Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیدارى شاخەوان سدیق لەگەڵ بەرزان هەستیاردا

دیدارى شاخەوان سدیق لەگەڵ بەرزان هەستیاردا

Closed

 دیدارى شاخەوان سدیق لەگەڵ بەرزان هەستیاردا
 
 بەرزان هەستیار:"لە ئەدەبی هەموو دنیادا لێكچوون هەیە و كەسیش وەك هەندێ نووسەری لای ئێمە نەیكردووە بەهەرا"
   ئا/ شاخەوان سدیق

 بەرزان هەستیار یەكێكە لە نەوەى هەشتاكانى دەنگى شیعرى كوردى و هەمیشە بەشیعرە سەرنج ڕاكێشو پرسیارە جدییەكانى ڕاماندەكێشێتە ناو دنیاى تێكستەكانى هەروەك (بەختیار على)لە نوسینێكدا دەڵێت" قەسیدەى دڕێژى بەرزان هەوڵێكى زۆرى تێدایە بۆ چربوونەوە، بۆ كۆكردنەوەى مانا لەیەك وێنەى خێرادا بۆ گوتنى ماناى قوڵ بە وشەى كەم لە سەروى هەمووشیانەوە تێڕامانێكى بێوچان لە مردن و شكست و تەنیاى هەیە لە زۆر جێگادا خەمگینە، جۆرە هەستێكى بینینى تەنیاى تێدایە بە قەدەرخۆى وەك مرۆڤ، هەستێكى پوچ بەژیان كە دەگاتە پلەى گاڵتەكردن بە زمان و بە ئینسانیش خەیاڵى بەرزان لەخزمەت نیگەرانیە ڕۆحیەكەیدایە ئەو خەمە تاریكەى ناوەوەیە كەدەیەوێت ببێتە دەروازەى تێڕامان و كەرەستەى دروست كردنى مانا" هەربۆیە بە پێویستم زانى بۆ زیاتر ئاشنابوون بە دنیابینى بەرزان ئەم دیدارەى لەگەڵ سازبدەم.
 
 پ/ هەمیشە دەوترت نوسین بە شێكە لە وەڵام دانەوەی شكستەكانی ئینسان ئەو شكستانەی كە نەی توانیوە بە سەریاندا زاڵ بت یان نوسین پڕكردنەوەی نەقسەكانی ئینسانە. لای تۆ نوسین هەستكردن بەنەقس بوو؟ یان وەڵامدانەوەی شكستەكانت؟ یان هیچ كام لەمانە نەبوو؟ مەبەستمە بڵێم دوای ئەمانە تۆ بۆ ئەنوسی؟؟
 
 بەرزان هەستیار / ئەگەر بەوردیی لە پرسیارەكەت وردببمەوە، ئەتوانم بلێَم تا ڕادەیەكی زۆرخۆی لە ناوخۆیدا بەشێكی زۆری وەڵامەكەشی هەڵگرتووە، بە واتایەكیتر دەمەوت بڵێم پرۆسەی نووسین لای من هەندێك جار وەڵامدانەوەی ئەو شكستە قورسانەیە كە تا سەر ئێسقان بەسەر خۆمدا دەمشكننەوە و هەندێكجاریش پێش ئەوەی بوومەلەرزەی شكستێك ڕووبدات هەستی پێدەكەم و گەرەكمە لە ڕێگەی نووسینەوە بەربەوشكستە بگرم، كەواتە چاكتر وایە هەمیشە خۆم لە نووسین نزیك بكەمەوە بۆ ئەوەی بە جۆرێكی وا، نەبم بەّژێر باری شكست و مەینەتەكانەوە كە بوارێكم نەمێنێت بۆ هەناسەدان. دەنووسم، دەنووسم، دەنووسم بۆ ئەوەی   "تا ئەو دووچڵ ڕێحانەی ژیانەم بۆنیان بێت " منیش دەست لە دیوارەكانی "بوون" بدەم. دەنووسم بۆ ئەوەی بەردەوام لاولاوی عیشقێك بەر پەنجەرەكەم چۆڵ نەكات. پێش هەموو شكست و دوای هەموو داڕمانێك دەنووسم، نەوەك بێدەنگیی لاڵم بكات.
 
