Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
دابڕان!…. نەهرۆ

دابڕان!…. نەهرۆ

Closed
by April 19, 2012 چیرۆک

 

هەورە ڕەشە تاریکەکان لێکیان دەدا، مژدەی زستانێکی تووش دەدەن، شوکر باریکڵەیەکی سپی ڕەنگ بوو، جووتی چاوی قووڵی قاوەیی پێوەبوو، کۆڵە پشتێکی پێیە، دەستی لباسی ژێرەو، تاقم تەراش و فڵچەو مەعجونی دەمودانی تیایە، کاتێ سەفرەوزەروونی جێهێشت رووی لە گوندی ئەڵەوەتان کردبوو بەمەبەستی سەردەشت، لەژیانی دا وا بۆ یەکەم جارە بەم شێوەیە هەستی نامۆیی دایگرێ، هەستی دەکرد بەرەو چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێ، قاچەکانی بەزەحمەت لەدووی دەهاتن، بیر لە چارەنووسی دایک و خۆشک و براکەی دەکردەوە!
من لەدووی ناوەندی بووم شوکرم دەناسی، شوکر خەڵکی گوندێک بوو، دوو کیلومەتر لە شارەوە دوور بوو، شوکر هەمیشە مەلوول و ڕەنگ زەرد بوو، سەرەتا ئێمە نەماندەزانی بۆ ئاوا ڕەنگی زەرد هەڵگەڕاوە، هەروا هۆی مەلوولیەکەشی روون نەبوو، کاتێ لە پشووی نێوان وانەکان ئێمە دەڕژاینە نێو گۆرەپانی قوتابخانەکە بەشێوەیەکی خۆرسکی کۆدەبووینەوەو باسی یانەکانی تۆپی پێمان دەکرد، باسی زنجیرەی تەلەفزیونی وفیلمی ڕۆژی هەینیمان دەکرد کە زۆر جاران سەرگوزەشتەی دڵداری وهەژاری دەگێڕایەوە، شوکر تێکەڵی ئێمە نەدەبوو تەنانەت بۆ رۆژێکیش بەشداری ئەو ئاخاوتنانەی نەکرد، شوکر لەکاتێ پشووی نیوان وانەکان ئەچوو بەتەنیا لەسەر قاڵدرمەکە دادەنیشت و دەکەوتە بیرکردنەوەیەکی قووڵەوە! ئێمە دەمانزانی شوکر حەزی لە تێبڵ تینسە بەڵام پێدەچوو پارەی پێنەبوو یاری بکا، بەدرێژایی ساڵ شوکر بەپێ هاتووچووی نیوان گوندەکەیان وقوتابخانەی دەکرد، کوڕە دەوڵەمەندێک خەڵکی هەمان گوندی ماڵی شوکر بوو بە پایسکل هاتووچووی دەکرد، لەرێگای ئەم کوڕەوە نهێنی ژیانی ماڵی شوکرمان پیدەگەیشت، رۆژێک لێمان پرسی کە بۆ چی شوکر بەشداری ئاخاوتنەکانی ئێمە ناکا لەسەر پروگرامەکانی تەلەفزیون، ئەو گوتی ماڵی شوکر تائێستا تەلەفزیونیان نییە! شوکر بەزستان دەستەکانی دەخستە نێو گیرفانی قەمسڵەکەیەوە وەک ئەوەی لە چاوی ئێمە بیشارێتەوە، دەستەکانی بە زستان (پاسرگیا) یەکێک هۆی ئەم نەخۆشیەی پیست نەزانیبایە دەیگوت دەستی چڵکنە! تائێستاش نازانم بۆ دەستی شوکر وقوتابیە هەژارەکانی دی بەزستان وایلێدەهات، لەوانەیە کەم بوونی ڤیتامین بوو یان هەوای وشکی زستانی ئەو دەڤەرە وایلێدەکرد، دیارە کوڕە دەوڵەمەندەکان پێیان گوتبوو دەستەکانت پیسن، بۆیە ئەویش ئەوەها لە ناو گیرفانەکانی دەیشاردنەوە، شوکر بەدرێژایی ساڵ کراسێکی سەوزو پانتۆڵێکی ڕەشی هەبوو، زستانانیش قەمسڵەیەکی شڕی لەبەر دەکرد، زۆربەی قوتابیە هەژارەکان یەک دەستە جلیان هەبوو تەنانەت هەندێکیان پینەی جلەکانیان دەکرد!
