Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیمانه‌ له‌گه‌ڵ که‌مال ڕه‌ئوف…ئا: ئاسۆ عوسمان

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ که‌مال ڕه‌ئوف…ئا: ئاسۆ عوسمان

Closed
by March 29, 2008 گشتی

 كەمال رەئوف – نووسەر و رۆژنامەنووس:
 لە راپەڕیندا لایەنە سیاسى وكوَمەڵایەتى وچینایەتییەكان, كوَن و نوىَ ململانێیان هەبوو كە ئاكام بەقازانجى چینى دەسەڵاتدار و كوَنەپارێز شكایەوە
 دیمانە : ئاسۆ عوسمان…..

 تا ئێستا راپەڕین ماتریاڵ و ماددەیەكی خاوی دەستی پارتە سیاسییەكان بووە بۆ خوێندنەوەی لەراژەی دەستەڵات و بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەكانیان،ئەگەر بەدرێژایی ئەم 17 ساڵەی رابردوو سەیری گوتاری سیاسیی هەردوو پارتی سەرەكی كوردستان بكەین،هێندە راپەڕین و خرۆشانی جەماوەری كورد لەدژی بەرژەوەندیی و بێ مافیی ئەو گەلە بەكاردەهێننەوە نیو هێندە راپەڕین وای لێنەكردوون بەكاری تەبەنییكردنەوەی بینای داڕوخاوی كەسێتی كورد هەستنەوە،ئەوجا ئەو كەلاوەیەی پێی دەوترێت كوردستان ئاوەدان بكەنەوە. بەپێچەوانەی ئەم خواستە سادەو ساكارەی ئێمەوە خودی ئەو بێمافیی و بێ خزمەتگوزاریی و گرانی و كارەساتانەی بەسەر تاكی كوردییدا دێن لەم بەشەی خوارووی كوردستان وەك باجێكی راپەڕین و ئازادیی دوای ئەو هەستانەوەیە تەماشا دەكرێت كەبێگومان ئەوە دەستەڵاتی سیاسییە وەها تەماشای راپەڕین و خەڵكی كوردستان دەكات .لەوەش بترازێ مژاری راپەڕین تا ئەم ساتەوەختە كە17 ساڵی تەواو بەسەر رزگاركردنی تەواوی كوردستاندا تێدەپەڕێت هیچ خوێندنەوەیەكی بۆ نەكراوە كەبیهێنێت بڵێین ئەمە یەكێكە لەخوێندنەوە زانستیی و واقیعەكانی ئەو كردەیە .
 بەبڕوای ئێمە كاتی ئەوە هاتووە خوێندنەوەی نوێ جیا لەو خوێندنەوە تەقلیدییە بۆ خودی راپەڕین و ناوەرۆك و بنچینەكەی بكرێت،ئەو خوێندنەوەیەی لەو جێگەیەوە دەست پێدەكات لەپێش هەر شتێكدا لەدەرگای گومانەوە داخڵ بەم بابەتە ببین و لەیەقیندا خۆمان بگرینەوە،ئەمەش بەوە دەكرێت لەپێش هەر شتێكی تردا پەنجەراكێشین بۆ بەرهەمی راپەڕین،یان بەواتایەكی تر هەوڵبدەین بۆ خوێندنەوەی هەموو ئەو گرفتە زەقە سیاسیی و ئابووری و كۆمەڵایەتیانەی كەلەدوای ساڵی 1991 ەوە سەریان دەرهێناوە وەك لێكەوتە دوور ونزیكەكانی ئەو راپەڕینە.بەبڕوای من ئیدی كاتی ئەوە بەسەرچووە تەنانەت خودی راپەڕین وەك رابوونێكی نەتەوەیی و نیشتمانی سەیر بكەین، راستە كورد لەئاستی گەلێریدا بەشداریی كرد لەو كردەیەدا،بەڵام جەماوەیی بوونی ئەو پرۆسەیە هیچ كات بەڵگەی ئەو واتایەی لای سەرەوە بەدەستەوە نادات،چونكە ئەگەر سەیری دیمەنەكانی دوای راپەڕین و هەنووكە بكەین تەرجومەی ئەوەمان بۆ دەكەن راپەڕین تەنێ بریتیی بووە لەگۆڕانی دامودەوزگاو دەموچاوەكانی بەڕێوەبردن لەم بەشەی كوردستان،ئەگەرنا لەرووی فەلسەفەی حوكم و تەنانەت ئیدارەوە ودیموكراسییەوە شتێكی ئەوەندە گەورە نەهاتووەتە دی كەبڵێین دوو سەردەم لەیەكتر جیابكاتەوە لەژێر ناوی سەردەمی پێش 1991 و دوای 1991.