 پ/ لە شیعرەكانتا گەڕانەوەیەكی سەیرئەبینم بۆ مناڵی و هەست بە بوونی ترسكی گەورەش لە پیری. پێم خۆشە بزانم ئەم دوو پرسە چی ئەگەیەنن لە ژیانی تۆداو دەتەوت ئەم دوو هاوكشیە چۆن هاوسەنگ بكەیت.؟؟؟؟
 
 بەرزان هەستیار / من وای دەبینم كە كەمكەس لە ئێمە منداڵیی خۆی بینیبێت و یان هیچ نەبێت ڕێژەیەكی كەمی لە خولیاو ئارەزووەكانی منداڵیی بۆ هاتبێتەدی، منداڵیی لای من ئەو بناغە پتەو و سەنگینەیە كە دواتردەكرێت هەموو كێشی تەمەنی بخرێتە سەر، بەڵام بەداخەوە منداڵیی زۆربەی زۆرمان منداڵییەكی  شەرمن و لەرزۆكە، منداڵییەك كە بە مانای ووشە لە هەموو ماناكانی منداڵیی بەدەر بووە، بە كوردی و بە كورتیی ئێمە كۆمەڵێك منداڵی پیرو چاوكز بووین. بیرم دێت هەر كات میوانێكمان بهاتایە دەبوایە وەك گەورەكان بەخێرهاتنی بكەین و بە ئەدەبەوە هەڵسوكەوت بكەین و لەبەردەم میوانیشدا دەبوایە"پیاوانە " خۆمان پیشان بدایەو گەردەمیشمان بكردایەوە دەبوایە وەك گەورەیەك بدوێین كە ئەمەش بۆ ئێمەی منداڵ زۆر سەخت بوو.
 من دەڵێم ڕەنگە بۆ ئەو كاتەی ئێمە تا ڕادەیەك ئەو جۆرە مامەڵە كردنە لەگەڵ منداڵ ئاسایی بووبێت، ئەویش بەحوكمی ئەوەی ئەو سەردەمە بابوباپیرانی ئێمە خاوەنی ڕۆشنبیرییەكی ئەو تۆ نەبوون و دابونەریتیش هەر ئەوەندەی ڕێپێداون كە بەو چەشنە مامەڵە لەگەڵ منداڵدا بكەن.
 من حەز دەكەم لێرەدا شتێكت بۆ بگێڕمەوە ، ئەو كاتەی لە قوتابخانەی سەرەتایی پیرەمەگروون بووم، ڕۆژێكیان كە لە قوتابخانە هاتینەدەرێ لەبەردەم قوتابخانەدا كوڕێكی دراوسێی خۆمانم بینی كە هاورێی گەڕەكم بوو، هەر كە سڵاومان لەیەك كردپێی وتم بڕۆ بۆ ماڵەوە باوكت پاسكیلی بۆ كڕیویت ، ئیتر من بە بێ ئەوەی هیچی لێبپرسم لەبەردەم قوتابخانەوە هەتاماڵەوە بەڕاكردن ڕۆیشتمەوەو هەر كەخۆم كرد بە ماڵەوەدا و خوشكێكمم لە حەوشەبینی  وتم كواپاسكیلەكەم؟ ئەویش هەر زۆر بە ساردیی وتی پاسكیلی چی؟ ئیتر من بەو منداڵییە لەوە تێگەیشتم كە ئەو هاوڕێیەكم تەنها بە گاڵتەوە ئەوەی پێ وتووم، من ئێستاش ڕووخساری ئەو هاوڕێیەی منداڵییمم لەبەرچاوە ، كە لەیەك ڕۆژداتووشی دووحالََّەتی جیاوازی كردم، حاڵەتێكیان ئەو هەموو كامەرانییەبوو كەهەتا گەیشتمەماڵەوە خەریك بوو باڵ دەركەم، حاڵەتەكەی تریش ئەوە بوو كە بە گەیشتنە ماڵەوەم و پرسیاركردنم لە پاسكیلەكە تووشی ناخۆشترین و تاڵتریت شكستیكردم، جا ئیتر ئەمە نموونەیەكی بچووكە لە نائومێدییەكانی منداڵیی، بۆیە هەرسات كەدەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ كۆڵانەكانی منداڵیی، نامەوێت ئەو كۆڵانانەببن كە پڕبوون لە تاریكیی، دەمەوێت منداڵیەك بێت كە بەڕاستیی تام و چێژی خۆیم پێببەخشێت، ئەگەرچی هەندێ جاریش هەموو كۆڵانە تاریكەكانیم لە دەروازەكانی پیریی پێ خۆشترە.
 
 پ/ بەداخەوە ڕەخنەی ئەدەبی ئێمە ئەوەندە بچوك بوەتەوە كە لەبری باسكردن لە ناوەرۆك و تەكنیك و بابەت و زمان لە دەق دا باس لە لەیەكچون ودزی و لاسایكردنەوە دەكرت. تۆ پتوایە هیچ دەقێك هەبێت لەدنیادا تەئسیری دەقێكی پێش خۆی لەسەر نەبێت؟ یان ئەم باسكردن لە لەیەك چوون ودزیە لە دنیای ئەمڕۆی ئێمە دا لای تۆ چی ئەگەیەنت؟؟؟؟
 
