دارستانی چیرۆكه ئه‌فسانه‌یییه‌كان
به‌هۆی باران بارینی زۆره‌وه، دارستانه‌كه دره‌خته‌كانی تێكچڕژان. دارستانی ئه‌فسانه‌كان له ناوچه‌یه‌كی شاخاوی لاچهپدایه، نزیكه‌ی چوار بۆ پێنچ كاتژمێر له شاری مردوو په‌رسته‌كانه‌وه دووره. ئه‌و پیره‌پیاوانه‌ی دوای نوێژی عه‌سر له‌بن دیواری مزگه‌وته‌كان داده‌نیشتن و ته‌سبیحه قهزوانهكانیان له گیرفان ده‌رده‌هێناو ده‌ستیان ده‌كرد به چیرۆك گێڕانه‌وه. به‌شێكی زۆری چیرۆكه‌كان له هه‌ناوی یاداشته‌كانی خۆیانه‌وه رێچكه‌ی ده‌كرد، ئه‌وه‌ی تریشی بۆ ئه‌و چیڕۆكه ئه‌فسانه‌یییانه ده‌گه‌ڕایه‌وه كه له دارستانه تێكچڕژاوهكهدا هه‌میشه چیرۆكه‌كانی نوێ ده‌كرده‌وه. ئه‌و دارستانه‌ی كه هه‌زاران چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگربوو، وه‌لێ هیچ چیڕۆكێك هێنده‌ی چیڕۆكی سه‌رهه‌ڵگرتنی من له‌م ده‌م بۆ ئه‌م ده‌م نه‌گێڕدراوه‌ته‌وه.
له‌سه‌ر وه‌ختی خوێندنم له دوا قۆناغی كۆلیژدا به هۆی زۆر خوێندنه‌وه‌و فشاری ده‌روونی و توێژینه‌وه‌ی ورد‌و به‌رده‌وام له‌باره‌ی جۆره‌كانی نه‌خۆشی و چۆنیه‌تی دروستكردنی ده‌رمانه‌وه، به شێكی زۆری ئه‌قڵم له ده‌ستدا و به‌و هۆیه‌وه وازم له خوێندن هێنا. دواجار سه‌رم هه‌ڵگرت بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه زۆرترین چیڕۆكی له‌باره‌وه له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتبوو.
سه‌رگه‌ردانبوون و خووگرتن به‌و دارستانهتێكچڕژاوه، خۆی له خۆیدا چیڕۆكێكی نوێ بوو بۆ شاری مردوو په‌رسته‌كان. چیرۆكه‌كه‌یان ناو نابوو: چیرۆكی دكتۆر گه‌ڵا. كه رووم كرده دارستانهتێكچڕژاوهكه، رۆژ و شه‌و خه‌ریكی توێژینه‌وه ده‌بووم له‌باره‌ی شیكردنه‌وه و توێژینه‌وه‌ی گه‌ڵاكان، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری تازه‌وه، ئه‌و ژووره‌ی كه له دار‌و قوڕو گه‌ڵاو به‌رد دروستم كردبوو، هه‌میشه بۆنی ده‌رمانی لێ ده‌هات. له ماوه‌یكی كه‌مدا له‌ناو خه‌ڵكی شاری مردوو په‌رسته‌كاندا وه‌ها بڵاوكرایه‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌خۆشێك چاره‌سه‌ری له‌لای دكتۆره‌كانی شار نه‌ما، دوا چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌یه ده‌بێت بیبنه لای دكتۆر گه‌ڵا. به‌شێكی زۆری ئه‌و نه‌خۆشانه‌یش نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بوون. ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی به هیوا بڕاوی ڕه‌وانه‌ی ماڵ ده‌كرانه‌وه‌و دواتر ده‌هێنرانه لای من، منیش دوای وه‌رگرتنی نه‌خۆش پێیانم ده‌گوتن:
– دوای هه‌فته‌یه‌كی تر سه‌ردانم بكه‌نه‌وه…!
