خۆپیشاندان: گه‌رمیانێک که فریادره‌سێک نییه له مه‌رگ رزگاری بکا
“حکومه‌ته‌کان له‌سه‌ر چاکه و خراپه پڕ به زاریانه‌وه درۆ ده‌که‌ن”
نیتشه “زه‌رده‌شت ئه‌وهای گوت”
تۆمه‌تبارکردنی ئه‌و خۆپیشاندانه له لایه‌ن پارتیی و یه‌کێتییه‌وه به‌وه‌ی که گوایه “ده‌ستی ده‌ره‌کی” یان ده‌ستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و حیزبه ئیسلامییه‌کانیان له پشته، بێجگه له خۆدزینه‌وه له چه‌واشه‌کردنی خۆیان و کۆمه‌ڵگه ، هیچی تر نین
خۆپیشاندانه‌کانی کوردستان مانگێک زیاتره به‌رده‌وامه. له ماوه‌ی مانگێکدا دوو ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر، تونس و میسر ئاوابوون و هه‌نووکه‌ش خه‌ریکه جیهانی رۆژهه‌ڵات ته‌واو وه‌رده‌چه‌رخێت، که‌چی هێشتا ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی کوردستان له هه‌مبه‌ر قوربانییه‌کانیدا به هیچ ئاکام و ده‌ستکه‌وتێک نه‌گه‌یشتووه .دیاره مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که ئه‌و خۆپیشاندانه ده‌بوو له‌و ماوه‌یه‌دا حکومه‌ت بڕوخێنن، چونکه خودی خۆپیشانده‌ران ناخوازن ئه‌و حکومه‌ته له ره‌گه‌وه بروخێنن، به‌ڵکه ده‌خوازن ده‌سه‌ڵاته چاکسازیی له‌و سیسته‌مه گه‌نده‌ڵه‌ی خۆیدا بکات. هه‌ر چۆنێک بێت، تا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش قسه و وه‌عدی سه‌ر زاره‌کیی نه‌کات به کرده، ناکرێ متمانه‌ی پێبکرێت. قسه که نه‌بوو به کرده، به‌های بۆ ژیانی خه‌ڵکیش نییه.
دیاره له‌و ماوه‌یه‌دا به هۆی ئاڵۆزی ژیان و گرفتی تایبه‌تی ژیانی خۆمه‌وه نه‌متوانی له کاتی خۆیدا منیش وه‌ک هاوزمانێک له‌و گه‌نجانه له‌و دوورییه‌وه بیرکردنه‌وه‌ی خۆم به زمان بهێنم. له ماوه‌ی ئه‌و مانگه‌دا نووسینگه‌لێکی جیاوازی رۆژنامه‌وانی له‌سه‌ر ئه‌و خۆپیشاندانانه نووسران. دیاره زۆرینه‌ی ئه‌و نووسینانه هه‌واڵ ئاسا، په‌یام، هه‌ڵوێست نیشاندان، په‌خشان، سۆزنیشاندان بوون و هه‌ندێکیشیان دژایه‌تیکیردن و به که‌مگرتنی ئه‌و خۆپیشاندانانه بوون ، که‌مێکیش له‌و نووسیانه لێکدانه‌وه‌ی ورد و بێلایه‌نانه بوون.
راستییه‌که‌ی من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه لام وابوو که خۆپیشاندان له کوردستاندا وه‌ک تونس و میسر سه‌رتاسه‌ری نابێت. ئه‌مه‌ش نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ده‌ڤه‌ری ژێر “ده‌سه‌ڵاتی سه‌وز” ئازادی هه‌یه و له ژێر “ده‌سه‌ڵاتی زه‌رد”دا نییه، یانیش گه‌نده‌ڵیی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ویان زۆرتره له‌مه‌ی تریان. هه‌روه‌ک به هۆی ئه‌وه‌ش نه‌بوو که گوایه کوردستان له رووی ئازادیی و بێکارییه‌وه له تونس و میسر جیاوازه، یان کوردستان ده‌وڵه‌تی نییه، حکومه‌تیله‌یه‌که به دوژمنی جیاوازه‌وه گه‌مارۆدراوه. نه‌خێر. راستییه‌که‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چونکه، به رای من، له کوردستاندا، به واتای نوێباو “مۆدێرن”ی، چه‌مكێک نییه ناوی جڤاکێکی سڤیلی یه‌کگرتووی کوردستان بێت. جڤاکی کوردستان زۆر ئاڵۆز و لێکپچڕاوه: وێڕای ئه‌وه‌ی که به‌شێکی فره‌وان له ده‌ڤه‌ره‌کانی کوردستان، که‌رکوک، مه‌خمور، گه‌رمیان و موسڵ له رووی ئیدارییه‌وه سه‌ر به کوردستان نین، هاوکاتیش کۆی خێڵه‌کان له ده‌سه‌ڵاتی سروشتی، له سه‌رۆک خێڵی چه‌ند خێل و خاوه‌ن چه‌ندین دۆنم زه‌وییه‌وه گوازراونه‌ته‌وه ناو دوو حیزب، یه‌کێتیی و پارتیی و بوونه‌ته جومگه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته. ئه‌و دوو حیزبه‌ش به ئاوه‌زی ئه‌و خێڵانه‌وه، چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتیان له‌ناو په‌یکه‌رێکدا به‌ناوی حکومه‌تی کوردستانه‌وه پێکهێناوه. بۆیه ئه‌وه‌ی حوکمی کوردستان ته‌نیا دوو حیزب نین، به‌ڵکه چه‌ندین هێز و که‌سی خاوه‌ن میلیشیاش هه‌ن که به پاڵپشتی ئه‌و حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تن. لێره‌وه ئه‌وه‌ی که ئه‌و حکومه‌ته له سیسته‌م، دیوه‌خان و دروشمه‌کانی خێل جیا ده‌کاته‌وه، کۆمه‌ڵێ کۆمپانیا، داوده‌زگا رێکخراو، دروشم و قسه‌ی هاوسه‌رده‌می وه‌ک: رێکخراوی مه‌ده‌نیی، په‌رله‌مان، باره‌گای حیزبه‌کان، مێدیا و … تاد. هه‌روه‌ک دروشمگه‌لی وه‌ک ئازادیی، دیمۆکراتیی و … تاد. به جه‌ختکردنه‌وه ده‌ڵێم، له‌ناو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا که‌سگه‌لێکی دلسۆز و په‌رۆشخۆر هه‌ن و هاوکاتیش ئه‌و حکومه‌ته کۆمه‌ڵێ کاری باشیشی کردووه. هه‌روه‌ک که ئاماژه به ژیانی خێڵه‌کیی و خێڵ ده‌که‌م، مه‌به‌ستم بێڕێزیکردن نییه به ژیانی خێڵ، وه‌ک خۆی، له شوێن و سروشتی خۆیدا، به‌ڵکه مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئه‌و حکومه‌ته به ئاوه‌زی خێڵ به‌ڕێوه ده‌چێت. خیڵ خۆی قۆناغێکی نه‌فراژوو، نامه‌ده‌نییه له قۆناغێکی دیرۆکیی کۆمه‌ڵگه‌دا. که‌واته ئاوه‌زی خێڵه‌کیی ناتوانێت کۆمه‌ڵگه‌ی سڤیل به‌ڕێوه ببات.
