Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دیالۆگ لە نێوان ژن و مێردى كوردا  دانسقەیە ….!

دیالۆگ لە نێوان ژن و مێردى كوردا دانسقەیە ….!

Closed
by September 30, 2008 ژنان

 دیالۆگ لە نێوان ژن و مێردى كوردا  دانسقەیە ….!
 توێژەرى كۆمەڵایەتى : حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

  (1)
 لە كۆمەڵَگاى كوردیدا ،دۆزى كۆمەڵایەتى بە كێشە و ئاریشەیەكى زۆرو زەوەندا تێدەپەڕێت ، چ جاى باسەكە بێتە سەر خێزان  بە گشتى و پەیوەندى نێوان نێرو مێ بە تایبەتى .. ئەم فایلە پڕە ئیشكالییەت و قەیران ، چونكە كەناڵە گرنگەكانى پێكهاتە و بونیادى كۆمەڵگا بەشداى تێدا دەكەن .. لەوانەش دابونەریتێكی سوننەتى كە ڕێسایەكى نەنوسراو و یاسایەكى هەتیوە وبۆتە كەلتوورێك و وەكو فۆلكلۆر وایە ، كەس نازانێت كێ دروستكەر و بنیاتنەریێتى و هەموو كەسێكیش داكۆكى لێدەكات و وەكو چاوى خۆى دەیپارێزێت  ..!!!!
  كەس نازانێت هۆى چییە ئەم هەموو زەبرو زەنگ و توندوتیژییە بەرانبەر بە ڕەگەزى مێ لە ئارادا بێت  و جەهەندەم و مەنجەنیقێكى بێمانا خراوەبێتە سەر گازەرای پشت بۆ كوشت و كوشتارى كچ و ژن ،ژنكوشتن و زەلیلكردن و بە پەراوێزكردن و ئیفلیجكردن ، بۆتە حەڵاڵترین و ڕەواترین و باشترین كردەوە و كردارێك كە ڕەگەزى نێرى حەیتە و سالار و عەنتەر پێی هەڵسێت بە مەبەستى گەڕاندنەوەى شەرەف و ئاكار و حورمەتى خێڵ و هۆز…..؟؟!!
 كۆمەڵگاى كوردى داخراوە بەسەر نەریتو نۆرمى چەقبەستوودا كە دەرئەنجام ئەو هاوكێشە ناماوتایەى سازاندووە كە :-
  نێر سەنتەرە و مێ پەراوێز ، نێر بۆتە بكەر و مێ بۆتە وەرگر و پاسیف ، ئەم ڕەوشەش ئەو ئەتمۆسفیر و كەشەى وەبەرهێناوە كە ڕۆڵی نیوەناچڵ و تەریك و لاوەكى ببەخشێتە ڕەگەزى مێ..بەمەش كۆمەڵگا كۆستى كەوتووە و خۆى ئیفلیج بووە .. كاتێك لێنینى مەزنە ڕابەرى ماركسیزم و سیاسەتمەدارى گەورەى روسیا وتوویە :ژن نیوەى جەستەى كۆمەڵە / بەو واتایە دێت كە ئەگەر سەربەست و ئازاد نەبوو ، كە ئەگەر كاریگەر و كارلێكەر و كارگەر نەبوو بێگومان ئەو جەستەیە ، نیوە دەبێت و نیوەش چی پێدەكرێت ..؟؟ خێزان بەیەك لەت و بەیەك تاى تەرازوو چۆن چۆنى دادەمەزرێت و پێكدێت ..؟؟ كەواتە كۆمەڵگا بەبێ ڕۆڵى كاریگەرى ژن ، هیچ بایەخ و كەڵكێكى ئەوتۆی نابێت ..كۆمەڵگا بەبێ هاوشانى و هاوتایی و هاوبیرى و هاوتەبایی و جێگە و پێگەى ژن ، چ هێز و چ وزەیەكى دەبێت ..؟؟
 ئا لێرەوەیە بێهێزى و بێتوانایی و بێئیرادەیی و نەزۆكى كۆمەڵگاى كوردیمان ….!
 ئێمە تازە بە تازە لەم دەموەخت و سەروەختەى جیهانگیرى و پۆست مۆدێرنیتەدا  بۆمان ئاشكرا دەبێت كە ، كۆمەڵگاى كوردى ناتوانێت هاوشان لەگەڵ سیسمتى نوێی تەكنۆلۆژیا و تەكنۆترۆن و سەتەلایت و ئینتەرنێت و هێرش بەرەو بۆشایی ئاسمان و مەریخ و هەسارەكانى دیكەدا ، یەك شەقاو لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریكادا ناتواین هەنگاو بنێین …. چونكە بەكوردى پەتى ئێمە زۆر دواكەوتووین !
  بە قەولى دكتۆری گەورەى عێراقى : عەلى وەردى : ئێمە لە بەربەرییەت و بیاباندا دەژین و كەچی داواى بە مەدەنیبوون دەكەین ….! ئێستا ئێمەش لە هەمان بەزم و ڕەزمدا دەگوزەرێین و لەگەڵ ساڵانى شەست و حەفتاكانى سەروەختى عەلى وەردیدا زۆرمان نەبڕیوە لە گۆڕان و وەرچەرخان ….!
