دیارده‌ی له‌شفرۆشی و هۆكاره‌كانی
تێبینی: ماوه‌یه‌ك له‌وه پێش راپۆرتێك ده‌رباره‌ی له‌شفرۆشی و دیارده‌ی له‌شفرۆشی و په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه له كوردستان له لایه‌ن دوكتۆر سه‌لاح گه‌رمیانییه‌وه بڵاوبۆوه‌و من خۆم ئه‌و راپۆرته‌م له سه‌ر لاپه‌ڕه‌كه‌ی خۆم له فه‌یسبووك بڵاو كرده‌وه، به‌و بۆنه‌وه كۆمه‌ڵێك كۆمێنت ئاڵ‌و و گۆڕ كرا، بیانووی ئه‌م نووسینه جۆرێك قسه‌كردنه ده‌رباره‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ی كه به داخه‌وه ئێستا له كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو په‌ره‌ی سه‌ندووه و تادێت بازاڕی له‌شفرۆشی له كوردستان به‌رفراوانتر ده‌بێت.
دیارده‌ی له‌شفرۆشی
به پێی گێڕانه‌وه مێژووییه‌كان، له‌شفرۆشی له ناو كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییدا مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه‌و سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای شارنشینی و ژیانی شارستانییه‌ت. ده‌توانین بڵێین له هه‌موو شارستانییه‌ت و وڵاتانی دونیادا ئه‌م دیارده سه‌ره‌ڕای له‌مپه‌ره به‌رفراوانه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و نه‌ریتییه‌كان، هه‌ر بوونی بووه‌و ئێستاكه‌ش هه‌ر بوونی هه‌یه. له به‌شێك له وڵاتانی كۆنی دونیادا له‌وانه فینیقییه و بابل و هێند له‌شفرۆشی له چوارچێوه‌ی ئایین و ئایینزاكاندا پاساوی بۆ ده‌هاته‌وه. به‌و مانایه‌ی له‌شفرۆشی به‌شێك بووه له رێ و ره‌سمی ئایینی ئه‌م میلله‌تانه. بۆ وێنه له بابلدا كچان ناچار بوون به‌وه‌ی به‌ر له پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌رێتی و ئیزدواج لانیكه‌م یه‌كجار ئه‌زموونی له‌شفرۆشی بكه‌ن.
مێژوونووسان باس له‌وه ده‌كه‌ن كچان به‌و پاره‌ییه‌ی له رێگه‌ی ئه‌م له‌شفرۆشییه‌وه به‌ده‌ستیان دێنا جیازی خۆیان ئاماده ده‌كرد. له ناو لایه‌نگرانی ئایینی «شینتۆدا»، جگه له خودای زاو زێ كه بوونی هه‌بوو و هه‌یه، خودای له‌شفرۆشیش هه‌یه كه «برنج» به ره‌مز و سیمبۆلی له‌شفرۆشی ناوزه‌د ده‌كرێت، هه‌ربۆیه برنج به‌خودای له‌شفرۆشی ده‌زانرێت
به پێی به‌ڵگه مێژووییه‌كان، روومییه‌كان یه‌كه‌م وڵات بوون له جیهانی رۆژئاوا كه سۆزانییه‌كان و سۆزانی خانه‌كانیان به ره‌سمی ناسییوه‌و ئیجازه‌ی فه‌رمیان پێداون. به‌ده‌ر له‌مه‌ش به درێژایی مێژوو ململانێیه‌ك بووه له نێوان فه‌رمانڕه‌واكان و كاهینان و رووحانییه‌كاندا ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته رووحانییه‌كان و كاهینه‌كانیش بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتنی زیاتر له جه‌سته‌ی ژن، رێگای خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه‌و كه‌ڵكی جێنسی و ماددیان له جه‌سته‌ی ژن بردووه كه ته‌نها گوناهه‌كه‌ی به‌درێژایی مێژوو ئه‌وه بووه توانای «منداڵبوون» و «سكپڕبوون» بووه. خوێندنه‌وه قووڵه مێژووییه‌كان ئه‌وه‌ده‌خه روو هیچ دیارده‌یه‌ك به درێژایی مێژوو به راده‌ی له‌شفرۆشی مه‌زڵوومبوونی ژنانی ده‌رنه‌خستووه.