هه‌ڵبه‌ته کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان، به هۆی ژێرده‌ستییه‌وه، له دۆخی جڤاکێکی خێڵه‌کییدا قه‌تیسماوه، بۆیه هێنده‌ی پابه‌ندی خێڵ و ده‌ڤه‌ره، ئه‌وه‌نده پابه‌ندی نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگه نییه. لێ دوای راپه‌ڕینی به‌هاری1991 دا له ژێر ده‌ستی ئه‌و دوو حیزبه کوردییه‌دا له بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ن خه‌ڵک پابه‌ندن بکه‌ن به نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگه‌وه، که ئه‌مه ئه‌رکێکی بنه‌ڕه‌تی حکومه‌تێکی هاوسه‌رده‌مه، که‌چی ئه‌و ئاوه‌زه خێڵه‌کییه‌یان قووڵتر کرده‌وه. له دوای ئه‌نفاله‌کانه‌وه خه‌ڵک به هۆی وێرانبوونی دێهات و نه‌مانی ژیانی کشتوکاڵییدا روویان کرده شار و شارۆچکه‌کان، به‌مجۆره ئه‌و پابه‌ندبوونه له پابه‌ند بوون به خێڵ و ده‌ڤه‌ره‌وه بوو به پابه‌ند بوون به ده‌سه‌ڵاتدارانی دوو حیزب نه‌ک خودی حیزب و حکومه‌ت. به‌مجۆره ئه‌و سه‌رۆک و خێڵ و سه‌رۆک جاشانه له‌ناو شاره‌کاندا بوون به خاوه‌ن دیوه‌خان و ده‌مڕاستی خێڵه‌کان. له ئاکامی ئه‌و گۆڕانه نه‌رێنییه‌دا نه‌ک هه‌ر ئه‌و رایه‌ڵه باریکه‌ی نێوان ده‌ڤه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه و به‌های نیشتمان پچڕا، به‌ڵکه هه‌ستی خه‌لکی کوردستان له په‌رۆشی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی و کێشه‌ی کوردایه‌تییه‌وه بوو به په‌رۆشی ئابوورییه‌کی هه‌رزان، له پاره که‌ڵه‌که‌کردن، خانووی به‌رز، ئۆتۆمبیل و بووک و زاوای دوا مۆدێل کورت بووه‌وه.
له ئاکامی ئه‌و دۆخه جڤاکی-ئابوورییه و شه‌ڕی ناوه‌خۆ له نه‌وه‌ده‌کاندا کوردستان دابه‌ش بوو به‌سه‌ر سێ ده‌ڤه‌ردا: بادینان، هه‌ولێر و سلێمانی. راستت ده‌وێ بادینان له ئاستی فه‌رهه‌نگی-زمان، جوگرافی، جڤاکیی و ئابوورییه‌وه هێنده‌ی په‌یوه‌ندی روحیی و کو‌لتووریی له‌گه‌ڵ موسڵ و تورکیادا خۆشه هێنده له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا خۆش نییه، ئه‌وه له سلێمانی هه‌ر بگه‌ڕێ. به کورتی بادینان ته‌نیا په‌یوه‌ندییه‌کی رووکه‌شی ئیداریی و حیزبیی له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا هه‌یه. هه‌ولێریش له نه‌وه‌ده‌کان، به ده‌ستی شه‌ڕی حیزبه‌کانه‌وه له سلێمانیی و ده‌ڤه‌ره‌کانی تردا دابڕاوه. له‌وه‌ش زیاتر، هه‌ولێر به هۆی قووڕسایی شه‌ڕی نێوان حیزبه‌کان له نه‌وه‌ده‌کاندا، له ئاستی ده‌روونیی، جڤاکیی و ویسته‌وه چه‌ندین هه‌نگاو بۆ داوه‌وه گه‌ڕایه‌وه. له ئاکامی ئه‌مه‌دا نه‌ریته کۆن، روو کردن له ئیسلام و … تاد، باڵاده‌ست بوون. له نه‌وه‌ده‌کانه‌وه به هاوکاری پارتیی و یه‌کێتییه‌وه مزگه‌وت دروستکردن له هه‌ولێر بوو به بازاڕێک. ئه‌و دوو حیزبه رێگه‌یان به‌و لۆرت و ده‌وڵه‌مه‌ندانه دا که له بری باجدان به حکومه‌ت، مزگه‌وت دروست بکه‌ن. ئێستاش له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا سوپایه‌ک مه‌لا وه‌ک پیشه مووجه وه‌رده‌گرن و کراون به ده‌مڕاستی خه‌ڵکی هه‌ولێر.
به ده‌م ئه‌و وێرانکارییانه‌وه، ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان، شارۆچکه‌گه‌لی وه‌ک رانیه و قالادزێ و هێنده‌ی له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی جڤاکیی و فه‌رهه‌نگی سلێمانی نزیکن هێنده له‌گه‌ڵ هه‌ولێر نزیک نین. له‌وه‌ش بترازێ، سلێمانی له رووی ئابووریی و فه‌رهه‌نگییه‌وه زیاتر وابه‌سته‌ی ئێرانه، که بریتیین له عه‌شقی فێربوونی فارسی، لاساییکرنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری فارسی، زۆرینه‌ی خۆراک، که‌ره‌سه و پۆشاک. هه‌ولێریش وابه‌سته‌ی فه‌رهه‌نگ و ئابووریی تورکیا و به‌غدا یان دوبه‌ی و تورکیایه، که له لاساییکردنه‌وه‌ی بازاڕ، له سبه‌ینێ و تا ئێواره به دوای پاره راکردن، هه‌روه‌ک به‌های ژیان ته‌نیا له پاره‌دا بێت، خانووی به‌رز، هونه‌ری به‌رخۆر، به‌زم و ئاهه‌نگییدا کورتده‌بێته‌وه.
له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌وه‌یه که دۆخی هه‌ولێر زۆر جیاوازه له سلێمانیی و دهۆک، هه‌روه‌ک به پێچه‌وانه‌شه‌وه. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له سلێمانیی و گه‌رمیاندا باڵاده‌ستی مانه‌ویی و سیاسییه، یه‌کتێتی ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتدارێکی فه‌رمیی، رووکه‌شه. پارتیش له‌و شاره‌دا هه‌ر ئاماده‌یی نییه. هه‌روه‌ک له هه‌ولێر و بادیناندا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتیش له دوو په‌نابه‌ری که‌یس جیاواز ده‌چین، که مافیان زۆر که‌مه. بۆیه هه‌نووکه ناتوانن نه‌ک ته‌نیا نه‌ک ناتوانن داکۆکی له خودی لایه‌نگره‌کانی خۆیان بکه‌ن، به‌ڵکه ناتوانن باره‌گاکانی خۆشیان بپارێزن. خۆشی له‌وه‌دایه گۆڕان داوا له خه‌ڵکی هه‌ولێر ده‌کات خۆپیشاندان بکه‌ن، له کاتێکدا نوێنه‌رێکیان هه‌ولێری نه‌دیوه! هه‌روه‌ک گۆڕان، له بری ئیش‌کردن بۆ گرێدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و و بادینان، که‌چی هاوشان له‌گه‌ڵ پارتیدا خه‌ریکی گه‌رمکردنی شه‌ڕی نێوان هه‌ولێر و سلێمانییه. له‌وه‌ش بترازێ، کاتێک سه‌رانی گۆڕان رازی نین داوای لێبووردن له خه‌ڵک بکه‌ن که له رابردوودا تاوانیان به‌رانبه‌ر خه‌ڵک کردووه، چۆن خه‌ڵک متمانه به ده‌سه‌ڵاتی داهاتوویان بکه‌ن؟!