 كەواتە لەرستەیەكی تەواو كورتدا دەتوانین بڵێین:كاتی ئەوە هاتووەتە پێشەوە بەڵكو درەنگیشە كەراپەڕین بكەینە بابەتێكی خوێندنەوە،خوێندنەوەیەك دیووی راستەقینەی راپەڕین پیشان بدات نەك ئەو رووكەشەی هەموو ساڵێك دەیبینین،بۆ ئەم مەبەستە(نێوەند)تەوەرەی ئەم ژمارەی تەرخانكردووە بۆ ئەو پرسە بەبەشدارییكردنی هەریەك لە:
 1- ناسر حەفید – نووسەر و رۆشنبیر و دانیشتووی وڵاتی سوێد
 2- حەسەن جەباری – كارگێڕی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان
 3- بەرزان هەورامی – ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
 4- سەردار هەركی – ئەندامی پەرلەمانی كوردستان
 5- توانا عوسمان – نووسەر و رۆژنامەنووس
 6- ئارام جەمال – نووسەر و بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردیی بۆ هەڵبژاردن
 7- كەمال رەئوف – نووسەر و رۆژنامەنووس و دانیشتووی وڵاتی كەنەدا
 
 
 ئاسوَ: بەهوَى غیابى میتۆدیى راپەرینى كوردستان،چەندین هەڵەى گەورەو كوشندە  رووى لەدەسكەوتەكانى راپەڕین كردووە،شەڕى نێو خوَى كوردستان و دابەشبوونى دەسەڵات و قوَرغكردنى ژیانى سیاسى و ئابوورى لەلایەن پارتەكانى كوردستانەوە، كوَمەڵگاى كوردیى گەیاندوَتە ساتەوەختێكى ترسناك،پرسیارەكەى من ئەوەیە ئەو هەڵەو گرفتانە چیبوون كە لەسەرەتاى راپەریندا ڕوویاندا و كۆمەڵگاى كوردییان گەیاندە ئەم قەیرانە كوشندانەى ژیانى سیاسیى و ئابوورى ئەمڕۆمان؟
 كەمال رەئوف:سەرەتا حەزدەكەم لەسەر راپەڕین بڵێم: بەداخەوە تاكو ئێستا نەتوانراوە لەسەر  راپەڕینەكەى ساڵى 1991 داوەرییەكى گشتى و خوێندنەوەیەكى ورد بكرىَ, زوَربەى ئەو وتارو نووسینانەى تاكو ئێستا لەبارەى راپەڕینەوە نوسراون, نەیانتوانیوە بەشێوەیەكى گشتى و هەمەلایانانە  یان راستگوَیانە باس لە چوَنیەتى راپەڕین و ئاسوَ و ئامانجەكانى بكەن, دیارە بەشێكى زوَرى ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونى ئەو كێبەركێ حزبیى و سیاسیى و ئایدلوَژییانەى كە لەهەناوى راپەڕیندا هەبوون, هەندێك لە چەپەكان هەرچەندە سەرەتا راپەڕینیان بە شۆڕشى بولشەفیكەكان پێناسە دەكرد كەچى هەر زوو لەدواى شكستى بزووتنەوەى شورایى و ئاوارەبوونەكە باڵى كوَموَنیزمى كرێكاریى لەبەشداریكردنى راپەڕین پەشیمان بوونەوەو ناوى راپەڕینەكەیان گوَڕى بوَ خروَشان و شتى تر….هتد, بەمەرجىَ چەپەكان دەورێكى كاریگەر و بەرچاویان هەبوو لە بەشدارییكردن لە راپەڕینەكەدا, بەرەى كوردستانیش بەهەموو باڵەكانییەوە چونكە سوودمەندى یەكەم بوون لە راپەڕینەكە , بەهەموو كەموكوڕییەكانەوە،بەو رووداوە ناخوَشانەشەوە كە روویاندا لایانوابوو هەرچەندە نەتوانرا تەواوى كوردستان ئازاد بكرىَ،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەئەدەبیاتى خوَیاندا دەیانوت:راپەڕین بەسەركەوتنى خوَى گەیشت.