به‌رزترین ئاستی مه‌زڵوومبوونی ژنان به درێژایی مێژوو به هۆی ئه‌م دیارده‌وه ئه‌و كاته بووه به رواڵه‌ت له حاڵێكدا به رواڵه‌ت یان به پێی یاسا و ئایین ئه‌م دیارده‌یه قه‌ده‌غه كراوه، له هه‌ندێك له وڵات و كولتوور و ئایین و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ته‌نها ژنان له‌م پرۆسه سێكسیه‌دا تاوانبار ناسراون و ئه‌و پیاوه‌ش كه له‌گه‌ڵ ژن خه‌وتووه، گه‌واهی و شه‌هاده‌تی داوه له سه‌ر له‌شفرۆشبوونی ئه‌و ژنه. ئه‌مه له حاڵێكدایه ئه‌م كاره(سێكس به هۆی له‌شفرۆشییه‌وه)، كرده‌یه‌كی دوولایه‌نه بووه، كه‌چی ژن تێیدا تاوانباری سه‌ره‌كی بووه، تا ئه‌و كاته‌ی له‌شكڕێك بوونی نه‌بووبێت و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بۆوێنه بۆ دابینكردنی نیازی ژیانی رۆژانه‌ی ناچار به له‌شفرۆشی نه‌كردبێت، له‌شفرۆشێك بوونی نییه و نه‌بووه، كه‌چی هه‌ر له‌شفرۆش تاوانبار بووه، كه زۆربه‌ی جار ئه‌مه ژنان ده‌گرێته‌وه.
ئه‌و كاته‌ی ده‌مانهه‌وێ له روانگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسییه‌وه‌و به تایبه‌ت له روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسی لادانه‌كان(Sociology deviations)ه‌وه باس له دیارده‌ی له‌شفرۆشی بكه‌ین، دیارده‌ی له‌شفرۆشی به هه‌ڵسوكه‌وت و كارێك ده‌وترێت كه ته‌نها ئامانج له‌و كاره، به‌لای كه‌سی ئه‌نجامده‌ره‌وه(كه به زۆری ژنانن) به ده‌ستهێنانی داهاتی ماددییه و بۆ یه‌كێك له‌و دوو كه‌سه‌ی ده‌ڕۆنه پرۆسه‌ی سێكسییه‌وه به شێوه‌ی (له‌شفرۆشی)، چێژی جێنسی بوونی نییه، یان باشتر وایه بوترێت ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی ده‌فرۆشێت چێژێك له‌و كاره وه‌رناگرێت، به‌ڵكوو زۆرجار به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌و كاره ئازاری ده‌روونی رووحی ده‌دات، هه‌ر بۆیه له‌م رووه‌وه زۆرجار دیارده‌ی له‌شفرۆشی به یه‌كێك له شێوه‌كانی توندووتیژی پۆلێن به‌ندی ده‌كرێت، دژ به كه‌سی له‌شفرۆش. به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی له روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسییه‌وه باس له‌م بابه‌ته ده‌كرێت، كۆمه‌ڵناسان كه باس له هۆكاره‌كانی توندووتیژی ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵێك هۆكار دیاری ده‌كه‌ن له‌وانه، هه‌ژاری، برسێتی، په‌روه‌رده‌ی ناردووستی خێزانی، بێكاری، دۆخی ئابووری، كۆچ ، نه‌خوێنده‌واری، تووشبوون به مادده سڕكه‌ره‌كان، جیابوونه‌وه‌ی ژن و مێرد له یه‌كتر(ته‌ڵاق) كێشه‌و ناكۆكی خێزانی و لادانی ئه‌خلاقی دایك و باوك. به‌ڵام هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ ته‌نها هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی به هۆكاری سه‌ره‌كی «له‌شفرۆشی» بزانین، ئه‌م دیارده، دیارده‌یه‌كی ئاڵۆزه كه بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م دیارده خوێندنه‌وه‌ی ده‌روونناسانه، ده‌روونشیكارییانه، كۆمه‌ڵناسی و ته‌نانه‌ت ئابووریش پێویسته . ده‌روونناسه‌كان كۆمه‌ڵێك هۆكاری ده‌روونی له‌وانه، لاوازی شوناسی ئه‌خلاقی، تێكچوونی شوناس، فره‌جۆرخوازی، به به‌شێك له هۆكاره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه ئه‌زانن. هه‌ر لێره‌شدا پێویسته جیاوازی دابنێین له نێوان دیارده‌ی له‌شفرۆشی و دیارده‌ی «كه‌مته‌رخه‌می جنسی».