 با بێینەوە سەر باسی نێر و مێی كورد ، كە وەكو ئاگر و بەنزین لێكتر نزیكن .. لە دیدگاى هەر نێرێكى كوردا ، ڕۆحێكى جووداخواز و جوودایی ڕەگەزیی  لە هزر و لە بیركردنەوە و لە ڕەفتارى نێرى كوردا ئامادەیە .. بەڵام ئەفسوس زۆرینەى ئەو زەمینسازییە و ئەو خوڵقاندن و سازاندنەش ، ژنى كورد ، دایكى كورد دروستكەرییەتى .. بەداخەوە ئەوە ڕاستییەكى زۆر جەرگبڕە كە هەموو دایكێك خۆى ئەو ڕەنگە دەڕێژێت و ئەو ڕۆحییەتە لاى نێرى مێردى یان نێرى كوڕی خۆى دەچێنێت كە پێویستە كوڕ زاڵ بێت و كچیش چەماوە ، مێرد سەنتەر بێت و خۆیشی پەراوێز .. ئەگەر نا ئەو مێیە سزا دەدرێت و شاربەدەر دەكرێت ..!! كەچی پیاو و ژنى كورد ڕچەشكێن و سنوور بەزێن و وەرچەرخێنەر نەبوون  .. تا بتوانن لە مێژوودا ئەو ڕۆڵە گرنگە تۆمار بكەن وهاوشێوەى  ژان دارك و ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ و سپینۆزا و ئەندێرا گاندى و قاسم ئەمین بتوانن ئازادى و سەربەستى بۆ مرۆڤى كورد دەستەبەر بكەن و لە ڕەگەزپەرستى  قووتاریبكەن ….!!
 (2)
 بەڵام تەوەری گرنگى ئێمە ، لە ئێستاوە دەتوانین لەسەری بدوێین و بزانین ئاخۆ بۆچی مینبەرى گفتوگۆى نێان ژن و مێرد ، یان نێر و مێی كورد نەسازاوە …!؟
 كۆمەڵگاى كوردى بە گشتى زەمینەى بۆ گفتوگۆو ئاخاوتن و دیالۆگی نێوان تاكەكانى نەسازاندووە ..هەموو شتێك بڕیوە و بڕاوەتەوە .. هەموو شتێك بەر لە دروسیبوونى مرۆڤى كورد تەواو خەمڵیوە و پێویست بە گفتوگۆو قسەلەسەركردن ناكات ..مرۆڤـــــ موسەییرە نەك موخەییر ، بەواتاى ئەوەى كە مرۆڤ دەستەویەخە و لاوازە بەرانبەر بە سروشت و كۆمەڵگاكەى .. ناتوانێت دەستكارى هیچ بكات و بیگۆڕێت .. تاكێكى بێئیرادەو بێهێزە .. نێر كۆیلەى دابونەریت و نۆرمى كۆمەڵایەتییە .. ژنیش سێبەرى ئەو كۆیلەیەیە كە پێی دەڵێن نێر .. پیاوى كورد خۆى چەوساوە و زەلیلى دەست سروشتى كردگار و خوڵقاوى دونیا و كۆمەڵگایە ، ئیدى چۆن و بە چ  میتۆدێك دەتوانێت لەگەڵ مێی سێبەردا ئاخاوتن بسازێنێت .. !!
 (3)
  سەردەمانێكی زۆر  ئەم سیستمى پێكەوە  ژیانەی نێوان نێرو مێ ، نێوان ژن و مێرد  لە ئارادا بووە .. بەڵام ساڵانێكە و بەهۆى باهۆزى جیهانگیرى و مۆدێرنیتەوە ، ژنیش چووە دەرەوەى چوارچێوەى ماڵ و شانبەشانى پیاو كەوتە كاركردن و چووە بەر خوێندن ..ژنیش كەوتە قسە و ئاخاوتن … ژنیش لە بوارى نیشتمانپەروەری و سیاسەتدا تێكۆشا و خەباتیكرد ، ئەمەش قۆناغێكى زۆر گرنگبوو بۆ ژنى كورد و ئازادبوونى ، بەڵام لە ڕاستیدا هێشتا سەرەتایە و كۆت و بەندەكان ، كۆسپەكان ، ئاستەنگە كەلتوورى و ئاینى و كۆمەڵایەتییەكان زۆر كاریگەرترن لەو گۆڕانە ئابوورییە خاوو سستەى كە ئەم دەڤەرەى گرتۆتەوە ….لە ڕاستیدا قەیرانى سیاسی و شەڕەوشۆڕ و هەلومەرجى سیاسی و گۆڕانكارییەكانى بەسەر ئەم هەرێمەدا هاتوون ، كێشەى دەستوورى و یاسایی و ئیدارە و بەڕێوەبردنى فەراهەمكردووە .. كە ئەوانە ناڕاستەوخۆ و بە هێمنى لە پێكهاتە و بونیادى كەسێتى تاكى كوردا دەمێننەوە …. !!
