Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیدار له‌گه‌ڵ نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

دیدار له‌گه‌ڵ نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د

Closed
by October 28, 2008 ئەدەب

 نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد:
 چیرۆك هونەرێكى تازەى سەردەمى مۆدێرنەیە و پەیوەندییەكى ئۆرگانیكیى بە شارەوە هەیە!

 
 لەم دیدارە نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، لەسەر تێزی ماستەر نامەكەی دەدوێت، كە لە مانگی (ئازاری ) ئەمساڵ لە كۆلیژی زمانی  زانكۆی سلێمانی بە پلەی زۆر باش بە دەستیهێنا، ئەو لە ماستەرەكەیدا ئیشی لە سەر ئەزموونی چیرۆكنوسینی جەلیل قەیسی چەند رەهەند و ئاستێكی  تەكنیكی و سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی هەڵبژاردووە توێژینەوەی لەسەر كردووە، گرنگترین ئەو ئاستانەش پێكهاتەی شارە  لە چیرۆكەكانی جەلیل قەیسیدا، كە  بە پێی بۆچوونی نەوزاد بێت شارى دژ، واتە شارێك پاڵەوان رەتدەكاتەوە و لە پەیوەندییەكى ناتەبا و ناكۆكدا دەژی، جا بەهۆى گرنگیى ئەم پەیوەندییە دژایەتییەى نێوان قارەمان و شار، بەشێكى تەواو بۆ ئەم ئاستە تەرخان كردووە، ئەم دیدارە تەرخان كراوە بۆ قسەكردن لەسەر ئەو توێژینەوەیە.
 دیداری: كامەران سوبحان
 
 *: هەڵبژاردنى چیرۆكنوسێكى وەك جەلیل قەیسی بۆ توێژینەوەو نوسینى نامەیەكى ماستەر لەلایەن تۆوە، هۆكارەكەى بۆچى دەگەڕێتەوە؟
 
 – لە راستیدا زیاد لە هۆكارێك هەبوو بۆ هەڵبژاردنى چیرۆكنوووسێكى وەك جەلیل قەیسى بۆ نووسینى نامەى ماستەرەكەم، یەكێك لەوانە، ئەبوایە نامەكە پەیوەندیى بە ئەدەبى عەرەبییەوە هەبىَ، چونكە نامەكەم پێشكەشى بەشى عەرەبیى كۆلێجى زمانى زانكۆى سلێنى كردبوو، جەلیل قەیسیش لەناوەندى ئەدەبى عەرەبیدا چیرۆكنوسێكى ناودار و كاریگەرە، وەك چیرۆكنوسێكى ئەزموونگەر و تازەگەر جێكەوتێكى دیارى بەسەر چیرۆكى عێراقى و عەرەبیدا هەیە، ئینجا ئەم چیرۆكنووسە خەڵكى كەركووكە و من لە نزیكەوە دەمناسى و سەرجەمى چیرۆكەكانیم خوێندبۆوە، واتە لەوێوە ئاگادارى ناوەرۆك و كەشوهەواى چیرۆكەكانى بووم و دەمزانى رووداوەكان لەچ شوێنێكدا دەگوزەرێن و فیكر و ئینتیماى ئیتنیى كارەكتەرەكانم دەزانى، هەروەها هەستم دەكرد نزیكم لە كەشەهەواى چیرۆكەكانى، لەگەڵ خۆیشیدا چەندین جار قسەم لەبارەى ناوەرۆك و تەكنیكى چیرۆكەكانى كردووە و خۆیشى هەندىَ نهێنیى چیرۆكەكانى بۆ باس كردبووم، پاشان جەلیل قەیسى دایكى كورد بوو و تا تەمەنى هەشت ساڵى جگە لە زمانى كوردى زمانێكى دیكەى نەزانیوە، واتە رەگێكى كوردە و لە بەرهەمە شانۆیى و لە چیرۆكەكانیدا بایەخى پێداون و لەهەندىَ چیرۆكدا كەسایەتییەكانى كوردن، خۆیشى باوەڕێكى زۆرى بە فیكرى مرۆڤایەتیى پێشكەوتنخواز و بە فرەیى و پێكەوەژیانى ئاشتییانە و بە لێكبوردن هەبوو، بۆیە سەرجەمى نەتەوەكانى شارەكەى خۆشدەویست و پەیوەندیى لەگەڵ هەموواندا هەبوو، لە چیرۆكەكانیدا تەعبیر لە پێكەوەژیانى ئاشتییانەى ئیتنییە جیاجیاكانى كەركوك دەكات، زۆرم حەز دەكرد خۆى لە ژیاندا بمایە و ئاگادارى ماستەرنامەكەم بوایە، كە پێم وت نیازم وایە لە ماستەرنامەكەدا لەبارەى چیرۆكەكانى تۆ بنووسم بەتایبەتى لەبارەى فرە ئیتنی شارى كەركووك، زۆرى پێ خۆش بوو وتى منیش ئەتوانم یارمەتیت بدەم، بەڵام بەداخەوە لەكاتى نووسینى بەشى یەكەمى نامەكەدا كۆچى دوایى كرد.
 