ته‌واوی چاره‌سه‌ره‌كان به گه‌ڵای دره‌خته‌كان بوون، چاره‌سه‌ره‌كان بێ به‌رامبه‌ر بوون، ته‌نها قسه‌م ئه‌وه بوو مرۆڤه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سروشت و سروشت له بیر نه‌كه‌ن، چۆن ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان سروشت له بیر بكه‌ن، بێگومان سروشتیش مرۆڤه‌كان له بیر ده‌كات. دوای چاره‌سه‌ركردنی چه‌ندین نه‌خۆش چیڕۆكی دكتۆر گه‌ڵا له‌ناو شاردا بڵاو بۆوه، رۆژانه له چایخانه‌كاندا كوره گه‌نجه‌كان به‌ده‌م تاوڵه‌و شه‌تره‌نجه‌وه باسی ئه‌م چیرۆكه‌یان بۆ یه‌كتر ده‌گێڕایه‌وه. پیره‌پیاوه‌كان به‌ده‌م دۆمینه‌وه، چیرۆكی بلیمه‌تی دكتۆر گه‌ڵایان دهگیِڕایهوه. ئه‌و ژنانه‌ی رۆژ تا ئێواره له‌به‌ر ده‌رگه‌ی ماڵه‌كانیاندا به سینییه‌كی گه‌وره‌وه خه‌ریكی بژاركردنی گه‌نم یان برنج بوون، باسیان له گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌كرد بۆ نێو باوه‌شی سروشت. ئه‌و به‌قاڵانه‌ی كه‌وا له بازاڕدا پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ بهروبوومهكانیان ده‌كرد، جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ سروشت ده‌كرده‌وه. له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا خه‌ڵكێكی زۆر رووی كرده‌وه سروشت، ته‌واوی پیشهسازیهكانیش بۆ ئه‌وه‌ی كاڵاكانیان به به‌رده‌وامی فرۆشیان هه‌بێت، هه‌وڵیان ده‌دا زیاتر پشت به سروشت ببه‌ستن.
زستانێكی سووم و زۆر سارد هێرشی هێنان و نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یش زیاتر له‌ناو شاری مردوو په‌رسته‌كاندا بڵابۆوه. ده‌مه‌و نێوهڕۆیهكی سارد، كه له خانووه بچووكه‌كه‌مدا خوریكی كوڵاندنی گه‌ڵای دره‌ختی سنۆبه‌ر بووم. كچێكی بێچاره به‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی مێشكیان هێنایه لام، كچه‌كه له‌به‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌ی ئاگای له خۆی نه‌بوو، ته‌نانه‌ت به‌شێكی مێشكیشی له ده‌ست دابوو. دوای ئه‌وه‌ی كچه‌كه‌م له ژووره پڕههڵمهكهدا له‌سه‌ر پارچه دارێك كه به ورده گه‌ڵاو گژوگیای وشك ده‌وره درابوو، دانا. ئه‌و شوێنی تایبه‌ته به نه‌خۆشه‌كانم. دوای ئه‌وه‌ی دۆسته‌كانی كچه‌كه به گریان و غه‌مگینییه‌وه ئێمه‌یان جێهێشت. خۆم و كچه نه‌خۆشه‌كه له ژووره‌كه‌دا به ته‌نها ماینه‌وه. هه‌ستێكی سه‌یر له‌لام دروستبوو، هه‌میشه به‌دیار كچه نه‌خۆشه‌كه‌وه داده‌نیشم و هه‌ر بیرم له جوانی ده‌كرده‌وه. زیاتر له رووخساری