دراوسێیەکەی ماڵی شوکر هەر رۆژەو شتێکی لەمەر بەسەرهاتی شوکر دەدرکاند، لەرێگای ئەوەوە دەمانزانی باوکی شوکر پۆلیسە لە مەخفەرێکی سەر مەرز، تەنیا رۆژی هەینی دێتەوە بۆ ماڵەوە، شوکر خۆشک و برایەکی دی هەبوو لە خۆی بچوکتر بوون، رۆژێک لێمان پرسی بۆ چی شوکر وا ڕەنگی زەردو مەلوولە لەوەڵام دا گوتی باوکیان عارەق دەخواتەوەو قومار دەکا، یەک لەسەر سێ یی مووچەکەی دەداتە ماڵەوە، مانگی واش هەیە هیچیان ناداتێ، ماڵی شوکر زۆربەی جەمەکانیان نان و چایە یان نیسکینەیە بە بەهارانیش تۆڵەکە دەخۆن، بۆ نەگبەتی باوکی شوکر حەزی لە بێوەژنێکی گوندەکەمانی کردووە بەناوی نەشمیل، نەشمیل هەتا بڵی جوانەو شەهوانیە، دوو چاوی گەورەو لێوێکی ئەستوری پێوەیە، لووتیشی وەکو لووتی کچە یونانیەکانە کورت وبەرزە! دەموچاوی خڕە، قسە لە گەڵ هەر کەسێک دا بکا لە خەشتەی ئەبا ئیدی بەم شێوەیە باوکی شوکری لە خەشتە بردبوو، باوکی شوکر کاتێ بەرۆژ دەگەیشتەوە، سەری لەمناڵەکانی ئەدا، دوای ماوەیەک کە لە ماڵەوە دەبوو لەگەڵ دایکیان لەسەر کەمی خەرجی دەبووە شەرومرافەیان، ئەو باوکە وەک پۆلیسێکی دڵڕەق بەردەبووە سەروگوێلاکی خیزانەکەی، ئەویش هاواری دەکرد، دراوسێیەکان هەموو لێیان کۆدەبوونەوە، دایکی شوکریش چاوی چووبوو کاسەیا، دەمی قوپا بوو، لەڕولاواز لووتت بگرتبایە گیانی دەرئەچوو! قوتوە نەوتێکی لە تەک خۆی دائەناو دەیگوت خۆم دەسووتێنم، دەیگوت بەیانیان بەمشت چای قەرز ئەکەم لەدوکانەکەی دراوسێمان، جەمەکانمان بە نان وچا و نان ودۆ دەگوزەرێنین، باشە ئەگەر میوانێک روومان تێبکا چیمان هەیە بیدەینێ! ئەم عارەق خواردنەوەو قومار کردنەت هەتا کەی؟ سەرباری ئەوەش هەفتەی رۆژێک لە ماڵەوەی، شەوەکەی دەچی بۆ لای نەشمیل خانم، من جاران لەنەشمیل جوانتر بووم دوای سێ زگ و نەبوونی لەسایەی تۆ دا واملێهات، تۆ بۆ خوت لەمەخفەر خواردنتان بۆ دروست دەکەن، تیرو تەسەلی، بیرێک لە مناڵەکان بکەوە، ئەوە شوکر پانزدە ساڵە چۆن ڕەنگی زەرد هەڵگەڕاوە، بەم شێوەیە هۆی تەریک بوونەکەی شوکرمان بۆ ئاشکرا بوو، ماڵی شوکر پایزان بەو سەرمایە قوڕکارییان دەکرد، شوکر دەیگوت، من قوڕ بۆ دایکم دەگرمەوە، ئەویش بەناولەپی دەستی، سەربانەکەمان سواغ دەدا، پەیوەندی باوک و دایکی رۆژ لە دوای رۆژ تا دەهات ساردتر و ساردتر دەبووەوە، تاوایلێهات باوکی بە جارێ پشت لە خێزانەکەی بکاو هەموو بایەخ و سەرنجی بخاتە سەر نەشمیل خانم، ئیدی کەس نەبوو خەرجی خێزانەکەیان لە ئەستۆ بگرێ هەر بۆیە شوکر وازی لە قوتابخانە هیناو رووی لە مەیدانی کار کرد، لەسەرەوەی ماڵی شوکر تازە بە تازە سەد خانوویان دروست دەکرد بۆ سەربازە خۆ بەخشەکان، شوکر لەوێ دەست بەکار بوو، سەرەتا بناغەی خانووی هەلئەکەند دواتر بە بەرد یان بە خشتی شکاو بناغەکەیان هەلئەچنی، شوکر زۆر زیرەک بوو