Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
دڵ و شوشە و ئازادی..!

دڵ و شوشە و ئازادی..!

Closed
by December 23, 2011 گشتی

  دڵی زۆرێك لە مرۆکان و شوشەکان وەك یەك لە گەڵ ڕق و توندوتیژی و شەڕ و جەنگدا ناگونجێن، تەنها لە فەزای ئازاد و ئارامی و ئاشتیدا دەتوانن ڕەونەقیان هەبێ و بێ بەڵا بن..!

لە بیرمە، سەرەتای هەست کردنم بوو بە خۆشی و جوانی‌یەکانی ژیان، چەندەها پرسیاری فانتازیایی بە خەیاڵمدا دەهات، یەکێک لەو پرسیارانە کە تائێستاش  هەروەك پرسیار و خەیاڵ  لە هٶش  وهزرمدا ماوە، ئەم پرسیارەیە (ئایا بۆ نابێت  گشت ماڵەکان لە شوشە بێت..؟!)
زۆربەمان دەزانین شوشە  ڕوون و بێڕەنگەکان  چ جۆەرە مادەیەکن، هەرچەندە مادەیەکی زۆر ڕەقن بەڵام گەلێك ناسکن، ئەو مادانان کە تیشکی ڕوناکیەکان دەتوانن بە ئاسانی پێیاندا تێپەڕ ببێ.. هەرچەند ئەستورن بەڵام زۆر ڕوونن، وە دەتوانین هەموو خاڵێکی ڕەش لە نێو قوڵایی شوشەکاندا بە ئاسانی ببینین، خاسیەتێکی دیی شوشە ئەوەیە کە خاوەنی پاکی و ڕەونەقێکی بێ ئەندازەیە، هەر گەرد و پەڵەیەکی لە سەر بنیشێت ئەوا دەزانین کە  شتێکی نەشاز و نامۆ سەرابی سەر شوشەکانی داگیر کردوە..! واتا شوشە لە بەر ئاورنگیەکەی ناتوانێت ببێتە  دیواری پاراستنی نهێنی‌یەکان.. چونکە دۆست و دوژمنەکان لەمدیو و لەودیوی شوشەکان بە ڕەنگاوڕەنگی  یەکدی دەبینن..!
شوشەکان لە بەر ناسکیان هیچ زەبر و فشارێکی دەرەوەی خۆیان قبوڵ ناکەن بەرگەی هیچ دەنگ و هاوارێکی بەرز ناگرن..! پێویستیان بە ئارامی و ئەمانە.. لە هەر فەزایەکی توندوتیژیدا لە هێرشی نێوان مرۆکاندا بۆ یەکدی..لە شەڕ و جەنگەکاندا ئەوە شوشەیە کە بۆ یەکەم جار دڵی شەق دەبات و وورد  دەبێت..!
هەموو شتێکی شوشەیی و ئارامی بەبێ بونی یەك پێیان ناکرێت..ئارامی نەبێت شوشەو پەنجەرەکان دەلەرزن و درزیان تێدەکەوێت..ئارامی نەبێت ڕووناکی و بریسکەی شوشەکان و سەرابی ئاوێنەکان، بە جارێ خامۆش دەبن و دەکوژێنەوە..!!
دەتوانین بڵێین دڵی مرۆڤە ئازاد و عاشقەکان لەگەڵ شوشەکاندا لە باری ڕۆحیەوە وەك یەك ناسکن، هیچیان بەرگەی  هیج هەڕەشەیەك و نائارامیەك ناگرن…!  بۆ سەلماندنی زیاتر، ئەگەر بتوانین لە ئەفەریقاوە بەرەو ئەورپا سنور بە سنور ببڕین و هەستەکانمان بۆ ئاستی  بونی ماف و ئازادیەکان بکەینەوە ئەوکات  ئاستی توندوتیژیەکانیش دەبینین، وە ئاستی توندوتیژیەکان و پێکدادانە سیاسی و کۆمەلایەتی‌یەکانیش دەتوانن چۆنیەتی کۆنفلیکتەکان دیاری بکەن، وە لیرەوە ڕێژەی بونی خانو باڵەخانە شوشەیی‌یەکان دیاری بکەین..تا بەرەو ئەو وولاتانە بچین کە ئازادی فەردی مرۆکانی تێدا پارێزاوە و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان تێدا کەمترە و خاوەنی سیستەمێکی دیموکراتین ،خانون وباڵاخانە شوشەیی‌یەکان و کەرەسە شوشەیی‌یەکانیش  تیایاندا زیاتر دەبێ..!
      لە کاردانەوەی کارەساتی ڕق و ئاژاوە وجەنگەکانەوە لە ئەزمونەکانی ژیانمەوە فێربوم  کە وەڵامی پرسیارەکەی خۆم بدەمەوە و بڵێم: ئەگەر دڵی مرۆکان  و پێکهاتەی شوشەکان وەک یەک بوایە..ئەگەر کەرەستەی نێو خێزانەکان زۆربەیان لە شوشە بونایە..ئەگەر دیوار و سەربانی خانو و باڵەخانەی قوتابخانەکان لە شوشە  دروست بکرانایە،  ئەوا لە ژێر باری ڕقی خۆمان و ئاژاوەی نێو خێزانەکان و بۆردومانی  شەڕ و جەنگانەدا  شوشەکان  بەرگەی هەموو ئەم زەبرانەیان  نەدەگرت..!!
تێگەیشتم  لە هەر شوێنێك  نائارامی هەبێت پێویستمان بە پێچانەوە و کۆکردنەوە و دوورخستنەوەی شوشەکانە لە نزیکمانەوە..دەبێت پەنجەرەکان یەك بەیەك بچوك بکەینەوە رووناکی شوشەکان و خامۆش بکەین  و بریسکە و ڕەونەقیان بکوژین،  تا  ئەوکاتەی ڕقی مرۆکان هێور دەبنەوە..ئاژاوەی نێو خێزانەکان دادەمرکێنەوە و شەڕ و جەنگەکان بە تەواوی ماڵئاوایمان لێ دەکەن..!
بۆیە دەڵێم پێش چاك کردنەوەی شوشە شکاوەکانی نێو ماڵەکان و گڵۆپی سەرشەقامەکان و پەنجەرەی بارەگا و کۆشکەکانی دەسەڵاتداران، پێویستە دڵی مرۆکان بێنەوە جێگای سروشتی خۆیان و ئارامی و ئەمانەت بۆ نێویان بگەڕێنینەوە، تا جارێکی دی شوشەکان نەشکێن و نەزڕێن..! وە ئارامی و ئەمانەتیش بە چارەی کێشەی مرۆکان و بەدیهێنانی ئازادی و ژیانێکی پڕ لە ئومێد بۆ هەمووان دەگەڕێتەوە…!!
بەڵێ ڕووداوەکان و ئەزمونەکانی ژیانی نێو کۆمەڵگاکەم بەشێك لە وەڵامی پرسیارەکانمی دایەوە بەو ئەرگومێنتە گەیشتم : کاتێك کە  بیر و کردەوەی توندوتیژی بەرامبەر بەیەك بەکارنەهێنین..کاتێک کە  رق و ترس لە نێوماندا کۆتایی بێت و ڕۆحی جەنگ و شەڕەنگێزی لە دەروونماندا خاڵی بێتەوە.. کاتێك مرۆکان هەموو بونە خاوەنی لێبوردەیی و بەخشندەیی و ئەشق و خەیاڵی ئازاد،  ئیتر ئارامی وئەمان سەرتاپای نێو وڵات و شار و ماڵمان دادەپۆشی  و زەبرێکی ئاگاش نامێنی کە شوشەکان بشکێنێ..!
ئەوساتە نەك تەنها پەنجەرەکانمان بەڵکو هەموو شتێکی نێو ماڵەکانمان..شەقام وکۆڵانەکانمان..دەبێتە شوشە وهەردەم بریسکەیان لێوە دێت..کە رق وشەڕ و جەنگ نەبێ..تەنها ئازادی وئاشتی و ئارامی هەبێ  پیویستیمان  بە  تاریکی نی‌یە تا نهێنی‌یەکانی تێدا  وون بکەین.. شوشەکان ڕەش ناکەینەوە و ‌قوڕ نادەین چونکە ناترسێین لەو دیو پەنجەرەوە ببینرێین..چونکە گەر دڵی مرۆکان و شوشەکان لە جێ خۆیاندا لە فەزایەکی ئارامدا جێگیربن..! ئیدی ناترسێین مالی هەمووان لە شوشە بێت..گەر هەموو شتەکانیشیمان بون بە شوشە نەك هەر حەز ناکەین بشكێن بەڵکو حەزیش ناکەین گەردو تۆزیان لەسەر بنیشێ..!