دیارە لە ئاواحاڵێكدا بەئاشكرا ئەو دیدو تێڕوانینە جیاوازانە لەیەكتر جیا دەبنەوەو هەر یەك بە جوَرێك دادوەریى لەسەر راپەڕینەكە دەكات. سەبارەت بە گەڕانەوە بوَ هەلومەرجى سەرەتاى راپەڕین و هوَكارى ئەو هەلومەرجەى كە ئێستا هاتوَتە ئاراوە,من لاموایە ئەوەى ئێستا روودەدات و هەیە هێندەى پەیوەندیى بە ماهیەتى پارتە باڵادەستەكانى ئێستاوە هەیە, هێندەى پەیوەندیى بەخوَشباوەڕیى خەڵكەوە هەیە بە پارتە سیاسییە تەقلیدییەكان, هێندە پەیوەندیى بە مەسەلەى راپەڕینەوە نییەو هەقیش نییە راپەڕین بەكەموكوڕییەكانى ئێستا تاوانبار بكرىَ, راپەڕین لوتكەى توڕەبوونى خەڵك بوو لەهەلومەرجێكى سەخت و دژوار كەرژێمى ئەوساى بەعس بوَخەڵكى دروستكردبوو, راپەڕین شوَڕشێكى چینایەتى و ئایدلوَژیى نەبوو بۆ دامەزراندنى دەسەڵاتێكى سیاسى دیاریكراو, بەڵام لەهەناوى خوَیدا بەرزترین و شێلگیرانەترین بزووتنەوەى جەماوەریى بوو لەدژى داگیركاریى و زوَرەملێیەتى بەعس, بزووتنەوەیەك بوو بۆ نزیكبوونەوەو بەدەستهێنانى ئازادیى و سەربەستى. بەڵام ئەوەى كە هەڵەو كەموكوریِیەكان چى بوون و بوَچى راپەڕین چووە گیرفانى چەند لایەنێكى دیاریكراوەوە؟دیارە ئەوە قسەو باسێكى زوَرتر هەڵدەگرىَ, كە تەنیا لێرەدا دەكرىَ بڵێن:لەنێو راپەڕیندا,لایەنە سیاسى وكوَمەڵایەتى وچینایەتییەكان, كوَن و نوىَ, ململانێیان هەبوو كە ئاكام بەقازانجى چینى دەسەڵاتدارو كوَنەپارێز شكایەوە.
 ئاسوَ:ئەگەر دەسكەوتەكانى راپەڕین وەدەرنانى رژێمێكى دیكتاتۆر بووبێت ئەوا زیانەكانى دواى راپەڕین  زۆر مەزن و گەورەن،بەتاڵانبردنى سەروەتى نیشتیمان و  كوَچكردنى نزیك بەملیۆنێك هاووڵاتى و نەبوونى كارەبا و دروستبوونى دیاردەى گەندەڵى و گوَڕانى  ئیتنیماى نیشتیمانى بۆ ئینتیماى حیزبی، كۆمەڵگاى كوردیى بەرەو دوَخێك بردووە كە چارەسەركرنى بووەتە كارێكى ئەستەم،دەمەوێت بپرسم  دواى (17 ساڵ)لەتێپەڕبوون بەسەر ئەم  دۆخەدا حكومەت و پارتە فەرمانڕەواكان دەتوانن بە سەركەوتووانە لەم قەیرانە كوشندانە تێپەڕن كەهەر خودی خۆیان خوڵقێنەرین،یان جارێكى تر كوَمەڵگاى كوردەواریى پێویستى بەشۆڕشێك هەیە؟
  كەمال رەئوف:قسەكردن لەسەر شوَڕش بوَ هەموو كوَمەڵگەیەك وەك قسەكردن وایە لەسەر پێویست بوونى نان و ئاو بۆ خەڵك, بەڵام قسەكە ئەوەیە كام شۆڕِش و چ شۆڕشێك؟ ماناى شۆڕش ئێستا وەك جاران بەتەنیا لە یەك چوارچێوەدا و تەنیا بەیەك دیودا لێك نادرێتەوە,من لاموایە ئێستاو سبەینێ و بوَ هەمیشە خەڵك پێویستى بەشوَڕش و خەباتكردن هەیە بۆ بەدەستهێنانى ژیانێكى باشتر, سەبارەت بەوەش كە دواى راپەڕین چ هەلومەرجێك هاتوَتە پێشەوە,ئەوە تەنیا خەڵكى كورد نییە كە لە دواى راپەڕین ئەوە دەبینێتەوە كە نەیانتوانیوە هەموو ئامانجەكانى راپەڕین بهێننە دى, ئەگەر بەوردیى سەیرى مێژوو بكەین چەندین رووداوى وا دەبینینەوە كە توَماركراوە,نزیكترینیان راپەڕینى خەڵكى ئێران لەدژى دەسەڵاتى شاهنشایى , من لاموانییە خەڵكى ئێران بەگشتى بوَ ئەوە راپەڕیبن كە دەسەڵاتى جمهورى ئیسلامى ئێستاى ئێران بگەیەننە سەردەسەڵات, بەڵام هەلومەجەكە واكەوتەوە ئەوان لە باڵەكانى ترى ناو راپەڕینەكە بەهێزتر بوون و ئیرادەى خوَیان سەپاند بەسەر راپەڕیندا, لەكوردستانیش بەشێوەیەك لە شێوەكان هەمان سیناریۆ دوبارە بووەوە, ئەگەر بمانەوێت قسە لە چاكبوون و گوَڕان بكەین لە پێش هەرشتێكدا دەبێت قسە لە ئەڵتەرناتیفى ئەو هێزانە بكەین كە ئێستا بەرپرسى یەكەمى ئەو هەلومەرجەن كە هاتوَتە ئاراوە, پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئێستا بەدیلێكى وا لە ئارادایە؟ یان جارێكى تر  خەڵك ئامادەیە لەوەى شانسى خوَیان بدەنەوە دەست راپەڕینێكى ترو لەنێو راپەڕیندا ئەڵتەرناتیف دروست بكەنەوە,من بوَ خۆم لەوە دڵنیام كە جارێكى تر خەڵك بەئاسانى بوَ راپەڕینێكى سەرتاسەریى هەڵناخرێنرىَ و ئەستەمیشە بەدیلێكى تریش بەبىَ نیشاندانى ماهیەتى راستەقینەى خوَى بتوانىَ  بەئاسانى سەرنجى خەڵكى بوَ خۆى راكێشى.
 ئاسوَ:نەوەى دواى راپەڕین بووەتە نەوەیەكى سەرگەردان و بێ ئینتیما یان چەكى كوردكوژیى هەڵگرت یاخود بەرەو دەریاى ئیجە ملی نا ،دواى 17 ساڵ كار بەراددەیەك  ترسناك بووە كەخەونى زوَربەى گەنجانى كوردستان هەڵهاتنە بەرەو (بەهەشت) ى ئەوروپا،ئەم پەرتەوازەیى و بێ ئینتیماییەى لاوان ژیانى سیاسى وئابوورى كوردستان بەكوێ دەگەیەنێت ؟
 كەمال رەئوف:ئەوەى كە ئێستا لە كوردستان دەبینرىَ ئەوە بەرئەنجامى بىَ متمانە بوونى خەڵكە بەهێزە سیاسییەكان, ئەوە بەرئەنجامى بىَ ئاسوَیى و بىَ بڕواییە بە هەلومەرجێك كە ئێستا بەئەنقەست بىَ یان نا لە ژێر كاریگەریى بىَ بەرنامەبوونى پارتى و یەكێتى وایكردووە,كە نەك هەر لاوەكان بگرە لاى گەورەو بەساڵاچووەكانیش تاڕاددەیەك بڕوا بەقیەم و سیاسەت و راستگوَیى كەمبووەتەوە,ئەوە بەشێكە لەو گەندەڵییەى كە چیتر روَچووەتە ناو خێزانەكانەوە و ژیانى بەخەڵك تاڵكردووە,پارتە دەسەڵاتدارەكانى ئێستا دەیانەوێت لەرێگەى ئاوا سیاسەتێكەوە, لەرێگەى هەژموونى ئابورییەوە كوَنتروَڵى خەڵك بكەن,بوَیە نابێت لامان سەیر بێت, كەدواى چاوەڕِوانییەكى زوَر,دواى دەریایەك بەڵێنى درۆینەى دەسەڵاتى كوردیى و خوَماڵى, دواى خوَشباوەڕییەكى زوَرى بىَ بناغە بەپارتى تەقلیدیى,سەرئەنجام ئەوەى لێدەكەوێتەوە كە ئێستا لە كوردستان هەیە و هەموومان دەیبینین كە بىَ منەتى و بىَ متمانەیى گەیشتوەتە سەر ئێسك. 
