خۆیندنه‌وه‌یه‌کی دیكە بۆ مارکس و کۆمونه و ده‌وڵه‌تی سۆڤێتی
بەڕێز (ئه‌نوه‌ر نه‌جمه‌دین) له سایتی (کوردستانپۆست ئینفۆ www.kurdistanpostinfo.com/ViewItems.aspx?id=1838 )دا لەژێر تایتڵی ” مارکس لە نێوان کۆمۆنەو دەوڵەتی سۆڤێتیدا” بابه‌تێکی به سێ به‌ش بڵاوکردۆته‌وه، منێش به مه‌به‌ستی بەشداریكردن لە لێدوانێكی دۆستانە لەسەر بابەتەكە، هه‌وڵده‌ده‌م به‌پێی توانا به بیروبۆچوونی خۆم خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیكەی بۆ بکه‌م، هیوادارم بۆ خوێنه‌رانی بەڕێز به‌سوودبێت.
نووسەر، سه‌ره‌تا له بابه‌ته‌که‌یدا ستەمێکی زۆری له (کارل مارکس) کردووه و نووسیویه‌تی ” لەلای مارکس، مێژوو هیچ نیە مێژووی گەشەی پیشەسازی نەبێت”، ئه‌و بۆچوونە له ڕاستییه‌وه دووره، ته‌نانه‌ت سۆسیالیستێکی شیره‌خۆره‌ش ئه‌وه ده‌زانێت، که (کارل مارکس) مێژووی به مێژووی ململانێی چینایه‌تی زانیوه، به مێژووی داماڵینی خاوه‌ندارێتی زانیوه،جگه له‌وه (مارکس) وه‌ك زانستێك ڕوانیویه‌ته مێژوو، هه‌ر له‌و تێڕوانینه‌شه‌وه بووه وتوویه‌تی “مێژوو تاکه زانستێكه، که ئێمه ده‌یناسین و بڕوای پێده‌که‌یین” هه‌موومان ده‌زانیین، که (مارکس) زۆر باسی پێشکه‌وتنی پیشه‌سازی كردووە، ئه‌وه‌ش له لۆجیکی پرۆگرامی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئابووری کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری به‌ده‌ر نه‌بووه. کێ ئه‌وه نازانێت، که به‌بێ باسکردنی پێشکه‌وتنی پیشه‌سازی ئەستەمه توێژینەوەی ئابوریی و پێشکه‌وتنی ئابووری کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری بکرێت؟ ئه‌وه له‌یادناکه‌م، که توێژینەوەی (مارکس) بۆ ئابووری کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری، له‌ژێر کاریگه‌ری ئاستی زانستی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیدا بووه، به تایبه‌تی ئاستی زانستی میکانیکی کلاسیکیدا.
(کارل مارکس) هێندێک جار له گۆشه‌یه‌کی ڕامیارییه‌وه سەرنجی مێژووی داوە، هه‌ندێک جاریش له گۆشه ئابووری کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌وه، زه‌ق دیاره ، که گۆشه ڕامیارییه‌که بۆ به ڕامیارییکردنی(حزبی)کردنی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران بووه، هه‌روه‌ها بۆ ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی، باشتر بڵێم بۆ شۆڕشی ڕامیاریی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه و سه‌قامگیرکردنی ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تێکی كڕیاری هێزی كار.