 بەرزان هەستیار / هەڵبەتە ئەو وتەزایەت بیستووە كەدەڵێت " شێرچییە، جگە لەچەند ئاژەڵێكی هەرسكراو؟" ئەمە ڕاستەوڕاست لەگەڵ ئەدەبدا دەگونجێت، ئەوانەی كەتەنها دەوروخولی ئەوەدەدەن كە بزانن كامە دێڕی فڵان نووسەر دووراو دوور دەچێتەوە سەر دێڕی فڵانە نووسەری ترو تا بۆیان بكرێت خۆیان لە هەموو شتە جوانەكانی ناو دەقەكە بەدووردەگرن و زۆرجاریش لە بێ سەوادییاندا لەبواری ڕەخنەدا پەنابۆ ئەوجۆرە شتانە دەبەن و ئامانجیشیان تەنها دروستكردنی تۆمەتێكی بێ بنەمایە بۆ نووسەرەكە، تۆپێم بڵێ كام لەوبوختان دروستكەرانە، خۆیان، وتارێك، یان بەرهەمێكی ناوازەیان پێشكەش بەخوێنەری كورد كردووە؟ من نكووڵی لەوەناكەم كە هەندێ بەرهەم نەك هەر كاریگەریی بەرهەمێكی پێش خۆی لەسەرەو بگرە هەندێ جاریش گواستنەوەی دەقاودەقی بەرهەمی كەسێكیترە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت تۆ بێیت و لە هەرشوێنێك بینیت، بۆ نمونەمن باسی" مردن "م كردووە و پێش منیش كەسێكی تر باسی لە گۆشە نیگایەكی جیاوازتر و بە كەرەستەی تەواو جیالە من باسی مردنی كردبێت، ئیتر تۆ من بەوە تاوانباربكەیت كە من ماڵی ئەوم تاڵان كردووە.
 من لە چەند جێیەكی تریش باسی ئەو پەتایەم كردووە و زۆریش بەوە نیگەرانم كە دەبینم مەیدانی ڕەخنەی كوردی زۆرێك لەو چەشنە نووسەرە دەستو پێ سپییانەی تێ ڕژاوە و ڕەنگە سەرلە هەندێك خوێنەری كەم ئەزموونیش بشێوێنن.
 دواجار دەمەوێت بڵێم لە ئەدەبی هەموو دنیادا لێكچوون هەیە و كەسیش وەك هەندێ نووسەری لای ئێمە نەیكردووە بەوهەرا و زەناو تۆمەت بەخشینەوەیە، ئەمە جگە لەوەی نووسەری وا هەیە تەنانەت لێكچوونێكی بەرچاو لە نێوان هەندێ بەرهەمی خۆیشیدا دەبینرێت، هەربۆ نموونە، نووسەرێكی وەك "جەلیل قەیسی" گەربە هەڵەدانەچووبم كتێبی"ماڵ ئاوا ئەى شاعیران" كە چەند شانۆنامەیەكی یەك پەردەییە، كاتێك كە خوێندمەوە هەستم كرد زۆربەی شانۆنامەكانی هەر لە یەك كەشدا دەسووڕێنەوە و بگرە تەواولێكیش دەچن كە ئەمە ئەگەر لای ئێمە ڕووبدات هەرئەودەست و پێ سپییانەی مەیدانی ئەدەب ئەیكەنەڕۆژی حەشر ونووسەربەوەتاوانبارئەكەن كە كەوتۆتە دووبارەكردنەوە وجوینەوەی خۆی. ئیدی مادام تۆ دەخوێنیتەوە و سەر بە ئەهلی نووسینیشیت، ئەوە هەرڕوودەدات كە لە شوێنێكدا شتێك بڵێیت و بنووسیت و پێش تۆش ئەو شتە بە جۆرێك لە جۆرەكان نزیك لەوەی تۆ وترابێت یان نووسرابێت. من وەك خۆم ئەو جۆرە نووسین و نووسەرانە هیچ كات نابنە لەمپەرێك لەبەر دەممدا و ئەوەی بتوانم دەیڵێم و دەیبەخشمە خوێنەرەكانم.
 
 پ/ هەمیشە پرسی مەرگ پانتاییەكی گەورەی شیعری تۆی داگیر كردوە. بۆ خۆشی مەرگ بەدرێژایی مێژوو یەكێك بوە لە پرسیارە جدیەكان ئەمەوێت بزانم ترسانتە لە مەرگ و ئارەزوو بون و ڕەزامەند بوونتە لە ژیان. بەردەوامی بەم پرسە داوە لای تۆ؟ یان حەزكردنە لە نەمری و مانەوە؟ یان تێڕامانتە لە ژیانی دوای مردن كە ئەفلاتونیەكان پی دەڵێن ژیانی هەتا هەتایی؟ یان مەرگ لای تۆ و بۆتۆ چیە؟؟؟
 
