Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
درامای ڕۆژمێری شارێک یان شێواندنی مێژووی شارێک؟!

درامای ڕۆژمێری شارێک یان شێواندنی مێژووی شارێک؟!

Closed
by February 25, 2013 سینەما

 

 

 

خوێندنەوە و گفتووگۆ لەسەر هەر ژانرێکی هونەری کارێکی زۆر هەستیارە و دەبێت بە ئامانەتەوە بکرێت لەبەر ئەوە من هەوڵمدا کە پەیوەندی بە دەیان کەسی شارەزا و بە ئەزموون و ئەکادیمی  بکەم و  توانیم  ڕای ئەوان وەربگرم پاشان دەستم کرد بە نووسین لەسەر دراماکە چونکە بەوشێوەیە مافی کەس پێشێل ناکرێت.

سەرەتا من دەست خۆشی لەهەموو بەشداربووانی ئەو درمایە دەکەم و هیوام وایە بەردەوامبن و ئەم شڕۆڤەیە نەبێتە ڕەشبینی لای ئەوان، بەڵکو هۆکارێک بێت بۆ باشتر بوونی بەرهەمی داهاتوویان، لەم ڕێگەیەوە ئەو هەڵانەی کە کردوویانە لە دراماکەدا لە کارەکانی داهاتوویاندا دووبارەی نەکەنەوە، هەروەها ئەم نووسینە بە شەخسی وەرنەگرن.

 کاتێک باس لە سەرنەکەوتنی کارێک دەکەین ناکرێ ڕاست و چەپ بەسەر ماندوونوونی دەیان کەسدا بهێنین کە ڕەنجیان لەگەڵدا کێشاوە، لەبری ئەوە دەبێت شیکاری بۆ بکرێت بۆچی سەرکەوتوو نییە لەبەر چی؟ چی وای کردووە بینەر گلەی بکات؟.  لە کاتێکداهەموو کەسێک خۆزگە بە سەرکەووتنی خۆی دەخوازێت بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت پەندێکی هۆڵندی هەیە دەڵێت ئەگەر باشترین ئاسنگەریش بیت چەکوچ هەر دەکێشیت بە دەستی خۆتدا. بەڵام دەرهێنەر و ستافەکەی( درامای ڕۆژمێری شارێک) نەک چەکوش بەڵکو پیکیان کێشاوە بە دەستی خۆیاندا. من دڵنیام  دەرهێنەر و ستافەکەی پێیان خۆش بووە کارەکەیان سەرکەوتوو بێت و لەبری لۆمە دەستخۆی بکرێن، هەروەها ئەوان بە ئەنقەست ئەوەیان نەکردووە چونکە هیچ کەس پێخۆش نیە شکست بهێنێت لە ئەنجامی ماندووبوونی کارەکەی.

لە سەرەتاوە کە ڕیکلامەکانم دەبینی و ناو بە ناو پیشانی دەدا و هەر جارە و ئەکتەرێک قسە و باسی لە ڕۆڵەکەی خۆی دەکرد من زۆر دڵخۆش بووم بەوە چاوەڕێی کارێکی زۆر مەزن بووم، وەلێ بە پێچەوانەوە شتەکان زۆر چاوەڕوان نەکراو بوو،  درامایەکی پڕ لە هەڵە  تەژی کەم وکوڕی، لە کاتێکدا سیخناخ بوو لە ئەکتەری بە ئەزمووەن و بە توانا و بە بودجەیەکی فراوانەوە بەڵام چیمان بینی؟ خراپترین دراما لە مێژووی  درامای کوردیدا… ئیدی بۆ گلەیی دەکەن و دەڵێن بینەر تەماشای درامای تورکی و کۆری دەکات؟ باشتر وایە لۆمەی خۆتان بکەن.  وام دەزانی هەر خۆم لێ ناڕازیم لەشاری نۆتینگهام چوومە چێشتخانەیک لە کاتی پەخشی داراماکە بوو.. کەسێک ووتی من لە بەیانیەوە لەناو سەلاجەیا ئیش ئەکەم و شوێنی کارەکەم زۆر ساردە بەم زستانە کە ئەو درامایەش دەبینم ئەوەنەی ترە سارد دەبمەوە توخوا بیگۆڕن تۆخوا لە زەوقمان مەدەن. یەکێکتر لەسەر مێزێکی ترەوە ووتی ڕاست دەکات بیگۆڕن زەوقی نانخواردنمان مەشێوێنن با نانەکە بنوسێ بە دڵمانەوە. بەداخەوە هەر دەبێت بڵێن ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار چونکە درامای ژاڵە کە سەرەتای درامای کوردی بوو زۆر زۆر لەم درامایە باشتر بوو.