نووسەر نوسیوییه‌تی” لە سەردەمی لە دایکبوونی مارکسیزمی ڕووسیدا، هێشتا کتێبەکانی مارکس لە چاپ نەدرا بوون. کتێبی (ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی)، (گرۆندریسە)، (سەرمایە، کتێبی سێهەم) کە گرنگترین و دواین بەشی لێکۆڵینەوەکانی مارکس، بە چڕی و خەستی، کۆدەکاتەوە، وە زۆری تریش لە دانراوەکانی مارکس، هەتا سەدەی بیستیش چاپ و پەخش نەکراون و کەسیش لە مارکسیستەکان ئەو دانراوانەیان نەبینیوە کە تێزەکانی مارکسن و سەربەخۆن لە نووسینەکانی ئینگڵس، وە کەسیش نازانێت نووسینەکانی مارکس چ دەستکاریەک کراون. تاکە سەرچاوەیەکیش کە مارکسیستەکانی ڕووس پەنایان بۆ بردبێت، کتێبی (ئەنتی دۆهرنگ) و (دیالەکتیکی سروشتە) کە هەردووکیان سەربەخۆ لە مارکس، لە ئینگڵسەوە نووسراون و لە ناکۆکیەکی گەورەیشدان لەگەڵ تێزەکانی مارکس”
گه‌ر له نزیکه‌وه بڕوانینه ئه‌و بۆچوونە‌ی نووسەر، ئەوا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که ئه‌و سه‌ر به‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌یه، که بڕوای وایه، “فه‌لسه‌فه‌کانی پێشوو ته‌فسیری دونیان كردووە، ئه‌وه‌ی ئێمه ته‌نها ته‌فسیری ناکات، شۆڕشگێڕانه ده‌شیگۆڕێت” . به بۆچوونی من ئه‌و جۆره بیر و بۆچوونە به زمانی فه‌لسه‌فه‌ی ڕامیاریی پێیده‌وترێت (ئایدیالیزمی میکانیکی) جا لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه “ماته‌ریالیزمی دیالێکتیك” و (ئایدیالیزمی میکانیکی) کوجا مه‌رحه‌با ؟
ده‌رباره‌ی دره‌نگ گه‌یشتنی مارکسیزم بۆ ڕوسیا، من هه‌ر ئه‌وه‌م له‌سه‌ره بڵێم مارکسیزم زۆر دره‌نگ نه‌گه‌یشتۆته ڕوسیا، ئه‌وه‌تا (ڤۆلین) لە لاپه‌ڕه (42)ی بەرگی یه‌که‌می پەرتووكی (شۆڕشی نه‌ناسراو * révoultion inconnu)دا گه‌یشتنی مارکسیزم بۆ ڕوسیا بۆ ساڵی 1881ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و نوسیوییه‌تی ” مارکسیزم و پارتی سۆسیال دیموکرات بوونه ڕوخساری بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشخوازی-پێشکه‌وتنی پیشه‌سازی- له‌ته‌ك پێشکه‌وتنی کو‌لتوور و- نه‌شونمای پیشه‌سازی- ڕه‌هایی وکۆنخوازی ئه‌و پێشکه‌وتنه ده‌سه‌لمێنێت، دوای مایه‌پوچی ئه‌و توندوتیژییه، که حزبی Narodnia Vola دژی تزاریزم به‌کاریده‌هێنا،چه‌ند ئۆرگانێك ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تیان له گۆرینی بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشخوازی ڕوسیدا بینی ، له هه‌موویان گرنگتر سه‌رهه‌ڵدانی مارکسیزم بوو.”
ئه‌و قسانه‌ی (ڤۆلین) ئه‌وه ده‌رده‌خەن، که مارکسیزم زۆر دره‌نگ خۆی به ڕوسیادا نه‌كردووە ، ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ش هێگجار زۆربووه بۆ تێگه‌یشتن و هه‌رسکردنی کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌کانی مارکسیزم، واته تێگه‌یشتن له (به ڕامیارییکردنی بزوتنه‌وه‌ی خۆبه‌خۆیی کرێکاران و جڵه‌وکردنی) و (ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیاریی و پراکتیزه‌کردنی دیکتاتۆریه‌تی