هۆكاری ماددی و هه‌ژاری به زیاترین هۆكاری له‌شفرۆشی ده‌زانرێت، به‌و مانایه‌ی ژنێك به هۆی هه‌ژاری و فه‌قیرییه‌وه ناچاره بۆ دابینكردنی بژیوی ژیانی خۆی و زۆرجاریش ره‌نگه بژیوی ژیانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، ده‌ستبداته خۆفرۆشی و له‌شی خۆی بكات به ئامرازی دابینكردنی ژیانی رۆژانه‌ی. نه‌بوونی ده‌رفه‌تی كار و نه‌زانینی پیشه‌یه‌كی دیاریكراو و كه‌مته‌رخه‌می له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه هۆكارێكی گه‌وره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه. ئه‌و ژنه‌ی ناچار ده‌بێت بۆ دابینكردنی بژیوی ژیانی، سووكایه‌تی قبووڵ بكات و وشه‌ی «سۆزانی» و «له‌شفرۆش» و زۆرجار وشه‌ی ناشیرینی تر وه‌ك «خراپه‌كار» و… بخرێته سه‌ری، له‌باری ده‌روونییه‌وه زه‌ربه‌یه‌كی كاریگه‌ر ده‌خوات، ئه‌وكه‌سه له‌و كاره‌ی كه‌مترین چێژوه‌رناگرێت و به پێچه‌وانه‌شه‌وه زۆرجار ئازار ده‌درێت، به‌ڵام بژیوی ژیان ناچاری ده‌كات بكه‌وێته ناو وه‌ها كایه‌كه‌وه‌و زۆرجاریش گه‌ڕانه‌وه‌و ده‌ربازبوون له‌و كایه‌یه بۆی دژواره. به گشتی جیاوازی چینایه‌تی، هۆكارێكی گه‌وره‌ی ماددی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه به‌و شێوه‌یه‌ی كه كه‌سێك به هۆی هه‌ژاری ناچاره له‌شی خۆی بفرۆشێت و كه‌سێكیتر به هۆی باشبوونی ژیانی ئابوورییه‌وه و زۆرجار ته‌نها به رابواردن و خۆشگوزه‌رانی و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی جۆرێكیتر له‌شی به‌رامبه‌ر ئه‌كڕێت.
هۆكاره‌كانی له‌شفرۆشی:
له سه‌ره‌وه تا راده‌یه‌كی زۆر ئاماژه درا به هۆكاره‌كانی له‌شفرۆشی له كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كانداو ئه‌وه‌ی كه بۆچی ژنێك ئه‌بێت به له‌شفرۆش و رووده‌كاته ئه‌م كاره. لێره‌دا ئه‌و هۆكارانه ناودێر ده‌كه‌ین:
1-هۆكاری ماددی: له سه‌ره‌وه به دوور و درێژی باس له هۆكاری ماددی له‌شفرۆشی كرا و لێره‌دا ئیتر كه‌متر به پێویست ئه‌زانم باسی لێبكه‌م.
