Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دیمانەی هەفتەنامەی ڕێبازی ئازادی لەگەڵ عەبدولا مەحمود

دیمانەی هەفتەنامەی ڕێبازی ئازادی لەگەڵ عەبدولا مەحمود

Closed
by December 8, 2008 گشتی

 
 دیمانەی هەفتەنامەی ڕێبازی ئازادی لەگەڵ عەبدولا مەحمود
 سەبارەت بە جێگاو ڕێگای چەپ و كۆمۆنیستەكان و پرسە سیاسیەكانی كوردستان

  ریبازی ئازادی: پارتە چەپەكانى كوردستان تاچەند توانییویانە بەفعلى خزمەت بەو دروشمان بكەن لەپێناوى دامەزراون؟
 عەبدولا مەحمود: من بەر لەوەی بچمە سەر وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی پرسیارەكەتان بە پێویستی دەزانم ڕونكردنەوەیەك لەسەر مەقۆلەی چەپ بدەم، تا خوێنەر توشی بەدحاڵی بوون نەبێت. چونكە لەكوردستان كەم نین ئەو حزبانەی خۆیان بەچەپ و ماركسی دەزانن و ناو و عیبارەتی كۆمۆنیست و سۆسیالیست و كرێكاریی و… بەخۆیانەوە لكاندووە یان لەبەرنامەكەیاندا داخوازی و عیبارەتی كریكاری و .. هەیە.
 چەپ لەڕوانگەی منەوە باسی هیچ كام لەو جۆرە چەپانە نییە، بۆمن باسی چەپ و حزبە چەپەكان ئەو حزبە ماركسیست و ئەنتەرناسیونالستانەن كە بێئەملاولا هەر ئێستا خوازیاری ڕێكخستنی شۆرشی كۆمەڵایەتی چینی كرێكارن لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی خاوەنداریتی تایبەتی بەسەر هۆیەكانی بەرهەمهێناندا لە ڕێگای ڕوخاندنی نیزامی سەرمایەداری و بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی نوێ كە لەسەر بناغەی یەكسانی هەمەلایەنەی ئابوری و كۆمەڵایەتی دامەزرابێت و سنوربەندیەكی هەمەلایەنەی لەگەڵ ناسیونالیزم و هەموو چەشنە جوداسازیەكی ئینسانەكان هەبێت و لە دژیان تێبكۆشێت.
 ئەگەر بەو پێودانگە بڕوانینە چەپ، ئەوەی لە پەیوەند بە چەپەوە دەوترێت دەبێ باسی كۆمۆنیستەكان" كۆمۆنیزمی كریكاری "و حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی بكەین. چونكە جگە لە كۆمۆنیستەكان و حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق و كوردستان چەپێكی تر نادۆزینەوە كە خوازیاری واقعی بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی سوسیالیستی بێت و هەڵگری ئەم شوناس  دروشمە بێت.
 بەم ڕونكردنەوە كورتە ئێستا پرسیارەكە دەبێ بەوەی ئایا كۆمۆنیزمی كرێكاری" كۆمۆنیزمی ماركس" و حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری توانیویەتی خزمەت بەو دروشمانە بكات كە بۆی پێكهاتووە؟ 
 حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی بە كردەوە نەك هەر بەدروشم، ئەوەندەی بواری بوبێت و توانیبێتی بوار بكاتەوە، بەكردەوە خەباتكاری ئەو ناسنامە و دروشمانە بووە.
 رێكخستن و رێكخراوكردنی كریكاران لە چوارچێوەی رێكخراوەی حزبی و غەیرە حزبی، و رێكخراوە جەماوەری و پیشەیەكانی خۆیاندا، بەدەستەوەگرتنی داخوازی و داوكاریە كرێكاریەكان، ئاسۆداركردنی ئاسۆی خەباتی كریكاری، روانین بۆ روداو دیاردەكانی كۆمەڵگا لە ڕوانگەی چینی كرێكارو بەرژەوەندی سەراسەری ئەم چینەوە، جێخستنی یادە كرێكاری و كۆمۆنیستیەكان و كردنی بە سونەتێكی جێكەوتووی كۆمەڵگای كوردستان، لەوانە مەراسیم و ئاكسیۆنە كرێكاریەكانی وەكو یەكی ئایار، رێزگرتن لە یادی شۆرشی ئۆكتۆبەر، ناساندنی تەجروبەی ئەم شۆرشانە، یادكردنەوەی و ناساندنی زیاتری رابەرانی بزوتنەوەی كریكاری و كۆمۆنیستی، جێخستنی سونەتی یاد و دەسكەوتەكانی بزوتنەوەی كریكاری و كۆمۆنیستی لەوانە هەشتی مارس، ئۆكتۆبەر و كەسایەتیەكانی، لەهەموو ئەمانە واوەتر بەرگریەكی هەمەلایەنەو بەكردەوە لە ماركسیزم و كۆمۆنیزم و دەسكەوتەكانی بەتایبەت بەدوای شكستی بلۆكی شەرقدا كە چەپ و راستی بۆرژوازی بانگەشەی مەرگی كۆمۆنیزم و ماركسیزمیان ڕاگەیاند،….تاد 
 وە لەمەیداندابوونی بەكردەوە و وەستانەوەی بەدژی ناسیونالیزم و قەومەپەرستی و، بەدژی ئیسلامی سیاسی و كۆنەپەرستی دینی، بەدژی بەناو نەزمی نوێی دنیاو سیاسەت و كاركردەكانی، بەدژی جەنگ وبەڵاكانی، بەدژی هەژاری و برسیتی و گرانی وبێكاریو تیرۆری سیاسی و تیرۆرو توندوتیژی ژنان و بێمافیەكانی منالان، بە گرتنەبەری ڕێگای كارسازو ماكسیسیتی بۆ چارەسەری كیشەی خەڵكی كوردستان و ئایندەی سیاسیەكەی،…. ئەمانە هەموویان كارنامەی بەكردەوەی كۆمۆنیستەكانی كوردستانن و بەشێكن لەوناسنامەیەیە كە هەڵگری بوون وبەكردەوە بۆی تیكۆشاون. تا ئەم ساتە وەختە باسی هەركام لەم مەسەلانەی سەرەوە بكرێت، لە باسی شۆرشی كرێكاریەوە ، تا كرێ و بیمەی بێكاری، یەكسانی ژن و پیاو، ئازادی بیقەیدو شەرتی سیاسی، ریفراندۆم و جیابونەوەی كوردستان، مافەكانی منالان، جیایی دین لەدەولەت و لە خویندن و پەروەرەدەو یاسا،…تاد زوربەی زۆری خەڵكی كوردستان و چاودێرانی سیاسی ئەمانە بە ئیمە و كۆمۆنیستەكان دەناسنەوە، كە جێمان خستون و ئێستاش سەرباری هەر ریگری كە بۆمان پیكدەهینن و پێكیان هێناوە وە سەرباری هەر كەم كوریەك كە بومانەو هەمانە لە مەیداندا ماوین و وەكو شانازیەكیش كە دەتوانین بەدەستیەوە بگرین ئەوەیە كە بانگشەكانمان و كردەوەی خەباتكارانەمان جوتن و بانگەشەی بێ كردەوەنین، دروشمی ئینتخاباتی نین، ئارایشی بێ ناوەرۆك نین. 
 