پرۆلیتاریا). مارکسیزم له هه‌ڕه‌تی لاوی‌دا له دەرگەی ڕوسیای داوه و خۆی به ماڵدا كردووە و سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا پێشوازیان لێكردووە، گریمان ئه‌وه‌ی (ڤۆلین) وتوویه‌تی فڕی به‌سه‌ر ڕاستییه‌وه نییه و مارکسیزم دره‌نگانێك خۆی به ڕوسیادا كردووە،به‌ڵام سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا که‌مته‌خه‌میان نه‌كردووە و هه‌ر زوو به زوو خۆیان گه‌یاندۆته لای مارکسیزم، ده‌بووایه نووسەر له باسکاری ئه‌و دره‌نگ و زوو گه‌یشتنه، ئه‌و خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ی له‌به‌رچاوبگرتنایه، که ڕاسته‌وخۆیان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌و پرسە‌وه هه‌یه:
١- هه‌موومان ئه‌وه ده‌زانیین، که سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا گه‌مژه نه‌بوون و له کونی دیوار نه‌هاتبوه‌ده‌ر، ئه‌وان زۆریان به‌تایبه‌تی سه‌روه‌ره‌کانیان، له حزبی (Narodnia Vola) و ته‌وژمی (نه‌بووه‌کی-العدمیة- نەهیلیزم)ە‌وه هاتبوون، ئه‌و حیزب و ته‌وژمه یه‌که‌میان پارتێکی ده‌سه‌ڵاتخوازی بووه، بڕوایان به هیچ گۆڕانێك نه‌بووه، گه‌ر له توندوتیژی و سه‌ره‌وه بۆخواره‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێت، دووه‌میشیان بڕوای وابووه، بۆ بڕینه‌وه‌ی ئازار و چه‌وسانه‌وه له ڕه‌گه‌وه، ده‌بێت هه‌رچییه‌ك هه‌یه لەتەك زه‌ویدا ته‌ختبکرێت، دواتر به‌پێی حه‌ز و ویست و ئاره‌زوه‌کان پێکهاته‌یه‌کی دیكەی پاك دروستبکرێت.
2- سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا به سه‌لیقه‌تریین شاگردی گه‌وره‌تریین پارتی مارکسیست بوون، واته پارتی سۆسیال دیموکراتی ئه‌ڵمانیا، ئه‌وان له ده‌رچووانی خوێندگه‌که‌ی (کاوتسکی) بوون، ئه‌و ده‌مه ئه‌و (کاوتسکی)ە ده‌وڵه‌تخوازه مه‌زنتریین باسکار و ئاسانکاری هزره‌کانی (مارکس) و (ئینگلس) بووه، له‌و شاگرده به‌سه‌لیقانه دووانیان له هه‌موویان به‌تواناتر بوون به‌تایبه‌تی له پرسی پارتچێتی و ده‌وڵه‌تچێتیدا، مه‌به‌ستم لە (لینین) و (ترۆتسکی)یە.
3- من له‌و بڕوایه‌دام نووسەر ئه‌وه ده‌زانێت، که فه‌لسه‌فه و بیروباوه‌ڕ موڵکێکی تایبه‌تی ئه‌م تاک و ئه‌و تاك نین و له‌دایکبووی ئه‌م جێگه و ئه‌و جێگه نین، له هه‌ر کوێیه‌ك هه‌لوومه‌رجه بابه‌تی و خۆییه هاوتوخمه‌کان هه‌بن، هه‌مان فه‌لسه‌فه و بیروباوه‌ڕ بوونی دەبێت، واته مارکسێك، مارکسیزمێك هه‌یه، ڕوسیاش خه‌زێنه‌ی فه‌لسه‌فه و بیروباوه‌ڕی ڕامیاریی باڵاده‌ستی لێوان لێو بووه، تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یان پێگۆشه‌ده‌کرا، واته زۆر له تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی ڕوسیا که‌ره‌سه‌ی ئاماده‌کراوبوون بۆ مه‌یدانی ته‌راتێنی ده‌سه‌ڵاتخوازی و گۆڕانکاری له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، باشتر بڵێم گۆڕینی کۆمه‌ڵگه به زه‌بری هێزی هزر و تێپه‌رکردنی به فیلته‌ری ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تدا.
