Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

دكتۆر دەردە یان دەرمان؟!!….رازاو محەمەد ئەحمەد.

Closed
by December 21, 2008 گشتی

 دكتۆر دەردە یان دەرمان؟!!.
 رازاو محەمەد ئەحمەد

 وەك دەزانرێت دكتۆر بەشێوەیەكی گشتی ئەو كەسەیە كەهەموو نەخۆشێك دەتوانێـت بەو پەڕی باوەڕیو بەدەنگێكی پڕ باوەڕەوە لەبەردەمیدا دەردەكانی خۆی هەڵڕێژێت، چونكە دكتۆر بەگوێگرتن دەتوانێت چارەسەر بۆ كەسی زەلیلو بێ دەسەڵات بدۆزێتەوە كە"نەخۆش"ە. بێگومان دكتۆریش بەهەبوونی نەخۆشەوە دكتۆرە، ئەگەر نەخۆش نەبێت دكتۆریش كاری نابێتو تەنها خۆی و بۆردە پزیشكیەكەی و كورسیو مێزەكەی لەژورێكدا رووبەڕووی یەكدی دەبنەوە.
 دیارە هەموو ئەو كەسانەی كەبڕوانامەی پزیشكی بەدەست دەهێنن وەك هەموو پیشە هەستیارەكانی تری وێنەی پارێزەر، دەروونناس و . …..هتد، سوێندی ئەوە دەخۆن كەنهێنی كێشەی خەڵكان تەنها لای خۆیان بمێنێتەوەو كەسی دیكە لەدەمی ئەمانەوە كێشەكان نەبیستنەوە، بۆ ئەوەی كەسانی خاوەن كێشە یان نەخۆش بتوانێت بەو پەڕی متمانەوە كێشەكەی خۆی لای خاوەن چارە باس بكات، بەڵام بەداخەوە لەوڵاتی ئێمەدا ئەم خاڵە لەلایەن خاوەن چارەوە رەچاو ناكرێت، هەرچەندە سوێندی یاساییی و ویژدانیشی خواردبێت. بۆ نمونە زۆربەی زۆری پزیشكەكانی لایەنە هەستیارەكان نەبونەتە رێگە چارەو دەرمان بۆ نەخۆشەكانمان، بگرە دەردی نەخۆشیان گرانتر كردوە. ئەوەی دكتۆری چاو یان ددان، یان قوڕگ و لووت و گوێ و بوارە ئاساییەكانی دیكەیە، ئەوە هیچ نەخۆشیەكی ئەوەندە نهێنی نیە، كەپێویست بكات كەسی دیكە گوێی لێنەبێت، تەماشا دەكەیت رۆژانە كاری خۆیان بێ گلەیی خەڵكی بەرٍِێك و پێكی دەبەنەسەر، بەڵام هەرچی دكتۆرەكانی تری ژنان و منداڵبون و نەزۆكی، گورچیلەو میزو ئەندامی زاوزێ هەیە، رۆژانە لەشوێن كارەكانیاندا بەفەرمانی دكتۆر، سكرتێرە بەڕێزەكان سیان و چوار نەخۆش دەكاتە ژورەوە، جائیدی لێرەدا نەخۆش سەرەڕای جیدیەتی نەخۆشیەكانی، دەبێت باری دەروونی چۆن بێت و چی لێ بێت؟ بەسەدان كەس هەیە كێشەی زاوزێی هەیەو بەسەدان كەسی تر كێشەی ناو جێگاو پەیوەندی هاوسەرێتی هەیەو جگە لەدكتۆرەكەی نایەوێت كەسی دیكە گوێی لەكێشەكەی بێت، ئەو كەسەش كەهاتۆتە لای دكتۆر دەردی خۆی هەڵبڕێژێت، هەڵبەتە پاش هێنان و بردنێكی زۆر و بیركردنەوەو زۆركردن لەخۆی بڕیاری داوە كێشەكەی بباتە لای دكتۆر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری، تەماشا دەكەیت لەشوێن كاری دكتۆرەكەشدا یەك وو دوو ناسیاوت بۆ قوت دەبێتەوە، كەخواخواتە ئەو نەزانێت كێشەكەت چیە، كەچی سكرتێرەكە بەخۆت و ناسیاوەكەتەوە رەوانەی بەردەمی دكتۆرت دەكات. لێرەدا باری دەروونی نەخۆشەكە بەچەندین لای تردا دەچێت و دەردەی هێندەی تر گران دەبێت، بەم شێوەی دكتۆر لەجیاتی ئەوەی دەردت دەرمان بكات، دەردت گرانتر دەكات، نەسوێندی یاسایی و نەسوێندی ویژدانی كار ناكات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كەپارەیەكی باشیش بەناوی عیادەی تایبەتەوە دەخەیتە دەستی دكتۆرەكەوە بۆ دەردەداركردنی دەردی نەخۆش.
 هەڵبەتە ئەمە سكاڵای هەموو نەخۆشێكە كەبەردەوام باس دەكرێ و گلەیی و گازەندەی لەسەرە، بەڵام نازانم ئاخۆ دكتۆرەكان بەم خاڵە نەزانن؟! دكتۆرەكان دەزانن كەبوارەكانیان هەستیارە و خەڵكی هەست شكاوەو بریندار دێتە لایان، ئایا  ئەوان بۆ یارمەتی ئینسانیەت كاردەكەن؟ یان بۆ پارەو لەدەستنەچونی زۆری ژمارەی نەخۆشەكان؟ ئەی سوێندەكانی پاش دەرچونیان لەكام لاپەڕەدا مایەوە؟ ئایا بۆ دكتۆر پارە گرنگە یان پاكی و ویژدان و چارەسەری مرۆییانە بۆ نەخۆش؟ نەخۆش   بۆ دەچێتە لای دكتۆری تایبەت و بۆ پارە دەدات؟ لەنەخۆشخانەكانی بەیانیاندا لەبەرئەوەی پارەی تێدا نیە دكتۆر ئامادە نیە، تەماشای دەم و چاویشت بكات، كەباسی نەخۆشیەكەت دەكەیت، لەپاش نیوەڕوانیشدا سەرەڕای ئەو هەموو پارەیە كەخەڵكی نەدار دەیدات، لەبەرخاتری تەماشاكردن و گوێگرتنی دكتۆر لەنەخۆشە، ئەی هێنانە ژورەوەی ئەو هەموو نەخۆشەی تر بۆ؟ بۆیە لێرەدا دكتۆر نابێتە چارەسەر بۆ نەخۆش بەڵكو دكتۆر دەردە نەك دەرمان….. 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.