 ریبازی ئازادی: كۆمەڵگەى كوردستان تاچەند گونجاوە بۆ گەشەكردنى پارتە چەپەكان؟
 عبداللە مەحمود: مادام كۆمەڵگای كوردستان هەموو هەموو كۆمەڵگایەكی ئەم جیهانە، كۆمەڵگایەكی چینایەتییە، كێشمەكیشی چینیایەتی بنەمای سەرەكی و جوڵەی ئەم كۆمەڵگایەیە. بەرژەوەندی چینایەتی جیاوازو دژ بەیەكی تیایە، چەپ و كۆمۆنیزم بۆ كۆمەڵگا بە وێنەی ئاو بۆ ژیان پێویستە.
 هەر ئەم واقعیەتە چینایەتی و سیاسیەی كۆمەڵگای كوردستانیشە كە وای كردووە جگە لە كۆمۆنیستەكان، حزبە قەومی و بۆرژوازیەكانی كورد عیبارەتی كرێكار، سۆسیالسیت، زەحمەتكێش، شیوعی، كۆمەڵەی ماركسی لینینی، پارتی پیشرەو… بەخۆیانەوە بلكێنن و لەزۆر كاتیشدا بانگەشەی بكەن.
 لەمانەش واوەتر كۆمەڵگای كوردستان لە باری مێژووی سیاسیەوە، مەیدانی دوو بزوتنەوەی بەرجەستە بووە، بزوتنەوەی چەپ و  كۆمۆنیستی" بەهەر عیبارەتێكەوە كە لە كۆمۆنیزم و چەپ هەبووە" لەلایەك و بزوتنەوەی قەومی لەلایەكی ترەوە. ئەم دوو بزوتنەوەیە بە درێژایی مێژووی نزیك بە سەد ساڵی رابردوو بەرجەستەترین دوو بزوتنەوەی سەرساحەی سیاسی كوردستان بوون.
 ئەمەش نەك نیشانەی ئەوەیە كە كۆمەڵگای كوردستان گونجاوە بۆچەپ و كۆمۆنیستەكان، بەڵكو بووە بە پێداویستیەكی حەیاتی.
 تەنانەت نابێ بیرمان بچێت، كە زور یەك لە ئەركەكانی تری بزوتنەوە سیاسی و كۆمەلایەتیەكانی تر بۆ چینی كریكارو كۆمۆنیستەكان بە جێماوە، بۆنمونە چارەسەری كێشەی خەڵكی كوردستان و وەلامدانەوەی ئینسانی و كارساز پێی، كیشەی خەلكی كەركوك و ناوچە دابراوو كێشە لەسەرەكان، مەسەلەی ژنان و یەكسانیان لەگەڵ پیاوان،  و ئازادی بیقەیدو شەرتی سیاسی، مەسەلەی دابینكردنی مافە فەردی و مەدەنیەكان، جیاكردنەوەی دین لە دەولەت و یاساو پەروەردە، پاراستنی ژینگە… ئەمانە ئەگەر لەسەردەمێكدا لە ژێر گوشاری گەورەی كۆمەلایەتی بزوتنەوەی كرێكاری و ڕادیكالی كۆمەڵگادا، بۆرژوازی ناچاركرابوو مل بە چارەسەركردنیان بدات، ئەوا دەمێكە بۆرژوازی نەك دەستی لێیان هەڵگرتووە بەڵكو بەكردەوە دژایەتی و مقاوەمەت دەكات بۆ هێشتنەوەیان و تەجروبەی دنیا و كوردستانی نزیك بە 18 ساڵەی دەسەلاتی بزوتنەوەی قەومی كوردیش باشترین تەجروبەی زیندون. 
 بەهەموو ئەو فاكتە مەلموسانە تا ئەوكاتەی كە كۆمەڵگای چینایەتییەو پەیوەندی زاڵمانەی سەرمایەداری پەیوەندی نێوان ئینسانەكان دیاریدەكات، و خواستە سەرەتاییەكانی ئینسان لە ژێر پرسیاردان،  كۆمۆنیزم چەپ و پێداویستیەكی بەرجەستەی ئەم كۆمەڵگایەیە.       
 ریبازی ئازادی:  تاچەند پارتە چەیەكان دەتوانن ببن بە ئەڵتەرناتیڤى هێزى عەلمانىو ئیسلامىو نەتەوەیەكان؟
 عەبدولا مەحمود: چەپ و كۆمۆنیستەكان، زۆرترین شانسیان هەیە بۆ ئەوەی ببن بەهێزی یەكەم و ئاڵوگۆربەخش لە كۆمەڵگاداو ببنە بەدیلی ئەم رەوتە بورژوازیانەی ئێستا.  مەبەستیشم لە رەوتە بۆرژوازیەكانی ئیستا  لایەنە قەومی و رەوت و لایەنە دینیەكانن. وە من بەوپەری دڵنیایەوە دەیڵێم ونایشارمەوە هێزی عەلمانی بەكردەوەی ڕێكخراو كە لە چوارچیوەی حزب و ریكخراوەی سیاسیدا خۆیان ریكخستبێت جگە لەكۆمۆنیستەكان و چەپ  زیاتر نابینم لەكوردستاندا. ئەمەش بوختانێك نییە، بەكەم گرتن و چاوپۆشین لە واقعیەت نییە، پارتە قەومیەكان نەك عەلمانی نین، بەڵكە بەكردەوە هێزی ئاودراو پراوپڕ بەرگریكەرن لەو یاساو ریسایانەی بنەماكانیان شەرع" حەدیس و قورعان"ە.
 من دەپرسم، كام حزب لەكوردستان جگە لە چەپ و كۆمۆنیستەكان، خوازیاری بەكردەوەی جیایی دین لەدەوڵەتن؟ خوازیاری بەكردەوەی یەكسانی ژن و پیاون؟  خوازیاری ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی و…. خوازیاری گەرانەوەی بۆ ڕای خەڵكن بۆ بریاردان لەسەر پرسە چارەنووسازو گرنگەكانی كۆمەڵگا؟  خوازیاری توڕدانی كەلتوری دابەشكردنی كۆمەڵگا وجێخستنی یاساو پاراستنی مافەكانی مرۆڤ  و مافی هاوڵاتی بوونی یەكسانن بۆ دانیشتوانی كوردستان بێگویدانە ناسنامەی دینی و قەومی و تەنانەت عەشیرەتی، … ئەمانە ئەو بنەما سەرەكیانەن كە هەر هێزێكی پێشكەوتخوازو عەلمانی پێدەناسرێتەوە. بە پێچەوانەوە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان سەرباری هەر بانگەشەیەك كە هەیانە، چ ئەوانەی هەڵگری سوسیال دیموكراسی و چ ئەوانەی خۆیان بە شیوعی و چ ئەوانەی تر…. كامیان بۆیەكجاریش بووە خواستی جیاكردنەوەی دین لە دەولەت و یاساو پەروەردەو فێركردنی هەڵگرتووە؟ خوازیاری یەكسانی بی ئەماو ئەگەری ژن و پیاو و بەرەسمی ناسینی مافی فەرد بووە؟  بەداخەوە كە ئەمانە نابینرێ، باسی هێزە ئیسلامیەكانیش بەزیادە دەبینم، چونكە ڕەوت و ڕێكخراو و پارتە سیاسیە دینیەكان بەرهەمی واقعی و زادەی پیداوستی كۆمەڵگا نین و زۆرتر ئیسترادكراون و ناتوانن ببنە بەدیل و هێزی سەرەكی كۆمەڵگای كوردستان. لەگەڵ بوژانەوەی زیاتری كۆمەڵگا و كرانەوەی زیاتریدا ئەم رەوتانەش دەخاتە كەنارەوە كە چەندین ساڵە بەهۆی پشێوی سیاسی و برسێتی خەڵك و بە پشتیوانی وڵاتانی ناوچەكەو پشتیوانی حزبە دەسەلات بەدەستەكانی كوردستان مەترەح بوون.
  