نووسەر ده‌رباره‌ی ده‌ستکاریکردنی دانراوه‌کانی مارکس، واته مارکسیزم، نوسیوییه‌تی ” کەسیش نازانێت نووسینەکانی مارکس چ دەستکاریەک کراون. تاکە سەرچاوەیەکیش کە مارکسیستەکانی ڕووس پەنایان بۆ بردبێت، کتێبی (ئەنتی دۆهرنگ) و (دیالەکتیکی سروشتە) کە هەردووکیان سەربەخۆ لە مارکس، لە ئینگڵسەوە نووسراون و لە ناکۆکیەکی گەورەیشدان لەگەڵ تێزەکانی مارکس …….. ئەو سەرچاوەیەی لە ساڵەکانی دوایی تەمەنی ئینگڵسدا، دەکەوێتە بەر ڕەخنەی ئینگڵس خۆی (بڕوانە پێشەکی کتێبی: ئەنتی دۆهرنگ). سەرچاوەی بیر‌و بۆچوونەکانی ئینگڵسیش ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیە. دایکی هەموو تەوژمە مارکسیستەکانی قوتابخانەی ڕووسیی مارکسیزمیش، بلیخانۆفە نەک مارکس ”
به بۆچوونی من، ھیچ که‌س له بۆ‌لشەڤیکه‌کان، هێنده چاوقایم نه‌بووه، تا بوێریی ئه‌وه بکات ده‌ستکاری نوسراوه‌کانی مارکس بکات، ئه‌و ده‌مه زیاتر له هه‌موو کاتێکی دیكە زیاتر بڤه‌تر بووه، چونکه لای بۆ‌لشه‌ڤیکه‌کان نووسراوه‌کانی ماركس لە ڕاستییه مێژوییه نه‌گۆڕاوه‌کان بوون، ئه‌وه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌کی دیكەشه‌وه سۆسیال دیموکراته‌کانی ڕوسیا، وه‌ك سۆسیال دیموکراته‌کانی وڵاته‌کانی دی، حازرخۆری به‌رسێبه‌ر بوون، بۆ ده‌ستکاریکردنی هزرێك، که له‌ته‌ك خواست و هیوا و مه‌به‌ستیاندا گونجاوبێت و به کوڵاوی و به پاکراوی هاتبێته به‌ر ده‌ستیان، هیچ پاساو و ھاندەرێکیان نه‌بووە، بێجگه له‌وه‌ش ده‌ستکاریکردن پێویستییه‌ك نه‌بووه، كە خۆی سەپاندبێت،مارکسیزمیش یا ئه‌وه‌تا وه‌ك خۆی وه‌ریده‌گریت و په‌سه‌ندیده‌که‌یت، یان ئه‌وه‌تا دووهێڵی ڕاست و چه‌پی به‌سه‌ردا ده‌هێنیت، ئه‌وه‌ی به‌لای بۆلشەڤیكه‌کانه‌وه گرنگ بوو، داهێنانی نوێ بوو به پشتبه‌ستن به مارکسیزم. مه‌گه‌ر بۆلشەڤیكه‌کان،به‌تایبه‌ت (لینین) ئه‌وانه‌یان نه‌کرده بنه‌مای داهێنانه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌کانیان
1-فه‌لسه‌فه‌که‌ی ئێمه شۆڕشگێڕانه دونیا ده‌گۆڕێت …
2- ئه‌و دوو خاڵه، که کۆمونیسته‌کان له بزوتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کرێکاران جیاده‌کاته‌وه [بڕوانه مانیفێستی کۆمونیست] واته بوونی کۆمونیستی پلە یه‌ك، پلە دوو…… تد
(لینین) ئه‌و بیروباوه‌ڕانه و هێندێکی دیكەشی کرده بنه‌مای داهێنانی ” ده‌ستبژێری هۆشمه‌ندی شۆڕشگێڕی پێشڕه‌و، ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕمان بده‌نێ ڕوسیا هه‌ڵده‌گێڕینه‌وه، بزوتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕ نییه، به‌بێ تیۆرێکی شۆڕشگێڕ”