زه‌ردی گه‌ڵا ئاسای وردتر ده‌بوومه‌وه. هیچ نه‌خۆشێكی ترم وه‌رنه‌ده‌گرت، ئاخر مێشكم وه‌ك دارستانه تێكچڕژاوهكه، تێكچڕژابوو. هه‌موو رۆژێك ده‌رمانێكی تازه‌م بۆ له گه‌ڵای دره‌خته‌كان دروست ده‌كرد، وه‌لێ بێ سوود و بێ ئه‌نجام! ئه‌وانه منیان له كاره‌كه سارد نه‌ده‌كرده‌وه، به‌ڵكو سه‌ر گه‌رمتر بۆ سبه‌ی به‌رنامه رێژم ده‌كرد. دوای تێپه‌ڕینی شه‌ش رۆژ و پێنج رۆژ، ئه‌و رۆژه، واته رۆژی شه‌شه‌م بڕیارمدا دوور بڕوم و به‌دوای دره‌ختی تازه. دره‌ختی تازه واته ده‌رمانی تازه. پێم سه‌یر بوو كه دروستكردن و تێكه‌ڵكردنی ئاوی ناو گه‌ڵاكان هیچ كاریگه‌رییه‌كیان به‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه نه‌بووه! به‌ره‌و لوتكه‌ی شاخه‌كه رۆیشتم، ته‌واو دوور كهوتمهوهو له لوتكه‌ی دارستانه‌كه‌دا دره‌ختی تازه‌ی زۆری لێ‌بوو. به په‌له كه‌وتمه ڕنینی گه‌ڵای ئه‌و دارانه‌ی كه به‌رگه‌ی زستانیان ده‌كرد. به‌په‌له گه‌ڕامه‌وه، سه‌یره! هیچ شتێك وه‌ك خۆی نییه؟ كچه نه‌خۆشه‌كه له شوێنی خۆی نه‌ماوه! دوای ماوه‌یه‌ك بیركردنه‌وه نه‌متوانی بگه‌مه هیچ بڕیارێك و هیچ سه‌ره داوێكیشم نه‌دۆزیه‌وه. ته‌واوی ده‌وروبه‌ر گه‌ڕام و نه‌مدۆزیه‌وه. ئاخر ئه‌گه‌ر به‌فر له‌م داستانه نه‌فره‌تییه بباریبایه، ئێستا به شوێن هه‌نگاوه‌كانی ده‌كه‌وتم و ده‌مدۆزییه‌وه. دارستانی چیرۆكه‌كان، دارستانی نه‌فره‌تی ته‌نها بارانی لێ ده‌بارێت، چه‌ند رۆژێكیشه بارانیش نه‌باریوه. ده‌بێت ئه‌م كچه چی لێ به‌سه‌ر هاتبێت؟ ئه‌م دارستانه پڕه له چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی، ئاخر ده‌بێت ئه‌مه‌یش چیرۆكێكی ئه‌فسانه‌یی نه‌بێت؟ ئه‌م دارستانه شێترم ده‌كات، خه‌یاڵه‌كانم وه‌ك چڕی داره‌كانی به ناو یهكدادا چوونه! پڕ به‌ده‌مم هاوار ده‌كه‌م و هیچ كه‌سێك وه‌ڵامم نه‌داته‌وه! ئێستا زیاتر له ته‌واوی ئه‌و شه‌و و رۆژانه بیر له‌و كچه ده‌كه‌مه‌وه، حاڵم به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات! به‌ناو ته‌واوی دارستاندا ده‌گه‌ڕێم و ئیتر هه‌ر نایدۆزمهوهو شه‌وم به‌سه‌ر دادێت. پڕ به ده‌مم هاوار ده‌كه‌م و ده‌گریێم! ده‌كه‌ومه سه‌ر ئه‌ژنۆ، هه‌ڵده‌ستمه‌وه و راده‌كه‌م، ماندوو ده‌بم و پێكه‌نین و گریانم لێ تێكه‌ڵ ده‌بێت! ئێستا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م و ددانپیادهنێم، كه شێتم! دیسان پڕ به‌و دارستانه هاوار ده‌كه‌م:
– ئه‌ی دارستان، من شێتم…! ئه‌ی ئاژه‌ڵه هاوڕێكانم، من شێتم…!