 ریبازی ئازادی: ئەو فاكتەرانە چییە وایانكردووە كەلە رابردوودا پارتە چەیەكانى كوردستان گەشەى تەواوەتى نەكات؟
 عەبدولا مەحمود: دروستر وایە پرسیارەكە ئاوا بكرێت، بۆچی كۆمۆنیستەكان و چەپەكانی كوردستان نەبوون بە هێزی بریاردەر لە كۆمەڵگای كوردستاندا، چونكە ئەگەر باسی گەشە بێت حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی گەشەی بەرچاوی لە ساڵانی 95 تا 2000 بووە، رۆژ بەرۆرژ گەشەی دەكردو خەڵك زۆرتر لەدەوری سیاسەت و نەخشەكانی، كۆدەبۆە، هەر ئەمەش یەكێك لە هۆكارانە بوو كە بەچەك هێرشی كرایە سەرو هەڵسوڕانی یاسایی و ئاشكرای قەدەغەكرا.
 هۆكاری نەبوونی  چەپ و كۆمۆنیستەكان بەهێزی كاریگەر چەندین هۆی هەیە من هەوڵئەدەم ئاماژە بەگرنگترین هۆكارەكانی بكەم:
 1- كەمتر وەكو هێزی دەسەڵات هەڵسوراون، ئەمە یەكێكە لە هۆیە بناغەیەكان. زۆرتر وەكو هێزی گوشار هێنەر، داواكەر، كەمپەینی خۆیان نیشانداوە. لەجێگای ئەوەی زۆرترو زیاتر وەكو خاوەنی كۆمەڵگاو دەربكەون و بەنەخشەوە خاوەنداریتی خۆیان بۆ كۆمەڵگا نیشانبدەن .
 2- چەكدار نەبوونی ئەم هیزە بەتایبەت لە دەورانی پێشودا. نەبونی هێزكی چەكداری تۆكمە، لە ناو فەزای بێسەرەوبەرەیی كوردستان، لە فەزایەكدا كە بەعس لەودیوو سنورەكانەوە هەرەشە بوو بۆسەر خەڵكی كوردستان، لەكاتێكدا چەك بریاری دوایی ئەدا لە كۆمەڵگادا نەك هەر بۆبەرگری لە بەعس و هەرەشەی ولاتانی ناوچەكە تەنانەت بۆ بەرگری لە خۆكردنیش لەكوردستان، ئەمە یەكێكی تر بوو لەو هۆكارانەی خەڵك ئومید بە هێزی بێچەك نەكات و تاسەر پشتی پێنەبەستی.
 3-   دیارنەبوونی ئەولەویاتەكان، كۆمەڵگای كوردستان بەدەست دەیان گرفتەوە دەینالاند، كێشەی بیسەرەو بەرەیی كوردستان و دیارنەمانی ناسنامەی ولاتیەكەی، مانەوەی زولمی قەومی، هەرەشەو دەستێوەردانی ولاتانی ناوچەكە، ئابلۆقەی ئابوری و كاریگەریەكانی، سیاسەتەكانی ئەمریكاو قورسایی لەسەر كوردستان، شەپۆلی تیرۆر، شەری ناوخۆ، كیشەی بیكاری و گرانی و هەژاری و  بییاسایی و  ژنان و لاوان و ….. ئەمانە و چەندین كێشەی تر یەخەگیری خەڵكی كوردستان بوون، دیارە پێویست بوو كۆمۆنیست و چەپەكان لەهەموو ئەم زەمینانەدا نەخشیان ببویەو بویان، بەلام بەكردەوە لەناو ئەم هەموو كێشانەدا ئەوەیان هەڵنەبژارد و نەكردەوە دەستمایەی سیاسی كە كام یەك لەم كیشانە میحوەریە و دەبێ گرنگی زیاتری پێبدرێت و خەڵكی لەدەوری كۆبكرێتەوە. من لام وایە ئەمە هۆكارێكی ترە، ناكرێ حزبێك نوێنەری هەموو شتێك بێت و سەرئەنجام نوێنەری چەند كێشەو پرسێكی دیاریكراو و سەرەكی ناو ئەو هەموو پرسانە نەبێت.
 4- رێگری حزبە دەسەلاتدارەكان و گوشاری هەموو ڕوژەیان یەكێكی تر لە وفاكتانە بوو، كە ڕێگەی دەگرت لەوەی خەڵك بە ئاسانی بێتە پشتت.
 5- هۆكاریكی تر بە بارمتەگرتنی پاروی دەمی خەڵك لەلایەن دەسەلاتەوە خەڵكی دەترساند لەوەی لە ئێمەو لە حزبی دژی دەسەلات نزیك ببنەوە و لەترسی بڕینی پارو دەمی خۆیان و مناڵەكانیانو لەدەستدانی كاروپیشەكەیان.
  