 *: بۆ شیكاركردنى چیرۆكەكانى جەلیل قەیسی زیاتر پشتت بە میتۆدى سایكۆلۆژى و سۆسیۆلۆژى بەستووە، ئایا هۆكارى دیاریكردنى ئەم دوو میتۆدە بۆ خوێندنەوەى چیرۆكى جەلیل قەیسی، لەسەر چ بنەمایەكى مەعریفیە؟
 
 – هەموو توێژینەوەیەكى ئەدەبى و هەموو لێكۆڵینەوەیەكى رەخنەیى پێویستیى بە میتۆدێك یان زیاد لە میتۆدێك هەیە، ئیدى توێژەر یان رەخنەگر بەپێى ناوەرۆك و رەوتى نووسینەكەى، میتۆدێك یان زیاد لە میتۆدێك هەڵدەبژێرێت، هەڵبژاردنى ئەو میتۆدە هەروا هەڵبژاردنێكى هەڕەمەكى نییە، بەڵكو هەڵبژاردنێكى زانستییە و پەیوەندییەكى راستەوخۆى هەم بە رێبازى لێكۆڵینەوەكەوە هەیە هەم بە باوەڕ و فیكرى توێژەرەكە، ئەمە جگە لەوەى لە لێكۆڵینەوە ئەكادیمییەكاندا بایەخێكى گەورە بە میتۆد دەدرێت و بگرە هەڵبژاردنى میتۆد یەكێكە لە مەرجە هەرە پێویستەكانى لێكۆڵینەوەى ئەكادیمی. بەم پێیە من لە كاتى نووسینى نامەكەمدا میتۆدەكانى زانستە مرۆڤایەتییەكانم هەڵبژارد، بەدیاریكراویش هەردوو میتۆدى سایكۆلۆژى و سۆسیۆلۆژى، كە من لە سیاقى لێكۆڵینەوەكەمدا پێویستیم بەوە هەبوو هەردوو میتۆدەكە بە هەماهەنگى و پێكەوەبەستراوى بەكاربهێنم، واتە سایكۆسۆسیۆلۆژى لەیەك كاتدا و پێكەوە گرىَ بدەم، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك بوو كە لێرەدا روونى ئەكەمەوە.
 هەمیشە مرۆڤ (و لە تێكستى گێڕانەوەییدا پاڵەوان) لە چەند رەهەندێك و بەچەند رایەڵێكەوە پەیوەستە بە شار و كۆمەڵگە و تاكەكانى كۆمەڵگە، جا لەبەر ئەوەى مرۆڤ دوو رەهەندى هەیە، رەهەندى خودى و رەهەندى بابەتى، یان بڵێم مرۆڤ دوو مەوداى هەیە: مەوداى دەرونى و مەوداى كۆمەڵایەتى، پەیوەندیى مرۆڤیش بە شارەوە لەیەك كاتدا پەیوەندییەكى سایكۆلۆژى و سۆسیۆلۆژییە، لەبەر ئەوە بەپێویستم زانى هەردوو میتۆدەكە بۆ خوێندنەوەى شار لە چیرۆكەكانى جەلیل قەیسى بەكاربهێنم.
 من لەبارەى پەیوەندیى مرۆڤ بە شارەوە دواوم، واتە بە پلەى یەكەم تەركیزم كردۆتە سەر شار و هەروەها دوو رەگەز لە رەگەزە هەرە گرنگەكانى شار كە مرۆڤ و كۆمەڵگایە، پەیوەندیى مرۆڤ بە شار و كۆمەڵگا و تاكەكانى كۆمەڵگاوە بە تەبیعەتى حاڵ هەردوو رەهەندى سایكۆسۆسیۆلۆژى لە خۆ دەگرێت، واتە پەیوەندیى مرۆڤ بە شار وەك شوێن، پەیوەندییەكى سایكۆلۆژییە، پەیوەندیى خودى ئەو مرۆڤە بە تاكەكانى ترەوە پەیوەندییەكى سۆسیۆلۆژییە، بىَ ئەوەى ئەم پەیوەندییە تەنها لە یەك جەمسەرى سایكۆلۆژى یان سۆسیۆلۆژیدا قەتیس بكرێت، واتە هەردوو جۆرى پەیوەندییەكە دەبێت بە پەیوەندییەكى سایكۆسۆسیۆلۆژى، لێرەوە مامەڵەكردنى من لەگەڵ كارەكتەرە سەرەكییەكانى چیرۆكەكانى جەلیل قەیسیدا مامەڵەكردنێكى سایكۆسۆسیۆلۆژییە، چونكە جەلیل قەیسی لە بنەڕەتدا بایەخێكى زۆر بە لایەنى سایكۆلۆژى و سۆسیۆلۆژیى كارەكتەرەكانى لە شاردا دەدات. واتە سروشت و ناوەرۆكى چیرۆكەكان لەسەرێك و جۆرى خوێندنەوەى من بۆیان لەسەرێكى تر، وەك خوێندنەوەیەكى رەخنەیى، بە زەرورەت، ئەو دوو میتۆدەیان پێكردم بە رەوتى سەرەكیى لێكۆڵینەوەكە. چونكە لە راستیدا میتۆدى سایكۆسۆسیۆلۆژى، لە سلوكى كۆمەڵایەتیانەى تاك و كۆمەڵ دەكۆڵێتەوە، یان بڵێین بایەخ بە رەفتارى تاك لە كۆمەڵگەدا دەدات.
 بە بڕواى من ئەم رێگەیە لە بەكارهێنانى میتۆدى زانستە مرۆڤایەتییەكان لە رەخنەى ئەدەبیدا، پێویستیى بە روونكردنەوەى زیاتر و بایەخدان بە لایەنى تیۆرى میتۆدەكان هەبوو، بۆیە بەشێكم تەرخان كرد بۆ لایەنى تیۆرى كە پەیوەست بوو بە سۆسیۆلۆژیاى ئەدەب و سایكۆلۆژیاى ئەدەبى و پاشان پەیوەندیى شار بە چیرۆك و كارەكتەرەكان لە رەهەندى سایكۆسۆسیۆلۆژییەوە، ئەمە جگە لەوەى كە لە لێكۆڵینەوەى ئەكادیمیدا پێویست بەوە دەكات توێژەر چەمك و زاراوە بەكاربراوەكانى ناو توێژینەوەكەى، لە رووى تیۆرییەوە، روون بكاتەوە.
 
