەوە و ناتوانن دایقورتێنن ودانی پێدابەنێن، بۆیە نوێنەرایەتی تەنیا دیوە نێگەتیڤەكەی شارستانی و كولتووری خۆرهەڵاتی ناوین دەكەن. دوومیان: ناتوانن لەگەڵ پێشكەوتن و گۆڕانكارییە هاوچەرخەكان دا بگونجێن وهەرگۆڕان و پێشكەوتنێك بەمەرگی خۆیان دەزانن، بۆیە ئامادەنین هیچ هەنگاوێك بۆ گۆڕان و پێشكەوتن بهاوێژن ناچار چەقبەستوو و دۆگماتیانە لە زەڵكاوی خۆخواردنەوە و داروخاندا بەرەنگاری هەموو كرانەوە و نەرمبوون و بەخۆدا چوونەوەیەكن. رەوتی سەرمایەی گلۆباڵی قۆرخكارە.
  رەوتی دووەم: ئەم رەوتە بریتین لەو هێزو دەوڵەتە دەرەكییانەی كە ووزە وتوانستی مانەوەی خۆیان و پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان لە خۆرهەڵاتی ناویندا دەبینن و بۆڕی هەناسەیان خۆرهەڵاتی ناوینە و بە بێ دەستبەسەرداگرتنی ئەو جوگرافیایە ناتوانن باڵادەستێتی و قۆرخكاری خۆیان لە جیهاندا گەرەنتی بكەن، ئەوان وا بیر دەكەنەوە رێگای باڵادەستبوون لە جیهاندا، خۆرهەڵاتە، رێگای باڵادەستبوون لە خۆرهەڵاتی ناوینشدا ئێراق و كوردستانە واتە(میزۆپۆتامیای سەروو، ناوەڕاست و خواروو). سەركێشی ئەو رەوتە ئەمریكایە وبریتانیاش داهێنەرو نەخشەكێش ئەورەوتە، ئیسرائیلیش هێزی هەرە وابەستەی ئەو رەوتەیە لە خۆرهەڵاتی ناویندا و قەڵای هەرەستراتیژی ئەو رەوتە، ئەو هێزانە ئێستا وەك رەوتێك لە خۆرهەڵاتی ناویندا خوازیاری خۆجێگیر كردن و باڵادەستبوون و قۆرخكارین، بۆیە مانەوەی بزوتنەوە و هێز و رژێمە كۆنە پارێزو ستەمكارەكان لە رێی ئەوەی تەسلیم و ملكەچ ببن بە كۆسپی سەرەكی دەبینن لەبەردەم خواستەكانیاندا. بەڵام ئەگەر تەسلیمبوون و ملكەچی وتەنانەت بەكرێگیراوێتییان پەسند كرد ئەوا مانەوەی رەوتی یەكەم زێدە زیان بە جێگیر بوون و باڵادەستی و قۆرخكاری ئەوان ناگەیەنێت. هەروەها لەگەڵ رەوتی یەكەمدا كۆكن لەسەر ئەوەی نابێت لە خۆرهەڵاتی ناویندا رەوتێكی سەربەخۆ وكراوە و گۆڕانخواز سەرهەڵبدات و كارا بێت. لەسەدەی بیستەمدا لەسەر بنەمای هاوسەنگی نابەرامبەر(التوازن اللامتكافی)یان هاوسەنگی ناجێگیر (التوازن اللامستقر) هەوڵی جێگیربوون و خۆ باڵادەستكردنی لە خۆرهەڵاتی ناوینی دەدا. بەڵام لەسەرەتای سەدەی بیست ویەكەمەوە ئیدی ناتوانێت بەو شێوەیە خۆی جێگیر و باڵادەستبكات، ئیدی دەستێوەردانێكی كرداری و راستەوخۆ بووە ناچارییەك بۆ ئەو جێگیربوون و باڵادەستییە لە ساڵانی(1991-2002) وەك هەنگاوی یەكەم دەستێوەردانێكی لەسەر ناوچەكە كرد، بەڵام بەشی دابینكردنی داخوازییە قۆرخكارییەكانی نەدەكرد، ناچار بەرووخانی رژێمی بەعس هەنگاوی دووەمی دەستێوەردانەكەی كرد وهاتە نێو قەڵای خۆرهەڵاتی ناوین، بەڵام دوای پێنج ساڵ لەهاتنی بۆ نێو قەڵاكە، وا خەریكە لە قووڵایی وتاریكایی و دژواری قەڵاكە نەڕێگەی دەرچوون دەدۆزێتەوە و نەدەتوانێ تێیدا بمێنێتەوە. واتە نەدەتوانێ بكشێتەوە و نەدەتوانی بمێنێتەوە. ئیتر هیلاك و شەكەت و بێچارە خۆی بەملاو بەولای دیوارە ئاگرین و پۆڵایینەكانی خۆرهەڵاتی ناوین دا دەدات و هێشتا دیار نییە دوا مەنزڵگای كوێیە خۆرهەڵاتی ناوین یان ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە. هێزو دەوڵەتەكانی سەر بەو رەوتە نامۆن بەراستینەی شارستانی و مێژوویی خۆرهەڵاتی ناوین بۆیە نەیانزانی هاتنە نێو قەڵای خۆرهەڵاتی ناوین سانایە، بەڵام مانەوە یان دەرچوون لێی دژوار یان ئەستەمە!!