لەکارکردندا، ماوەیەکی پێچوو بوو بە وەستای دیوار، زۆر کەیفی بەخۆی دەهات لەکاتی وەستایی دا ، تیشوەکەی لەسەر شان دائەناوشاوڵەکەی ئەخستە گیرفانیەوە، زۆر نەرم بوو لەگەل کرێکارەکاندا، هەرگیز هاواری نەدەکرد بەسەر عەمەلەیا، بەزمانی خۆش هەموویانی ئەدواند، بە تایبەتی کاتێ بەیانی کە سارد وزوقم بوو، کیسەی بەتاڵی چەمەنتۆیان کۆدەکردەوە ئاگریان تێبەرئەداولەدەوری کۆدەبوونەوە، هەندی جاریش چیلگەیان دەخستە سەری هەتا ئاگرەکە بەردەوام بێ، کاتێ کە شوکر بوو بە وەستای تەواو رۆژانەکەی زیادی کرد، بەم شێوەیە دایک وخۆشک و براکەی بووژاندەوە، ئیوارانی پینج شەممە دەچوون بۆ چایخانەیەکی شار لەوێ بەڵێندەرەکە پارەی بەسەرا دابەش ئەکردن، ئەویش جاروبار قوماش وکراسی بۆ دایک و براو خۆشکەکەی دەکڕی، رۆژانی هەینییش دەچوو بۆ شار سەری لە چایخانەکەی فەتاح ئەداو دواتر ئاردو برنج و رۆن وفاصولیاو نۆک وشەکروچایی دەکڕی وجێبێکی دەربەست ئەگرت و ئەهاتەوە بۆ ماڵەوە، شوکر ڕقی زۆری لە عارەق خۆرو قومارچی دەبوەوە لەبەر ئەوەی ڕەزالەتی باوکی بینیبوو!
ئێمە زۆر پێمان ناخۆش بوو کە شوکر وازی لە قوتابخانە هینا، دەمانزانی بەناچاری وازی هینا ئەگینا ئەو قوتابییەکی زیرەک بوو، لەوانەیە دوارۆژ لە کۆلێجیکی باش بخویندبایە وکاریکی ئاسانی دەست بکەوتبایە، بەڵام ئەمە چارەنووسە کەس نازانێ خیر لەچی دایە!
چەند ساڵێک شوکر ویژدانی ئیسراحەت بوو کە ئیش دەکاو ماڵەوە بەخێو دەکاوناهێلێ چاویان لەدەستی ناکەس بەچە بێ! بەڵام کە تەمەنی بوو بە هەژدە ساڵ تازە شەڕی ئێران/ئێراق دەستی پێکردبوو، بەرەکانی جەنگ گەرم بوو، بۆیە داوایان کرد بۆ خزمەتی سەربازی، کە چوو بۆ سەربازی لەبەشی پیادە وەریانگرتبوو، بەشی پیادەش لە پێشەوەی هێرش و پەلامارەکاندا بوو، چەند کەسێک لەگوندەکەی ماڵی شوکر لەشەڕەکەیا کوژران، لەوانە کەنعان، عەباس، مەولود کەرۆژئاوا دەبوو تابوتەکانیان دەهێنایەوە هەتا ورەی خەڵک دانەبەزێ، دیمەنێکی ترسناک بوو مەرگ وتاریکی تێکەڵ دەبوو بەیەک، تابوتەکان بە ئاڵاوە پێچرابوون، ئیدی شوکر ترسی لێنیشت، پێوابوو بەم نزیکانە لە شەڕێکی نارەوا بەکوشت ئەچی و ئەبێتە تڕی بن گۆم! پێشتر وەستایەکی کاشی هەبوو زۆر باسی شورش و پێشمەرگەو شەڕی بەرگری لای شوکر کردبوو، بۆیە شوکر پێوابوو ئەو خەڵکانیک دەناسێ لە ریزەکانی شورش، رۆژێکیان شوکر لەپشووی سەربازی گەڕایەوە، یەکسەر سەردانی وەستا کاشیەکەی کرد، پێگوت تۆ ئەزانی من لەدۆخێکی دژواردا ئەژێم، سبەی دوو سبەی منیش وەکو دراوسییەکانی دی بەکوشت ئەچم، بۆیە دەمەوێ پەیوەندی بە شورشەوە بکەم، وەستا کاشیەکە سەرەتا بە گومان بوو لە قسەکانی،لەوەڵام دا گوتی منیش وەکو تۆ کەس ناناسم بەڵام کە دوایی بۆی دەرکەوت کە شوکر نیازی پاکە، بەڵێنی دا نامەیەکی بۆ بنووسێ، ئیدی شوکر نامەکەی بردو