 ئاسوَ: بەرهەمى راپەڕین لەدایكبوونى حكومەتى هەرێم بوو، ئەم حكومەتە دواى 16 ساڵ لەتەمەنى خوَى نەیتوانییوە دەربازبێت لە قەیران و هەڵە كوشندەكان ،تائێستاش هەرسێ دەسەڵاتى یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەریی،نەیانتوانیوە سەربەخۆبن، نەبوونى حكومەتێكى كاراو تەكنۆكرات  تێكڕاى دامەزراوەكانى وڵاتى تووشى شەلەل كردووە،ئێستا  كوَمەڵگاى كوردستان لەتێكڕاى بوارە خزمەتگوزاریی و ژیارییەكاندا بووەتە یەكێك لەناوچە دواكەوتووەكانى جیهان  پرسیارەكەى من بەو ئاڕاستەیەیە كەپارتى و یەكێتى گەشبینن بەم بارودوَخە و حكومەتەكەیشیان بەسەركەوتوو دەزانن، ئەم گەشبینییە بەچ ئاڕاستەیەكماندا دەبات؟.
 كەمال رەئوف:من سەرەتا لەسەر چوَنیەتى ئاڕاستەكردنى پرسیارەكەت قسەیەكم هەیە, كە ئەویش ئەوەیە ئێوە لاتانوایە كە حكومەت بەم هەموو ساڵە نەیانتوانیوە لە قەیرانەكان دەرباز ببىَ! لەراستیدا من لاموایە حكومەت بوَخوَى بەشێكى گەورەى قەیرانەكەیە و هەر خوَشى هوَكارى دروستكردنى ئەو هەلومەرجەیە نەك ئەو لە دەرەوەى قەیرانەكە بێت و بە رێكەوت كەوتبێتە ناوى نەیتوانیبێت لێی دەرباز ببێت, چونكە ئەم حكومەتەى ئێستا جێگرەوەى حكومەت و دەسەڵاتێكى تر نییە واتە ئەم قەیرانانەى باس دەكرىَ لەسەر دەستى لایەكى تر دروست نەبووەو ئەمان هاتبن كوَتایى پێبهێنن,بگرە ئەمە هەمان ئەو حكومەت وشێوازە لە دەسەڵاتدارێتییەیە كە پێش شەڕى ناوخوَ پەنجا بە پەنجا لەنێوان خوَیاندا دابەشیان كردبوو.پاشان لاشموانییە كە حكومەتى هەرێم بەهەموو كەموكوڕیی و بىَ لیاقەیەكەیەوە خوَى بەقەرزارى راپەڕین و خەڵكى كوردستان بزانىَ, بەڵكە كێشەكە لەوەدایە ئەوان راپەڕین بەهى خوَیان دەزانن و خەڵكیش بەقەرزاربارى دەستكەوتەكانى حكومەت و حیزبەكانیان,سەبارەت بەقسەكردن لەسەر سەربەخۆبوونى دەسەڵاتەكانى یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەرییش,با پێش ئەوە ئێمە بپرسین ئاخوَ ئەو دوو پارتەى كە تەواوى دەسەڵاتەكانى حكومەتیان بەركەوتووە, لە رابردوو و ئێستادا لە ژیانى سیاسى پارتایەتى خۆیاندا توانیویانە لە نێو خودى پارتەكانى خوَیاندا خاوەن دامودەزگاى دیموكراتى و لێپرسینەوە لەگەندەڵى و شەفافیەتى ئابوورى سیاسى بن؟ ئەگەر لە ناو هەناوى ئەو پارتانەدا ئەوەمان بینییەوە ئەوا ئێمەش هەقە لەحكومەت و دەسەڵاتدارێتیان چاوەڕى ئەوەیان لێبكەین ئەو بڕوایەمان لادروست ببێت كە روَژێك دێت ئەوان بتوانن سەربەخۆ بوون بۆ ئوَرگانە گرنگەكانى دەسەڵات بگرێنەوەو ببنە خاوەن دەسەڵاتێكى مەدەنى وكراوەو شەفاف,ئەگەر پێچەوانەكەشیمان بینییەوە,ئیتر قسەكردن و چاوەڕێكردن لەوان وەك چاوەڕێكردنى هاتنەدى خەونى حوشتر وایە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.