راستییه‌که‌ی هه‌نووکه هیچ شارێک هێنده‌ی پێکهاته‌ی هه‌ولێر نه‌گۆڕاوه. هه‌ولێر ئێستا هێنده‌ی شاری به‌رپرسی پارتی، بازرگان و ئاوه‌ره‌ی شه‌ڕی ناوه‌خۆی نه‌وه‌ده‌کانه، ئه‌وه‌نده شاری هه‌ولیرییه‌کان نییه. من ئه‌و ئه‌و ئاماژانه له روانگه‌ی پابه‌ندبوون به‌و شاره‌وه ناکه‌م، چونکه دوای ئه‌وه‌ی زستانی ئه‌مساڵ دایکم ماڵئاوایی دایکم کرد، که، وێڕای ئه‌وه‌ی له هه‌شتاکاندا له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌بوونی من، به ده‌ستی ئه‌و ئه‌من و جاشانه‌ی که ئێستا زۆرینه‌یان له کن باڵاده‌ستن، ماڵێکی له‌و هه‌ولێره “نوێ”یه(!) نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی دوا ته‌مه‌نی خه‌مگینی تێدا به‌سه‌ر ببات. به‌ڵێ، دوای مه‌رگی دایکم، ئیتر من بێبه‌ریم له هه‌ولێر: نیشتمان. ئه‌م ئاماژانه‌م بۆ ئه‌وه‌یه، تاکوو له‌و دۆخه کپ و سه‌خته‌ی که به‌رۆکی هه‌ولێری گرتووه، تێبگه‌ین. هه‌نووکه له‌و هه‌ولێره‌دا زۆرینه‌ی نوێنه‌ره رۆشنبیریی، سیاسیی، ئابووریی و جڤاکییه‌کان هاووڵاتی ده‌ڤه‌ره‌کانی ترن. بۆ راستیی، سه‌یری نووسه‌ر و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه، گۆڤار و مێدیاکانی پارتیی و ناپه‌رتییه‌کان، به‌رپرسی رێکخراوه مه‌ده‌نیی و نامه‌ده‌نییه‌کانی ئه‌و شاره بکه‌ن.
ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت هه‌ولێره بۆته شارێکی پێشکه‌وتوو و ئازاد، نه له خودی پێشکه‌وتن تێده‌گات و نه له ئازادیش. ئه‌وانه پێشڤه‌چوون و ئازادی له چه‌ند خانوو و شه‌قامی قۆقزی به‌رز و به‌رین، زیادبوونی مووچه، پارک، نادیی، به‌زمی رووکه‌شییدا کوردتده‌که‌نه‌وه. پێشڤه‌چوون ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵات زه‌مینه بۆ گه‌شه‌ی ژێرخانی مرۆیی، روحی باڵا و شکۆمه‌ند، کۆمه‌ڵگه‌ی سیڤل و ئه‌فرێنه‌ر، ئابوورییه‌کی به‌رهه‌مدار نه‌ک بازاڕی ره‌ش و ویستی ژیانێکی ئازاد بسازێنێت.
له‌وه‌ش بترازێ، جڤاکی کوردیی و بزاڤه رۆشنبیریی و سیاسییه‌که‌ی به هۆی بوونی ژێرده‌سته‌یی کۆی مێژووه‌که‌یه‌وه هه‌میشه به‌هره‌ی له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که باڵاده‌ستن به‌سه‌ریدا وه‌رده‌گرێت، چونکه بیرکردنه‌وه‌ی خاوه‌ن زمانێکی داهێنه‌رانه، رۆشنبیرییه‌کی خۆماڵی نییه یان متمانه‌ی به خودی فه‌رهه‌نگی زمانه‌که‌ی خۆیه‌وه نییه. بۆیه کورد ئاگایانه و نائاگایانه لاسایی هه‌مان بزاڤه فه‌رهه‌نگیی و سیاسییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیی و فارسیی و تورکی کردۆته‌وه. به‌مجۆره هه‌نووکه وه‌ک چۆن له ژێر ده‌ستی نووسه‌ر و هونه‌رکاره ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه فه‌رهه‌نگ، ئه‌ده‌ب، سیسته‌می سیاسیی و … تاد له ژێر کاریگه‌ریی راسته‌وخۆی تورکیی و فارسیی و عه‌ره‌بییدا هه‌ڵده‌بزڕكێنرێن. به هه‌مان شێوه ده‌ستپێک و زۆرێک له دروشمه‌کانی خۆپیشاندان که‌وته ژێر دروشم و شێوازه‌کانی تونس و میسره‌وه. خه‌ڵک ئه‌و راستییه ده‌زانن، که‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌و دۆخه‌ش له گه‌شه‌سه‌ندن دایه.
لێره‌وه پرۆسه‌ی خۆ سازکردن، جا له ئاستی کۆمه‌ڵگه بێت یان نه‌ته‌وه‌دا، په‌یوه‌ندی به لاساییکردنه‌وه یان خوڵقاندنی به زۆره‌کییه‌وه نییه، به‌ڵکه په‌یوه‌ندی به رۆشنگه‌رییه‌کی دیسپلینیی ئازادییه‌وه هه‌یه. به‌مه‌شه کۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌ی خاوه‌ن ویست ده‌گات به ده‌سه‌ڵات و هێزدارییه‌وه.