 
 ریبازی ئازادی: دواى هێرشى سەر بارەگاى حزبى كۆمۆنیست لەلایەن یەكێتىو پارتییەوە كۆمۆنیستەكانى كوردستان بەشدارى فعلییان نەما لەكارى سیاسیدا چ هەوڵىَ هەیە بۆ چالاكى سەرلەنوىَ؟
 عەبدولا مەحمود: بێگومان هێرشی چەكداری یەكێتی بۆسەر حزبی ئێمە پاشەكشەیەكی بەسەر حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی دا سەپاند، چونكە تەنها هێرشێكی چەكداری رووت نەبوو، بەڵكو یەكێتی بەنەخشەوەو لە پیلانیكی مەدروسكراوی هەمەلایەنەدا كە زوو دەركەوت دەستی ئیرانیشی تیدایە، كەوتە لێدانی حزب و بەدوای ئەوەشدا هەموو ئەو ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەیانەی لە حزبی ئێمە نزیك بوون و ڕادیكال بوون كەوتنە بەردەم هیرشی چەكدارانە و بەزۆری چەك داخران.
 لەهەموو ئەمانەش واووتر ڕاوەدونان و گرتن و زیندانیكردنی سەدان كادری ئەم حزبەو تەنانەت ملاحەقەكردنی دۆستانی …. بەردەوام بوو. هەموو ئەمانە پاشەكەشەیان بەسەر حزبدا سەپاند.  بەلام لەگەل هەموو ئەمانەشدا كەم تازۆرو ئەوەندەی توانرابێت فەزامان بۆكاری خۆمان دۆزیوەتەوەو هەڵسوڕانمان درێژە پێداوە، ئەوەی كە هەڵسورانمان زۆر بەرجەستەو كاریگەر نەبووە لەچاو دەوارنی بەرلەشكركیشی یەكیتی بۆسەر حزب ، ئەمە واقعیەتە.
 بۆ دەستپێكردنەوەی چالاكی و هەڵسورانی نوێش، ئێوە ئاگادارن كە ئێمە ئەمساڵ حزبی كۆمۆنیستی كریكاریی كوردستانمان لەسەر بنەمای واقعیەتە سیاسی و چینایەتی و كۆمەلایەتیەكانی ئێستای كوردستان پێكهێناو لە چالاكی و هەڵسورانی خۆمان بەردەوامین و هیوادارین لەم فەزا تازەیەی ئێستای كوردستان و ئەو هاوكێشە تازانەی كە لە ئارادان بتوانین نەخشی بەرجەستەو كاریگەر بگێرێن. 
 