 
 
 *: شار دیارترین رەگەزى توێژینەوەكەى تۆیە، ئایا شار چ مانا و مەدلولێكى هەیە لاى جەلیل قەیسی؟ شار هەر ئەو پێناسە تەقلیدییەیە كە لە هونەرى بیناسازیدا بۆى كراوە، یان لە توێژینەوەكەى تۆدا و لاى جەلیل قەیسی مانا و مەدلولێكى جیاوازى هەیە؟
 نەك تەنها شار وەك یەكێك لە رەگەزەكانى تێكستى ئەدەبى، بەڵكو سەرجەم رەگەزەكانى ترى تێكست، هەمان ئەو رەگەزانە نین كە لە واقیعدا هەن، رەگەزە سەرەكییەكانى ناو تێكست جیاوازن لەو رەگەزانەى كە لەدەرەوەى تێكستدا هەن و دەیانناسین، نە رووداوى ناو چیرۆك هەمان ئەو روداوەیە كە لەدەرەوەى چیرۆكدا روویداوە، نە كارەكتەرەكانیش هەمان ئەو كارەكتەرانەن كە لەدەرەوەى تێكستدا بوونیان هەیە یان دەشێت بوونیان هەبێت و چیرۆكنووس ئاماژەیان پێدەكات، دیسان  شوێن و كاتیش لە رەوتى چیرۆكدا هەمان ئەو شوێن و كاتە نییە كە ئێمە لە واقیعدا تیایدا دەژین، لێرەوە شار لە چیرۆكەكانى جەلیل قەیسیدا كتومت هەمان ئەو شارە نییە كە چیرۆكنووس تیایدا ژیاوە و لە تێكستەكانیدا بە شێوەیەكى تر تەعبیرى لێكردووە، بەڵكو شارێكى ترە كە خەیاڵى چیرۆكنووس دەورێكى سەرەكیى لە دروستكردنیدا هەیە، لێرەوە شارى ناو چیرۆكەكانى جەلیل قەیسی، بەتەبیعەتى حاڵ، لەو مانا و مەدلولە دەترازێت كە تۆ لە پرسیارەكەتدا ئاماژەت پێداوە.
 لەكاتى نووسینى لێكۆڵینەوەكەمدا دوچارى هەندىَ ئیشكال بووم، بەو پێیەى كە جەلیل قەیسی خەڵكى شارى كەركوكە و لە زۆربەى چیرۆكەكانى ئەمدواییەیدا باسى ئەو شارە دەكات و بگرە لە چەندین چیرۆكیشدا ناوى راستەقینەى شارەكە دەبات، روداوەكان لە شوێنە واقیعیەكانى ئەو شارەدا دەگوزەرێن، كەچى سەربارى ناوى راستەقینەى شار و شوێنە واقعیەكان، هێشتا شار،هەمان ئەو شارە، واتە كەركوك، نەبوو، بەڵكو خەیاڵى چیرۆكنوس لە یارییەكى تەكنیكیى سەرنجڕاكێشدا سیمایەكى ترى پێبەخشیبوو، ئەمە ئەگەر توێژەر یان رەخنەگر وریا نەبێت هەڵەى گەورە دەكات، چونكە هەندىَ جار لە حاڵەتى وادا توێژەر بەو ناوهێنانە واقیعییە فریو دەخوات و لە تەكنیك و میتۆد و رێبازە رەخنەییەكەى دەردەچێت و دەكەوێتە ناو شیكردنەوەى مێژووییەوە و شوێنى ناو چیرۆك بەراورد دەكات بە شوێنى راستەقینە و شوێنى مێژوویى، جا لەبەرئەوەى جەلیل قەیسیش بەراشكاوى ناوى كەركوك و قەڵاى كەركوك و شوێنە دیارەكانى ئەو شارە دەبات، دەبوو ئاگادارى ئەو جیاوازییە بم كە لە نێوان واقیع لەسەرێك و لە هونەر لەسەرێكى تردا هەیە، ئەمەبوو كە پێشتر وتم لەسەرەتادا ئیشكالى بۆ دروستكردم، ئەم ئیشكالەش لە نووسیندا ئاساییە هەبێت، تا توێژەر یان رەخنەگر بەهەستێكى هونەرى و رەخنەیى زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ تێكستى ئیبداعیدا بكات، پاشان لە وردەكارى و یارییە هونەرییەكانى تێكستەكان وردبوومەوە تا لە خەیاڵى چیرۆكنووس شارێكى تر بدۆزمەوە، ئەو شارە نییە كە لە واقیعدا بوونى هەیە. 
 