جێگه‌ی سه‌رنجه، ته‌نگژه‌ی گه‌نده‌ڵیی و بێ-سیسته‌می حکومه‌تی کوردستان له 1993 یان 94، له‌گه‌ڵ سووکردنی په‌رله‌مه ده‌سپێکردنی شه‌ڕی ناوه‌خۆی حیزبه‌کانه‌وه ده‌ستپێده‌کا. له‌وێدا هه‌زاران رۆڵه‌ی کوردستان کوژران و ده‌ربه‌ده‌رکران و ژێرخان و سه‌رخانی کۆمه‌ڵگه‌شی وێرانکرد. که‌واته بۆچی ئه‌و ته‌نگژه‌یه دوای راپه‌ڕینه‌کانی تونس و میسره‌وه ده‌ستیپێکرد؟
له‌و دیده‌وه تێگه‌یشتن له په‌یامی ئه‌و خۆپیشاندانه ئالۆزه‌دا ئاسان نییه، چونکه وێده‌چێت نه بۆ خۆیی و نه بۆ ده‌سه‌ڵات گوتارێکی روونی نه‌بێت. یه‌کێک له کێشه‌کانی ئه‌و خۆپیشاندانه ئه‌وه‌یه که تێکه‌ڵی ئه‌جێندای ئۆپۆزیسیۆن کراوه یان بووه. به‌شێکی تری په‌یوه‌ندی به سروشتی ئه‌و ئه‌کتۆر، نوێنه‌ر و خه‌ڵکه‌وه هه‌یه که خۆپیشاندانه‌کان به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به ئاگایی و دیسپلینی ئازادییه‌وه هه‌یه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا. من له وتاری تردا گوتوومه، که کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ئۆلیگاریشییه، چونکه هه‌مووی حیزبێنراوه. بۆیه ئه‌و خولیای حیزباندا له ژیانی کوردستان، رێگه‌نادات کۆمه‌ڵگه، هێزێکی سڤیل له کوردستاندا بفراژێت. هه‌نووکه ده‌بینین چۆن حیزبه‌کانی کوردستان هه‌موو کۆمه‌ڵگه ده‌که‌ن به موڵکی حیزب. هیچ له که‌س و حیزبی کوردی حه‌ز ناکا رێکخراوێک، رۆژنامه‌یه‌ک، مرۆڤێک، نووسه‌رێک، هونه‌رکارێک و … تاد سه‌ربه‌خۆ و جیاواز له کوردستان له دایک بن. له ئاکامی ئه‌و ئاوه‌زه ئۆلیگاریشییه‌دا کۆمه‌ڵگه‌ی سڤیل له کوردستاندا لاوازه. بۆیه ده‌بینین چۆن ده‌سه‌ڵات ئه‌و خۆپیشاندانانه به لایه‌نگری ئه‌م و ئه‌و تۆمه‌تبار ده‌کات. که‌واته جڤاکێک به میلیشیا و حیزگری ته‌نرابێته‌وه، چۆن ده‌کرێ باسی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سڤیل بکه‌ین؟
به ده‌م تۆمه‌تبارکردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه، وێده‌چێ ئۆپۆزیسیۆن نه‌توانێت بڕوا به حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار بێنێت که خۆپیشاندان ده‌ستی ئه‌وی له پشت نییه. دیاره خواستی ئۆپۆزیسیۆن، به گۆڕان، چه‌پ و ئیسلامییه‌کانیشه‌وه جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌نجانه‌ی که په‌رۆشخۆرن بۆ دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئازادی، مسۆگه‌رکردنی کار، ژیانێکی به‌خته‌وه‌ر بۆ داهاتوویان… تاد.
راستییه‌که‌ی له‌وکاته‌ی که نوێنه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بێ پرس و رای و به‌شداری نوێنه‌رانی خۆپیشاندان، له‌وه‌ش سه‌یرتر بێ به‌شداری پارتی بوو، له ژوورێکی داخراودا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی یه‌کێتیی دانیشتن، رۆڵی راسته‌وخۆی ته‌واو بوو. هاوکاتیش ئه‌و دانیشته‌یان رێگه‌ی به پارتیی دا زیاتر به گومانه‌وه سه‌یری ئه‌و خۆپیشاندانه بکات. به‌مه‌ش هه‌وڵده‌دا خه‌ڵک وا حاڵی بکا که ئه‌و خۆپیشاندانه بۆ چاکسازیی نییه، به‌ڵکه ئاژاوه‌یه‌که گۆڕان و “ده‌ستی ده‌ره‌کیی” له پشته‌وه‌یه. ره‌نگه، وێڕای زۆر هۆکردی تر، له‌وانه ترسی پارتی له گۆڕان و ئازادی را ده‌ربڕین، یه‌کێک له‌و گرفتانه‌ی که ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی له ده‌ڤه‌ری سلێمانی و گه‌رمیانیش قه‌تیس کردبێت، په‌یوه‌ندی به‌و تێکه‌ڵبوونه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆندا هه‌بێت. به‌مجۆره هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات له بری ئه‌وه‌ی به ویستێک له به‌رپرسیاری له هه‌مبه‌ر ئه‌رکه‌کانی گوێ له خه‌ڵکی ناڕازی به دژی ئه‌و سیسته گه‌نده‌ڵه‌ی خۆیانه‌وه بگرن، که‌چی سه‌رگه‌رمه به تاوانبارکردنی ئۆپۆزیسیۆن و چه‌واشه‌کردنی هه‌قیقه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌وه.
دیاره ته‌نگژه‌ی پان و پۆڕی گه‌نده‌ڵیی، نادادپه‌روه‌ریی و ئیفلجی قانوون له کوردستان وه‌ک مانگی چوارده بۆ هه‌موومان عه‌یانه و خودی حیزبه حکومڕانه‌کان و چاوکزه‌کانیش ده‌یانبینن. ئه‌و راستییه په‌یوه‌ندی به قسه‌ی له گۆتره‌وه نییه، که گوایه نه‌یارانی ئه‌و حکومه‌ته ئه‌و ته‌نگژه‌یه گه‌وره ده‌که‌نه‌وه. له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا له‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوودا چه‌ندین رێکخراوی سه‌ربه‌خۆی ناسراو راپۆرتیان له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه گه‌نده‌ڵه‌ی حکومه‌تی کوردستاندا پیشکه‌ش کردووه، که له‌وێدا باسیان له داد و بێدادی خه‌ڵک له نادادپه‌وه‌ریی و قۆرغکردنی بودجه‌ی کوردستان له لایه‌ن پارتیی و یه‌کتییه‌وه کردووه.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه، بۆچی ئه‌و خۆپیشاندانه هه‌ڵگری زمانێکی روون نییه و رێبه‌رێیه‌کی داهێنه‌ر و کارای نییه؟ دیاره ده‌کرێ راڤه‌گه‌لێک بۆ ئه‌و پرسیاره بکرێت. لێ لێره‌دا ده‌خوازم ئاماژه‌ی پێ بکه‌م، کێشه‌ی ئاوکتۆریتۆریتێته، رابه‌ری ده‌ستڕۆیشتووی ره‌سه‌ن یان داهێنه‌ره له ژیانی ئه‌و خۆپیشاندنه‌دا.