 لەخوارەوە دەستنیشانی ئەو خاڵانە دەکەم کە بوونەتە  هۆکاری شکستی دراماکە:

یەکەم:  کێشەی هەرە گەورە ئەوەیە کە دەرهێنەر نەیتوانییوە سەرنجی بینەر بۆ دراماکە ڕابکێشێت.  سەیرکردنی درمایەک یان فلیمێک وەکو خوێندنەوەی ڕۆمانێک وایە دەبێت دەیان نهێنی و ڕوداو و میتافۆڕی تێدابێت بۆ ئەوەی خوێنەر یان بینەر پەلکێش بکەیت هەتا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ڕووداو نهێنی و پاڵەوانەکان بێت.  لەم درامایەدا هیچ گەرم وگوڕیەک نەبوو بەڵکو بینەر تاقەتی دەچوو زوو بێزار دەبوو، وەلێ کە دەڕوانیت لە درامای (ڕۆژهەڵاتی عەدەن) یان (پاشا سیجۆنگی مەزن) بەڕاستی شەرم دادەگرێت کە ئەوان چی بەرهەم دێنن و ئێمەش چیمان بەرهەم هێناوە لە کاتێکدا ڕۆژمێری شارێک تەنها سی و یەک ئەڵقەیە و بڕی نزیکەی نیو ملیۆن دۆلاری بۆ سەرف کراوە  ئێ خۆ کافرسانی نییە خواش هەڵناگرێت. بێ ئاگای و دەرهێنەر و هەموو ئەوانەی کە لە پشتی کامێران ئاگایان لەوە نییە کە باکی سەلما لە کۆتای نوێژدا یەکەم جار بەلای چەپدا سەلام دەداتەوە… ئاخۆ تۆ بڵێی لە ساڵەکانی حەفتاکاندا لە سلێمانی نوێژ بەو شێوەیە کرا بێت؟ خوا ئەزانێت بێگومان ئەوە دەبێت ئەوان وەڵامی بدەنەوە… هەبۆیە مێژووشیان بەو درامایەوە شێواند بەداخەوە.

 

دووەم: (هاوڕمۆنیا) و (کۆمبنەیشن) دراما وەکو شیعر وایە دەبێت وێنە و مۆسیقا و واتا و چیرۆک و دال و مەدلوول هەموو بەیەکەوە ئاوێتە بن و ئەو کاتە دەبێت بە شیعرێکی جوان، لەم درامایەدا هیچ کام لە مۆسیقا و وێنە و چیرۆک و دیزاین و دیکۆر و دەنگ سیناریۆ ئاوێتە نەبوون وەکو جلێکی زۆر گەورە وابوو لەبەر منداڵێکدا ساوادا، شتەکان زۆر جیاواز بوو لەگەڵ ئەوەشدا چیرۆکە لەیەک دادەبڕا ئەوەندە جەمبی تێدا بوو کە سەر لە بینەر تێکدەدا شتەکان زۆر ئاڵۆز بوو بینەر وون دەبوو لە دراماکەدا. لە ئەڵقەیەکدا چەند هێڵێک هەیە پاشان هێلەکان وون دەبوون و  هەموو عەناسرەکان یەکیان نەدەگرتەوە دەرهێنەری و سینارست نایانتوانیبوو بە باشی ووردەکاری تیا بکەن، تەنانەت حیوارەکان هەست ئەکەیت دروست کراوە قەناعەت پێناکات. دەبوایە باشتر چنینەوەیان بکردایە و هوڵیانبدایە شتەکان بەیەکەوە گرێ بدەن  ئەوەندە پلەی باگی تیایە ئەڵقەیە ئەکوژن بە پلەی باگ، لەگەڵ ئەوەشدا حیواری دووبارە زۆر زۆرە و چەن بارە دەبێتەوە شەڕەکان هیچ نەبوون هەندێک شتی تیا بوو زیادە بوو نازانم ئەوە چ خزمەتێک دەکات نازانم ئەڵقەی کۆتای بۆ ئەوەندە خێرا بوو واهەستم ئەکرد ئەوانیش بێزار بوون و دەیانەوێت هەر چۆنێک بێت لە کۆڵی بکەنەوە بۆ نموونە لە چرکەیەکدا شڕو هەرا بوو بەڵام یەکسەر بوو بە نەورۆز و بوک و زاوا مناڵەکەیان بەو ناوەدا ڕای دەکرد ئەگەر جێبێک لە دراماکەدا هەبوایە یەکسەر دەبوو بە فلیمی هیندی.