 * كەواتە شار لاى جەلیل قەیسی لە گەمەیەكى بەردەوامدایە لەنێوان واقیع و ناواقیعدا، لەنێوان شارى ئەفسانەیى و شارى هەستپێكراودا، تۆ بۆ خۆت ئیشكردنت لەسەر كام جۆر لە شار بووە لە چیرۆكەكانى ئەودا؟
 
 – بێگومان ئیشكردنى من لەسەر ئەو وێنە و دەركەوتانەى  شارە كە لە چیرۆكەكاندا خراونەتەڕوو، واتە شارى خەیاڵى و ناواقیعى یان شارى خەون و شارى ئەفسانەیى، چونكە من پرۆسەیەكى رەخنەیى ئەنجام دەدەم، ئینجا مامەڵە لەگەڵ هونەرێكدا دەكەم كە بریتییە لە هونەرى چیرۆك و ئەم هەنەرە بەپلەى یەكەم پشت بە خەیاڵ دەبەستێت، بەو پێیەى سەرچاوەى داهێنانى ئەدەبى لە خەیاڵەوەیە. لێرەدا من ئیش لەسەر ئەوە ناكەم كە ئەم شارە خەیاڵى و ئەفسانەییە چەندە لە شارى واقعییەوە نزیكە یان دوورە، واتە لە دەرەنجامى ئەم پرۆسەى نوسینەدا كارم بە بەراوردى نێوان شارى واقیعى و ناواقعییەوە نییە، بەڵام لە ساتەوەختى نوسیندا چاوێكیشم لەوە دەبێت كە ئاخۆ ئەو شارەى لە چیرۆكێكدا ناوى راستەقینەى دەهێنرێت و رووداوەكان لە شوێنى راستەقینەدا دەگوزەرێن، چ پەیوەندییەكیان بە شارەكەى دەرەوەى تێكستدا هەیە، ئەمە بۆ ئەوەى لەوێوە هێزى خەیاڵى چیرۆكنوس و هێزى هەستكردنى ئەو چیرۆكنوسە بە شوێن، بدۆزمەوە، تا لە خستنەڕوو و داڕشتنى بیرۆكەكان و لە نمایشكردنى پراكتیكەكان دڵنیابم.
 
 
 
 *: تۆ لە نامەكەتدا بایەخێكى زۆرت بە زانستە مرۆڤایەتییەكان داوە، بە تایبەتى بە تیۆرە نوێیەكانى سۆسیۆلۆژیا و سایكۆلۆژیا، ئێستا مامۆستایت لە بەشى كۆمەڵناسى، لە كاتێكدا ماستەرەكەت لەبەشى عەرەبیى كۆلێجى زمان تەواو كردووەو بابەتى سەرەكیت ئەدەبى عەرەبییە. چۆن ئەم دوانەت پێكەوە كۆكردەوە؟
 