هیچ شتێك وه‌ڵامم ناداته‌وه! پێده‌كه‌نم و خۆم وه‌ڵامی خۆم ده‌ده‌مه‌وه! قسه له‌گه‌ڵ خۆم ده‌كه‌م! ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ خانۆچكهكهم. ئه‌و شه‌وه له‌به‌ر بیركردنه‌وه خه‌و نه‌چێته چاوانمه‌وه و له‌گه‌ڵ تاریك و روونی به‌یانیدا، هه‌مدیسان به‌ناو دارستانه‌كه ده‌كه‌وم و هاوار ده‌كه‌م. هێنده ده‌گه‌ڕێم و هاوار ده‌كه‌م، تاكو ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی تاقه‌تی ههنگاونانم نامێنێت، له شوێنی خۆمدا له‌سه‌ر ئه‌ژنۆدا دهچهمێم و به‌ده‌م گریانه‌وه هاوار ده‌كه‌م هه‌تاكو ده‌نگم ده‌نووسێت. سه‌یری ده‌ور و به‌ری خۆم ده‌كه‌م، دوای چه‌ند كاتژمێرێك هه‌ڵده‌سم و به‌بێ ئومێدی ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ خانۆچكهم. سه‌ر ده‌كه‌م به ژووره‌كه‌دا و چاوی كچه جوانه‌كه نابینم، پێش چاوم تاریك دادێت و له‌سه‌ر چاو ده‌كه‌وم! بیر له‌و ساتانه ده‌كه‌مه‌وه كه كچه نه‌خۆشه‌كه له ژووره‌كه‌م له‌لام میوان بووه. بیری له جوانییه‌كه‌ی ده‌كه‌مه‌وه. بیر له‌و برۆیانه‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه وه‌ك دووباڵی نه‌وره‌سێك بوون به‌سه‌ر ده‌ریایه‌كی هێمنه‌وه. بیر له قژی ره‌شی خاوی ده‌كه‌مه‌وه، كه وه‌ك گه‌ڵای شۆڕهبیهكی سه‌ر رووبار به‌ده‌وری خۆیدا شۆڕ بۆته‌وه. بیر له لێوی بچووكی گۆشتنی ئاگرینی ده‌كه‌مه‌وه. بیر له كوڵمه كه‌رته خۆخه ئاساكه‌ی ده‌كه‌مه‌وه.بیر له هه‌موو شتێكی ده‌كه‌مه‌وه‌و خه‌م له بێ سۆراغبوونی ده‌خۆم. ناوه ناوه‌یش پڕ به ده‌مم هاوار ده‌كه‌م و یه‌ك به‌و دارستانه‌دا ده‌نگه‌كه‌م، ده‌نگ ده‌داته‌وه. هه‌ركه كوێم له ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی خۆم ده‌بێت، پێ ده‌كه‌نم و خۆم وه‌ڵامی خۆم ده‌دامه‌وه! به ده‌نگێكی گڕ و پیاوانه پرسیار ده‌كه‌م! به ده‌نگێكی نه‌رم و ناسكی كچانهیش وه‌ڵامی ده‌نگه‌كه‌م ده‌دامه‌وه. هێنده كچه نه‌خۆشه‌كه‌م به‌ناو دڵدا رۆچووه حه‌ز ناكه‌م چاره‌ی هیچ نه‌خۆشێكی تر ببینم!
چه‌ندین رۆژی بێ شه‌وم تێپه‌ڕاند و هیچ هه‌واڵێكی كچه نه‌خۆشه‌كه‌م ده‌ست نه‌كه‌وت. هه‌موو رۆژێك له‌به‌رده‌م خانۆچكهكهمدا چاوه‌ڕێی كچه‌كه‌م دهكردو شه‌وانه‌یش بیرم لێی ده‌كرده‌وه و به‌ده‌م خه‌یاڵه‌كانمه‌وه قسه‌م له‌گه‌ڵی دهكردو قه‌ناعه‌تم به خۆم ده‌هێنا. به جۆرێك كچه نه‌خۆشه‌كه به‌ناو دڵمدا چوو بوو، كه هیچ كچێكی تر هه‌م له‌سه‌ر وه‌ختی خوێنددا له‌قۆناغی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی و زانكۆیش نه‌چوو بوون به