 تاكى كورد (بە پیاو و ژنییەوە) كەمتر ئامادەیە گفتوگۆ سازبدات ..تاكى كورد بە شێوەیەكى گشتى تاكێكى ڕەمەكی – غەریزییە : بەو مانایەى كەمتر ڕەگەز و كەرەستەكانى مەدەنییەت و شارستانییەتى تیادا ئامادەیە .. ژن و مێرد پێش هەموو شتێك پێویستیان بە كەشوهەواى دیمۆكراسی و مەدەنیی  هەیە .. چونكە ئەم دوو چەمكە  خوڵقێنەرى  تاك و تاكگەرایین .. ماف و ڕێزى تاك لە نێو كۆمەڵى مەدەنى و دیمۆكراسیدا پارێزراوە .. جوودایی ڕەگەزیی لەو دوو تەرزە كۆمەڵگایەدا سڕدراونەتەوە و بێهێز و پەراوێزكراون و خراونەتە نێو مۆزەخانەوە .. نێر و مێ دوو بونەوەرى تەواوكەرى یەكترین و هەردووكیان هاوسەنگ و هاوتان و مافیان هاوبەشە و هاووڵاتى پلە یەكن .. !!
 (4)
 هێشتاكە زۆرى ماوە پردى ئاخاوتن و گفتوگۆى نێوان ئەم دوو ڕەگەزە جوودا و ناهاوتایە  پێك بێت ، لە واقیعدا هەنووكە ڕەوشی خێزانى كورد لەوپەڕی تەنگژەدایە …. چونكە  پێوەرە سەرەكییەكانى پێكەوە ژیان تێكچووە .. بونەوەرى كورد تاكێكى ڕەمەكى و غەریزییە زیاتر لەوەى كە مەعریفى و مەدەنیی بێت ..
 خۆشەویستى و كۆڵەكەكانى لە داهێزران و لە هەرەسدان .. ڕق و كینە بەرەبەركانێی دەكەن ، ڕۆمانسییەت لە ئاوابووندایە .. پیاسە و ڕۆیشتن و فڕینى دوورى دەم دەریا و نێو ئامێزى چیا سەركەشەكانی ئەم دوو مەخلووقە جوانە ( واتا نێر و مێ ، یان ژن و مێرد ) لەم گووزەرەدا بەدیناكرێن ..تریفەى  چەمكى خۆبەخشین و قوربانى و دڵسۆزى و ئەشق و موحیببەت  كوژاونەتەوە .. ئەم ڕۆژگارە زۆر تاڵ و ترشە ..ڕۆژگارى بەرزبوونەوەى ئاپارتمان و بینا ناشرینەكانە بە ڕووى ئاسماندا بۆیە ئاسمانیش لێڵە و تەپوتۆز دونیاى تەنییوە…!! هەتا ئەو ئاپارتمانە نەگریسانە بچن بەگژ هەورەكاندا ، ژیان و ماناكانى  واتاى خۆیان لەدەست دەدەن .. جیاوازى نێوان مرۆڤەكان زیاتر دەبێت ..!!!!
 بەڵام دواى ئەم قۆناغە گۆڕان ڕوودەدات و پێوەرە سەرەكییەكان دەگەڕێنەوە … ئەوروپاش ئەم قۆناغە نەگریسەى دیووە .. ئەودەمەش :  خۆشەویستى و لێكبووردن و كەلتوورى پێكەوە ژیان چیدیكە لە تەنگژەدا نابن .. بەرژەوەندى  جێ بە هەموو شتێك لەق ناكات .. شەڕانگێزى و تووڕەیی شوێنى گفتوگۆ و ئاخاوتن  ناگرنەوە .. جیاوازى نێوان ژن و پیاو بەو شێوەیە  پڕووكێنەر نابێت .. تاكى كورد ئەوەندە غەریزى و هەڕەمەكى و كاڵفام ناگوزەرێت .. كە تواناى گۆڕان و سنوور بەزاندنى نەبێت .. كە تواناى زەمینە سازى بۆ ئاخاوتن و گفتۆگۆ نەبێت .. كە تواناى ئەوەى نەبێت ببێتە مرۆڤێكى مەدەنى و شارستانیی ..!!
   لە ئەوروپای دێرینیشدا ئەو دەمەى كە تەنیا قەشەكان و ئاغاكان قسەیاندەكرد ، ئاخاوتن و دیالۆگى نێوان نێر و مێ ، نێوان گەورەو بچووك ، نێوان باوك و كوڕ ، نێوان دایك و كچ هەر ئاوەها لە قەیران و تەنگژەدا پەنگى خواردبۆوە ، بەڵام شۆڕشی زانستى و مەعریفى و تەكنۆلۆژى ئەو ڕەوشەى قڵپكردەوە و ئەو وەرچەرخانەى دروستكرد ، كە بۆ مرۆڤایەتى بووە بە وانە و لابۆر ……!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.