ده‌کرێ روانگه و لێکدانه‌وه‌یه‌کی فره بۆ ئه‌و پرسیاره بکرێت. لێره‌دا ده‌کرێ به کورتی هۆکرده‌که‌ی ئه‌وها بێت: هه‌نووکه توێژێک له سیاسیی و نووسه‌ری رابردوو؛ ده‌سه‌ڵاتێکی لاساییکه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و روانگه رۆشنبیرییه کۆنه‌کانی خۆیان و جیهانی عه‌ره‌بیین و کۆی ژیانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیشیان بۆ خۆیان و خێزان و خێڵه‌کانیان قۆرغکردووه، حوکمڕانی نه‌وه‌یه‌کی گه‌نج ده‌که‌ن. له کن ئه‌و نه‌وه گه‌نجه‌دا کۆی خه‌باتی رابردووه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه به‌هایه‌کیان نییه. به‌مجۆره ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ی که له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا رژاونه‌ته شه‌قام ئه‌و گه‌نجانه‌ن که په‌رۆشخۆری داهاتوویه‌کی شکۆمه‌ندن. لێره‌وه تۆمه‌تبارکردنی ئه‌و خۆپیشاندانه له لایه‌ن پارتیی و یه‌کێتییه‌وه به‌وه‌ی که گوایه “ده‌ستی ده‌ره‌کی” یان ده‌ستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و حیزبه ئیسلامییه‌کانیان له پشته، بێجگه له خۆدزینه‌وه له چه‌واشه‌کردنی خۆیان و کۆمه‌ڵگه ، هیچی تر نین. به‌ڵێ، ئه‌و گه‌نجانه‌ی که له شه‌قامه‌کانن ده‌نگی کۆی ئه‌و نه‌وه گه‌نج و چین و توێژانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ن که خه‌ریکه به ده‌ست گه‌نده‌ڵیی و که‌ڵه‌گایی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و دوو حیزبه‌وه هه‌لا هه‌لا ده‌بن. راسانی ئه‌و گه‌نجانه به دژی ئه‌و سیسته‌مه ئاغا ره‌فتاره‌یه که خه‌ریکه روحی مرۆڤایه‌تی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان تاڵانبکات. هه‌ونووکه ئه‌و شه‌پۆڵی خۆپیشاندانه‌ی کوردستان وه‌ک رابردوو له پێناوی رزگارکردنی نه‌ته‌وه نییه ، به‌ڵکه له پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه ئابووریی، نه‌مانی وایسته، به‌رتیل، میلیشیاسالاریی؛ له پێناوی داهاتووی جڤاکێکی ئازاد و دادپه‌روه‌رییه. ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ که له ژێر کاره‌ساتی شه‌ڕی ناوخۆیی و گه‌نده‌ڵیی حیزبی کوردی هه‌راش بووه، سافیلکه‌ییه بێ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و کێشانه، داوای په‌رۆشی نیشتمانپه‌روه‌ریی لێبکه‌یت، نیشتمانێک که له‌ناو گه‌نده‌ڵیی و تاڵان‌کردنی له لایه‌ن به‌پرسی حیزبی و بازرگانه سیاسییه‌کاندا هه‌رزانکراوه. لێره‌وه ئه‌و حکومه‌ته ئه‌گه‌ر له‌و ساته مێژووییه‌دا به کرده چاره بۆ ئه‌و ته‌نگژه بکوژه نه‌دا که خۆی تێیدا ده‌ژیت، به دڵنیاییه‌وه ناتوانێت ژیانی مسۆگه‌ر بکات.
به‌ڵێ، رابوونی ئه‌و گه‌نجانه ئاکامی گه‌وهه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته حیزبییه‌یه که “ئاساییش”ه‌که‌ی به روحێکی سادیی و مازۆخییه‌وه وه‌ک میراتگرێکی “ئه‌من”ه‌کانی رژێمی به‌عسی گه‌نجێکی نه‌دار دوای لێدانێکی دڵڕه‌قانه‌وه ناچار ده‌کا قۆنده‌ره‌که‌ی ماچبکا. هه‌روه‌ک ئه‌و “ئاساییه‌ش”ه سه‌ر به سیسته‌مێک نه‌بێت که خۆی له‌سه‌ر میراتی دزین گه‌وره نه‌کردبێت! هه‌روه‌ک ئه‌و “ئاساییه‌ش”ه یه‌کێک له‌و دزانه‌ی ئاشکرا کردبێت که سه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی دزیوه!
له “مێژووی کۆن”ی هه‌ولێردا که به‌عس تێیدا حوکمڕان بوو، رۆژانه “ئه‌من”ه‌کانی به‌عسمان به شێوه‌ی دڕندانه‌وه که‌رامه‌تی ئێمه‌ی گه‌نجی ئه‌وێ رۆژێی هه‌ولێرییان تێکده‌شاند. ئه‌و گرته‌یه به‌سه که گه‌نجانی هه‌ولێر بۆ دڵنیابوون له داهاتوویان له گۆڕه‌پان و شه‌قامه‌کاندا خۆپیشاندان بکه‌ن. ئه‌وه‌تا، به واتای “مێژوونووسی نوێی هه‌ولێر” و تاکه “رابه‌ری ته‌له‌به و گه‌نج”،که پێی وایه له 31ی ئابی 1996ه‌وه “مێژووی نوێی هه‌ولێر” ده‌ستپێده‌کا، به‌دیار گه‌نجێکی ئه‌و هه‌ولێره ئاره‌قه ده‌ڕژێن که له ژێر شه‌ق و قۆنده‌ره ماچکردنی “ئاساییش”ه‌کانی ئه‌و حکومه‌ته “پۆستمۆدێرنه”دا هاوار ده‌کا و ده‌گریێ. ئاخر پارتی خۆی دان به گه‌نده‌ڵیی، دزییه‌کانی بنێت، ئاسایشه‌که‌ی چۆن ده‌توانێ گه‌نجێکی هه‌ژار به‌و شێوه روحنزمه له‌سه‌ر دزین بکوتێته‌وه؟! ئاخر هیچ “ئاساییش”ی حیزبێکی ده‌سه‌ڵاتداری دیمۆکراتی نیوه‌چڵیش له‌و جیهانه‌دا هه‌یه دوای ئه‌و لێدانه دڕندانه‌یه ناچاری دزێک بکا قۆنده‌ره‌که‌ی ماچبکات و هیچ له‌و یاسایانه‌ی که “له سه‌رووی هه‌موو سه‌ره‌کانه” له‌و ئاساییشه نه‌پرسێته‌وه؟ به‌ڕاستی دوای ئه‌و ره‌فتاره دڕنده‌یه‌ی “ئاساییش”ی هه‌ولێره‌وه من له بری هه‌موو نووسه‌رانی هه‌ولێر شه‌رم له خۆم ده‌که‌م، که نادیی شه‌وانه، چایخانه و لاپه‌ڕه‌ی گۆڤار و رۆژنامه‌کانیان لێوانڕێژکردووه له قسه و بانگه‌شه‌ی روح، ئازادی تاکه‌که‌س، “ئیبداع، شیعری عاشقانه و … تاد، بۆیه هه‌قه چیتر خۆیان به نووسه‌ر و بگره مرۆڤی ئازادیش بزانن. من خۆم دوای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ کوردستان و ئه‌زموونم له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره پۆلیس و ئاساییشه‌دا، تێگه‌یشتم که ئه‌گه‌ر مرۆڤ تووشی ساده‌ترین کێشه چۆن که‌رامه‌تی سووک ده‌کرێت. ئه‌وکات هیچ یه‌کێک له‌و یاسایانه‌ی که گوایه “له سه‌رووی هه‌موومانه” به‌هانایه‌وه نایێت، ته‌نیا ئه‌گه‌ر واسیته یان فشاری ئه‌و وڵاته‌ی که لێی ده‌ژیت یان نێوه‌ده‌وڵه‌تی به‌هاناته‌وه بێت!