 – لە بنەڕەتدا رەخنەى ئەدەبى بەشێكە لە زانستە مرۆڤایەتى و  كۆمەڵایەتییەكان، بۆیە هەر لەسەرەتاوە بیرم لەوە ئەكردەوە كە لە نامەكەمدا ئەدەب بە زانستە مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتییەكانەوە گرىَ بدەم، واتە خۆم لەو جیاكارییە بترازێنم كە لەنێوان كۆلێجى زمان و كۆلێجى زانستە مرۆڤایەتییەكاندا هەیە، ئیتر نەهاتم بەشێوەیەكى تەقلیدى لەسەر بابەتێكى ئەدەبیى عەرەبى بنوسم، بەڵكو بابەتێكم هەڵبژارد ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەكان پێكەوە كۆدەكاتەوە، شارم هەڵبژارد كە سۆسیۆلۆژیا كایەیەكى تایبەتیى بۆ تەرخان كردووە، لە سۆسیۆلۆژیادا لقێك هەیە بە ناوى سۆسیۆلۆژیاى شار و من بایەخێكى تایبەتیم پێداوە. لە ژانرە ئەدەبییەكانیشدا چیرۆكم هەڵبژاردووە كە چیرۆك هونەرێكى تازەى سەردەمى مۆدێرنەیە و پەیوەندییەكى ئۆرگانیكیى بە شارەوە هەیە، بەو پێیەى چیرۆك (بێگومان رۆمانیش) بەرهەم و  لەدایكبووى شارن، پاشان سۆسیۆلۆژیا و سایكۆلۆژیام بۆ خوێندنەوەى رەخنەیى شار لە چیرۆكەكاندا هەڵبژارد، ئینجا چیرۆكنووسێكم هەڵبژارد لە ئەدەبى كوردییەوە نزیكە و دۆستى زۆربەى ئەدیبانى كورد بوو، لەوێشەوە باسى فرە ئیتنیى كەركوكم كردووە.
 من كە زانستە مرۆڤایەتیەكان و ئەدەبم پێكەوە كۆكردۆتەوە بەو پێیە ئەتوانم لەهەردوو كۆلێجەكەدا موحازەرە بڵێمەوە، بەڵام حەز و خواستى من زیاتر لەگەڵ زانستە مرۆڤایەتییەكاندایە، بەتایبەتى سۆسیۆلۆژیا. راگرى كۆلێجى زانستە مرۆڤایەتییەكان د.دلێر ئەحمەد لەو مەسەلەیە تێگەیشت و باوەڕى بەوە هەبوو كەدەشێت من لە كۆمەڵناسیشدا وانە بڵێمەوە، پێشتریش هەر لە بەشى كۆمەڵناسیدا وەك وانەبێژ دەرسى سۆسیۆلۆژیاى مەعریفەم دەوتەوە، ئێستاش خەریكى ئامادەكردنى كتێبێكم لەبارەى سۆسیۆلۆژیاى مەعریفە.
 
 *: شارى خەون و شارى یۆتۆپیا دوو زاراوەن لە توێژینەوەكەى تۆدا پانتاییەكى بەرفراوانیان هەیە، ئایا سیماكانى ئەو دوو جۆرە لە شار، چ جیاوازییەكیان هەیە لە شارى حەقیقەت و  شارى نێو یادەوەریى هەر نوسەرێكى دیاریكراو؟
 