 

سێیەم: جێگا و شوێن ( لۆکەیشن) ئەمە یەکێکە لە هەرە کێشە گەورەکان، نەبوونی شوێنی مێژووی و کەلتووری لە سلێمانی دەرهێنەری خستۆتە هەڵەوە، ئەوان وویستوویانە لە رێگەی ئیفێکت و مۆنتاژەوە ئەو کارە بکەن بەڵام سەرکەوتوو نەبوون کەس باوەڕ ناکات کە سلێمانی لە ساڵەکانی حەفتاکاندا بەو شێوەیە بووبێت وا هەست ئەکەیت ئەوە سەرەتای درووست بوونی سلێمانییە نەک ساڵی حەفتا، دیکۆرێکی زۆر لاواز و کەم کورتە هەرلە کەرەستەی ناوماڵەکانەوە و بگرە هەتا دیوار و ڕێگاوبان و سەرشەقامەکان خۆیان لە دیمەنێکی زۆر بچووکی شانۆیی ساڵەکانی حەفتاکان دەبینییەوە. ئەمڕۆ کۆمپیتەر و ئامێری تەکنیکی مۆنتاژ و فیلم  لە دونیادا زۆرە بگرە لە کوردستانیش، هیچ کارێگەرێکی نەبووە لەم درامایەدا بۆ نموونە هەر هەموو دیمەنەکان دەتوانرا لەناو ستۆدیۆیەک تۆمار بکرایە  و وێنەی کۆنی کۆڵانەکانی سلێمانی لەگەلی تێکەڵ بکردایە بە شێوەی کرۆماتیک لە مۆنتاژدا دەریبخستایە. سەردەم سەردەمی چاخانە و دیواری بۆیاخ کراو دەرگای مەعاکسی مالیزی نەماوە. تەنانەت ئەوان بەقەدەر ئەحۆلیان پێنەکراوە بۆ نموونە دیمەنەکانی ئەحۆل تان بیر ئەخەمەوە چەند جوانە لەناو چاخانەی شەعب ئەحۆل لەگەل هاوڕێکەی طاوڵە دەکات هەروادەزانین کوت و مت ئەحۆل کەسێکی زیندووە و لەناو چاخانەکەدایە، بەوشێوەیە دەرهێنەر دەیتوانی خۆی دەرباز بکردایە لەو کێشەیە، کێشەکە لەوەدایە قەناعەت بە چاوی بینەر ناکات ئەو دیکۆرە چایخانەکە هەر دەڵێ چاخانەکەی خولە چوخماخەیە تەنها شتێک کە جیاواز بوو باخچەیەک بچووک کە چوار داری تێدا بوو بە حسابی خۆیان ئەوە باخی گشتییە بەڵام ئەوەش هیچ جیاوازیەکی دروست نەکرد لەگەڵ چوار دیوارەکە. بەلایەنی کەمەوە پیرمەسووری پیشان نەدا کە لەگەڵ مزگەوتی گەورە ڕووگەی شاری سلێمانین، بە ئیفێکت و مۆنتاژەوە مزگەوتی گەورەی لەدوورەوە پیشان دەدا کە زۆر لێڵ و تاریک بوو. دیکۆر و دیزاین کەم و کورتی زۆر تێدایە وای کردووە بینەر تاقەتی نەبێت سیری بکات دوکانەکان زۆر سادەن هەست ناکەیت دوکانێکی وا هەبوبێت لە و ساڵانەدا لە سلێمانی منداڵێکیش دەزانێت دروست کراوە. بەڕای من ئەمە ئەگەر شانۆگەریەک بوایە باشتر بوو چونکە هەم ئەکتەرەکان شانۆین و هەم دیکۆر و دیزاین شانۆیی بوو نەک درامایی.  ئێستاش سەرلەوە دەرناکەم بۆ دەرهێنەرەکانی کورد ئەوەندە شەیدای کاری مێژووین لە کاتێکدا کاری مێژووی زۆر سەخترە لە کاری مۆدێرن، هەمیشە ئەو درامایانەی باس لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەلگا و ئاریشەکانی خێزان و هاوکات بێت لەگەڵ سەردەم ئەوە بەختی زیاتری هەیە بۆ سەرکەوتن نەک کارێکی مێژووی لە کاتێکدا سلێمانی هیچ لۆکەیشنێکی وای تێدا نییە بۆ کاری مێژووی، هەروەها چەند کۆڵانێک ناتوانێت گوزارشت لە شارێک بکات، ئەوەی ئەوان دەتوانن بڵێن ڕۆژمێری کۆڵانێک نەک ڕۆژمێری شارێک.! ئەمەش هەڵەی گەورەی نووسەرە بەڕاستی کاک دڵشاد مستەفا دەتوانێت ئەو بەرپرسیارێتێ هەڵبگرێت.