2-هۆكاری ده‌روونی- مه‌به‌ست له‌م هۆكاره ئه‌وه‌یه ژن به‌رده‌وام هه‌ر له سه‌ره‌تای له دایكبوونییه‌وه، هه‌ر له ناو چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌وه تا ده‌گاته كۆمه‌ڵگا و… به چاوی سووك له چاو ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر-ته‌نانه‌ت برا بچووكه‌كه‌شی بێت سه‌یر ده‌كرێت. ژن ئه‌و كاته‌ی كچێكی منداڵه، ناچار ده‌كرێت جلی براو باوكه‌ی بشۆرێت، خزمه‌تكاری براكه‌ی-ته‌نانه‌ت بچووكتر له خۆشی- بێت، به‌م شێوه‌یه ئه‌و كه‌سه له باری ده‌روونییه‌وه كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزی نییه، ئه‌و كاته‌ش دێته كۆمه‌ڵگاوه به هه‌مان (ره‌گه‌زی دووهه‌م) یان چۆن له كولتووری خۆماندا باسی ده‌كه‌ن، به (زه‌عیفه) ناوی ده‌به‌ن. ئه‌و له‌باری ده‌روونییه‌وه وه‌ها گه‌وره ده‌بێت و پێده‌گات كه ناتوانێت خۆی بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا و رووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ ئه‌و كێشانه ئاماده بكات، بۆیه به‌داخه‌وه هه‌ندێجار، زۆر زوو ده‌كه‌وێته ناو ئه‌و دیارده پیسه‌وه‌و ده‌بێت به به‌شێك له‌و ژنانه‌ی كه ته‌نها ئیشیان خۆخستنه به‌رده‌م پیاوانه به‌وه‌ی نیازی جێنسی ئه‌وان دابین بكه‌ن
3-تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ی پیاوان بۆ سێكس: ئه‌و پیاوانه‌ی روو ده‌كه‌نه ژنه له‌شفرۆشه‌كان بۆ دابین كردنی نیازی جێنسی خۆیان، له سێكس ته‌نها به‌ریه‌ككه‌وتنێكی جه‌سته‌یی و خاڵی له‌خواستی رۆحی ده‌بینن. به‌لای ئه‌وانه‌وه ژن ئامرازێكه بۆ دابین كردنی نیازه جێنسییه‌كانی ئه‌وان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ كورت ماوه‌ش بێت. بۆیه ئاماده‌ن ببن به به‌شێك له‌و پرۆسه‌ی له‌شفرۆشییه، له مامه‌ڵه‌ی كڕیار و فرۆشیاردا.
4-جه‌نگ: جه‌نگ به یه‌كێك له هۆكاره گرنگه‌كانی له‌شفرۆشی ده‌زانرێت، له به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار كه ئاماژه‌یان پێده‌درێت.
یه‌كه‌م: جه‌نگ بونیادی ئابووری كۆمه‌ڵگا وێران ده‌كات.
دووهه‌م: به‌شێكی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی له جه‌نگه‌كاندا، له به‌ره‌كانی جه‌نگدا ده‌كوژرێن، پیاوانن، كه له كۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌كانی له چه‌شنی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به سه‌رچاوه‌ی داهاتی كۆمه‌ڵگا ده‌زانرێن.
سێهه‌م: جه‌نگ كاریگه‌ری گه‌وره‌ی ده‌روونی هه‌یه له‌سه‌ر سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگا، له‌م رووه‌وه ده‌توانین بڵێین ژنان و مندالاَن گه‌وره‌ترین قوربانییه‌كانی جه‌نگن.
له گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا، جه‌نگ كۆمه‌ڵێك ئاسه‌واری تری خراپی هه‌یه كه كاریگه‌رن له سه‌ر په‌ره‌پێدان و زیاتربوونه‌وه‌ی دیارده‌ی له‌شفرۆشی.
5- نه‌خوێنده‌واری ژنان، یان ئاستی كه‌م خوێنده‌وارییان: له به‌شێكی زۆر له كۆمه‌ڵگاكاندا و به تایبه‌ت كۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌كانی له چه‌شنی كۆمه‌ڵگای ئێمه، ده‌رفه‌تی یه‌كسانی خوێندن بۆ ژنان و پیاوان وه‌ك یه‌ك ناڕه‌خسێت، له‌م رووه‌وه ده‌توانین بڵێین هۆكارێكی گه‌وره‌ی له‌شفرۆشی ژنان، ئاستی نزمی رۆشنبیریی و خوێنده‌واری ئه‌و ژنانه‌یه.
ئه‌مانه و كۆمه‌ڵێك هۆكاریتر له پشت په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌وه‌ن كه پێویسته زۆر به وردی باسیان لێبكرێت و له راستییدا خه‌سارناسی كۆمه‌ڵگا بكرێت بۆ كه‌متر بوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه.