له بواری دروستکردنی ده‌وڵه‌تی كڕیاری ھێزی كار، بۆچوونی (مارکس)ی کرده به‌ردی بناغه‌ی ده‌وڵه‌ته بۆلشەڤیكییه‌که، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، که (مارکس) وتوویه‌تی ” بین المجتمع الرأسمالي و المجتمع الشیوعي تقع مرحلة تحول المجتمع الرأسمالي تحولا ثوریا الی المجتمع الشیوعي و تناسبها مرحلة انتقال سیاسي لایمکن ان تکون دولة فیها سوی الدکتاتوریة الثوریة للبرولیتاریا” (بڕوانه مارکس انجلس مختارات ل235) به کوردی “قۆناخێکی گۆڕانی شۆڕشگێرخوازی ده‌که‌وێته نێوان کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری و کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمونیستییه‌وه، ئه‌و قۆناخی گواستنه‌وه‌یه، لەتەك قۆناخی ڕامیارییدا گونجاوە، ناتوانرێت ده‌وڵه‌تی ئه‌و کات دیکتاتۆریه‌تی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا نه‌بێت (بڕوانه مارکس انجلس مختارات ل235)
بۆلشەڤیكه‌کان زۆر له‌وه وریاتر بوون، که زیاد له پێویست گرنگی بده‌ن به فه‌لسه‌فه ڕه‌قوته‌قه‌که، چونکه باشده‌یانزانی ، که هیچی بۆ دروستکردنی پارت و ده‌وڵه‌ت لێ سه‌وزنابێت، ته‌نها نووسینێكیش له‌سه‌ر پرسی فه‌لسه‌فه وشکوبرنگه‌که په‌رتوکه‌که‌ی (لینین) بووه، واته ( المادیة و المذهب النقدي التجریبي)، ئه‌وه‌ش (لینین) چاری ناچاربووه، له‌ژێر فشاری پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌کانی ئه‌ندامانی پارته‌که‌یدا نوسیوییه‌تی. چییەتی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی پارتی بۆ‌لشه‌ڤی ده‌قاوده‌ق کۆپی ده‌وڵه‌ته كڕیارەكەی هێزی کاری لای (کارل مارکس) بووه.
هه‌ندێك له سۆسیالیسته‌کان ده‌ڵێن پێویستیبوونی ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆری شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریای نێوان کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری و کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمۆنیستی هزری (مارکس) نه‌بووه، بۆی هه‌ڵبه‌ستراوه، گریمان ئه‌و بۆچوونە‌ی ئه‌وان ڕاسته، به‌ڵام ئه‌وان بۆچی ده‌قێکی (مارکس)مان نیشانناده‌ن، که دژی ئه‌وه نوسرابێت، له‌وه‌ش ناماقوڵیتر نییه، گه‌ر بووترێت، بۆنه‌یه‌ك نه‌بووه، یان (مارکس) ئاوەزی به‌وه نه‌شکاوه، كە دژی ئه‌و ده‌وڵه‌ته بنوسێت (تکایه ڕه‌خنه له پرۆگرامی گۆتا) به‌سه‌ربکه‌ره‌وه.
به بۆچوونی من، ئەگەر ده‌وڵه‌تخوازان و پارتخوازان له مرۆڤایه‌تی بهێنینه‌ده‌ره‌وه، بە ڕۆشنی بۆمان دەردەكەوێت كە له‌وه‌تەی مرۆڤ هه‌یه، مرۆڤایه‌تی به دوای ڕێکخستنێکدا ده‌گه‌ڕێت، که له‌وه‌ی ڕابودوو و له‌وه‌ی ئێستاشی نه‌چێت، به‌ڵکو بۆ داهاتوو بشێت،تا ڕزگاری ببێ، ئه‌و ڕێکخستنه‌ش نه پارتییه، نه ده‌وڵه‌تییه،هه‌ر ڕێکخستنێك به‌و دوو فیلته‌ره‌دا تێبپه‌ڕێت، هه‌ر ڕێکخستنه سه‌رمایه‌دارییه دیکتاتۆرییه‌که‌یه‌ته خۆیه‌تی و هیچی دی، هزری ده‌وڵه‌تخوازیی،نه‌ك هه‌ر لە سه‌رده‌می هه‌ڵکشانی شۆڕشخوازیدا دژه شۆڕشه، بەڵكو هه‌ر له سه‌ره‌تاشەوه دژه شۆڕش و کۆنخوازه.