 

چوارەم: هەڵەی زەق لە ستراکتەرە، بونیادی بەباشی بۆ نەکراوە سینارست و نوسەر لێرەدا تاوانبارن چونکە شتەکان بە باشی دابەش نەکرابوون لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سینارۆیە لاوازە بۆ دراما دەست نادات چونکە دراماکە باسی مێژووی شارێک دەکات بەڵام هەموو ئەکتەرەکان لە یەک ‌هێلدا دەسوڕێنەوە لەکاتێکدا ئەمە زیاتر لە سی ئەڵقەیە دەبوایە ئەکتەرەکان لە چەندین خەتی جیاوازەوە بهاتنایەوە لە کۆتایدا هەموویان بچنایەتەوە سەر هێڵی سەرەکی و تەواوکەری دراماکە بوونایە. بۆ نموونە لە ئەڵقەی بیست و چوار تەنها باس باسی شۆڕش بوو هەموو هێڵەکانی تر فەرامۆش کرا بوو،  یان ئەڵقەی یەکەم و دووەم هەموو باسی هاتنەوە( کوڕەکەی قایەر بەگ) بوو لە ڕوسیاوە.  بە بڕوای من ، کاک (ئەرسەلان دەروێش) هیچ زیادەیەکی یان بڵێین گۆڕانکاری یەکی لە دەقەکەدا نەکردووە  دیالۆگ لەسەر دیالۆگ هەر گێڕانەوەیە هیچی تر نا هەمووشی باسکردنی ڕابردوو بوو، لە دیمەنێکدا بینیمان ژنێک (ژیان ئیبراهیم خەیات) بە ئەسپ و عەرەبانەوە و بە خێرایی هات بۆ لای (میرزا غەفوور) دەمانچەیەکی لێوەرگرت و ڕۆشت دوایی نەمان زانی چی کرد یان چی ڕوویدا؟ هەر لە دەمی کارەئەکتەرەکانەوە بیستمان گوایە تەقەی لە پۆلیسێکی کردووە، دیارە ئەم ڕوداووە  لە سیناریۆکەدا هەبوو، دەرهێنەر دەیتوانی بە جوانترین شێوە ئەگەر بەس جوڵەشبێت ئەوەی پیشان بدایە چۆن و لە کوێ تەقەی لەو پۆلیسە کردووە نەک بە گێڕانەوە، یان مام (تۆمای مەسیحی) لەسەرەتاوە هەموومانی بەوە سەرقاڵ کرد کە براکەی چۆتەوە بۆ بەغداد و لە خۆیەوە مردوو تەعزێیەکی گەورەشیان بۆ دانا، ئەمانە لە سیماو مانای دراما ناچن بگرە دراما واتە ڕودا و حەدەس گۆڕانکاری ڕیتم و ئیقاع حیواری بەهێز و پڕ مانا و ووووشەی بەنرخ و نەگووتراو.