ئه‌م رۆژگاره به‌سه‌رچوو نه‌ک نووسه‌رێک، به‌ڵکو هیچ که‌سێکی تر خۆی به خاوه‌ن هه‌ولێر و شارێکی تر بزانێت. ئه‌و سنگ ده‌رپه‌ڕنده له‌سه‌ر شاره‌کان درێژکردنه‌وه‌ی شه‌ڕی ئاغا و خێڵه‌کانی کوردستانه له‌سه‌ر زه‌ویی و زار و گونده‌کان.
له‌وه‌ش هه‌ژه‌ندهێنه‌رتر، ئه‌و نووسه‌ره “مێژوونووسه نوێیه‌ی هه‌ولێر،که گوایه خودی ئه‌و، بۆ وه‌زن و قافییه ناوی به‌ختیار عه‌لی، مه‌ریوان وریا قانیع، شێرزاد حه‌سه‌ن و رێبین هه‌ردی، ده‌خاته پاڵ خۆیه‌وه، داهێنه‌ری ئه‌و به ئاگا هێنانه‌وه و خۆپیشاندانه‌ی گه‌نجانه، که‌چی هه‌روه‌ک ئه‌و گه‌نجه‌ی که له سه‌رای ئازادی قۆنده‌ره‌بارانی کردبێت رابه‌ر فاریقی گه‌نجی و بێ پشت و په‌نا بێت، بۆیه دوای خۆشیرینکردنه خه‌سته‌که‌ی به‌رانبه‌ر به‌ختیار عه‌لی و رێبین هه‌ردی، وه‌ک چۆن”ئاساییش”که به قۆنده‌ر ماچکردن و لێدان که‌رامه‌تی ئه‌و گه‌نجه ده‌شکێنێت، ئه‌ویش نه‌ک هه‌ر به هه‌مان روحه‌وه به وشه‌ی “قونده‌ر”، که‌رامه‌تی رابه‌ر فاریق ده‌شکێنێت، که گوایه چه‌ند وشه‌ی ناشیاوی له وتاره‌که‌یدا به‌کار هێناوه، به‌ڵکه هانی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتیش ده‌دات، گه‌له‌کۆمه‌کی له‌سه‌ر بکه‌ن و له‌ناوی به‌رن. مرۆڤ تێداده‌مێنێ به‌رانبه‌ر ئه‌و”مێژوونووسه نوێیه‌ی هه‌ولێر” که چه‌ندین ساڵه خۆی به داکۆکیکاری گه‌نجان و ئازادیی نیشانداوه، که‌چی رێگه به خۆی بدات هێنده خوێنساردانه که‌رامه‌تی رابه‌ر و هه‌ولێر سووک بکات! ئه‌دی، به قه‌ولی “مێژوونووسی نوێی هه‌ولێر” میشێل فۆکۆ، ژیل دولۆز، بێکێت، رۆلان بارت و … تاد، “قونده‌ر” نین، که سه‌ر زار و بن زاری خۆیی و نووسه‌رانی کورد کاوێژکردنه له وته‌کانی ئه‌وانه؟!
ئه‌م رۆژگاره به‌سه‌رچوو نه‌ک نووسه‌رێک، به‌ڵکو هیچ که‌سێکی تر خۆی به خاوه‌ن هه‌ولێر و شارێکی تر بزانێت. ئه‌و سنگ ده‌رپه‌ڕنده له‌سه‌ر شاره‌کان درێژکردنه‌وه‌ی شه‌ڕی ئاغا و خێڵه‌کانی کوردستانه له‌سه‌ر زه‌ویی و زار و گونده‌کان. هه‌ولێر شارێکه بێخاوه‌نه، ئه‌گینا ئیشی تیڤی پارتی که‌ی ئه‌وه‌یه، نووسه‌رێک بێنێ، که خۆی له دۆخێکی تێیدا ماوه‌دا ده‌بینێته‌وه، بۆ خۆشکردنی ئه‌و شه‌ڕه شارچییه‌تییه هه‌رزانه له به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌فزیونی شله‌تێندا ئه‌و مێژووه هه‌ژه‌ندهێنه‌ره‌ی به‌سه‌ر هه‌نیه‌ی هه‌ولێردا شۆڕ بکاته‌وه. بۆ ئه‌و”مێژوونووسی نوێی هه‌ولێر”ه، ئه‌وه پێشکه‌وتنه که هه‌ولێر چایخانه، خانووی به‌رز، نادیی تێدا دروستکراوه و مووچه‌ش زۆر بووه. کاکی “مێژوونووسی نوێی هه‌ولێر” خۆی گێل ده‌کا له‌و ژیانه کۆڵه‌مه‌رگیی و بێخزمه‌تییه‌ی که له‌و گه‌ڕه‌که هه‌ژارنشین، ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ی که هاووڵاتی دێهات چۆڵکراوه‌کان تێدا ده‌ژین. ئه‌وه‌نده به‌سه که ئه‌و “مێژوونووسه نوێیه‌ی هه‌ولێر” بزانێت، به ره‌هێڵه‌بارانێک ده‌توانێت زۆرێک له کۆڵان پیس و خانووه زراپه‌کانی نیوه‌ی گه‌ڕه‌کی کوران، ماجیداوه، مامزاوه و … تاد، ببات. هه‌روه‌ک گوایه ئه‌و پاره‌یه‌ی که له هه‌ولێر سه‌ر‌فکراوه هی خودی سامانی کوردستان نه‌بێت. هه‌روه‌ک گوایه خودی راپه‌رێنی خه‌ڵکی هه‌ولێر و شاره‌کانی تر نه‌بێت، پارتیی حیزبه‌کانی تری له په‌نابه‌ریی و ژیانی کۆڵگه‌مه‌رگی ئێران و سه‌رسنووره‌کان رزگار نه‌کردبێت.
مایه‌ی سه‌رنجدانه فێله‌سووفی رۆشنگه‌ریی، ئێمانوێل کانت له کتێبی”ململانێی فاکتولته‌کان- Fakulteternas kamp”دا (1790) له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه ئه‌و رۆژگاره‌دا پرسیارێکی ساده به‌ڵام بنه‌ڕه‌تی ده‌کا که رێک بۆ ئێستای کوردستان کۆکه: “ئاخۆ پێشڤه‌چوونێکی گرینگ له مێژوودا هه‌یه؟ مه‌به‌ستی کانت له‌و پێشڤه‌چوونه‌دا ته‌نیا گه‌شه‌ی ماددی نه‌بوو له‌و مێژووه‌دا، به‌ڵکه مه‌به‌ستی پێشه‌ڤه‌چوونی ئازادیش بوو.