دڵمدا. ئه‌و رۆژه بیرم له هه‌موو چیرۆكانه‌ی كه به‌سه‌رم هاتوون كرده‌وه، له‌سه‌ر پارچه دارێك له پێش ماڵه‌كه‌مدا دانیشتم و وتووێژم له‌گه‌ڵا خۆم ده‌كرد، له‌ناكاو ده‌نگی ته‌په ته‌پی كۆمه‌ڵه پێیه‌ك هات. سه‌یر به‌وه هات كه كۆمه‌ڵه كه‌سێكن به‌ره‌و لام دێن. چیرۆكی من ئێستا وه‌ها بڵاوبۆته‌وه له‌شاری مردوو په‌رسته‌كان، كه دكتۆر گه‌ڵا شێت بووه‌و چاره‌سه‌ری هیچ نه‌خۆشێك ناكات. له‌و كۆمه‌ڵه كه‌سه‌ی كه له توله رێیه باریكه‌كه بهررهو لام دێن، لێیان ورد ده‌بمه‌وه، هه‌ستێكی سه‌یر له دڵمدا دروست ده‌بێت. كه نزیكتر ده‌كه‌ونه‌وه له خۆم و هه‌سته‌كه‌ی خۆم ده‌گه‌م. ئه‌م كۆمه‌ڵه كه‌سه، هه‌مان ئه‌و كۆمه‌ڵه كه‌سه‌ن كه مانگێك پێش ئێستا كچه نه‌خۆشه‌كه‌یان هێنایه لای من. ئه‌هاا خۆیه‌تی كچه نه‌خۆشه‌كه‌یان له‌گه‌ڵه! به‌ده‌م خه‌نده‌ی پڕ له شه‌كره‌وه به‌ره‌و لام دێت، من ئاگام له‌خۆم نییه، باوك و دایكی كچه‌كه ده‌مخه‌نه ئامێزه‌وه. ماچم ده‌كه‌ن. به سوپاسی بێ وێنه‌وه خۆشی و شادی خۆیان دووپات ده‌كه‌نه‌وه. من ئیتر بڕیار نییه ئاگام له خۆم بێت! دواجار دایكی كچه‌كه نیو چاوانیشم ماچ ده‌كات، یه‌ك له دوای یه‌ك به سوپاسكردنه‌وه ماچم ده‌كه‌ن. دواجار كچه‌كه و ئه‌و كوره‌ی كه له هه‌مووان زیاتر به‌گه‌رم و گورتر ماچی ده‌كردم، سوپاسی خۆیان بۆم دووپات كرده‌وه.
یه‌كێك له ناو ئه‌و كۆمه‌ڵه خه‌ڵكه ده‌یه‌وێت شتێك له‌منه‌وه بیزانێت و ده‌ڵێت :
– دوای ئه‌وه‌ی كچهنهخۆشهكهمان ئه‌و رۆژه‌ی كه به ئاگا دێته‌وه‌و سه‌یری ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌كات، بۆ ئه‌و هه‌موو ئه‌و شتانه نامۆیه. كه ده‌شزانێت ئه‌مه دارستانی چیرۆكه ئه‌فسانه‌كانه، له ترسان به‌ناو دارستانه تێكچڕژاوهكهدا ڕاده‌كات .
باوكی كچه‌كه قسه به ژنه‌كه‌ی ده‌بڕێت و ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه:
– خه‌ڵكی گوندی( كڵاو فران )، به‌ڕاستی خه‌ڵكی به شه‌ره‌فن. ئه‌وان كچهمیان لای خۆیان داڵده‌داو دواتر له خه‌به‌ریان بۆمان رهوانكرد و ئێمه‌یش هێنامانه‌وه. دوای ئه‌وی كه به بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی ئاهه‌نگێكی بچووكمان سازكردبوو، دواكه‌وتین له هاتنمان بۆ لای تۆ دكتۆر، ئیتر به‌رێز دكتۆر گه‌ڵا ده‌بێت به گه‌وره‌ی خۆت لێمان ببووری؟
ئه‌م قسانه وه‌ك دڵۆپه‌كانی بارانن كاتێك به گه‌ڵاكان ده‌كه‌ون. من هه‌ر سه‌یری كچه‌كه ده‌كه‌م و بیر له‌و جوانییه بێ هاوتایه‌ی ده‌كه‌مه‌وه. ئێستا زۆر جوانتر بووه! سه‌رم شێواوه نازانم ئه‌مه راسته، یاخود هه‌ر خه‌یاڵ؟!