 ریبازی ئازادی: كاریگەرى لایەنە سیاسییە ئیسلامییەكان بۆ دواخستنى رەوتى چەپ لە كوردستاندا چییە؟
 عەبدولا مەحمود: من كاریگەری لایەنە ئیسلامیەكانی كوردستان لەسەر چەپ بەگشتی و حزبی كۆمۆنیستی كریكاریی كوردستان  نابینم، ئەوەی كە تا ئێستا ریگری دروستكردووە لەوەی حزبی ئێمە بتوانێت ببێتە هێزێكی كاریگەر و بریاردەر، جگە لەدەسەلاتی سیاسی و ریگریەكانی بریتی بووە لە كەم وكوری و نائامادەییی پێویستی خۆمان. كە لەوەلام بە پرسیارێكی تردا هۆكارە سەرەكیەكانیم باس كردووە.
 
 ریبازی ئازادی:  زۆرجار تاوانبار دەكرێن بە توندڕەوى وەڵامتان چییە بۆئەوە؟
 عەبدولا مەحمود: عیبارەتی توندرەوی عیبارەتێكی محتەرەمانەی دەسەڵاتە كە لەفەزای سالمدا لەگەڵ ئێمە بەئێمەی دەوت، هۆكارەكەی ئەوە بووە ئێمە خلاف جەرەیانی ناو كۆمەڵگای كوردستانین. خەڵكی ناتوانن جیاوازیەكی بەرجەستەو سەرەكی نێوان حزب و لایەنە سیاسیە قەومی و تەنانەت ئیسلامیەكانی كوردستان لەگەڵ یەكتری ببنین، هەمویان لەپەیوەند بەزوربەی زۆری كێشەو پرسەكانی كوردستانەوە لەیەك ئاواز ئەخوێنن،  بۆیەش زۆر سادە ئەتوانن هاوپەیمانیتی لەگەڵ یەكتری ببەستن. ئێمە بە پێچەوانەوە سیاسەت و رێگاچارەو ڕوانینمان لەزوربەی زۆری كێشەی و پرسەكانی كوردستاندا ناكۆكە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیەكانی تری كوردستان. 
 دەسەلاتی سیاسی لە كوردستان جگە لەخۆیان حزبەكانی فەلەكی خۆشیان وا بارهێناوە، كە هەركەسێك وەكو ئەوان بیری نەكردەوەو نەچووە پشتی سیاسەت ونەخشەو رێگاچارەكانیان ئەوا لە جێگای ئەوەی بەڕێزەو بڕواننە ڕواننی و ڕێگاچارەو سیاسەت و روانگەكانیان، ئەڵێن ئەمانە واقعی كوردستان درك ناكەن، ئەمانە توندڕەون. بەلام ئێمە شانازی بەسەر راستی خۆمانەوە دەكەین كە ئامادەنین لەژێر هیچ هەلومەرجێكدا بیروباوەرو ڕوانینی خۆمان بشارینەوە یان سازش لەسەر ئەو مەسەلانە بكەین كە پەیوەندیان بە داواو خواستەكانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە. لەهەموو ئەمانەش واوەتر ئێمە ئەڵێن یەكسانی ژن و پیاو، جیایی دین لەدەوڵەت، ریفراندۆم، سەلماندنی مافی فەردی مەدەنی، ئازادی بیقەیدو شەرتی سیاسی و…. تاد، كەچی پێمان ئەڵێن ئێوە توندڕەون، لە كاتێكدا ئەوەی نەیەوێت فریوكاری بكات ئەو ڕاستیە دەزانێت ئەمانە مافی سەرەتایی خەڵكن و بەشكێن لە روانینی كەلتورێكی پێشكەوتنخوازانەی كۆمەڵگای كوردستان و هەر حزب ولایەنێكیش تۆزقاڵێك بڕوای بە پێشكەوتنخوازی هەبێت دەزانێت ئەمانە نە توندڕەوین و نە خواستی نامۆن بە خەڵكی كوردستان. بۆیە ئێمە شانازی ئەكەین بەم توندڕەویەمانەوەو باخەڵكی پێشكەوتنخوازی كوردستانیش قەزاوەت بكات لەوەی حەقانیەت لای كێیە …تاد. 
 ریبازی ئازادی: لەئێستادا بەرنامەى حزبى كۆمۆنیست چییەو لەچى عاقارێكدایە؟
 عەبدولا مەحمود:بەرنامەی حزبی ئێمە ڕاگەیەنراوەو بە سادەیی بریتییە لە وەستانەوە بەڕووی هەلومەرجی باو گۆڕانی ریشەیی ئەم هەلومەرجە ئابوری و و سیاسی و كۆمەلایەتیە و بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی بێ چین و چەوساندنەوەو خاڵی لە هەموو بێمافیەك. هەروەها خەبات بۆ جیاكردنەوەی كوردستان و پێكهێنانی ولاتێكی سەربەخۆی غەیرە قەومی و غەیرە دینی، جێگیركردنی دەسەلاتێكی پشت بەست و بەئیرادەی راستەوخۆی خەڵكی كوردستان، چارەسەری دروست و كارساز بۆ كێشەی كەركوك" لەوبارەیەوە سەندێكی رەسمیمان هەیە"  بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری كوردستان و دابینكردنی خزمەتگوزاریە ئابوری و كۆمەلایەتی و بیمەكان،  زیادكردنی كرێی كریكاران و كارمەندان و  كۆتاییهینان بە تیرۆری داهاتی كۆمەڵگاو دزی و تاڵانی و ناشەفافیەت، دابینكردنی ئازادی سیاسی هەمەلایەنەو  رۆژنامەگەری، جیاكردنەوەی دین لە دەوڵەت و یاساو پەروەردەو فیركردن و یاساكان، یەكسانی هەمەلایەنەی ژنان لەگەڵ پیاوان، دابینكردنی مافە فەردی و مەدەنیەكانی خەڵكی كوردستان….بەرنامەو نەخشەی ئێمەیە لە ڕاستای تەحقیقی ئامانجە ڕاگەیەنراوەكانماندا. ئەوە كە ئەمە لەچ ئاستیكدایە، ئێمە دەستمان پێكردووەو ئەمە فەلسەفەو ناسنامەی كارو چالاكیەكانی ئێمە لەئێستادا پێك دەهێنێت.
  