 

پێنجەم: ( مۆنۆلۆگ) بەتەواوەتی داراماکەی بێتام کردووە لە ئەڵقەیەکدا زیاتر لە چەندین مۆنۆلۆگ هەبوو، وەکو فەلاح ئەحمەد ڕەشید ووتی دەبوایە ئەم درامایە لە ڕادێۆی کوردسات پەخش بکرایە نەک لە سەتەرلاتی کوردسات، چونکە زۆربەی چیرۆکەکە لە ڕێگەی مۆنۆلۆگ دەبیسترا و دەگێڕایەوە، یان کاکی دەرهێنەر دەوێت بلێت لەو شارە زمانی گوفتووگۆ نییە و ئاستی ڕۆشنبیری خەڵکی ئەوەندە لاوازە تەنها لەگەڵ خۆیاندا قسە دەکەن ناتوانن لەگەڵ بەرامبەر گفتوگۆ بکەن جەسارەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کەسیان نییە!. هەموو هەر دەردەدڵی تاکە کەسی بوو، هەندێک داب و نەریت و تەعزێ و کەف و کوڵی گریان. دەرهێنەر لەبری ئەوەی شتەکان بە مۆنۆلۆگی زۆر لاوازەوە دەریبڕیایە! دەیتوونی بە فلاش باگ دەریخستایە، هیچ کەس کورەکەی میرزای نەبینی کاتێک لەگەل دلێر گیراوە و رەمی کراوە یان براکەی و دایکی سەلما بەچی شێوەیەک شەهید بوون یان مردوون، خێزانی مامۆستا جەمالی  کتێبخانە بە چێ جۆرێگ جوانە مەرگ بووە؟ ئەمانە هەمووی بەس بە قسە و مۆنۆلۆگ گوێمان لێبووە، لە کاتێکدا لە درامای جیهانیدا کەم جار بایەخ بە گێڕانەوە و مۆنۆلۆگ دەدرێت هەمووی بە کردار پیشانی دەدەن تەنانەت لە فیلم و کورتە فیلمیشدا بۆ چەند خولەکێک یان چەند چرکەیەک بێت ئەو حەدەس و روداوەمان بۆ بەرجەستەدەکات، لەم درامایەدا کە مۆلەت و وەختەکەی زۆر زۆر بوو سی و یەک ئەڵقە بوو هیچ ڕوداوێکی کاریگەری لای بینەر بە جێنەهێشتووە.

 

شەشەم: (جل و بەرگ و میکییاژ) بە شێوەیەکی پڕۆفیشوناڵ نەبوو، کەس هەست بەوە ناکات کە ئەو میکیاژە هی ساڵی حەفتاکانە  جلو بەرگ هەر زۆر سەرلێشێواو بوو، ئەوان وویستوویانە تەنها بە پیساندانی ملیوانەیەکی درێژ ئیتر ئەوە حەفتاکانە؟  بە دڵنیاوە نەخێر ئەی جل و بەرگی مامۆستا جەمال و مامۆستا هاوڕێکەی کە خەڵکی کۆیە بوو چاکات و پانتۆڵی ئەم سەردەمەیان لەبەردابوو. 

 