 -وەك پێشتر لە گفتوگۆكەماندا ئاماژەم پێكرد، شارى ناو چیرۆك كە شارێكى خەیاڵییە، جیاوازە لە شارى راستەقینەى واقیعى، بۆیە زۆر جار ئەو شارە لە تێكستى ئەدەبیدا دەبێت بە شارى خەون و شارى یۆتۆپیا. من لەپاش خوێندنەوەى سەرجەم چیرۆكەكانى جەلیل قەیسی و وردبوونەوە لە بەكارهێنانى شار و چۆنێتى مامەڵەكردنى ئەم چیرۆكنووسە لەگەڵ شاردا، گەیشتمە ئەو دەرەنجامەى كە شار لە چیرۆكەكانى چیرۆكنووسى ناوبراودا لە سىَ ئاستدا دەردەكەوێت:
  ئاستى یەكەم بریتییە لە شارى دژ، واتە شارێك پاڵەوان رەتدەكاتەوە و لە پەیوەندییەكى ناتەبا و ناكۆكدا دەژین، جا بەهۆى گرنگیى ئەم پەیوەندییە دژایەتییەى نێوان قارەمان و شار، بەشێكى تەواوم بۆ ئەم ئاستە تەرخان كردووە، جەلیل قەیسیش لە چیرۆكەكانى بەراییدا ئەو پەیوەندییە ناتەباییەى نێوان پاڵەوان و شار بە رادەیەكى زۆر بەرجەستە دەكات.
  ئاستى دووەم بریتییە لە شار وەك شوێنێكى تەقلیدى كە تیایدا هەست بەهیچ جووڵە و كاریگەرییەك ناكەین بەسەر كارەكتەر و رووداوەكاندا، ئەمە لە رەخنەى ئەدەبیدا پێى دەوترێت شوێنى تاكڕەهەند، كە بایەخێكى ئەوتۆى لە چیرۆكەكەدا نییە، بۆیە منیش ئەم ئاستەم نەخستە ناو باسەكەمەوە، تەنها ئاماژەم پێداوە.
  ئاستى سێیەم كە بەلاى منەوە ئاستێكى گرنگ و پڕ بایەخ بوو، بریتییە لە شار وەك شوێنێكى ئاشنا، كە لێرەدا پەیوەندییەكى سۆزدارى و ئاشنایى لە نێوان پاڵەوان و شاردا دروست دەبێت و هەندىَ جار پاڵەوان و شار لە تەماهییەكى گونجاودا دەژین، من زیاتر لەسەر ئەم بەشەیان وەستام، بۆچى؟ چونكە لە زۆربەى چیرۆكەكانى ئەم دواییەى جەلیل قەیسیدا پاڵەوان بەشێوەیەكى نائاسایى شارەكەى خۆشدەوێت و لەگەڵیدا ئاشنایە، هەستم كرد مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ئاستە لە شار لەلاى قەیسیدا راستگۆییەكى گەورەى تیایە و تەعبیر لە بەشێكى زۆرى ژیانى خۆى و شارەكەى دەكات و خۆیشى بە راستگۆیى تەعبیرى لە ئاشنایى خۆى لەگەڵ شارەكەى خۆیدا كردووە، بەڵام لەبەرئەوەى  ئەو شارە لەژێر دەسەڵاتێكى دڕندانەدا بووە و هەمیشە فەرامۆش كراوە، دەبینین چیرۆكنووس پەناى بردۆتە بەر هەندىَ تەكنیكى تر بۆ تەعبیركردن لە خۆشەویستیى شارەكەى، بەتایبەتى تەكنیكى خەون و خەیاڵ، واتە شار لە خەونەكانى ئەودا دەبێت بە شارێكى پێشكەوتوو و ئارام كە خەڵكەكەى لە ژیانێكى پڕ لە ئاشتى و تەباییدا دەژین، بۆیە لە ژمارەیكى زۆرى چیرۆكەكانیدا گەڕاوەتەوە بۆ شارى خەون و شارى ئەفسانەیى، یان بڵێم لە كەشێكى ئەفسانەیى و سیحریى جواند وێنەى ژیانى شار لە سەردەمە دێرینەكاندا دەكێشێت و پاشان ئەم كەشە كەرنەڤاڵییە دەگوازێتەوە بۆ سەردەمى ئێستا كە لە خەون و خەیاڵى خۆیدا ئێستاش خەڵكى شارەكەى لە پێكەوەژیانێكى ئاشتیانەى هەتاهەتاییدا ژیان بەسەر دەبەن.
  لەهەندىَ چیرۆكى تریشدا كاتێك پاڵەوان لە خەونەكەى بێدار دەبێتەوە و دێتەوە سەر واقیع، دوچارى نائومێدى دەبێت، لەوانەیە بڵێم ئەم حاڵەتەى لە هەندىَ لە چیرۆكە داهێنەرەكانى ئەم دواییەیدا چارەسەر كردووە،  دەشێت چیرۆكى (مەملەكەتى تیشكەكان) و (نیدابە) و (مەمەمەللۆ) و (گەڕانەوە بۆ شارى ئاراپخا) و (ئافرەتێك لە ڕەنگى زیو) و زۆ چیرۆكى تریش، ئاماژەیەكى چاك بن بۆ دەرخستنى شار وەك شوێنێكى ئاشنا.
 
 *: كەركوك شوێنى لەدایكبونى جەلیل قەیسى و ئەو شارەى لەزۆر چیرۆكیدا ئامادەییەكى گەورەى هەیە، لاى تۆ كەركوك وەك شار، كەركوك وەك چیرۆك، بەشێكى تایبەتى بۆ دانراوە،  چۆن جیاوازیت لەنێوان كەركوكى شار و كەركوكى چیرۆكدا كردووە؟
 