كچه‌كه دهێته به‌رده‌مم و بانگی ئه‌و كوره‌ی كه له‌ته‌كی راوه‌ستاوه ده‌كات، كوره باڵابه‌رزه پۆشتهكهیش دهێته به‌رده‌مم و راده‌وه‌ستێت، كچه‌كه ده‌یه‌وێت شتێك بڵێت، وه‌لێ كوره‌كه به‌رله ئه‌و ده‌ڵێت:
– سوپاس بۆ ئه‌وه‌ی دووباره رۆحت خسته‌وه جه‌سته‌ی ده‌ستگیرانه‌كه‌م، له راستیدا من بێ ئومێد بوو بووم له ژیانی، دوای دوو هه‌فته‌ی تر زه‌ماوه‌ند ده‌كه‌ین، تۆش ده‌بێت ئاماده بیت له ئاههنگهكهمان. چونكه ئه‌وه یه‌كێكه له مه‌رجه‌كانی ده‌ستگیرانه‌كه‌م؟
بێ ده‌نگتر وه‌ك هه‌میشه بێ ده‌نگ، خه‌یاڵم به بیستنی ئه‌و قسانه هیچ قسه‌یه‌ك ناتوانێت بارگاوی بكات! دووباره كوره‌كه ده‌یه‌وێت به قسه‌م بهێنێت، وه‌لێ دیسان سه‌رناكه‌وێت له بیرۆكه‌كه‌ی. بیر له‌خۆم ده‌كه‌مه‌وه و سه‌یرم به‌وه دێت كه ناتوانم قسه بكه‌م و وه‌ڵامی پرسیاره جهرگبڕهكانیان بده‌مه‌وه. ته‌واوی ئه‌وانه‌ی هاتوونه‌ته لام ده‌یانه‌وێت وه‌ك منداڵا به قسه‌م بێنن، فشاری زۆری قسه‌كردنم ده‌خه‌نه سه‌ر، به تووڕه‌بوونێكی زۆره‌وه خۆم ده‌خه‌مه ناو خانۆچكهكهمهو ده‌رگه‌كه له‌سه‌ر خۆمدا داده‌خه‌م.
یه‌كێك له‌ده‌ره‌وه ده‌ڵێت :
– ڕه‌نگه به ته‌واوی شێت بوو بێت و ئاگای له ئێمه نه‌بێت! ئه‌م دارستانه پڕه له چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی، ڕه‌نگه ئاگای له‌وه نه‌بێت كه هاتووینه لای. ئاخر ئه‌و هه‌موو قسه‌مان له‌گه‌ڵی ده‌كرد، نازانم چۆن وه‌ڵامی پرسیارێكی نهدهداوهو قسه‌یه‌كی نه‌ده‌كرد، بۆیه وازی لێبهێنن، هه‌ندێك پاره‌ی بۆ بهجێبهێڵن و بابڕۆین .
ئه‌و رۆژه‌و ته‌نانه‌ت شه‌وه‌كه‌یش له ژووره‌كه‌مدا به بێ ده‌نگه خۆم خسته‌وه ناو خه‌یاڵه‌كانم، وه‌لێ خه‌یاڵه‌كانی ئه‌مجاره‌م پڕبوون له هه‌ژینی ده‌روونم به كه‌سه‌ری سه‌ر به چه‌قۆ. پڕشنگی به‌یانی ئه‌و رۆژه له بن ده‌رگه‌وه دهێته ژووره‌كه‌وه، له ناو خه‌یاڵه‌كانم ڕام ده‌په‌ڕێنێت، وه‌ك كه‌سێك له بێئاگاییدا ستڵێك ئاوی به‌سه‌ر دابكرێت، وه‌ها ڕاپهرم و رام كرده ده‌ره‌وه. سه‌یرم كرد كۆمه‌ڵه پاره‌یه‌ك له پێش دهرگهكهیدا دانراوه، به‌ردێكیان خستۆته سه‌ر. به بینینی پاره‌كان ئه‌شك له چاوانم دهاته خواره‌وه‌و پڕم دا پاره‌كان و چڕ به چڕم كردن و به هه‌وادا بڵاوم كردنه‌وه. تاوێك گریام و شێتایهتم گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه رقم له هه‌موو شتێك ببێـه‌وه، ته‌نانه‌ت له خۆشم! پێلهقهیهكم له ده‌رگه تهنهكهكه ده‌دا و لێم كرده‌وه. خۆم ده‌خسته ژووره‌كه‌وه و ته‌واوی كه‌ل و پهلهكانم شكاند، تاكو ماندوو بوون كه‌وتمه دێكدانی خانۆچكهكه.
دوای نیوكاتژمێر…!
پارچه داره‌كه له شوێنی خۆی هه‌ڵده‌گرم و ده‌یبه‌م له شوێنێكی تر به‌رامبه‌ر خانۆچكه رووخاوه‌كه دایده‌نێم، له‌سه‌ری داده‌نیشم. ئهشكه حهسرهتبارهكانیش به‌هێمنی له چاوم دێنه خواره‌وه.
بیر له‌و ده‌كه‌مه‌وه…
غه‌مگین بۆڵی
2012 – به‌فرانبار