له‌و دیده‌وه ئێمه هێشتا له ئاکامی ئه‌و خۆپیشاندانه دڵنیا نین، بۆیه ناکرێ وابزانین، به واتای نووسه‌رانێکی مه‌یله و ده‌مڕاستی گه‌نجان، که ئه‌و خۆیشاندانه مێژوو و کولتوورێکی نوێی داهێناوه. هێشتا وه‌عده‌کانی حیزب سه‌ر زارکیین و هیچ تشتێکی نوێش له ژیانی ده‌سه‌ڵاتداران و حکومه‌تدا له ئارادا نییه. هه‌روه‌ک هێشتا له به‌شێکی زۆری کوردستاندا، به تایبه‌تی هه‌ولێری دڵی ئه‌و حکومه‌ته و تۆقێنراوه‌دا، هیچ خۆیشاندانێک نه‌کراوه. لێ وێڕای ئه‌مه‌ش، به واتای کانت، هه‌رچه‌نده ئه‌و خۆپیشاندانه گۆڕانێکی نوێی نه‌سه‌لماندووه، که‌چی ده‌کرێ ئاماژه‌یه‌ک بێت بۆ له دایکبوونی ئه‌و پێشڤه‌چوونه ئازادییه‌ی که جڤاکی کوردی گه‌ره‌کییه‌تی. سووربوونی گه‌نج و خه‌ڵکی جیاوازی کوردستان له‌سه‌ر داوای ئازادی، دادپه‌روه‌ریی، هه‌ڵته‌کاندنی ره‌گی گه‌نده‌ڵی و ژیانێکی شکۆدار بۆ کۆمه‌ڵگه، واتای بوونی جۆش و خرۆشێکه له روحی گه‌نجانی بۆ گه‌یشتن به مافه‌کانیان. که‌واته ئاکامی ئه‌و خۆپیشاندانه هه‌رچییه‌ک بێت، لێ ئه‌و تووند و تیژییه‌ی که له ده‌ستپێکی ئه‌و خۆپیشاندانه له سلێمان گه‌رمیان، رانیه و ئێستاش له هه‌ڵه‌بجه‌دا روویاندا، ده‌کرێ وه‌ک هێمایه‌ک، کرده‌یه‌کی به کۆمه‌ڵی رمێنه‌رانه بخوێنینه‌وه. ئه‌و تووند و تیژییانه‌ش کرده‌یه‌کی به کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیی بوون به دژی ده‌سه‌ڵات. خۆپیشانده‌ران به‌و کرده‌یه‌وه توانیان باڵاده‌ستیی و که‌ڵه‌گایی ده‌سه‌ڵات بله‌رزێنن. به‌مه‌ش گه‌نجگه‌ل هه‌ر ته‌نیا هه‌ستیان به بوونێکی ئازاد نه‌کرد، به‌ڵکه هه‌ستیشیان به به‌زاندنی ئه‌و هێما و سنوورانه‌ش کرد که ده‌سه‌ڵات به پیرۆزیکردوون.
راستییه‌که‌ی ئه‌و تووند و تیژیانه‌ی گه‌نجانی شه‌قام، ئاکامێک بوون له خودی ره‌فتاره تووند و تیژییه‌کانی ئه‌و حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه که له‌وه‌تی هه‌ن به شێوه‌ی جیاواز به‌رانبه‌ر خه‌ڵک پێڕۆی ده‌که‌ن. بۆیه ئه‌و تووند وتیژییانه‌ش نائاگایانه جۆرێکه له داکۆکیکردن له خۆیان و هاووڵاتیانی کوردستان.
هه‌ڵبه‌ته به دڵنیاییه‌وه خواستی ئه‌و گه‌نجانه راپه‌ڕیوانه تووند و تیژیی نییه، به‌ڵکه ژیانێکی هێور، ئازاد و رازاوه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌شه که ئێمه ناچارمان ده‌کا له‌گه‌ڵ په‌یامه گه‌ردوونییه‌کانی، که له ئازادی، دیمۆکراتی، یه‌کسانی و دادپه‌روه‌رییدا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه، ئه‌و گه‌نجانه‌دا هاوسۆز بین. هه‌رچه‌نده دوور نییه که ئاکامی ئه‌و خۆپیشاندانانه جا ئه‌مڕۆ بێت یان له داهاتوودا زیاتر کوشتن و بێئومێدیی زۆرتری لێبکه‌وێته‌وه. هه‌ر چۆنێک بێت، چونکه سروشتی ئه‌و بزاڤه ژیاندۆسته‌ی کوردستان گڕ و جۆشی تێدایه، دیاره گڕو جۆشیش کرده‌یه‌که دڵ و روح ده‌خرۆشێنێت. بۆیه ئێمه‌ش په‌رۆشی ئه‌و بزاڤه‌ین.
به‌ڵێ، هه‌نووکه جڤاکی کورد له باشووردا له دۆخێکی جه‌رگبڕ ده‌ژیت. جڤاکێک که چه‌ندین سه‌ده بۆ ئازادبوونی له ژێر ده‌ستیی کۆیله‌یی رژێمه دیکتاتۆرییه‌کاندا قوربانی داوه و ئه‌نفالکرا تا بگاته به ئازادی. ئێستا ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه دوای بیست ساڵ له سه‌ربه‌خۆییه‌کی نیوه‌چڵدا، به ده‌ستی حکومه‌تێکی خۆماڵییه‌وه ده‌تلێته‌وه. له ئاکامی ئه‌وه‌دا گه‌نجگه‌لێک مانگێک زیاتره هاوار ده‌که‌ن که ئه‌و حکومه‌ته له‌به‌ر خاتری خۆیی و کۆمه‌ڵگه‌که‌یه‌وه چاکسازیی له‌و سیسته‌مه گه‌نده‌ڵ، بێقانوون، به‌رتیلساز، واسیته‌ساز، حیزبسالار و ویستکوژه بکات، که‌چی له وه‌ڵامی ئه‌و داوایه ره‌وایانه‌دا سه‌رکێو، بیلال، رێژوان، گه‌رمیانی سه‌وا لاو جه‌وانه‌مه‌رگ ده‌کرێن. مرۆڤ به ده‌م سه‌یرکردنی دیمه‌نی گیانه‌ڵای رێژوان، گه‌رمیان و سه‌رکێوه‌وه خوێنی وشکده‌بێ که چۆن دوای زامدار بوونیان به گوله‌ی پۆلیسی و چه‌کداره ئاشکرا و نا ئاشکرا‌کانی ئه‌و حیزبانه‌وه وه‌ک باڵنده‌ی خوێناویی له شه‌قامه بێ ژیانه‌کاندا به دوای رزگار کردنی روحیان و دوا تیشکی بوونێکی مه‌حاڵ باڵه‌فڕێ ده‌که‌ن. ئه‌رێ ئه‌و سوپایه له نووسه‌ر، شاعیر و په‌خشاننوسانه چۆن دوای بینین ئه‌و دیمانه‌نه‌وه ده‌توانن باسی ئازادی مرۆڤ، روح، ئه‌ڤین و …تاد بکه‌ن که تا حه‌ز بکه‌ی زاریان قه‌ڵه‌باڵغه له جووینه‌وه‌ی ئه‌و وشانه؟!.