 – كەركوكى شار و كەركوكى چیرۆك، ئەمە لە راستیدا ناونیشانى باسى یەكەمى بەشى سێیەمى ماستەرنامەكەمە، من بۆیە ئەم ناونیشانەم هەڵبژارد تا ئەو چیرۆكانەى رووداوەكانى لە كەركوكدا دەگوزەرێن جیا بكەمەوە لە رووداوە مێژوویەكانى ئەو شارە، دیسان بۆ ئەوەى شوێن و كەسایەتیەكانى كەركوك لە چیرۆكەكاندا جیابكەمەوە لەوەى لە واقیع و ئەوەى لە مێژووى ئەو شارەدا هەیە، ئەمە بۆ ئەوەى بەراوردێكیش لە نێوان واقیع و خەیاڵ لە چیرۆكەكانیدا بكەم، بێ ئەوەى هیچ باسێك تەرخان بكەم بۆ ئەو بەراوركردنە،  واتە ناچار بووم ئەو ناونیشانە هەڵبژێرم، چونكە بەراستى چیرۆكنووس ئەوەندە چۆتە نێو تەفاسیلى شارى كەركوكەوە بە رادەیەك كە ناوى راستەقینەى شارەكە دەبات و ناوى شوێنە گشتى و گرنگەكانى وەك خۆى دەبات، تەنانەت لە هەندىَ چیرۆكدا پاڵەوانیش هەمان ناوى چیرۆكنوسى هەڵگرتووە، ئەم تێكەڵكردنەى سنوورەكانى واقیع و خەیاڵ لە چیرۆكەكانى جەلیل قەیسیدا منیان هێنایە سەر ئەو بارەى بەراوردێك بكەم لە نێوان واقیعى شارەكە وەك ئەوەى هەیە و بارودۆخى شارەكە وەك ئەوەى لە چیرۆكەكەدا باسكراوە و لەهەندىَ حاڵەتیشدا ناچار بووم پەنا بۆ مێژوو ببەم، چونكە لێرەدا من وەك رەخنەگرێك یان وەك توێژەرێك مامەڵە لەگەڵ چیرۆكى هونەریدا دەكەم و لەبارەى ئەدەب دەنووسم و چیرۆكنوسێكم هەڵبژاردووە تەكنیكە نوێیەكانى چیرۆكى تەوزیف كردووە و بەخەیاڵێكى فانتازییەوە شار دەهێنێتە ناو چیرۆكەكانیەوە، دواجار بۆ ئەوەى بیسەلمێنم كە ئەگەرچى لە رواڵەتدا لێك نزیكبوونەوەیەكى زۆر لە نێوان كەركوكى دەرەوەى چیرۆكەكان و كەركوكى ناو چیرۆكەكاندا هەیە، بەڵام جیاوازییەكى قوڵیشیان لەنێواندا هەیە، ئەو جیاوازییەش خەیاڵى چیرۆكنوس دروستى كردووە، خەیاڵێك كە كەركوك لە میانى فانتازیا و دۆخێكى كەرنەڤاڵى و سایكۆلۆژیى جیاوازەوە دێتە ناو چیرۆكەكانەوە.
 
 *:  گەر تۆ وەك توێژەرێك سەیرى كەركوكى دەرەوەى چیرۆك و كەركوكى ناوەوەى چیرۆك بكەیت، لەو دوو لایەنەدا شارى حەقیقەت و شارى یادەوەرى و ئەندێشەى نووسەر، كامیان قورسایى زیاتریان هەیە؟
 – من وەك بۆچوونی تایبەتی خۆم پێم وایە كە  نووسەرى داهێنەر كە تێكستێك دەنووسێت، هەمیشە شوێنێكى واقیعى یان شارێكى راستەقینە یان دیمەنێكى زیندووى لەبەرچاوە، چونكە ئەمیش مەخلوقێكى مرۆییە و لەدەرەوەى شوێندا ناژی، ئەویش لە شوێنێكى دیاریكراو و لە شارێكى دیاریكراودا دەژی، ئەو شوێنە بە تەبیعەتى حاڵ  و  خۆبەخۆ كاریگەرییەكى هەمەلایەنە لەسەر سایكۆسۆسیۆلۆژیاى نووسەرەكە جێدەهێڵێت، جا لەبەرئەوەى نووسەر لە شوێنێكى واقعیدا دەژیت بەڵام كەسێكە خەیاڵێكى بە هێزى هەیە و لە نووسینى تێكستدا ئەو هێزى خەیاڵە دەخاتەگەڕ، لێرەدا رووداو و شوێن لەنێوان واقیعى و ناواقیعیدا ون دەبێت یان سیماكەى دەگۆڕێت و فۆرمێكى تر و رەوتێكى تر لەخۆ دەگرێت. لێرەدا ئاساییە شارى یادەوەرى و ئەندێشەى نوسەر زاڵ بێت بەسەر چیرۆكەكاندا نەك شارى واقیعى.
 