حەوتەم: (کامێراو ڕووناکی ) جووڵەی کامێرا هیچ نەبووە تەنها بۆ چەند جارێک لەسەر سکە بە بێهیچ مەبەستێک دەجووڵا، کامێرا مانەکەی وێرای دەست خۆشی کردن وادیار بوو بەتها وێنەگرێکی جێبەجێ کاربێت نەک داهێنان لەکارەکەی خۆیدا ئەتوانین بڵێین تەنها بە ویست و ئارەزووی دەرهێنەر ڕیکۆردی کردووە و کاسیەت لەسەر کاسیەت داویەتی یە دەمی یەکەوە، لەسەدا هەشتای دیمەنەکان لەسەر لاوە تۆمار کرابوو یان لە زووم ئینێکەوە بە هێواشی بەرەو دواوە دەهات بە کەمتر لە دە جرکە و پاشان ڕادەوەستا بۆماوەی سێ بۆ چوار خولەک هەتا ئەکتەرەکان حیوارەکانیان تەواو بکەن ئەمەش لە وێنەگرتنی چاوپێکەوتنی بەرنامەیەک دەچوو نەک دراما، کامێرامان نەبینی ڕووبەڕوو یان پاشەکشێ بکات لەگەل ئەکتەردا، برین و کرتەی ڤیدۆیی زۆر زۆر کەم بوو لە دیمەنێکەوە بۆ دیمەنێکی تر یان لە حیوارێکەوە بۆ حیوارێکی تر زۆر بە کەمی کامیرا دەگوازرایەوە، خۆ ئەگەریش بگوازرایەتەوە! بۆ نموونە کاک فەلاح ئەحمەد ڕەشید کە شارەزایە لە بواری کامێرادا دەڵێت(( مۆنتاژ هەلەی زۆرە کاکی مۆنتێر ئاگای لەوە نییە کاتێک لەدواووە پاڵ بە ئەسپ و عەرەبانەکەوە دەنێن هەتا بجوڵێت لەسەر سوچی کۆڵانەکە دەستیان دیارە کە پاڵبەوەوە دەنێن، کامێرا لەسەر قاچی ئەسپەکەیە و وەستاوە لەوێوە وەریگرتووە نەک لەکاتی جوڵەدا.))  برای مۆنتێر کاک محەمەد هەڵەبجەیی لە دیمەنی شەڕەکان لە شاخدا تەنها سوودی لە پرۆگرامی فایناڵ کارت پروو ئەویش لە ئەپل ماک دا هەیە وەرگرتووە بەشێوەیەک دیمەنی تەقینەوەکانمان پیشاد دەدات دەڵییت یاری پلەی ستەیشنی زۆر جار مندال بە مۆبائیلەکەی باوک و دایکی لە ئایفۆن مۆبائیلدا جوانتر لەو کارەدەکات،،برای مۆنتێر لەم درامایەدا تەنها سوودی لەو پرۆگرامە خۆڕاییانەی وەر گرتووە کەلە ئینتێر نێتەوە دایبەزاندووە و هیچ داهێنانێکی تازەی نەکردووە،،ئەمەش سەرپێچی کردنە لە یاسای کۆپی ڕایتی جیهانی،،تێکەڵ کردنی ڕەسم و وێنەکانی شاری سلێمانی کارێکی زۆر نەگوونجاو بوو بەمەش ویستی بینەر چەواشە بکات بەو تێکەلکردنە شێواوە

 

هەشتەم: (دەنگ) بەداخەوە بە شیوەیەکی پڕۆفیشوناڵ نەکرابوو بۆ نموونە کە دووکەس دانیشتوون بەیەکەوە قسە دەکەن وا هەست دەکەیت هەر یەکەیان لە شوێنێكی ترە نەک بەیەکەوەن هەروەها کێشەی دەنگیش زۆر بوو بۆ نموونە وتتنی دیالۆگ و حیوارەکان لەسەر یەک ڕیتمو ئیقاع بوون واتە کورت و درێژی وتتنی قسەکان لە کات و ساتی خۆیدا بەرز و نزیمی زۆر کەمە وەک هەڵچوون و هێمنی و حاڵەتی بەزییی و رۆمانسی و گریانەکان، ئەکتەرەکان و دەرهێنەریش زۆربەیان نەیان توانیبوو ڕەچاوی ئیقاعی قسەکردنەکان ڕەچاو بکەن، زۆربەیان لەکۆلی خۆیانیان کردۆتەوە و چاوەڕیی ئەوەدەکەن هەتا سەرەی بێت حیوارەکەی خۆی بڵێت و خیرا برواتەوە بۆ مالەوە بۆ نموونە شیرین بە رۆلی سەرەکی دراماکە ئەژمار دەکرا و لەگەل کچەکەی پورزای تەنها بەس بۆ دەم و چاو هێنابوویان بەس دەمیان پێوە بووە بۆ قسە کردن هیچ سیمایەکی ئەکتەر و یان کەسایەتی یەکی ئاسایی خۆیانیان پێوە نەدەبینرا.

 