 ریبازی ئازادی: ئینشیقاقو لێكجیابوونەوەو پەرتەوازەیى حزبە چەپەكانى گرتەوەو لێكترازانیان تێكەوت دەرەنجامى ئەم كارەش لاوازى ئێوەى لێ نەكەوتەوە؟
 
 عەبدولا مەحمود:  بێگومان  ئەم لێكترازانەی لە ناو رەوتی كۆمۆنیزمی كریكاریدا روویانداوە ، كاریگەری لەسەر ئێمە بووە بە تایبەت  لە بوعدی كۆمەڵایەتیدا، و ئەمە ئینكاری ناكرێت.  بەلام نابێ ئەمە نادیدە بگرین كە هۆكاری لاواز بوونی حزبی ئێمە زۆر كەمتر پەیوەندی بە ئینشیقاقەكانەوە هەیە، و زۆرتر وەزعی حزبی ئێمە پەیوەندی بە ئامادەییەكان و نەخشەی و شێوازی كاركردنی خۆمانەوە هەیە لەگەڵ ڕێگریەكانی حزبە دەسەلات بەدەستەكان و ئەو هۆكارانەی كە وەلامی پرسیارێكی  تردا ئاماژەم پێدا. هاوكات با ئەو ڕاستیە گشتیەش بیربێنمەوە، كە زوربەی لێكترازانەكان بەرهەمی لاوازی و نەچونەپێشەوەی پرۆژەو سیاسەتەكانی حزبەكانە بەو جۆرەی بۆخۆیان داناوە، نەك بە پێچەوانەوە لێكترازان و ئینشیقاقەكان هۆكاری لاوازبوونی حزبەكان بن. زۆرجار دوای ئینشیقاق دەكرێت رەوتێك لە گرفتەكانی رزگاری بێت و دەروازەی گەشەو پێشرەوی بەروویدا بكرێتەوە.
 
 ریبازی ئازادی: هۆكارى ئەم پارچە پارچەیە سەر چاوەگرتووى چییە؟
 عەبدولا مەحمود: دیارە هەموو لێكترازان و جیابونەوەكان، مەبنای خۆیان بووە. هەر وەكو چۆن حزبە قەومیەكان، رەوتە ئیسلامیەكان، توشی تەنگژەی ناوخۆیی دێن، لێكئەترازێن و جیابونەوە تیایاندا رووئەدات، ئەمە بۆئێمەش واقعییە. هەر حزبێكی سیاسی زیندو بۆچون و بیروباوەر و ڕوانینی جیاواز تیایدا بۆ ڕووداوەكان و كێشەكان و دیاردەكان شتێكی واقعییەو ئەمەش نیشانەی تەندروست بوونی ئەم حزبانەیە، رەوتی كۆمۆنیزمی كریكاریش لەو حاڵەتە تەندروستە بەدەر نییە، سەیر ئەوەیە حزبێك و رەوتێك هیچ بۆچون و روانینی جیاوازی تیا نەبێت و هەموویان وەكو یەك بیربكەنەوە بۆچونیان لەسەر هەموو كێشەو دیاردەو پرسەكان وەكو یەك بێت.
 جیابونەوەكانی ناو ڕەوتی كۆمۆنیزمی كریكاری هەمان مەبنای هەیە، و هۆكارەكەی ئەوەیە كە حزب لەرەوتی كاروچالاكیەكانی خۆیدا پێویستی بە چاوخشاندنەوە بە كارەكانی بە نەخشەكانی بەسیاسەتەكانی بە پێشرەویەكانی بەلاوازیەكانی… هەیە، وە پێویستی بە وەلامدانەوە بە گرفت و پرسەكانی كۆمەڵگا هەیە، لەونێوەدا بیروباوەرو ڕوانینی جیاواز دێنە پێشەوە، و لەمەش گرنگتر كاریگەری رووداو دیاردەو گۆڕانەكان كە هەمیشە لە كۆمەڵگادا و لەدەرەوەی حزب و لەدەرەوەی تەلارو بینای ریكخراوەی حزبیدان كاریگەرییان هەیەو دەبێت لەسەر حزب و بۆچونە جیاوازەكانی ناوحزب. كە ئەگەر ئەم روانین و بۆچونە جیاوازانە مامەڵەیەكی تەندروستیان لەگەڵ نەكرێت وەكو لە پەیرەوی ناوخۆكەیاندا هاتووە بێگومان رێگای ناحزبی و پێشێلكردنی بنەما ریكخراوەیەكان دەگیرێتە بەرو سەرئەنجام ریگەی بە یەكەوە ژیانی بۆچونە جیاوازەكان بەرەو لیكترازانی گەورەتر دەرۆن و سەرئەنجام ئینشیقاق روئەدات. هاوكات هەمیشە ئینشیقاقەكان زیانبار و ناتەندروست نین، زۆرجار ئەم ئینشیقاقانە ئەبنە پێداویستی. بۆنمونە كاتێك بۆچوونە جیاوازەكانی ناو حزب لە ژێركاریگەری ئالوگۆرەكانی دنیای دەرەوەی پەیكەرەی حزبدا بەرەو مەیل و خەتی چینایەتی سونەتی جیاوازی بزوتنەوەی چینایەتی و سیاسی تر دەچن، یان بەیەكەوە هەڵ نەكردنی بۆچونە جیاوازەكان و پلاتفۆرمە جیاوازەكان بە شوێنیك دەگەن و بە كردەوە دەبن بە مەبنای دوو حزبی جیاواز و دوو چوارچێوەی ڕێكخراوەیان پێویست دەبێت، لەم كاتەدا جیابونەوە بە قازانجی هەردوو خەت و سونەت و مەیلە چینایەتیە جیاوازەكە تەواو دەبێت. جیابونەوەكانی ئێمە زۆرتر لەمەی دووەمیان بووە.
 