تێڕوانینی كۆمه‌ڵگا بۆ دیارده‌ی له‌شفرۆشی:
له زۆربه‌ی زۆری كۆمه‌ڵگاكاندا، دیارده‌ی له‌شفرۆشی به شتێكی قیزه‌ون ده‌ژمێردرێت، به‌ڵام به‌مه‌شه‌وه هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه. له كۆمه‌ڵگا سوونه‌تیی و نه‌ریتییه‌كاندا له‌وانه كۆمه‌ڵگای كوردی كه هه‌ڵگری كولتووری پیاوسالاری و به زۆری ئایینی ئیسلامییه، كه‌سانی له‌شفرۆش ناو‌و ناتۆره‌گه‌لێكی وه‌ك «سۆزانی» یان «قه‌حبه»یان ده‌درێته پاڵ و به زۆری كۆمه‌ڵگا ئاماده‌ی وه‌رگرتنی ئه‌م كه‌سانه نییه. تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌گه‌ر هاتوو ژنێكی له‌شفرۆش له كۆڵانێكدا بوو سه‌رجه‌م كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كه نامه كۆده‌كه‌نه‌وه ده‌یده‌ن به ده‌سه‌ڵات یان خۆیان ئه‌و ئیزنه به خۆیان ئه‌ده‌ن ئه‌و ژنه له كۆڵان و گه‌ڕه‌كی خۆیان وه‌ده‌ربنێن. له حاڵێكدا ئه‌مه كۆمه‌ڵگا و به تایبه‌ت پیاوانی كۆمه‌ڵگان به هۆی هه‌ڵپه‌خوازی جێنسییانه‌وه، به‌ستێن و زه‌مینه بۆ ئه‌م دیارده‌یه ئاماده ده‌كه‌ن
تێڕوانینێكی هه‌ڵه:
له یه‌كێك له‌و كۆمێنتانه‌ی كه له فه‌یسبووك له سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ی د.سه‌لاح گه‌رمیانی له فه‌یسبووك دانرابوو، یه‌كێك له پیاوه‌كان نووسیبووی «ده‌ی له‌م وه‌زعه خراپه ئابوورییه‌دا، بۆ خراپه ئه‌گه‌ر ژنان به‌م شێوه‌یه پاره‌یه‌كیان به ده‌ست بكه‌وێت؟!»
ئه‌م تێڕوانین و بۆچوونه، بۆچوونێكی ته‌واو هه‌ڵه‌یه و دووره له هه‌رچه‌شنه تێڕوانینێكی زانستی و له راستیدا خاڵییه له لۆژیك. ئه‌م تێڕوانینه خاڵی كردنه‌وه‌ی ئینسان و جه‌سته‌ی ئینسانه له مانا ئینسانییه‌كه‌ی و به جۆرێك به كاڵا بوونی جه‌سته‌ی مرۆڤه. ئه‌مه خواستێكی جیهانی سه‌رمایه‌داری و بۆرژوازییه به‌وه‌ی هه‌موو شت بكات به كاڵا و كولتووری كه‌ڵك وه‌رگرتن له كاڵا بكات به كولتووری باو. له‌م تێڕوانینه‌وه جه‌سته‌ی مرۆڤیش (لێره‌دا ئه‌و ژنه‌ی ناچاره له‌شفرۆشی بكات)، ئه‌بێت به كاڵایه‌ك كه ده‌كڕدرێت. لێڕه‌دا رووبه‌ڕووی پارادۆكسێكی گه‌وره ده‌بینه‌وه. له لایه‌كه‌وه‌ی ئێمه له‌م سه‌رده‌مه‌دا باس له گرنگیدان به تاك و به‌ها مرۆییه‌كان ده‌كه‌ین، باس له مافی تاكه‌كه‌س و زۆر جار له روانگه‌ی لێبرالییه‌وه باس له «فه‌ردییه‌ت» و «تاك گه‌رایی» ده‌كه‌ین به بێ جیاوازی دانان له نێوان ره‌گه‌زه‌كاندا، یان له روانگه‌ی ماركسیزمه‌وه باس له یه‌كسانی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای تاك ئه‌كه‌ین، كه‌چی حازرین ئه‌و ئیزنه به خۆمان بده‌ین به‌م دیده‌وه له روانگه‌یه‌كی كاڵاییه‌وه چاو له جه‌سته‌ی ژن بكه‌ین و به‌وه بڕوانین جه‌سته‌ی ژن ده‌توانێت ببێت به سه‌رچاوه‌ی داهات.
