Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
دیموكراسی خه‌ونێكی نه‌زۆكه‌

دیموكراسی خه‌ونێكی نه‌زۆكه‌

Closed
by August 24, 2010 گشتی

 دیموكراسی خه‌ونێكی نه‌زۆكه‌
 چونكه‌ زه‌مینه‌ی گه‌شه‌كردنی نیه‌
نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی

 

دیموكراسی له‌وڵاتی ئێمه‌دا له‌دۆخی له‌دایكبوونێكی قوڕس و ژانگرتوو دایه‌و هیچ نیشانه‌یه‌كی هاتنه‌ دنیای پێوه‌ دیارنیه‌ , كه‌چی ته‌ماشا ده‌كه‌ی  هیچ چه‌مكێك به‌قه‌د چه‌مكی دێموكراسی باسی لێوه‌ ناكرێت و جێگای مشت و مڕ نیه‌ , بێگومان له‌نێو كۆمه‌لگاكه‌ماندا زاراوه‌ی دێموكراسی بۆته‌   وێردی سه‌ر زمانی به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارو سیاسه‌تمه‌داره‌كان و ئه‌وانیش وه‌كو خه‌ڵكی ئاسایی خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن و خۆزگه‌ی بۆ ده‌خوازن , به‌ڵام كه‌ دێته‌ سه‌ر بواری پڕاكتیزه‌كردن هیچیان به‌دڵسۆزی یه‌وه‌ هه‌وڵی به‌دی هێنانی بۆ ناده‌ن به‌ڵكو له‌ زۆر كات و شوێندا ده‌بنه‌ به‌ردی ڕێگر له‌به‌ر ده‌میا ,  هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێشتا له‌نێو سیاسه‌تمه‌دارانی كوردا عه‌قڵێكی میللیتاری ئاماده‌یه‌ كه‌ وای كردووه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌پڕۆسه‌ی به‌دێموكراسی بوون و به‌ره‌و پێش چوون و گه‌شه‌كردنی شارستانیه‌تدا مه‌حڕوم بێت , بۆیه‌ ده‌بینین كۆمه‌ڵگاكه‌مان به‌رده‌وام به‌ ده‌ستی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی فیكری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ و ناتوانێت لێی ده‌ربازبێت ، ده‌سه‌ڵات ئه‌وكاته‌ ده‌توانرێت به‌ ده‌سه‌ڵاِتێكی دێموكراسی پێناسه‌ بكرێت كه‌ ئاماده‌بێت ڕێگا به‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا بدات به‌ئازادی بیروڕای خۆیان به‌رانبه‌ر به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌رببڕن و هه‌ر ره‌خنه‌یه‌كیان له‌ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات هه‌بێت بوێرانه‌ بیخه‌نه‌ڕوو ، به‌ڵام لێره‌دا كوا ڕه‌خنه‌ ده‌توانێ سه‌ری خۆی ده‌ربێنێ , كوا قه‌ڵه‌م ده‌وێرێ وشه‌ی حه‌ق بچرپێنێته‌ گوێی خه‌ڵك , كوا نووسه‌ری ڕاستگۆ ده‌وێرێ گوزارشت له‌ بیروبۆچوون و له‌ناخی خۆی بكات , كوا رۆژنامه‌نووسێك ده‌وێرێ به‌ به‌رپرسێك بڵێ قاچت به‌خواری داناوه‌ , ئه‌وه‌ی له‌م هێڵه‌ سورانه‌ نزیك بێته‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ به‌پێی خاوس به‌نێو گڕو ژیله‌مۆدا گوزه‌ر بكات , یه‌كێ له‌بنه‌ماكانی دیموكراسی بریتییه‌ له‌ به‌رگری كردن له‌ئازادی تاكه‌كه‌س , به‌رگری كردن له‌ قه‌ڵه‌می ڕاستگۆ , به‌رگری كردن له‌ نووسه‌ری خاوه‌ن ئه‌زموون , خولقاندنی كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئارام و ئازاد , چونكه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كی جه‌نجاڵ و پڕ له‌ئاژاوه‌دا هه‌رگیز تاكی كۆمه‌ڵگا گه‌شه‌ناكات , به‌هره‌ی نوێ گه‌شه‌ناكات , ئه‌ده‌ب و هونه‌رو مه‌عریفه‌و قه‌ڵه‌م و ده‌ستی ڕه‌نگین گه‌شه‌ناكات , دیموكراسی ده‌بێته‌ خه‌ونێكی نه‌زۆك ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ی گه‌شه‌كردنی بۆ خۆش نه‌كرێت , له‌لایه‌كی تره‌وه‌ یه‌كێك له‌مه‌رجه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دیموكڕاسی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌روه‌ت و سامانی وڵات نابێ له‌ده‌ستی حیزب دابێت به‌ڵكو ده‌بێ له‌ده‌ستی حكومه‌ت دابێت به‌مه‌رجێك ئه‌و حكومه‌ته‌ پیوه‌ندی به‌حیزبه‌وه‌ نه‌بێت و جێی متمانه‌ی خه‌ڵك بێت , واتا ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی حیزب لێكتر جیابن و نابێ سامانی نیشتمانی له‌ده‌ستی حیزب دابێت و به‌ ئاره‌زووی خۆی وێری بكات , ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدابێت به‌سه‌ریدا ببارێنێ و ئه‌وه‌شی له‌گه‌ڵی نه‌بێت لێی مه‌حڕوم بێت , بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر شاعیرێك یان گۆرانی بێژێك یان رۆشنبیرێك به‌شان و شه‌وكه‌ت و به‌ژن و باڵای ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداراندا هه‌ڵبدات ئه‌وه‌ له‌ ڕاقی ترین جێگا كۆشك و ته‌لاری بۆ به‌رزده‌كرێته‌وه‌و له‌خۆشترین ژیاندا ده‌ژی , له‌كاتێكا سه‌دان خه‌ڵكی به‌تواناو خاوه‌ن به‌هره‌و داهێنان له‌ كونج و قوژبنان كه‌وتوون و به‌ده‌ستێك ده‌نووسن و به‌ده‌ستێكیش كاسبی ده‌كه‌ن و قووتی ڕۆژانه‌ په‌یداده‌كه‌ن , بۆیه‌ تێكه‌ڵكردنی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت