Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
داستانی هەلۆکان! …. ن/جەلال قادر

داستانی هەلۆکان! …. ن/جەلال قادر

Closed
by June 16, 2011 چیرۆک

سەرقالی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی شاخ بووم بۆ منداڵەکانم  ، لە پڕ هەڵۆیەک لەسەربانی خانووەکەمان نیشتەوە . بە ئاسپایی سەرم هەلبڕی بینیم هەلۆیەکی گیان ماندوو و شەکەت ، دەنوک زەردی چەماوە و پەڕو باڵ پەرش و بلاو، سەری تا خوارملی سپی بوو لەشێکی رەش .. خاڵ سپی ، کلک خوار وخێچ . لەم جۆرە هەلۆیەم هەرگیز نەبینیبوو، زۆربەی هەلۆکان ڕەنگ خاکی و چاو خورمایی و بەسامن ، بەلام ئەم هەلۆیە سەڕسووڕهێنەرو جیاوازبوو.
هەرچەندە ئەو هێزەی جارانم نەماوە بە پەڵە بە پەیژەکان سەرکەووم ، ناچار وەک پیرەمێردێک بە سانایی  بەرەو سەربان چووم . لە هەلۆکە نزیک بوومەوە  دەترسام بدات لە شەقەی باڵ و بفڕێ کەچی لە شوێن خۆی نەجوولا . دەستم بۆی برد و لە بن هەنگلم ناو هێنامە خوارەوە . منداڵەکانم لێم ئالان ، دەستیان لە پەڕەکانی دەدا . قومێ ئاوم بۆ دانا لەگەڵ پارچەیەک گۆشت ، هەلۆکە ئاوڕی لێنەدایەوە . پاش کەمێک چاوەڕووانی ناچاربووم خۆم ئاوو پارچە گۆشتەکە بکەم بەدەمیا .
زانیاریەکی ئەوتۆم نەبوو لەسەر ژیانی هەلۆکان ، لە ئینتەرنێت پشکنینم کرد لە پەرەگرافێک نوسرابوو تەمەنی هەلۆکان چڵ سالێکە کاتێک پیردەبن دەنوکیان نەرم دەبێت و دەچەمێتەوە چیتر ناتوانن دەنوک بە خواردنا بکەن ، باڵەکانیان شەکەت دەبێت توانای فڕینیان نامێنێ ، زۆربەی هەلۆکان کاتێ پیردەبن بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە ، هەندێکییان نانناخۆن تا دەمرن یاخود لە بەرزایی چیایەک خۆیان هەلدەدەنە خوارەوە .
لە پەرەگرافێکی تر نوسرابوو هەلۆکان لە دوای چڵ ساڵ تەمەن گۆڕان بەسەر لەشی خۆیاندێنن و تا سی سالیتر ژیانیان نوێ دەکەنەوە ، بەلام ئەم گۆڕانە هەموو هەلۆکان ناگرێتەوە ، چونکە دەبێت بە قۆناخێکی سەخت تێپەڕن.. دەبێت بچنە سەر لوتکەی چیایەک لەو بەرزاییە ئاسۆیەکی روناک ببنین و دەنوکیان بکوتنە سەرتاشە بەردێک تا دەنوکی چەماوەیان لێدەبێتەوە ، باڵە فرکێ بکەن تا پەرە موچە خواروخێچەکەیان هەلدەوەرێ و نوێدەبێتەوە ، دەبێت سی رۆژ نان نەخۆن و خۆڕاگربن تا ئەم گۆڕانەیان بەسەردێ ، ئەمەش بە هەموو هەلۆیەک ناکرێت .
پاش خوێندنەوەی ئەم پەرەگرافانە شەو خەو نەچووە چاووم ، دەمگوت : کێ دەلێ ئەم هەلۆیە دەتوانێ بەو قۆناخە سەختە تێپەڕێ ، بەس لەبەرئەوەی شەنسی ژیانێکی نوێی هەبوو لە کەڵەی سەریدابووم بیبەم بۆ سەر لوتکەی چیایەک و ئەم تاقیکردنەوەیە ئەنجام بدەم . دوودڵ بووم دەمگوت : کێ دەلێ ئەم چیرۆکانە ئەفسانە نین و ماندوو بوونەکەشم بە فیڕۆ ناڕوات .