کەواتە گەر بمانەوێت ماڵی هەموان لە شوشە بێت، ئەوا شوشە و ئازادی و ئارامی و لێبوردەیی و بەخشندەیی  بە کورتی خۆشەویستی پەیوەندیەکی زۆر سروشتیان پێکەوە هەیە،  تێکهەڵکێش و پەیوەستبونی ئەم چەمکانەی سەرەوە زەمانەتی شوشە دابین دەکات  وە زەمانەتبونی شوشە مانای زەمانەتی ژیانی مرۆکانە کاتێك ژیانی مرۆکانیش زەمانەت بوو هەموو شتەکانیشمان زەمانەت دەبێت..!
لە دوا ئەرگومێنتا  دەڵێم ئازاد بونی شوشە لە شکان  ئازادبونی دڵی مرۆکانە لە هەر شکانێك ، کەواتە گەر دڵی هەرمرۆیەك بشکێ شوشەکانیش لە گەڵ دڵی مرۆکاندا  درەنگ بێت یا زوو هەر دەشکێت، بۆیە دەڵێم تا دڵێکی شکاو لە نێوماندا هەبێت، ناکرێ و نابێت ماڵمان لە شوشە بێت..!


کامەران عەزیز

Kamaran91@gmail.com
٢٢/١١/٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.