له‌و بواره‌دا، واته بواری (ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆریه‌تی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا) پرسیارێکی سه‌نگین و گرنگ خۆی ده‌سه‌پێنێت، گه‌ر سه‌رده‌می شۆڕشی ڕوسی (مارکس) له ڕوسیا بووایه و له پله‌وپایه‌که‌ی (لینین)دا بووایه، چی به کرێکاران ده‌وت، پێیده‌وتن ئێوه شۆڕشی خۆتان كردووە، ئه‌وه‌نده ماوه ده‌ستی پێوه‌بگرن، خۆتان به خۆتان بۆ خۆتان به‌ڕێوه‌یبه‌رن، ئیتر ئێمه کارێکمان نه‌ماوه ده‌گه‌ڕێینه‌وه ناو خاووخێزانی خۆمان، هه‌رکات پێویستان به ڕاوێژێك، ئامۆژگارییه‌ك یان ده‌فته‌رکارییه‌ك بوو، ئەوا ئێمه له خزمه‌تداین، ئایا ئاوایان ده‌کرد و ده‌یوت، یان ئه‌وانیش یه‌کێتی سۆڤیه‌ته‌کانیانی ده‌کرد به یه‌کێتی لیژنه پارتیه‌کان؟ واته پارت ده‌خرایه جێگه‌ی چین؟ دیکتاتۆریه‌تیان ده‌خسته جێگه‌ی دیموکراتی ڕاسته‌وخۆی ئازاد؟ له‌و بڕوایه‌دام به لۆجیکی ده‌وڵه‌تخوازیی هه‌ر وه‌ك (لینین)یان ده‌کرد. وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه سه‌نگی مه‌حه‌که، که‌واته(گوڵه‌که وا لێره‌دا، با لێره‌دا سه‌مابکه‌ین).
من ڕێگه به‌خۆم ناده‌م ئامۆژگاری نووسەر بکه‌م، به‌ڵام ده‌بووایه نووسەر نه‌بووایه‌ته مامه‌خه‌مه‌ی ده‌ستکاریکردنی مارکسیزم، ده‌بووایه وه‌ك سۆسیالیستێك ببووایه‌ته مامه‌خه‌مه‌ی شێواندنی سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕی ڕه‌سه‌ن و دژی ئه‌وه بووایه، که ئه‌و ڕه‌سه‌نییه ناڕه‌سه‌نکرا، سۆسیالیزم کرا به زانستی ڕامیاریی، واته کرا به فه‌لسه‌فه، هزری سۆسیالیست، هزرێکی شۆڕشخوازی ئازادیخوازە، نه‌ك زانست و فه‌لسه‌فه، زانست و فه‌لسه‌فه، بۆ گۆڕینی ڕیشه‌یی کۆمه‌ڵگه هیچیان له‌بارا نییه.
چاره‌نووسی ڕه‌شی شۆڕشی ڕوسیا خه‌تای ده‌ستکاریکردنی مارکسیزم نه‌بوو، له بنه‌ڕه‌تدا له به‌پارتکردن و به‌ده‌وڵه‌تیکردنی سۆڤیه‌ته‌کانه‌وه سه‌رچاوه‌یگرتبوو، بێگومان به زه‌بری دیکتاتۆریه‌تی ده‌وڵه‌ت. به بۆچوونی من، مارکسیزم ده‌ستکاری نه‌کراوه،خۆی چۆن بووه ئاواهی پراکتیزه‌کراوه، ده‌با ئیدی به‌س بکرێت به خه‌تای ئەم و ئەو.