بەرەبەیان سەردانی هەلۆکەم کرد بینیم کز دامابوو هیچ سامێکی نەبوو دەتگوت مریشکی خۆمالییە ، سوێم بووەوە و بڕیارمدا بۆ دوا تەمەنی ژیانم ئەم تاقییکردنەوەیش بکەم . چیرۆکی گەشتەکەم بۆ مندالەکانم گێڕایەوە ، کچ و کوڕە هەرزەکارەکەم ڕازی بوون و دەستخۆشیان ڵیکردم تەنیا هاوسەرەکەم نەبێت وتی: – تۆ پیری ئاخر شەڕی ، کەی تۆ تاقەتی ئەوەت ماوە بە هەورازە سەرکەویت .
وتم : ژنەکە تاقەتی قەندیلم نەماوە ، بەس بن و بنچکی پیرەمەگرون هەللاج و دابان وسارا و ئاسۆس و سەفین شارەزام یەکیان هەلدەبژێرم .
وتی : پیاوێکی کەلەڕەقی . گەر ئەم گەشتە نەکەیت مێشک سەرمان دەبەیت ، بە ئارەزووی خۆت بکە !
بۆ ڕۆژی دوایی هەلۆکەم لە قەفەزێک ناو و لەگەڵ کوڕە هەرزەکارەکەم بە ئۆتۆمبیلەکەی تا بناری چیای سارا چووین ، لە گوندی (قەمچوخە) دابەزیم . بە کوڕەکەم وت :تۆ بگەڕێوە . هەرچەندە ئەو لە ڕێگاوە دەپاڕایەوە کە ئەم گەشتەم لەگەلدا بکات بەلام من تێمگەیاند کە خۆم حەزدەکەم  لەگەل هەلۆکەم پێکەوە ئەم تاقییکردنەوەیە بکەین . کوڕەکەشم دڵی نەشکاندم و وتی : باوکە گیان لەبیرت نەچێت موبایەلەکەتم بۆ شەحن کردووی !
سوپاسییم کرد بەرەو بەردەم مزگەوتی ئاواییەکە چووم ، چەند پیرەمێردێک بەخێرهاتنیان کردم . لەبەرئەوەی هەلۆکەیان بەدەستمەوە بینی  پرسیاریان لێکردم : بۆ ڕاوکردن هاتووی؟
وتم : نەخێر.
بەسەرهاتی خۆم و هەلۆکەم بۆ گێڕانەوە ، ئەوان بزەی پێکەنین گرتیانی ، منیش وتم : هەر بەشێتم نەزانن، باشە!
فەرموویان لێکردم بۆ ماڵ بەلام من وتم پەڵەمە ناتوانم شەو لێرە بمێنمەوە ، پلانمداناوە ئەمشەو لە سەرمۆرد بم سبەینێ بەرە و لوتکەی سارا هەنگاوبنێم . یەکێ لە پیرەمێردەکان وتی : تۆ دەتوانی هەورازەکەی سەرمۆرد ببڕی تا چیا ببڕی .
وتم : بە پێشمەرگەیاتی ئەم هەورازە ڕێچکەمان بوو ، ئێستاش هاتووم تاقی بکەمەوە!
پیرەمێردەکە وتی : قوربانی غیرەتت بم ..منیش بە گەنجی لەو قەدپالانە بە گا جوتم دەکرد ، ئێستا ئاواتەخوازم ئەو ڕۆژانە بگەڕێنەوە .
مالئاواییم لێکردن و گوندی قەمچوخەم جێهێشت .
لە کاتێکدا  تەم و مژی هەورێکی ڕەش لوتکەی چیای سارای لە باوەش گرتبوو من بەرەو سەرمۆرد بەڕێکەوتم . لە ڕێگا چەند خێزانێکم بینی لە ژێر کەپرێکدا بۆ سەیران هاتبوون و گەنجەکانیان سفرەیان دەڕازاندەوە و مەزەیان خۆش دەکرد . من لەو خەیالە بووم کە ئەم هەورازە چەندین ڕێبواری بەڕیخستووە کەچی گەنجێک هاواری کرد : ئا..مامە توخوا وەرە پێکێکمان لەگەڵ بخۆرەوە .
بە بزەیەکی پێکەنین وەلامیانم دایەوە !
سەیرە کاتێ تەمەن گەورەتردەبێت  ئەوەی دەتەوێ چێژی لێببینی گەڕانەوەیە بۆ سروشت و بۆن کردن وتەماشا کردنی ئەو دیمەنانەی لە زەمەنی گەنجی وەک با بەسەرتا تێپەڕین .