لێ سه‌باره‌ت به گرفتی ئاوکتۆریتێته‌کانی ئه‌و خۆپیشاندانه‌وه ده‌کرێ به گه‌ڕانه‌وه بۆ هزرڤانی به ره‌گه‌ز جووله‌که‌ی ئه‌ڵمانی، خاتوو هه‌نا ئارێند (HannahArendt) بڵێم، مه‌به‌ستم له ئاوکتۆریتێت (auktoritet) ، مانا ره‌سه‌ن یان داهێنه‌ره‌که‌یه‌تی نه‌ک مانا نه‌رێنیی و ساخته‌که‌ی. ئارێند له وتاری “ئاوکتۆریتێت چییه؟” (له نێوان رابردوو و داهاتوودا: هه‌شت تاقیکردنه‌وه له هزری سیاسیی‌دا، چاپخانه‌ی سوێدیی، Daidalos, 2004 )، سه‌رنجكێشانه ئه‌و جیاوازیی و گۆڕانکارییه مێژووییانه له‌و چه‌مکه‌دا شرۆڤه ده‌کا. ئاوکتۆریتێت چه‌مکێکی لاتینییه و ره‌گه‌که‌ی بۆ بکه‌ری “augere” ده‌گه‌ڕێته‌وه که واتای “فراژان، سوودبه‌خشین، فره‌واندن ده‌گه‌یه‌نێت. ” بڕوانه: “Tidningen Kulturen، ژماره 3ئه‌پریلی 2008”. ئه‌و ئاوکتۆریتێته مه‌رجی ئه‌وه‌یه که ئه‌و زانیارییانه به جێبهێڵین که پێشترجێگیرکراون. دواجار به لای ئارێنده‌وه، هه‌نووکه له سه‌رده‌می باڵاده‌ستی لیبرالیزمدا پێستمان به ئاوکتۆریتێتی داهیێنه‌ر هه‌یه نه‌ک ساخته. ئارێند ئاماژه به‌وه ده‌کا که ئێمه به گشتی جۆره ئاوکتۆریتێتێکمان له ده‌ست نه‌داوه، به‌ڵکه ئێمه داب و نه‌ریتێکی زۆر تایبه‌تی ئاوکتۆریتێتمان له ده‌ستداوه. هه‌ر ته‌نیا یه‌ک جۆره ئاوکتۆریتێتیش نییه، به‌ڵکه چه‌ندین چه‌شن له ئاوکتۆریتێتمان هه‌یه. ئارێند ئاوکتۆریتێت له زاڵم و سته‌مگه‌ر جیاده‌کاته‌وه. سته‌مگه‌ر به‌ناوی مه‌به‌ستێکی تایبه‌ت ره‌فتار ده‌کات، که‌چی ئاوکتۆریتێت له ده‌ره‌وه‌ی خودی ئاوکتۆریتێتدا چاوگه‌یه‌کی خۆی هه‌یه. لێ ئاوکتۆریتێتی ساخته، ناره‌سه‌ن دیکتاتۆرێکه که له ژێر دروشمێکی وه‌ک به‌های گشتیی‌دا خولیاکانی ده‌مامکپۆش ده‌کات. ئاوکتۆریتێت، به رای ئارێند، “بریتییه له گوێڕایه‌ڵییه‌ک که له‌وێدا مرۆڤه‌کان ئازادییان خۆیان نه‌دۆڕاندووه.” (هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو).
به کورتی ئاکتۆریتێتی ساخته وه‌ک زۆرینه‌ی ئه‌و نوێنه‌ره سیاسیی و رۆشنبیرییانه‌ی ئێمه‌ن که له ژێر دروشمی گه‌وره و خوشکه‌ڵه‌دا یاری به هه‌ست و خواستی خه‌ڵک ده‌که‌ن و له‌مدیویشه‌وه خه‌ریکی تاڵان‌کردنی سامانی کوردستان یان خۆیان به شێک له‌و سیسته‌مه گه‌نده‌ڵه‌ی که هه‌ر خۆشیان ره‌خنه له‌و دۆخه ده‌گرن و دوای چاکسازیی ده‌که‌ن. ئه‌رێ کێ هه‌یه له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا که تاڵانکردن و نادادپه‌روه‌ریی له مشه‌دایه به ده‌یان له نووسه‌ر و به‌رپرسه گه‌نده‌ڵانه‌ی نه‌دیبێت که له تیڤیی و رۆژنامه‌کاندا زارقه‌ڵه‌باڵغانه باسی چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵیی و نادادپه‌روه‌ریی نه‌کردبێت؟
به‌ڵێ، یه‌کێک له‌و هۆکردانه‌ی که وایکردووه نه له رابردووی بزاڤی رزگاریخوازی کورد و نه له ئێستاشدا هیچ گۆڕانێک له‌و دۆخه گه‌نده‌ڵسالارییه‌دا روونه‌دات، په‌یوه‌ندی به‌و ئاکتۆریتێته ساختانه‌وه هه‌یه که به پۆشینی ده‌مامک و دێوجامه‌ی جیاوازه‌وه کۆمه‌ڵگه و گه‌نج ده‌ستخه‌ڕۆ ده‌ده‌ن. نووسه‌رگه‌لێک هه‌ن، وه‌ک به‌رپرسه حیزببیه‌کان، له کاتێکدا له چه‌ندین ده‌زگا و رێکخراوی ئه‌و حکومه‌ته‌دا ده‌مڕاست و فه‌رمانبه‌ره و چه‌ندین مووچه‌ی به خۆڕایان هه‌یه، که‌چی هه‌ر ناڕازه‌ییه‌ک رووده‌دات، ئه‌وانه هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان بکه‌ن به خاوه‌نی. نوێنه‌رانی خۆپیشاندان زۆر حه‌ز ده‌که‌ن لاسایی تونس و میسر بکه‌نه‌وه، که‌چی بیریان له‌وه نه‌کرده‌وه، که وێڕای بوونی گه‌لێ رووناکبیریی ناسراوی ئه‌و دوو وڵاته‌ش، بۆچی ئه‌و رووناکبیرانه خۆیان نه‌کرد به ده‌مڕاستی خۆپیشاندانه‌کان؟ لێره‌وه گرفتی روحی میلیشیاخوازیی و ده‌سه‌ڵاتیانخوازیی ئه‌و رووناکبیره‌ی کورد ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌وانه ده‌بوو له بری ده‌مڕاستی، په‌رۆشخۆرانه رۆڵی راڤه و رۆشنکردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه بگێڕن. لێ ئه‌وانه خه‌ریکی گه‌مه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و هاوکاتیش کۆکردنه‌وه‌ی ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌رن.
دواجار ئه‌وه‌ی که گرینگه بگوترێ: له دایکبوونی فریادڕه‌سێک، ئاکتۆریتێرگه‌لێکی داهێنه‌ره نه‌ک ساخته و خاوه‌ن ئه‌جێندای تایبه‌تی که بتوانێت روحی ئه‌و خۆپیشاندانه له مه‌رگ رزگار بکات. چونکه کۆتایی هاتنی ئه‌و خۆپیشاندانه به مه‌رگ، له بری په‌رژکردنه‌وه‌ی رۆشنایی به‌سه‌ر هه‌نیه‌ی بوون و ژیانێکی داهاتووی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا، وه‌ک دیمه‌نی باڵافڕێی شه‌هید “گه‌رمیان”ی ساوا و هاوڕێیه جوانه‌مه‌رگه‌کانی، تووشی دۆشدامانمان ده‌کات.
هه‌ندرێن
2011.3
ستۆکهۆلم-سوێد