 رەوتی سێیەم: رەوتی ئازادی و وەرچەرخانی دیموكراتیانەیە، ئەم رەوتە رەگی خۆی بە قووڵایی شارستانییەت و مێژوویی خۆرهەڵاتی ناویندا رۆچووە و گۆڕان و پێشكەوتنەكانی سەردەم دادە قورتێنێ و بە ئاراستەی ئازادی و وەرچەرخانی دیموكراتیانە ئاراستە گیری دەكات، ئەم رەوتە كۆتێز(سەنتێز)ێكی خۆرهەڵات ـ خۆرئاوایە و لەبەرامبەر تێزی شارستانییەتی دیموكراتی راستڕەوانەی خۆرئاوادا وەك دژە تێزێك شارستانییەتی دیموكراتی چەپڕەوانە(رادیكاڵانە)ی خۆرهەڵاتیانە وەك قۆناخێكی راگوزاری (أنتقالی)و هاوسەنگكردن دەپەژرێنێ بۆیە كۆتێزییەك(سەنتێزێك)لەو تێزو دژە تێزەی شارستانی دیموكراتی وەك ئاكامێك دەبینێ. لەو چوارچێوەیەدا رەوتێكی پڕ لە ووزە وتوانست و ئیرادەی گۆڕان و وەرچەرخانە و گرێكوێرەكانی مێژووی شارستانییەتەكان دەكاتەوە و لەتەوەری ئازادی، دادپەروەری، یەكسانی و دیموكراتیدا چارەسەری كێشە و گرفتەكان بە بنەمادەگرێت. ئەمڕۆ بزاڤی پەكەكە و ئاپۆچێتی سەركێشی ئەو رەوتە دەكات و بەردەوامی و درێژكراوەی خۆیشی لە نێو چەندین بزاڤ و هێزو كەسێتی دا هەیە. لەیەك كاتدا لە رەوتی یەكەم و دووەم دا جیاوازە و لە گەڵیاندا لە نێو ململانێیەكی هەمەلایەنە دایە وتەنانەت تا ئاستی شەڕو پێكدادانیش یەخەگیر كراوە. لەسەرەتای سەرهەڵدان و دەركەوتنی بزاڤی پەكەكە دا وەك رەوتێكی ئازادیخواز لەنێو میللەت و چینی هەرەچەوساوە و ستەملێكراوی خۆرهەڵاتی ناویندا سەنگەری تێكۆشانی داكوتاو كۆمەڵگای ژێرەوەی كردە بنكەو پانتایی تێكۆشان. بۆیە گەلی هەرە چەوساوە(گەلی كورد)، چینی هەرە چەوساوە (هەژاران و رەنجدەران)، رەگەزی هەرە چەوساوە (ژنانی كورد)ی بەسەرچاوەی هێزو پشتیوانی خۆی بینی و خواستویەتی نوێنەرایەتی ئیرادەیان بكات. تا رۆژگاری ئەمڕۆش پەیوەندی بە گەوهەرو راستینەی ئازایخوازانەی خۆیەوە هەیە، بزاڤی پەكەكە خاوەندارێتی لەم رەوتەدا دەكات. لە دۆخی ئێستادا، ململانێ و ناكۆكی، شەڕ وپێكدادانی نێوان ئەو سێ رەوتە لە پەرەسندن و هەڵكشان دایە، رەوتی یەكەم لەبەرامبەر هەر دوو رەوتەكەی دیكەدا، رەوتی دووەم لەبەرامبەر رەوتی یەكەم و سێیەمدا، رەوتی سێیەمیش لەبەرامبەر رەوتی یەكەم و دووەمدا لە هەموو سەنگەرە ئایدیۆلۆژی، سیاسی، ئابووری، كولتوورییەكان و تەنانەت لە هەندێك ئاستدا لە رووی سەربازیشەوە لە جموجۆڵێكی كاراو خەباتی چڕوپڕدان، رەوتی یەكەم سەرچاوەی ووزە و هێزی مانەوەی خۆی لەدەستداوە و لە پۆزسیۆنێكی (پێگەیەك)ی خۆپاراستن دایەو دەیەوەێ تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. رەوتی دووەم پێشتر كەوتبووە نێو گێژاوێكی قووڵەوە، بەهاتنیشی بۆ نێو زەڵكاوی خۆرهەڵاتی ناوین ئیدی نەك هەر لە گێژاوەكەی رزگاری نەبوو، بەڵكو گێژاوەكە قووڵتر و كوشندەتر بووە، تەنانەت لێكهەڵوەشانەوەی ئەو رەوتە و پەرتەوازە بوونی كەوتۆتە رۆژەڤەوە، بەڵام رەوتی سێیەم سەرباری ئەوەی رەوتێكی گەنج و تازەیە، بەڵام لەنێو هەڵكشان و بەهێزبوون و تەشەنە سەندنێكی بەردەوام و خێرا دایە.
