Skip to Content

Friday, March 29th, 2024

دوای سەدەیەك حەشر…. یوسف خەلیل

Closed
by January 9, 2014 هۆنراوە

 

 

 

وا لەئامێزی شەودا نووستووین و

ئامێز بۆ شەوەزەنگی ڕۆژگار

دەگریینەوە

هۆ شۆخە هەڵاڵەییەكانی بارانە تەرییوەكانی شار

چەرداغی چەترە ژەنگاوییەكانی سەر

جەستەو سیما ژاكاوەكانی ڕووخسارە هەنارییەكانتان

تووڕو وەلانێن و

خووانی تنۆك و دڵۆپە پەمەییەپڕ میهرەكان

لەئامێزنێن

ئەها پەپوولەكانی شەوبۆی سینەی حەز

بەسەر سینەو كوڵمە تێك سمڕاوو سیما نەوبووكیەكاندا

كۆتر ئاسا نەغمەو گمە یان دێ و بەنیازن ئەم شەو

لەئامێزی تریفەو مەهتابی عەشق و

خەڵوەت و ساباتی ژووانە تێكدراوەكانا

لەبان و گڵكۆی دڕكەوە ئاوێزانێكی دیكە

لەبۆ ژانی بۆن و شیلەی گوڵە بێ نێر سك پڕەكاندا

مەستی مەی و

فرمێسكی شەهوەت و

زەردەخەنەی مۆنالیزادا

لەبێهوودەو بێ ئاگاییەكی شێتانەدا

سەرخەوێكی ئارام

پڕ سینە لەماچ

گەردوونێك زام لەخاچ

زەردەیەك لەجەستەیەكی پڕ لەڕووخسار

پڕ بە پەڕەی دڵ لەپێكەنین و

بێگەردی لەچركە سەدە ساتێكی دا

لەگەڵ گەڵاوەریوە دەم باكانی

خەزانی ئەم پاییزە بێ شاعیرەدا

تێك بئاڵێین و

سەدەیەك چركەیەك خورپەیەك ن….ا

یەكتر بكرۆژیین

تەنها هەناسەیەك !

….

هاوڕێم لەحەشرستانی مادوو

ئەمڕۆ لەنامۆستانی ئاروو

ماچ و مەمكۆڵە چڕاوو دزراوەكانی ژووانی خاكدا

هەمیشە لەدووی پرسیار وێڵین ؟

چما نان لەكوێ‌ بهێنین ؟

زارۆو ژانە گڕگرتووەكانی ڕەها بوون بپێكین

زل نەهەنگ و گەڵە تامەزرۆكانیش

لەژێر كەپرۆكەی ئەم بنەوشە لەدڕك چووانەدا

خوازیارییانە

بۆ چەند چركەو تنۆكە سپێرێ ژووان وەلانێن و

لەئامێزی دڵەگەنیوەكان تەپاوتل و

ڕۆچوون بەرەو كەنارەكانی ڕەحەت بوون

سیماو ساناتۆسی زەكەرییان بێ

مەنوون و تكایە ئامادەباش بن

بامردووەكان ببنە زێوان و

شەهیدە درۆكانی براخۆر لەگۆڕنێن

ئەمێستاش دووای

شكست دابڕان خنكاندنی من تۆ شەوو

بیرم دێ‌ ژنە جادووەكان

پرچە ژاكاوو ژەنگاوییەكانیان

بەمیهرە گوڵاوییەكان دەشوشت

لەگەڵ ساتێكی زەردەو كازێوە پڕ چۆلەكەكانی ماچدا

ئێشك دەگرن و

لەبۆ ئاماركردنی نەیزەك و ستارە فڕێندراوەكان

سەرخەو دەشكێنن

نازانم لەكوێ‌ ببمە دەرۆزەكەری وەڵامی بێ پرسیار

مژدە هاوڕێ مژدە

وەریین و مەنوون

وا ئیرۆس كچە قەرەجیەكانی دووگیان كرد

ترسیش بووە نۆشی مەلەكوت و

ساناتۆسیش لەدۆزەخی حەشری بوونەوەردا

لەخشتەبرا

هەرزە مەمك هەڵووژەییەكانیش

لەشەهوەتی تەوارە نەعلەتیەكانی حەواو

كۆشكە دوو گوێ‌ مێزەر بەسەرەكانی زەمەن

سووخمەكانیان تووندتر كرد

نەكا خوانەكردە

ببنە خەزانی پاییزە دڕك ستانەكان و

جارێكی دیكە

وەیشوومەی زامارو باڕێژەی دابڕان هەڵكات و

ببنە شەونمی پاش بارانی سپێدەكان و

تێشووی خاكە خۆرنەدیوو و

گەدە كروساوەكان

مەم و فەرهادو لەیل

لەگەڵ ڕۆمیۆ و جۆلێت بێ خۆراك

دووكەڵی سیغارو بەفری هاویین سەرخەو بشكێنن و

لەبێهوودەییدا

تروسكەی ئەمەل فەرامۆش كەن !!!

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.