جانتایەک لەسەرشانم و قەفەزێکشم بەدەستەوە بوو ، جاران لەم هەورازە کۆلەپشتێک و کلاشینکۆفێکم بە شانەوە بوو لەگەڵ هاورێکانم وەک هەلۆ بەرز دەفڕێن و ماندوو نابووین ، کەچی ئێستا هەورازەکە ماندووی کردووم..جاران ڕێچکەکان تووڵە ڕێ بوون ئێستا  ڕێچکەکان گۆڕاون و پان بەرینترن ، بە ئاسانی دەتوانی پشوو بدەیت.. کاتێ گەیشتمە گوندی سەرمۆرد  یەک تاکە مالم بینی ، سلاوم لێیان کرد . قەفەزەکەیان بەدەستمەوە بینی ، وایانزانی بۆ ڕاوکردن هاتووم . دووبارە چیرۆکی خۆم و هەلۆکەم بۆ گیڕانەوە ، داواشم ڵێکردن کە بەشێتم نەزانن .
وتیان : بەلام ، تۆ دەزانی زۆر سەختە بەو هەورازە  سەرکەویت!
وتم : پێش ئەوەی گۆچان بگرمە دەست دەمەوێ خۆم تاقی بکەمەوە !
وتیان : بابە تازە تۆ بوویتە شاری ناتوانی چیا ببڕی ، پاشان چیای سارا پڕە لە گورگ و ورچ !
پەشۆکام نەمزانی چیبلێم؟ . خاوەن مالەکە وتیان : گەر تۆ هەر کەڵە ڕەقی دەکەیت و دەتەوێ هەلۆکە زیندووکەیتەوە ئێمە ئەم دەمانچە چواردەخۆرەت دەدەینێ ، ئەگەر گورگت بینی تەقە بە ئاسمانە بکە نەکەی بیان کوژی دوایی گەلە گورگت بۆ دەردەچن و دەتخۆن .
شەوێ لەگەل خاوەن ماڵ بەقسەی خۆش و گلەیی ژیان کاتێکی خۆشمان بردە سەر ، بەیانی زوو کە بەڕێیانخستم دەتگوت سەدسالە یەکتردەناسین باوەشیان پێماکرد و دوعای سەلامەتیان بۆ خواستم .
چەند دلۆپە ئاوێکم خستە ناو دەمی هەلۆکەم و مەتارە ئاوەکەو دەمانچەکەم خستە ناو جانتاکەم وبەرەو هەورازەکە هەنگاوم هەڵبڕی . لەکاتێکدا خۆر بەرزتر هەلدەکشا  سێبەری درەختەکانش کورتردەبوون ، منیش هەنگاو بە هەنگاو ماندووتر دەبووم.
لە نیوەی ڕێگا تەواو شەکەت بووم وورەم نزمبووەوە خەریک بوو پەشیمان ببمەوە .  چونکە لە دڵەوە بڕیاری ئەم گەشتەمدابوو بۆیە وتم تا سەر لوتکەی سارا نەبینم ناگەڕێمەوە .
پشوومدا و لەتێ نان و هەندێ گوێزم خوارد ، هەرچیشم بپەستایە دەمی هەلۆکە قوتی نەدەدا . بەدەم ڕێگاوە هەمیشە لەگەڵی دەدوام پێمدەگووت : ئەم گەشتە لەبەر خاتری خۆم وخۆت دەکەم ..یەکەم دەمەوێ بزانم ئەو تاقەتەی جارانم ماوە ؟ دووەم بزانم تۆ دەتوانی بگۆڕێیت و سی ساڵیتر بژێیت؟
لەلایەکیتر مەبەستم بوو نیشانی منداڵەکانمی بدەم کە ژیان تاقیکردنەوەیە دەبێت بەئەزموونەکانی تێپەڕین .  سەیرێکی موبایەلەکەم کرد شەبەکەی نەبوو ، دڵی خۆشکردم چونکە لەم گەشتەم دەمویست تەنیابم و لە دنیا دابڕێم .
خۆم کۆ کردەوە و مڵی ڕێچکەکەم گرت ، کزە بایەکی فێنک باوەشی بەڕووخسارما دەکرد ، بۆنی خاک و خۆڵ و گەلای درەختاکان پەڕەی یادە شیرینەکانی بۆ دەخوێندمەوە ..ڕۆژانێ بوو هەموومان کوڕی ئەم نیشتیمانەبووین ..لە نساری ئەم کێوانە ڕیواسمان دەخوارد..لەقەد پاڵی ئەم شاخانە بەفرمان دەتوانەوە .. یاخییەکی سەرمەست بووین..ئاگامان لە ساتەکانی باخی تەمەن نەبوو .
 کاتێ ڕێچکەکە پانتر بووەوە گەیشتمە تەختایی سەر چیاکە ، شوێنەواری کۆنە ڕەبیەکانی دوژمن هێشتا مابوو .