له لایه‌كیتره‌وه، ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه به‌م شێوه‌یه له پرسی «له‌شفرۆشی ژن» ده‌ڕوانێت، قه‌ت بیری له‌وه كردۆته‌وه ئه‌و ژنه‌ی ناچاره بۆ به‌ده‌ست هێنانی بژیوی ژیان جه‌سته‌ی خۆی بفرۆشێت، له باری رووحییه‌وه چ زه‌ربه‌یه‌كی كاریگه‌ر ده‌خوات؟ له پرۆسه‌ی سێكس به شێوه‌ی له‌شفرۆشی، ژنی له‌شفرۆش جگه له‌وه‌ی كه‌مترین یان ته‌نانه‌ت هیچ چێژێك نابینێت، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه ئازار ئه‌بینێت، ئه‌مه توندووتیژی سێكسییه‌و به هۆی ئه‌م كاره‌وه كه‌سایه‌تی ژن داده‌ڕووخێت، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و خاڵه‌ش كه له كۆمه‌ڵگای ئه‌خلاقی ئێمه‌دا به چاوێكی بێڕێزانه‌وه چاو له ژنانی له‌شفرۆش ده‌كه‌ن. ئه‌م داڕووخانه خێراتر و به په‌له‌تر ده‌بێت. لێره‌دا پێویستی بابه‌تێك دێته پێشه‌وه ئه‌ویش په‌روه‌رده و بارهێنانی پیاوانه.
په‌روه‌ده و بارهێنانی پیاوان:
به مه‌به‌ستی به‌رگرتن به په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری دیارده‌ی له‌شفرۆشی و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه، یه‌كێك له‌و رێكارانه پێویسته بگیردرێته به‌ر، په‌روه‌ده و بارهێنانی پیاوانه له چه‌ند رووه‌وه.
A-په‌روه‌رده‌ی پیاوان به‌وه‌ی به دیدێكی ئینسانییه‌وه چاو له ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر بڕوانن و خۆیان به تاكی سه‌روه‌ری كۆمه‌ڵگا نه‌زانن و ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر(ژنان) به ره‌گه‌زی پله‌نزمتر.
B_پیاوان به زۆری سه‌رپه‌ره‌ستی بنه‌ماڵه‌ن، ئه‌وان ئه‌بێت فێرببن له گه‌ڵ ژنانی ناو خێزانه‌كه‌یاندا چۆن هه‌ڵسووكه‌وت بكه‌ن، چونكه جگه له هۆكاری ماددی، هۆكاری ده‌روونی و هۆكاری عاتیفی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌یه ژنان تووشی ئه‌م لادانه كۆمه‌ڵایه‌تییه ده‌بن.
C_هۆكارێكی گه‌وره‌ی له‌شفرۆشی، جۆری هه‌ڵه‌ی تێڕوانینی پیاوانه بۆ پرۆسه‌ی سیكس. به زۆری پیاوان خۆیان له‌م پرۆسه‌یه‌دا به بكه‌ری ته‌واو ئه‌زانن و ژنان به به‌ركاری ته‌واو ئه‌زانن، له‌م رووه‌وه هیچ گرنگی به خواستی ژنان ناده‌ن، بۆیه ئاماده‌ن له‌شی ژنێك ته‌نها بۆ له‌زه‌تێكی كاتی خۆیان بكڕن. بۆیه پێویسته روانگه‌ی پیاوان له‌م رووه‌وه بگۆڕدرێت، وه‌ك چۆن پێشتریش ئاماژه‌م پێدا، پرۆسه‌ی له‌شفرۆشی، گرێبه‌ستێكی به زۆری كاتییه له نێوان دوو كه‌سدا، له‌سه‌ر خواستێكی ماددی. ئه‌گه‌ر له‌شكڕ نه‌مێنێت له‌شفرۆشیش نابێت.
D_ ئه‌گه‌ر پیاوان به راست ده‌یانهه‌وێت یارمه‌تییه‌كی ژنان بده‌ن، ئه‌مه چ رێگایه‌كه؟ زۆر رێگای تر هه‌یه كه ده‌كرێت بیگرنه به‌ر بێئه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی ژن بڕووخێنن و كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی نزم بكه‌نه‌وه بۆ ئاستی له‌شفرۆشێك. بۆوێنه با ئه‌وان هه‌وڵبده‌ن ده‌رفه‌تی یه‌كسانی كاركردن بۆ ژنان بخولقێنن له چاو پیاوان. یان به چاوی سووك له كاركردنی ژنان نه‌ڕوانن
E_به‌شێكی زۆری ئه‌و ژنانه‌ی ده‌ست ئه‌ده‌نه له‌شفرۆشی كێشه‌ی نه‌خوێنده‌وارییان هه‌یه و زۆرجار پیاوانی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه هۆكاری وازهێنان له خوێندنی ئه‌وان بوون له قۆناغی سه‌ره‌تاییدا،بۆیه پێویسته پیاوان په‌روه‌رده بكرێن به‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه به‌ر به خوێندنی ژنان نه‌گرن و وا نه‌بێت كه ژنان له تواناییه‌كان بێبه‌ری بن.