 *: تۆ كە هەوڵى ئەوەت داوە بە میتۆدێكى سۆسیۆلۆژى و سایكۆلۆژى چیرۆكەكانى ئەم چیرۆكنوسە بخوێنیتەوە، چەنێك خۆت لەقەرەى ژینگە و شوێن و كاتى ژیانى ئەو داوە لەو بارودۆخە تایبەتمەندییەى كە چیرۆكى تێدا نووسراوە؟
 
 – لەساتەوەختى خوێندنەوەى چیرۆكەكان و لەچركەساتى نووسینیشدا بە هیچ جۆرێك بیرم بۆ ژیان و ژینگەى چیرۆكنوووس نەچووە، چونكە من مامەڵە لەگەڵ تێكستى ئەدەبیدا دەكەم و پرۆسەى كارى رەخنەیى ئەنجام دەدەم و بەپێى رێبازە نوێیەكانى رەخنە دەنووسم، بۆیە بەلاى تێزەكانى سانت بۆڤ و هیبۆڵت تێندا نەچووم، ئەم دوو نووسەرە لە كارى رەخنەییدا پشت بە بیۆگرافیا و مێژوو  دەبەستن، پێیان وایە بۆ لێكۆڵینەوەو شیكردنەوەى تێكستى ئەدەبى، پێویستە ئاگادارى ژیانى تایبەتى نووسەر و بیۆگرافیاكەى بین، لەراستیدا من ئەم میتۆد و رێبازەم بەكارنەهێنا، تەنانەت هیچ باس و بەشێكم تەرخان نەكرد بۆ ژیانى چیرۆكنووس و بارودۆخى سیاسیى سەردەمەكەى، كە زۆرجار و لەزۆر نامەى ماستەر و تێزى دكتۆرادا ئەمە دەكرێت، تەنها لە پەراوێزێكدا كورتەیەكم لە ژیانى ئەم چیرۆكنووسە باس كردووە ئەویش بۆ ئەوەى باسى رۆڵى ئەو لە "گروپى كەركەك"دا بكەم و هەروەها باسى فرە ئیتنى و هەمەڕەنگیى ئەو گروپە بكەم، بەتایبەتى لەو بەشەدا كە باسى كەركوكم وەك شارێكى فرە نەتەوە و فرە ئایین لە چیرۆكەكانى جەلیل قەیسیدا كردووە.
 لەمەسەلەى بەكارهێنانى میتۆدى سایكۆلۆژى و سۆسیۆلۆژیدا، تەنها لە پەیوەستیدا بە پەیوەندیى پاڵەوان بە شار و بە تاكەكانى كۆمەڵگا مامەڵەم لەگەڵدا كردووە، واتە سایكۆسۆسیۆلۆژیم بۆ ئەوەبوو تا پەیوەندیى دوو لایەنەى كارەكتەرى سەرەكى بە شوێن و مرۆڤەكانەوە دەربخەم، نەك بۆ ئەوەى بیبەستمەوە بە ژیانى تایبەتیى و بە بیۆگرافیاى چیرۆكنووسەوە.
 
 *: ئەى پێت وانییە ئەمە یەكێكە لە كەموكورتییەكانى توێژینەوەكەى تۆ، كە باسى جەلیل قەیسیت كردووە و لەپەراوێزێكدا باسى گروپى كەركوكت كردووە، لەكاتێكدا جەلیل قەیسى یەكێكە لە كارەكتەرە سەرەكییەكانى ئەم گروپە و  گروپەكەش بەشێكى سەرەكیى ژیانى ئەدەبیى ئەوە؟
 – نا، من پێم وانییە ئەمە كەموكورتى بێت، ئەگەرچى لەكاتى گفتوگۆى ماستەرنامەكەمدا یەكێك لە مامۆستاكان ئەو تێبینییەى هەبوو،  منیش هەمان وەڵامم دایەوە،  واتە ئەوەى كە توێژینەوەكەى من لەبارەى چیرۆكەكانى ئەو چیرۆكنوسەیە و تێكستەكانیم پابەند نەكردووە بە ژیانى نووسەرەوە، بۆیە پێویستیم بەوە نەبووە لەبارەى ژیانى چیرۆكنووس و بارودۆخى سیاسى و كۆمەڵایەتیى ئەو بنووسم، تەنها بە كورتەیەك لەسەر ژیانى، وازم هێناوە، ئەمەش بۆ ئەوەى وەك بیرهێنانەوەیەك بخرێتە ڕوو، بەڵام مەرجیش نییە تەنها ئەم بۆچوونەى من ڕاست بێت، واتە ئەشێت توێژەرێكى تر بێت و لەبارەى بارودۆخى سیاسى و كۆمەڵایەتیى سەردەمەكەى جەلیل قەیسى بنووسێت و گرێى بدات بە ژیان و چیرۆكەكانى ئەوەوە، لەوێدا ئەو توێژەرە لەوانەیە پێویستیى بە زۆر لایەنى ژیانى جەلیل قەیسى هەبێت و بەدواى نهێنییەكان و ورد و درشتى ژیانى ئەودا بگەڕێت، بگرە لەوانەیە خۆیشم لە نوسینێكى تر و لە بەكارهێنانى ڕەوتێكى تر و میتۆدێكى ترى نووسیندا پێویستیم بەوە هەبێت بگەڕێمەوە بۆ بیۆگرافیاى ئەو چیرۆكنووسە
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.