پەیوەندی بەشورشەوە کردو بوو بە پێشمەرگە، دوای ماوەیەک لە پێشمەرگایەتی بارودۆخی خێزانەکەیان تێکچوو، چ لەرووی گوزەرانەوە چ لەرووی سەقامگیرییەوە، پیاوانی ڕژیم هەموو ڕۆژێک دەچوونە سەریان پێیان دەگوتن دەبێ شوکر بهێننەوەو تەسلیمی بکەن، تاوایلێهات ڕۆژێک پۆلیسک بەچەکەوە هات بە ماڵەوەیان و گوتی، دەستبەجی دەبێ خۆتان بپێچنەوە، رەوانەی شاری حلە کراون، ئەوانیش هەندێ مراوی و مریشکیان هەبوو دایان بە دراوسێیەکانیان، شمەکەکانیان دابەش کرد بەسەر ماڵان داو ڕویشتن بۆ شاری حلە، لەوێ لە ناو قوتابخانەیەکی چۆڵ چەند ماڵێک کۆکرابونەوە، زۆربەی ئەو ماڵە کوردانە بوون کە کوڕەکانیان پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردبوو، خاڵی شوکر لەشورشی پێشوو کادیر بوو، دوای ئاشبەتاڵ گەرابوەوە بەغدا، لەوێ ژنی هیناو نیشتەجی ببوو، هەر کە زانیبووی خۆشکەکەی و مناڵەکانی ڕەوانەی حلە کراون، یەکسەر بەرتیلی دابوو بەدزییەوە هینابوونی بۆ بەغدا، دیوێکی بۆ بە کرێ گرتبوون، خۆشکەکەشی لەکارگەی چنین دامەزراند بوو، ئیدی بە ژیانی کولەمەرگی ئەو خێزانە لە بەغدا دەژیان!
شوکریش هەر چۆن لە کرێکاری زوو بوو بە وەستا، لەپێشمەرگایەتیش هەر زوو فێری هونەری شەڕکردن بوو، بۆی دەرکەوت کە ئازایەتی فێربوون و وەرگرتنە، شتێک نیە خەڵک لە زگی دایکیەوە هەیبێ یا نەیبێ!
شوکر بیری لە مەرگ نەدەکردەوە، دەیزانی ئەگەر لێرە بکوژرێ شەهیدی گەل و نیشتمانە، لە پێناو مەسەلەیەکی رەوا گیانی خۆی لەدەست دەدا، بۆیە بە بێ گوێدانە مەرگ بەشداری چالاکیەکانی دەکرد.
ڕۆژێکیان دەیانەوێ ڕەبایەیەکی سەربازی بگرن، فەرماندەی پێشمەرگەکان شوکر لەدەستەی پەلامار دائەنێ، سەعات سفریشیان یەکی شەوە، کاتێ شوکر لەگەڵ هاورێیەکانی بەو تاریکی یە ئەنگوست لە چاوە هێرش دەبن بۆ پێشەوە، گولەیەک بەر قۆڵی دەکەوێ و چەکەکەی لەدەست بەر ئەبێتەوە!
ئیدی لەو شەوەوە دەستی شوکر گووج بوو نەیتوانی چەک هەڵگرێ، بەڵام دەمانچەیەکیان پێداو ماوەیەک لە گوندەکان لە گەڵ پێشمەرگەیا دەسوڕایەوە، دوای ماوەیەک بێزار بوو لە چوونە ماڵان، خۆی بەئەرکێکی قورس دەهاتە بەرچاو بەتایبەت شورش نەبوو بوو جەماوەریش لە کولەمەرگی دەژیان بۆیە بریاری دا ئاودیوی ئێران بێ و بچێ بۆ ئوردگا.
رۆژیکی دڵتەنگ بوو، هەورەکان وەک ڕانە مەڕ تێکەڵ بە یەکدەبوون، هەوری رەش و تاریک مژدەی زستانێکی تووش ئەدەن، شوکر بە دەستێکی گووجی ئەبەدییەوە، کۆڵەپشتێکی پێیە دۆڵەکەی سەفرەوزەروون جێدەهێڵێ، هەستێکی قورسی دابڕان دایئەگرێ، دابڕان لە نیشتمان، دابڕان لە دایک وبراو خۆشک، دابڕان لەشورش و جەماوەر، بەرەو نامۆیی و دنیایەکی نادیار هەنگاو دەنێ و نازانێ چەند ساڵی دی ئەم جەنگە شووم ونەگریسە تەواو دەبێ؟


نەهرۆ/ نەرویج

١٨/٤/٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.