هۆكاره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه له كوردستان:
دوای 2003 ده‌روازه‌یه‌كی نوێ به‌ڕووی كوردستاندا كرایه‌وه، ئه‌و جۆره گه‌مارۆ ئابوورییه‌ی له سه‌ركوردستان بوو نه‌ما، به پێچه‌وانه‌وه كوردستان بوو به بازاڕێكی گه‌وره‌ی بێسه‌رو به‌ره به شێوه‌یه‌ك له سایه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه نوێیه‌دا قڵشێكی گه‌وره‌ی چینایه‌تی له كوردستان درووست بوو، به شێوه‌یه‌ك كه ده‌توانین بڵێین كوردستان خه‌رێكه خاڵی ئه‌بێت له چینی مامناوه‌ند. واته كۆمه‌ڵگا ئه‌بێت به دوو چین. چینێكی هه‌ژار و چینێكی ده‌وڵه‌مه‌ند. به شێوه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك كه‌س بیناكانیان سه‌ر له ئاسمان ئه‌سوێت و ژماره‌یه‌كیش له گه‌ڕه‌كه په‌راوێز كه‌وتووه‌كانی شاره‌كاندا له ناو خانووه گڵینه‌دا سه‌ختترین ژیانیان هه‌یه.
له سه‌فه‌رێكمدا بۆ كوردستان زۆر به جوانی ئه‌م شته‌م به چاوی خۆم بینی. كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه له لایه‌ك و بێبه‌ری بوونی ژماره‌یه‌كی خه‌ڵك له كه‌مترین داهاته‌كانی ژیان هۆكارێكی گه‌وره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه له ئێستادا. له هه‌مانكاتدا به‌شێكی زۆری ئه‌و ژنانه‌ی له كوردستان خه‌ریكی له‌شفرۆشین ژنانی عه‌ره‌بن كه ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نائارامییه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق. كۆمه‌ڵناسان جه‌نگ و شه‌ڕ به هۆكارێكی گه‌وره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی له‌شفرۆشی ئه‌زانن له دونیادا. ئه‌و كاته‌ی له باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق شه‌ڕ و جه‌نگ و ئاواره‌یی هه‌یه، له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرجاران پیاوان له جه‌نگدا ده‌كوژرێن، هه‌ر به‌م بۆنه‌وه ژنان، بێسه‌په‌ره‌ست ده‌مێننه‌وه‌و ئه‌و كاته‌ش كه ئه‌منییه‌تی گیانیان نییه، رووده‌كه‌نه كوردستان و لێره‌دا له كوردستان ده‌كه‌ونه تۆڕی له‌شفرۆشه‌كانه‌وه. به‌گشتی له هه‌موو ئه‌و رووانه‌وه كه له‌سه‌ره‌وه باسم كرد كۆمه‌ڵگای ئێستای كوردستان ئاماده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه و له ئێستادا بوونی هه‌یه. پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به جیددی و به شێوه‌یه‌كی گونجاو رووبه‌ڕووی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه ببێته‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م دیارده‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی بێ‌ڕێز كردنی ژنانه له كۆمه‌ڵگادا، له هه‌مانكاتدا كۆمه‌ڵێك كاریگه‌ری خراپی هه‌یه له سه‌ر كۆمه‌ڵگا له‌وانه ده‌توانین ئاماژه به دوو جۆر كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی ئه‌م دیارده‌یه بده‌ین
1-رووخانی بونیادی ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگا كه ئه‌مه‌ش خۆی كاریگه‌ری زۆر خراپی هه‌یه له سه‌ر كۆمه‌ڵگا، له‌وانه له‌رزۆك كردنی بنه‌مای بنه‌ماڵه، بنه‌مای زۆریه‌ك له پێوه‌ندییه كۆمه‌لاَیه‌تییه‌كان و …
2-په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی كه له رێگای سێكسه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه. له‌وانه ئایدز، هێپاتیت و…
شەهلا سیمایی