یاخود زاڵبوونی حیزب به‌سه‌ر حكومه‌تدا بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكڕاسی له‌بارده‌بات ,  لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یاخود حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ موڵكو ماڵی خۆیانیان ده‌زانن و بۆ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیان وێری ده‌كه‌ن و ئه‌و خه‌ڵكانه‌شی لێ بێبه‌ش ده‌كه‌ن  كه‌ بیرو باوڕیان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا جیاواز بێت , ئه‌وه‌ش ده‌ردێكی كوشنده‌یه‌و ته‌واوی كۆمه‌ڵگاكه‌مان پێیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ ,  له‌ كۆمه‌ڵگا ئه‌وروپی یه‌كاندا جیاوازی ڕه‌گه‌زی و مه‌زهه‌بی و ئایدیۆلۆژی له‌نێو چوارچێوه‌ی ئینتیمابوون بۆ نیشتمان و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شدا تواوه‌ته‌وه‌ , گه‌له‌كانیان به‌پێی گه‌شه‌كردنی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌لێ بنه‌مای هاوبه‌ش ڕێككه‌وتوون و ئه‌و ناكۆكی و جیاوازیه‌یان وه‌لاوه‌ ناوه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی په‌رته‌وازه‌ بوونیان , بێگومان له‌نێو  تاك و گروپه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا  گه‌لێك جیاوازی هه‌ن كه‌ ده‌بنه‌ هۆ بۆ لێكترازاندن و په‌رته‌وازه‌كردنی مرۆڤه‌كان وه‌كو جیاوازی چینایه‌تی و ئایینی و مه‌زهه‌بی ئایدیۆلۆژی , به‌ڵام ته‌نها شتێك كه‌ مرۆڤه‌كان ئاوێته‌ی یه‌كتر ده‌كات و پێكه‌وه‌ ده‌یان گونجێنێ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌ ,  با ئێمه‌ش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵاته‌كه‌ماندا واچاكه‌ ده‌رسێك له‌ ئه‌زموونی ئه‌و كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووانه‌ وه‌رگرین كه‌ هه‌ل و مه‌رجیان ڕه‌خساند بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر جیاوازی چینایه‌تی و مه‌زهه‌بی و ئایدیۆلۆژی كه‌  بنیات نانی چه‌ند
كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتووخوازی لێ كه‌وته‌وه‌ كه‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان له‌سایه‌یاندا به‌ ئازادی ده‌ژین ، له‌ وڵاتی ئێمه‌دا چه‌مكی دێموكراسی و به‌ دێموكراسی بوونی كۆمه‌ڵگا بۆته‌ دروشمێكی زه‌ق و هه‌میشه‌ له‌ خیتابی سیاسیدا دووباره‌و سێ باره‌ ده‌كرێته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا هه‌ر تیۆره‌و له‌هیچ بوارێكدا پڕاكتیزه‌ نه‌كراوه‌ ، هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا  ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌نێو واقیعێكی قه‌یراناویدا دروست بووه‌  كه‌ بریتی یه‌ له‌ شه‌ڕی ناوخۆو ململانێی ده‌سه‌ڵات و مه‌سه‌له‌ی ففتی ففتی و نه‌بوونی متمانه‌ له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك و ده‌یان شتی تر ، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌مامه‌ڵه‌ی سیاسی خۆیدا كارلێكێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ كه‌ خۆی بكه‌رو جولێنه‌ری هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان بێ به‌ڵكو هه‌میشه‌ كاریگه‌ری ده‌ره‌وه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌ ,  تا كورد له‌و دۆخه‌ رزگاری نه‌بێت كه‌ ئه‌و واقیعه‌ قه‌یراناوییه‌ دروستی كردووه‌ ناتوانێت پڕه‌نسیپه‌كانی دێموكاسی له‌سیسته‌می سیاسی خۆیدا جێگیر بكات و ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتێكی دێموكڕاسی , تا ئه‌م په‌شێوییه‌ سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌رهه‌می هێناوه‌ ئاسایی نه‌بێته‌وه‌ چه‌سپاندنی پڕه‌نسیپه‌كانی دیموكراسی له‌ وڵاته‌كه‌ماندا به‌چاوی خۆمان نابینین , ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردی تائێستا به‌ قاپوتێكی كۆن و به‌ فۆڕمێكی عه‌شائیری خۆی نمایش ده‌كات , بۆیه‌ له‌پرۆسه‌ی به‌دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگادا جۆرێك له‌سستی و لاوازی پێوه‌ دیاره‌و چه‌ندین ساڵه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌به‌رده‌م ئه‌زموونێكی سه‌ختی به‌دیموكراتیبووندایه‌ , ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ كه‌ دیموكراسی ته‌نها دروشمێكی سیاسی نیه‌ خه‌ڵكی پێ ده‌سته‌مۆ بكرێ , به‌ڵكو مۆدێلێكی سه‌رده‌میانه‌یه‌و باشترین وه‌سیله‌یه‌ بۆ ڕكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵگا ,          

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.