ده‌رباره‌ی به‌زمی (ئه‌نتی دوهرنگ) و (دیالیکتیکی سروشت) من بۆ خۆم، هێنده‌ی لێنازانم، وه‌نه‌بێت ئه‌وانه و زۆری دیشم نه‌خوێندبنه‌وه، به‌ڵام من بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نه‌مخیۆندونه‌ته‌وه، تا بۆم ده‌رکه‌وێت (هێلکه له مریشکه، یان مریشك له هێلکه‌یه)، لەلاشم گرنگ نه‌بووه کێ ده‌ستکاریكردووە و چۆن چۆنی ئه‌و ده‌ستکارییه‌ی كردووە؟ باوه‌ڕناکه‌م ئینگلس مه‌به‌ستی ده‌ستکاریکردنی مارکسیزم بووبێت، هه‌روه‌ها باوه‌ڕناکه‌م ئینگلس دێڕێك یان په‌ره‌گرافێکی بڵاوکردبێته‌وه به‌بێ ئاگاداری (مارکس)، ھەروا بڕواشناكەم دوای مردنیشی له‌و بواره‌دا کارێکی نابه‌جێی کردبێت، چونکه ئینگلس له (مارکس) خۆی مارکسیستتر بووه، پێیانوایە ئینگلس مارکسیزمی کردووەته ھزرێكی ڕیفۆرمخواز، چونکه له پێشه‌کییه‌کدا، که بۆ کتێبێکی مارکسی نووسیوه، باس له هه‌ڵبژاردن ده‌کات و بۆ ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵات، به ئامرازێکی باشی زانیوه. من گومانم هه‌یه له بنجوبناوانی ئه‌و باسه، کێ ده‌ڵێت ئینگلس ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی له مارکس خۆیه‌وه وه‌رنه‌گرتووه، چونکه مارکس ساڵانی 1848تا 1871لایه‌نگری بزوتنه‌وه‌یه‌کی چه‌کداری کرێکاران نه‌بووه،جا به دووری نازانم مارکس خۆی نه‌که‌وتبێته سه‌رکه‌ڵکه‌ڵه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه و به ئه‌لته‌رنه‌تیڤێکی زانیبێت.
ئه‌وه‌ش که پلیخانۆف دایکی ته‌وژمه مارکسیسته‌کانی ڕوسیا بووه، نه‌ك مارکس، ئه‌وی ڕاستبێت من زۆر ئه‌و پیاوه ناناسم، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانم به دیوه‌که‌ی دیكەیدا وه‌ك (لینین) بووه، به‌ڵام ئه‌و ڕامیارییه‌کی نابووت بووه، وێنه‌ی (لینین) بزێ و به‌توانا نه‌بووه، به‌پێی زانیارییەكانی من، ئه‌و نوسینی زۆر که‌م بووه، من زۆر به‌دوای نووسینی ئه‌ودا گه‌ڕاوم، بەڵام هیچم ده‌ستنه‌که‌وتووه، ته‌نها یه‌ك نامیلکه‌ی ئه‌وم به زمانی عه‌ره‌بی به‌ناوی (ڕۆڵی تاك له مێژوودا) بینیوه و هیچی دی، ئیدی چۆن و به‌چی بووەته دایکی ته‌وژمه مارکسیسته‌کان؟ نازانم !! عه‌ره‌بزمان واته‌نی(علمي علمك).
سه‌یره نووسەر باسی ته‌وژمه مارکسیسته‌کان ده‌کات، مارکسیزم فره ته‌وژم نه‌بووه و نییه، مارکسیزم فه‌لسه‌فه‌یه‌کی هاوڕه‌گه‌زی تێکسمڕاوه، مارکسیسته‌کانی ئه‌م به‌ر و مارکسیسته‌کانی ئه‌و به‌ر، هیچ جیاوازیه‌کیان نییه، وه‌ك ته‌یری گول عاشق به‌داری زه‌قنه‌بووتن، واته عاشق به (حیزب) و (ده‌وڵه‌ت)ن.
نووسەر له‌باره‌ی کۆمۆنه‌وه نوسیوویه‌تی “بە پێچەوانەی دەسەڵاتە ئاسمانیەکەی دەوڵەتی سۆڤێتیەوە، کۆمۆنە ڕایگەیاند بەبێ داگرتنی سیاسیەکان بۆ سەر زەوی و داماڵینیان لە هەموو دەسەڵاتێک، کۆمەڵگا ناتوانێت هیچ دەستکاریەکی ئەو پەیوەندیە ئابووریانە بکات، مرۆڤ لە سایەیدا، سەلبی هەموو ئازادیەکانی دەکرێت.”