 
   ریبازی ئازادی:لە ئێستادا چەپەكان ناتوانن بگەنە دەسەڵات، ئایا دەكرێت ببنە ئۆپۆزسیۆن؟
 عەبدولا مەحمود: من وای نابینم كە چەپەكان ئێستا ناتوانن بەرەو دەسەڵات برۆن، حزبێك حزبی دەسەڵات بێت، نەخشەو پرۆژەی گرتنی دەسەڵاتی هەبێت، شێوازی گرتنی دەسەڵات بزانێت و كەناڵەكانی بەدەستەوە بگرێت، فەنی وەلامدانەوە بە گرفتەكانی كۆمەڵگا دروست مامەڵە بكات، لە هەلومەرجی ئێستای كوردستاندا كە قڵشتی نێوان خەڵك دەسەڵات بەوپەری خۆی گەیشتووە، زۆرترین زەمینەی هەیە. ئەوەی نائامادەیە خودی چەپە و نەك رێگریەكی تر. خەڵكی نەداری كوردستان و بزوتنەوە كۆمەلایەتیەكان وەكو كریكاران و لاوان و ژنان و… وێڵی بەدیلێكی واقعین كە لەدەوری كۆببنەوەو خۆی تیا ڕێكبخەن و متمانەی پێبكەن.
 هەردوو حزبی حاكم لەكوردستان یەكیتی و پارتی و بزوتنەوەی قەومی كورد بەگشتی تەجروبەی شكستی خۆی لە ئیدارەی كۆمەڵگا و لەوەلامدانەوە بەخواستەكانی  خەڵك و وەلامدانەوە بەپرسە سیاسیەكانی كوردستاندا، لەهەموو بارەكاندا و لەهەموو زەمینەكاندا تاقی كردۆتەوە، و نامۆفەق بووە. بۆیە زەمینە زۆر گونجاوە بۆئەوەی چەپ و كۆمۆنیستەكان بەرەو دەسەلات برۆن و ئەم دەسەلاتە بخەنە كەنارەوە، مەرجی سەرەكی ئەمەش ئەوەیە ئەم چەپە لە كەنار ڕووداوەكان و كۆمەڵگاوە، بەرەو چەقی ململانێی سیاسی و سەرەكیەكانی ناو كۆمەلگا بڕوات، كۆمەڵكا بكاتە مەرج و ژینگەی كاركردنی هەمەلایەنەی خۆی.
 ئێستاش چەپ ئۆپۆزیسۆنی دەسەڵاتە، ئۆپۆزیسۆنی هەموو پرۆژەكانی بزوتنەوەی قەومی كوردە، و ئەگەر توانایەكانی بخاتە گەر، نائامادەییە زاتیەكەی وەلام پێبداتەوە، شانسی زۆرە ببێتە ئۆپۆزیسۆنی ڕێكخراو كە سەرجەم نارەزایەتیە هەمەلایەن و سەراپاگیرەكانی كۆمەڵگا، ئاراستە بكات و بەرەو دەسەڵات بكشێ.    
 
 ریبازی ئازادی: چى بەرنامەیەكتان هەیە بۆ دروستكردنى هاوپەیمانى لەگەڵ حزبو لایەنەكانى دەرەوەى یەكێتىو پارتى بە ئیسلامییەكانیشەوە؟
 عەبدولا مەحمود: هیچ نەخشەو پرۆژیەكەمان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیتی نییە لەگەڵ حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی.
 چونكە هاوپەیمانیەتی  لە نێوان حزب و هێزە زۆر نزیكەكانی ناو یەك سونەتی سیاسی و چینایەتی دا پێك دێت، نەك لە نێوان حزب و سونەتە چینایەتی و سیاسیە زۆر جیاوازو دژبەیەكەكان.
 بەلام لەجێگای هاوپەیمانیەتی، دەكرێ كاری هاوبەش لەسەر مەسەلەی دیاریكراو یان كێشەیەكی تایبەت بكرێت، بۆنمونە كاری هاوبەش لەسەر ڕێزگرتن لە ئازادی سیاسی، مەسەلەی ریفراندۆم،… تاد ئەمە مەسەلەیەكە دەكرێ لەنێوان ئێمەو حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی و تەنانەت لەگەڵ یەكێتی و پارتیش بكرێت. ئێمە پشتریش لەوبارەیەوە كێشەمان نەبووەو  ئێستاش نیمانە. بۆنموونە لەدژی تیرۆر، بۆ وەستانەوە بەدژی پێشلكاری سیاسی و هێرش بۆسەر رۆژنامەنوسان و رۆژنامەگەری، بۆ وەستانەوە بەرووی دەستێوەردان و لەشكركێشی ولاتانی ناوچەكەدا، … بۆ ئەمانە هەمویان ئیمكانیان هەیە.
 