نۆیەم: (لاوازی نواندن) دەستنیشان کردن و دابەشکردنی ئەکتەرەکان لەسەر بنەمایی زانستی و لێهاتووی دابەش نەکراوبوو، بەڵکو لەسەر بنەمای خزمایەتی و هاوڕییەتی و تەوافووق بوو بەڵگەشم بۆ ئەمە ئەوەیە بەدەر لە کامەران ڕەئۆف و یۆنسی حەمە کاکە و نامۆ مۆفەق لهۆنی، تا رادەیەک کاردینیا و دیدار عومەر ئەم ناوانەی لێدەرچێت ئەوانی تر نوواندنیان زۆر لە ئاستێکی نزمدایە لە ئەڵقەی یەکەم مامۆستا ئەحمەد سالار چەن جوڵەیەکی کرد و لە کاتی چەقۆ تیژ کردنەوەکەدا هەر تۆشی شۆک بووم زۆر لاواز بوو،،لە درامادا بایەخ دەکرێتە سەر ڕوخساری دەم و چاو لە کاتی ووتنی دیالۆگدا ئەگەر تەنها بە دەرخستنی چرچ و لۆچی دەموو چاوەکان بێت یان بە مۆڕە و ڕۆگرژی و دەم بە پێکەنینەوە بێت ئەکتەر دەتوانێت توانای خۆی پیشان بدات، لەم درامایەدا بەدەر لەو ناوانە کەسمان نەبینی هیج جوڵەیەک جوان یان دەربڕینێکی باش مان بۆ پیشان بدا کە گوزارشت لە حیوارەکەی بکات یان لە چرکەساتی خۆشی و ناخۆشی یەکەی. ئەکتەرەکان لەوە دەچوو وەک کرێکارێک بە کرێ گیرابن بەوەی کە دەرهێنەر دیالۆگی داونەتێ و ئەوانیس وەک تووتتی بیڵێننەوە لەپاداشتی ئەوەشدا پارەی خۆیان وەربگرن و هیچیتر نەکەن. هیچ کام لەو ئەکتەرانە هیچ گۆڕانکاریەک و نوێخوازیەکیان لە نواندندا نەکرد بگرە هەموویان هەر لە بازنەیەکدا دەخولێنەوە بەداخەوە.

 

 دەیەم: (سیناریۆ) بە شێوەیەکی باش دانەڕێزرا بوو، مامۆستا دڵشاد مستەفا دەڵێت من نووسین و  سینارۆکەی خۆم ناناسمەوە دەیان ئەکتەر لارداوە و دەیان حیوار نەماوە. رەنگە هەموومان هەست بەوە بکەین کە ئەو درامایە دونیای مامۆستا دڵشاد نەبوو بەڵکو دەرهێنەر بە بیرۆکە و ڕوئیای خۆی کاری کردبوو، مامۆستا دڵساد دەلیت دەقەکەم ٨٥٠ لاپەڕەیەوە زۆر زۆر جیاوازە لەوەی کە من دەیبینم و دەیبیستم. ئەمە ئەوەمان نیشان دەدات کە تەنسیق لە نیوان دەرهێنەر و سینارست نەبووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە نوسەر و سیناریست بێ بەشن لە هەڵە و کەم و کوڕی بەڵکو ئەویش بەشدارە لەو شکستە. وەهەروەها کەناڵی کوردسات هەڵسەنگاندنی بۆ دراماکە نەکردبوو هیچ فیلتەری لەسەر ئەو بەرهەمە دانەناوە بەبێ کۆنتڕۆڵ دەستی کردووە بە پەخشی کە ئەوەش هۆکاری سیاسی هەبووە من نامەوێت باسی بکەم تەنها دەڵێم کاک( فەلاح ئەحمەد ڕەشید) کە شارەزایە لە دەرهێنان و کامێرادا لەو بارەیەوە زۆر شتی نوێی ووتووە من لینکەکەی دادەگرم ئێوە دەتوانن لەووە بیبیستن ئەو زانیارەیە تازە و باوەڕ پێکراوانە. 

 

لایەنە باشەکانی دراماکە: 

یەکەم: گۆرانی سەرەتا، شیعرێکی جوان بە دەستی ئاراس عەبدول کەریم و دەنگێکی ئەفسانەی هونەرمەد عەدنان  کەریم و مۆسیقایەکی نایاب لە لایەن خەمگین فەرەج کە زۆر جوان هەمووی ئاوێتە بوو ئەو ئاوازی عەدنان کەریم بۆ دەیان ساڵ دەمێنێتەوە بەڕاستی مرۆڤ چێژی لێوەردەگرت زۆر خۆش و شیرین  بوو دەستی هەموویان بە توندی دەگوشم بۆ ئەو کارە باشەیان. گۆرانیەکە توانیبووی خزمەت بە سلێمانی و خزمەت و دراماکەش بکات.