هەلۆکەم بەڕەللا کرد تا پێیەکانی سڕنەبن ، پێمگوت : تۆ ئێستا لەسەر چیای ، ئاسۆیەکی گەش لەبەردەمدایە .
هەلۆکە وەک ئەوەی بە داروبەردی دەوەنەکە ئاشنابێت بۆ یەکەمینجار باڵەفڕکێی کرد و هەلبەز هەلبەز بەسەر تاشە بەردەکان فڕی ، ئەم فڕینەی هیوایەکی پێبەخشیم .
بەرەو سەرلوتکەی چیاکە چووم ، چەند پیرە هەلۆیەکیترم بینی لەبەرزاییەک وەستابوون ، لەم کاتە هەلۆ ڕەش و سپیەکەم بە فڕینیکی نزم لەتەکیان نیشتەوە . ئەو هەلۆیانەش دەنوکیان چەماببوەوە شەکەت ببوون ، بەلام ڕەنگیان خاکی و چاو زەق و قاوەیی بوو .
کاتێ منیان بینی زیقە زیقیان  کرد ، دەنگیان ناخۆش وترسناک بوو .
لەپڕێکا چەند بەچکە هەلۆیەکم بینی بەرەو تروپکی چیاکە دەچوون کە دایکیان خواردنی بۆ دانابوون ، خواردنەکەش هەر بە کۆترە کوێی دەچوو . لە کاتێکدا بەچکەکان نزیک خواردنەکە دەبوونەوە باوکەکە بە دەنووکی پالی پێوەدەنان و لەسەر چیاکە بۆ خوارەوە ، بەچکە هەلۆکان لەترسا دەیانزیقاند و بە تەقلە بەردەبوونەوە بەلام کاتێ باڵەکانیان دەکرایایەوە بەرەو ئاسمان  دەفڕینەوە ، چەند جارێک بەسەر دایک و باوکیان دەسووڕانەوە پاشان لە خۆشیا بەرەو قوولایی ئاسمان بەرز دەفڕین . ئەوسا زانیم هیچ باڵندەیەک ناتوانێ ئەندازەی هەلۆکان بفڕێ و بە ئەزموون بێت ، من لەسەر ئەم چیایە هەرئەوەتا دەتوانم بیانبینم ئەگەر لە نزمی بم لەبەرچاوم ووندەبن .
لە هەلۆ پیرەکانم ڕووانی ئەوان دەنووکیان بە تاشە بەردەکان دەدا و پەڕی بالیان بە زەوی دەخشاند بەلام هیچ گۆڕانێکم لێیان نەدی ، چەندین هەلۆیترم بینی لەپاڵ شاخەکان مردارببوونەوە ، وتم : گیانلەبەر پیردەبێت دەمرێ ، چیرۆکی گۆڕانی هەلۆکان ئەفسانەیە!
لەناکاو گورگێگ بە دیار سەرمەوە وەستا ، لە ترسا بە ئەسپایی دەستم بۆ دەمانچەکەم برد . نیشانم لێگرت بەلام ئەو بە چاوە تیژو ترسناکەکانی مۆڕەی لێکردم ، لەوە دەچوو ترس لە لەشیا نەبێت . منیش نەمدەوێرا تەقەی لێبکەم نەکا گورگەکانیترش کۆبنەوە ، بە قوونە خشکێ لێی دوورکەوتمەوە و هەستامە سەرپێ ..هەنگاو هەنگاو لێی دوورکەوتمەوە ، گورگەکەش هیواش هێواش سەر شاخ وسەر شاخ بەدوام کەوت .
چەند پارچە گۆشتێکم هەلگرتبوو بۆ هەلۆکە لەناو جانتاکەم دەرمهێنا و تووڕم هەلدا بۆ بەردەم گورگەکە و ڕووی دەمانچەکاشم هەمیشە لێکردبوو ، دەمگوت هەرکات پەلارم بدات تەقەی لێدەکەم .
گورگەکە پەڵە گۆشتەکانی خوارد ، بۆ منیش فرسەت بوو بەرە و خوارەوە شۆڕ بوومەوە ، لە کاتێکدا دەمزانی لێژایی و هاتنە خوارەوە لە چیا ناخۆشترە لەسەرکەوتن بەلام لەترسی گورگەکە ناچار بووم پا هەلبڕم ، گەر ساتمە بکەم خلۆربمە خوارەوە و زاماربم ، دەبمە خواردنی گورگەکان ، بۆیە بە ووریایی پاژنەی پێم لە ڕێچەکەکە گیر دەکرد . هەرکات ئاوڕم دەدایەوە گورگەکە دووررتر لە جاران بەدوامەوەبوو  بۆ ئەوەی باری خۆم سووکترکەم نانەکەم  لەسەر تاشە بەردێکدانا تا گورگەکە بە خواردنی بخافلێ وازم لێبێنێ . خۆشم چنگێ گوێز و قومێ ئاوم خوارد .