 ریبازی ئازادی: دانیشتنى رێكەوتنەكەنتان لەگەڵ یەكێتىو پارتى بەچى گەیشت؟
 عەبدولا مەحمود: راستیەكەی بەدوای ساڵی 2000وە  ئێمە هیچ جۆرە دانیشتنێكی رەسمیمان لەگەڵ یەكێتی و پارتی نەبووە، و هیچ ریكەوتنامەیەكیش لە نێوانماندا مۆر نەكراوە، تا ئێستا بزانین بە كوێ گەیشتووە. لەداهاتوشدا نازانین چۆن ئەبێت.
 
 ریبازی ئازادی: دروستكردنى حزبى كۆمۆنیستى كوردستان مەبەست لێى چییە، هەوڵەكانى دروستكردنى حزبى كۆمۆنیستى كرێكارى كوردستان لەلایەن ئێوەوە بێئاكام مایەوە لەبەرئەوەبوو كە میراتگرى حزبى كۆمۆنیستى كرێكارى عیراقە، یان فاكتەرى تر لەپشتییەوەیە؟
 عەبدولا مەحمود: پێكهێنانی حزبی كۆمۆنیستی كریكاریی كوردستان، لەسەر ئەساسی ئەو واقعیەتە سیاسی وچینایەتی و كۆمەلایەتیە پێكهات كە ئاڵوگۆڕەكانی نزیك بە دوودەهەی پێشوو چوارچێوەیەكی بەكردەوەی وڵاتی بەلام نا ڕەسمی داوە بە كوردستان.
 كوردستان لەهەموو بارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتی و چینایەتی و كێشەكان و ئەجندەكانی و ئایندەكەی و … لە عێراق دابراوەو تا هاتوشە ئەم دابرانە زیاتر بووە، و دوو ئایندەو دوو چارەنووسی جیاوازیش لەبەردەم عیراق و كوردستاندایە، ئەمەش تایبەتمەندیەكانی دووكۆمەڵگای لێك جیاوازی  چواچێوە پێداوە، كە ئەمەش حزبی تایبەت بەخۆیانی پێویستە.
 ئێمە بۆیە حزبی كۆمۆنیستی كریكاری كوردستانمان پێكهینا. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری عیراقیش تەمەركوزی كارو هەڵسوڕانی لە ناوەراست و خواروی عێراقدا بەردەوامە.
 پیكهاتنی حزبی كۆمۆنیستی كریكاری كوردستانیش نەئەوەیە كە میراتگری حزبی كۆمۆنیستی كریكاریی عێراق و بێت و نە پرۆژەی پێكهاتنەكەشی ناكام ماوەتەوە، بەڵكو ئەوە بە شاهیدی ئێوەو خەڵكی كوردستان حزبی كۆمۆنیستی كریكاریی كوردستان پێكهاتووەو، خەریكی و كارو هەڵسورانە. جاری زووشە قەزاوەت لەبارەیەوە بكەین.
     ریبازی ئازادی: ماوەیەكى زۆرە چالاكىو هەڵسوڕانى ئێوە، وەك حزبى كۆمۆنیست لە كوردستاندا كەمتر دەردەكەوێت، دەكرێت پێمان بڵێى هۆكارەكانى چییە؟
 عەبدولا مەحمود: هەروەكو پیشتر ووتم حزبی كۆمۆنیستی كریكاریی عیراق و كارو هەلسورانی لە ناوەراست و خواروی عیراقەو حزبی كۆمۆنیستی كریكاریی كوردستانیش لە كوردستان تازە پیكهاتووەو خەریكی چالاكی و هەڵسوڕانە. ئەگەر كەمە ئەوە زۆری ئەكەین. 
   
 ریبازی ئازادی: پتەوى پەیوەندییەكانتان لەگەڵ حیكمەتیست تادێت بەهێزدەبێت پێتان وانییە دەكەونە ژێر كاریگەرى ئەوانەوە؟
 عبداللە مەحمود: ئێمە و حزبی كۆمۆنیستی كریكاری ئیران-حیكمەتیست دوو حزبی سەر بەیەك بزوتنەوەو مەیلی چینایەتین ئەگەر هەردو لامان لە عێراقدا یان لەئێران بووینایە ئەبوین بەیەك و یان ئەساسەن دووحزب نەئەبوین، ئێستا بۆیە دوو حزبین چونكە لە دوو وڵاتی جیاواز داین، كە خسوسیەتیان جیاوازە و حزبی تایبەت بەخۆیان پێویستە، وە پەیوەندیەكی سیستماتیك و بەردەواممان لەگەڵ یەكتر هەیە وهەردوو لامان سەر بەرەوتی كۆمۆنیزمی كریكاری" كۆمۆنیزمی ماركسین". ئەمەش ناكاتە ئەوەی بكەوینە ژێر كاریگەری یەكتریەوە چونكە جگە لە جیاوازیەكی جغرافیایی هەڵسوڕان هیچ جیاوازیەكی ترمان لەگەڵ یەكتری نییەو سەر بەیەك ڕەگەی سیاسی و فكری و چینایەتین.  
 
 ریبازی ئازادی: چالاكییەكانتان بردۆتە ناوچەكانى ناوەڕاستو كەركوك بۆچى؟
 عەبدولا مەحمود: لە میانەی ئەم دیمانەیەدا لە چەندین شوێن وەلامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە، بۆیە دوبارە كردنەوەی بە پێویست نازانم .
 
 
 تێبینی: ئەم دیمانەیە لە ژمارە 541 و 542 ڕێبازی ئازادیدا بڵاوكراوەتەوە.
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.