دووەم: دەرهێنەر کارێکی زۆر باشی کردبوو ئەویش ڕۆڵی دابوو بە هەندێک دەم و چاوتازە و  گەنج. دەرهێنەر توانیبووی دەروازەیک بۆ گەنج واڵا بکات و هەتا ئەوانیش بتوانن خۆیانی تیا ببیننەوە ئەو گەنجانە داهاتووی باشیان دەبێت ئەگەر ئەمە سەرەتایان بێت بە دڵنییاوە باشە وە هیچ کارێک بەبێ کەم و کوڕی نابێت.

 

لە ئەنجامی ئەم شیکاریە ئەوەمان بۆ ڕوونبوویەوە:

لە کۆتایدا دەرهێنەر توانیبووی لە ڕێگەی ئەم درامایە خزمەتێکی زۆر باش بە حزبێکی سیاسی بکات و هەرچی هەیە بیکات بە سەروەری و سەربەرزی بۆ ئەوان تەنانەت دۆڕان و فەشەلی حیزبەکە بکات بە دەستکەوتی نەتەوەیی، تەنانەت دەرهێنەر نەک خزمەتی بە شاری سلێمانی نەکرد بەڵکو سلێمانی کرد بە قوربانی  بۆ خزمەت بە حزبێکی سیاسی.

 دەرهێنەر هەر بەو بیروو بۆچوونە حیزبێی خۆی کاری کردووە لە دراماکەدا و نوسین و سینارۆکەی مامۆستا دڵشادی بۆ ئەو مەبەستەی خۆی بەکار هێناوە و وویسستوویەتی شکستەکان بە شێوەیەکی تر پیشانی نەوەی نوی بدات بەڵام مێژوو وامان پێناڵێت ئەگەر ئێمە چاومان نەبێت بەڵکو گوێمان هەیە و دڵمان هەیە دەتوانین هەست بکەین و ببیستین. بەڵگەش بۆ ئەم قسانەم دەتوانن تەواوی ڕاپۆرتەکەی سیڤیل ببینن کە زانا دڵشاد دزەی کردوویەتی و من هەندێکی وەکو خۆی بڵاو دەکەمەوە لەخوارەوەش لینکی ڕاپۆرتەکە دادەنێم.

 ((درامای “رۆژمێری شارێك” كە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەمای هەولێر بەرهەمهاتووەو بەفەرمانی وەزاری بڕی 321 ملیۆن 690 هەزار دیناری بۆ خەرجكراوە، هەروەها دواتر لەدیوانی وەزارەتیش 50 ملیۆن دیناری بۆ سەرف كراوە. هەروەها بەپێی زانیارییەكانی (سڤیل) كەناڵی كوردسات بەبڕی 110 ملیۆن دینار دراماكەی كڕیوەتەوە. بۆ پشتڕاستكردنەوەی نرخی كڕینی دراماكە، (سڤیل) زۆر هەوڵیدا پەیوەندی بەبەڕێوەبەری كەناڵی كوردسات بكات، بەڵام پەیوەندیەكەی وەڵام نەدایەوە.

لەبارەی ئەوەی درامای رۆژژمێری شارێك، باسی مێژووی شاری سلێمانی لەقۆناغێكدا دەكات، بەڵام لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر كراوە. بەپێی زانیارییەكانی (سڤیل)، لەبەرئەوەی ئەم درامایە لەلایەن تیپی شانۆی سالارەوە ئامادەكراوە، كە زۆربەی بەڕێوەبەرانی ئەو تیپە پارتین، بۆیە بودجەكەی لەبەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی لەو كاتدا سەرف نەكرا، بۆیە بەپشتگیری پارتی دیموكراتی كوردستان و لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری بودجەكەی لەبەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر خەرج كرا. لەبەر ئەوەش دراماكە زۆرتر لەسەر قۆناغی دوای بەیاننامەی 11ی ئازاری ساڵی 1970یەو پەیوەنددارە بەقۆناغێكی مێژووی پارتی، بۆیە پارتی پشتگیری بەرهەمهێنانی ئەو درامایەی كرد.))

 

سەرچاوەکان:

goranHalabjay_914696223

http://chra.tv/news/index.php/arts/artist-news/tv-cinema/10417-rojmeri-sharek-lijne

 

 

گەشبیر ئەحمەد

 بەڕیتانیا 20/02/13

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.