 لەترسی گەلە گورگ ماندوو بوونم لە بیرچووبوەوە ، ئاواتم خواست بەسەلامتی بگەمەوە مال و باوەش بە مندالەکانم بکەم . کاتێ ئاوڕمدایەوە بینیم سێ چوار گورگیتر بە دوام کەوتوون . گورگەکان هەموو ڕەنگیان سپی بوو چاوەکانیان شین و کەلبەی تیژیان لەگەل هەناسەدان بەدیار دەکەوت . چەند جارێک بیرم کردەوە تەقەیان لێبکەم بەلکو بترسن و لێم دوور بکەونەوە ، هەرچەندە بیست سی مەتر لێم دووربوون بەلام هەرکات دوو بازیان بدایە دەگەیشتنە بانسەرم .
ئەوەندەشلەژا بووم باوەڕم نەدەکرد ئەوە من بم بەوگورج وگۆلییە هەنگاو دەنێم ، لەهەمانکات بیرم لای ئەوەبوو کە دەمانچەکەم چواردە فیشەکی تیایە گەر تەقە بکەم نابێت هیچی بە خەسار بدەم . جار جار نیشانم لێدەگرتن گورگەکانش هەلوێستەیەکیان دەکرد . دەیانزانی ئەوەی دەستم ترسناکە ، بەلام ئەوان هەر بێترس بوون لە هەر هەنگاوێکم بەدوام دەکەوتن و بازیان دەدایە سەر کەلە بەردو شاخەکان ، سەیر لەوەبوو هیچکات بە ڕێچکەکە ڕێیان نەدەکرد .
 نیوەی ڕێم بڕیبوو ئاوایی سەرمۆردم لێدیاربوو.. ماندوو بووم و پەکم کەوتبوو ، بۆ هەناسە کێشانێک پشوویەکم داو بڕیارمدا گەر نزیکم بکەوون تەقەیان لێبکەم ، پاشان وتم ئەم گورگانە زۆرزانن دەیانەوێ ماندووم بکەن ئینجا پەلەمارم بدەن .  بڕیاری شەڕکردنم دا و  چیتر بەپەلە هەنگاوم هەلنەبڕی لەسەرخۆ دەهاتمە خوارێ . لە پڕێکا گورگێک سەری ڕێچکەکەی لێگرتم زانیم ئەوانیتر دەیانەوێ لە دواوەوە پەلەمارم بدەن ..فیشەکێکم پێکا بەوەی بەردەمم بە لوورە لوور خلۆربووەوە خوارەوە ، ئاوڕی دوای خۆمدا دوو فیشەکی ترم بۆ گورگەکانیتر تەقاند بەر قاچی گورگێکیان کەوت بە نووزە نووز دەگەوزا و تۆزی دەکرد ، گورگەکان چاو نەترس بەدیار گورگە بریندارەکە وەستان ، منیش بە خشکە خشکە شۆڕبوومەوە خوارێ .
لەم کاتە پۆلێک هەلۆم بینی بە ئاسمانەوە تیژ دەهاتنە خوارەوە ، خۆم لە پەنای بەردێک حەشاردا ، بینیم  بەچکە هەلۆکانن بەخێراییەکی زۆر سەیر بە دیار گورگە بریندارەکانەوە دەخولێنەوە ، بە نوخانە تیژەکانیانەوە چاوی گورگەکانیان شوخت دەکرد و خوێنیان لێدەردەهێنا . دەمزانی ئەم هەلۆیانە لەمێژە بە ئاسمانەوەن ئێستا زۆریان برسییە واز لەم گورگە بریندارانە ناهێنن تا نەیان خۆن . خێرا ئەو ناوچەیەم جێهێشت ، لە دوورەوە بینیم هەلۆکان  دەجەنگان و گورگەکانش ئەو ناوەیان جێدەهێشت .
 لەم گەشتە فێربووم  چۆن چۆنی هەلۆکان بەچکەکانیان فێری فڕین و ڕاوکردن دەکەن .. منیش بڕیارمدا باقی ژیانم لەگەل مندالەکانم بە خۆشی بەرمە سەر وچیرۆکی بیرەوەرییەکانی شاخ بە شێوازێکی نوێ  بگێڕمەوە !

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.