به بۆچوونی من ئه‌و باسه‌ش،هه‌ر وه‌ك باسه‌کانی پێشوو وایه، شۆڕشی ڕامیاریی ئابووری ده‌گۆڕێت، سه‌رخان ژێرخان ده‌گۆڕێت، واته شۆڕش سه‌ربه‌ره و خواره، نازانم ئه‌و ڕاگه‌یانده‌یه ده‌ستنووسی کێیه؟ ئه‌وه‌ی منی سه‌رسامكردووە؛
1- بۆچی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌تی ئاسمانییه؟
2-ئه‌مه یه‌که‌م جاره ببینم و ببیستم پێش (لینین)، که‌سانێك، یان که‌سێك ئاوا بکات، مه‌دحی یاری خۆی، واته (شۆڕشی ڕامیاریی) نازانم بۆ نووسەر وه‌ها سه‌رسام و پێی دڵخۆشە؟
سۆسیالیسته‌کان تا ئه‌م ڕۆژ له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن، که شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی بریتییه له گۆڕانێکی ڕیشه‌یی شێوازێکی به‌رهه‌مهێنان و دابەشكردن به شێوازی به‌رهه‌مهێنان و دابەشكردنێكی نوێ، هه‌ندێك له‌و سۆسیالیستانه سه‌ر به فێرگە‌ی سۆسیالیزمی ده‌وڵه‌تین، واته سۆسیالیزم به شۆڕشی ڕامیاریی سه‌ربه‌ره‌وخوار، ئه‌وانی دیكە سۆسیالیزمی ئازادیخوازی دژه ده‌وڵه‌ت (ئه‌نارکی)ن، واته شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی له خواره‌وه، به بیر و بۆچوونی سۆسیالیستانی ئازادیخواز، شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له ژێر ژێرخانی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تییدا توندوتۆڵ ڕه‌گه ئابوورییه‌کانی خۆی داده‌کوتێت، هێدی هێدی گەشەدەكات ده‌کات و ژێرخانی کۆمه‌ڵگه هه‌ڵده‌ته‌کێنێت و خۆی دەسەپێنێت، ئه‌و جۆره شۆڕشه‌ش، کاتێکی هێکجار زۆر زۆری پێده‌چێت، ئه‌و درێژه‌کێشانه، هه‌ناسه کورتیی یارانی (کن فیکون) و گۆچانی جادوویی بۆیان هه‌رسناکرێت و پەسەندیناکه‌ن؟ له‌به‌ر دوو هۆی سه‌ره‌کی؛
1- ئه‌و جۆره شۆڕشه هه‌ڵگر و خوازیاری ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی نییه.
2- ئه‌وان شۆڕشی ڕامیاریی به تێپه‌ڕبوون ده‌وڵه‌تبووندا، به کورترین ڕێگه بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی سۆسیالیستی ده‌زانن!!
له ئێستادا نامه‌وێت ده‌رباره‌ی ئه‌و کۆمۆنه‌یه هیچ بڵێم، چونکه چه‌ند بابه‌تێکم به فه‌ره‌نسی له‌به‌رده‌ستدان، كە دەمەوێت وەریانبگێڕمە سەر زمانی کوردی و به چه‌ند به‌شێك بڵاویان بکه‌مه‌وه، به‌و هیوایه‌ی که هه‌ناوی ئه‌و خه‌وخه‌یاڵ و ئاوه‌ژووکردنه‌وه‌ی ڕاستییه مێژووییه‌کان ده‌ربکه‌وێت، که کراون به خه‌رمانه‌ی ده‌وری کۆمۆنه، ته‌نها به‌ڵگه‌نامه مێژوییه‌کان و ڕه‌واندنه‌وه‌ی خه‌وخه‌یاڵه‌کان ده‌توانن ده‌ریبخه‌ن، که ئه‌و کۆمۆنه‌یه و ئه‌وانی دوای خۆی چ جۆره شۆڕشێك بوون.
سه‌لام عارف
پەراوێز:
* سەرچاوەی دەقە ئینگلیزییەكەی “شۆڕشێكی نەناسراو”
http://theanarchistlibrary.org/library/Voline__The_Unknown_Revolution__1917-1921._Book_One._Birth__Growth_and_Triumph_of_the_Revolution.html
بۆخوێنەوەی بابەتەكەی نووسەر
http://kurdistanpostinfo.com/Readblogbywriters.aspx?id=%D8%A6%DB%95%D9%86%D9%88%DB%95%D8%B1%20%D9%86%DB%95%D8%AC%D9%85%DB%95%D8%AF%DB%8C%D9%86