 بەرزان هەستیار / وادێتەبیرم جارێكی ترو لە چاوپێكەوتنێكی ترداوەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە، بەڵام ئەگەر بە وردیی دیقەتی شیعرەكانی دیوانی "بە تەنیشت فەنابوونەوە" بدەیت لەوێوەبە ئاشكرا ئەم پرسی مردنە سەر دەردێنێت و پاشانیش لە شیعرەكانی دوای ئەو دیوانە و زەقتریش لە قەسیدەی "ساڵێك لە نیگەرانیی "دا بەرجەستە دەبێت.
 هەر وەك خۆشت دەڵێیت مەرگ بە درێژایی مێژوو یەكێك بووە لە پرسیارەجدییەكان، بەڕای منیش وەڵامی ئەو پرسیارە نە هێندە سانایە ونەدەكرێت بە شیعرێك دوان و ڕۆمانێك و وتارێك وەڵام بدرێتەوە، بۆیە هەمیشە لای من ئەم پرسیارە بەچەندین شێوە وگۆشەنیگای جیاوازەوە دووبارە دەبێتەوە و هەرجارە وبە جۆرێك سەنگەرم لێدەگرێت.
 من هەرگیز وەك پرنسیبێكی نەگۆڕمەرگم خۆش نەویستووە و هەڵوەدای هەڵبژاردن و پێك گەیشتن نەبووم لەگەڵیدا، بەڵكو هەمیشە ویستوومە لەڕێی باس كردن ولێدوان لە مەرگ، خۆمی لێ دوورخەمەوە و جۆرە ئازایەتییەكی شاراوەش لە خۆمدا دروست بكەم و لەهەمان كاتیشدا لەو هەموو غەدرەبدوێم كە مەرگ ناغافڵانە لێمانی دەكات.
 پ/ هەندك كەس لە خوێنەوەی دەقەكانتا پیان وایە تۆ زۆر رەِشبینی و بێهیوای بەرامبەر بەژیان؟ ئایا تۆخۆت هەست بەمەدەكەیت؟ یان پێتوایە پرسیاركردن لە ژیان و ئەوەی لە ناویدایە بە مەرگیشەوە بۆ خۆی بوونی گەشبینی و پرۆژەی جدییە بۆ ژیان؟؟؟؟
 
 بەرزان هەستیار / نازانم تۆ قەت بەشەو بە ناو گۆڕستانێكدا یان بە چۆڵەوانییەكدا ڕۆیشتوویت؟ من خۆم زۆرجار لەو شوێنانەدا لە ترساو بۆ ئەوەی ورەیەك بدەمەبەرخۆم كەوتوومەتە گۆرانیی وتن ولە ناخیشەوە ترس بڕستی لێبڕیوم، ئەم پرسی مەرگەش لە شیعرەكانمدا زۆربەی زۆری هی ئەوەیە كە,وەك لە وەڵامی پرسیارەكەی پێشوودا ئیشارەتم پێدا، ترسی مردن لە خۆم بڕەوێنمەوە، من نامەوێت بمرم، وەك چۆن هەموو جار كە پرسیارمان لە نەنكم دەكرد كە بۆچی لە مردن دەترسێت؟ ئەویش دەیوت ئاخر بە تەنها چی بكەم لەو چاڵەتاریكەدا؟  ڕەنگە ئەم وەڵامەی نەنكم ئەگەربە ڕاگوزاریی تەماشای بكەیت، ئەوەندە لای خۆی ڕاتنەگرێت، بەڵام لای من ئەو وەڵامە كۆمەڵێك مانای گەورە و سەیری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.
 ڕاستە لە هەندێ شیعردا ئەو پەنابردنە بەر مەرگ هەیە وبە تایبەتیش لە شیعری" ئێوارەیەك بۆ خۆكوشتن" دا بەڵام لە هەمان كات وەك ئەوەی لە خەوێكی ناخۆش بە ئاگاهاتبمەوە، سامێكم لێنیشتووە و وتوومەبەس نەبووخەوبوو !
 بە واتایەكیترو ڕاشكاوانەتردەمەوێت جارێكی تریش دووبارەی بكەمەوە هەرگیز نامەوێت بەو كۆڵانانەداڕەتبم كە مەرگ بۆسەی خۆی تیاناونەتەوە، هێشتا زۆرشتماوە بمەوێت دەستم بیانگاتێ و هەست بەلەزەتیان بكەم و ڕۆشناییەكی تریان پێببەخشمەبەر هەیوانی فێنكی ژیان، هەر بۆیە نەدەمەوێت و نەدەشتوانم واز لەو پرسیارە جددی و لە هەمان كاتدا ئاڵۆزانەش بهێنم، هەر لە ڕێگەی ئەو پرسیارانەشەوە بەردەوام پرۆژەی ترم دەبێت و ئەو سەری توونێلی ئەو پرسیارانەشم لێ دیار نییە .!!!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.