  رەوتی یەكەم توانستی گۆڕان و وەرچەرخان و تەنانەت ریفۆرمیشی زۆر لاواز بووە. رەوتی دووەم گۆڕان و وەرچەرخانەكانی لەدەست دەرچووە و خەریكە شیرازەی بەڕێوە چوونی خۆیشی تێكبچێ و فەوزایەكی تراژیدیای ئینسانی و گەردوونی خولقاندووە. رەوتی سێیەم: وەك هێزێكی گۆڕان و وەرچەرخان و دینامیكێكی ئاراستەكاری رووداوەكان لە تۆكمە بوون دایە، تەنانەت ووزە وتوانستی جلەوگیری لەناوچەكەدا تا دێت زیاتر دەبێت و ئیرادەكەی تۆكمە تر دەبێت. رەوتی یەكەم خاوەن سیستەمێكی كۆنی دارزیوی دابڕاو لە راستینەو داخوازی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین و دابڕاو لەسەردەم، لە هەڵوەشانەوە دایە، سیستەمێكی ستەمكار و دۆگمای شەڕانگێزو دەوڵەتگەرایە. رەوتی دووەم چ خاوەن سیستەمێكی قۆرخكارو هێرشكارەوتوانستی نوێبوونەوە و خۆ نوێكردنەوەی لاواز بووە و هەوڵی خۆنەرمكردنەوە دەدات. رەوتی سێیەم: پرۆژەی سیستەمێكی كۆنفیدراڵی دیموكراتی كردۆتە چوارچێوەی چارەسەری گرفت و كێشە قووڵەكان و كردنەوەی گرێكوێرە مێژووییەكان، رەوتێكی تازە و بێئەزموونە و گەنجەو رادیكاڵانە رووبەرووی هێرش و شاڵاوەكانی رەوتەكانی دیكە دەبێتەوە و دەیەوەێ لە دەرەوەی سیستەمی هیرارشی دەوڵەتگەرای ـ پیاوسالاری دا گەلان و ژنان بگەیەنێتە ئاستی سیستەمێكی ئازاد و یەكسان. بەگشتی خاڵی بەهێزی رەوتی سێیەم زۆر زیاترە لە خاڵە بەهێزەكانی رەوتی یەكەم و دووەم. دەكرێ ئەمە بەروونی لە ئاستی فەلسەفی و هزری و سیاسی دا ببینرێت و رەنگدانەوەی خۆیشی لە بیرو باوەڕو مۆراڵ و كاروتێكۆشاندا هەیە. ئێستا رەوتەكان لەبەرامبەر یەكتر دا سەنگەربەند بوونەو لە هەوڵی یەكتر لەناو بردن یان مارژیناڵ و لاواز كردن دان. رەوتەكان شەڕی یەكتردەكەن بەڵام كامە رەوت خاڵی بەهێز(ئەوەنتاژ)ی زیاتر بێت لە خاڵی لاوازەكانی (دەز ئەوەنتاژ) ئەوا  گرەوی ململانێیەكە ئەو دەیباتەوە. سەرچاوەی سەرەكی خاڵە بەهێزەكانیشی نیشاندانی هێزو توانستی چارەسەری و كردنەوەی گرێكوێرەكانی مێژووە، وەك چۆن سەرچاوەی سەرەكی خاڵە بێهێزەكان نەبوونی هێزوتوانستی چارەسەری و كردنەوەی گرێكوێرەكانی مێژووە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.