Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دەركردنی گروپێكی چوار كەسی سەرلێشواو

دەركردنی گروپێكی چوار كەسی سەرلێشواو

Closed
by October 16, 2008 گشتی

 دەركردنی گروپێكی چوار كەسی سەرلێشواو*
        عبداللە مەحمود

 abdulla.mahmud@gmail.com      
 
 بەرواری 7-10 ژمارەیەك لە كادرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ڕەوتی گۆرینی دیموكراس (ڕەگ) یان ڕاگەیاند. چەند ڕۆژێكی كەم دوای ڕاگەیاندنی (ڕەگ) لەهەنگاوێكی چاوەروانكراودا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لە كۆبونەوەكەیەدا بە ئامادەبوونی سكرتێری یەكێتی بڕیاری دەركردنی ئەو كادرانەیان دا كە واژۆیان لە ڕاگەیاندنەكەی (رەگ) دابوو.
 بەجیا لەوەی ڕەوتی گۆڕینی دیموكراسی هەڵگری چ ئامانج و بانگەشەیەكن، وە بەجیا لەوەی خەونی ئەوان بۆچاكسازی یەكێتی نیشتمانی چەندە بڕدەكات و ڕوبەڕووی چ تەنگژەیەك دەبنەوە و خۆشیان چەندە راوەستاو پەیگیر دەمینەوە. تەنانەت بەدوور لە لێكدانەوەی ناوەڕۆكی ئەو بەیانەی كە خۆیان پێی راگەیاندووە، جێگای خۆیەتی هەڵوێستەیەك لەسەر مامەڵەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ كادرانی ڕەوتی گۆڕینی دیموكراسی بكەین.
 هیچ حزبێك لە دنیادا نادۆزینەوە هێندەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان شانازی بە دیموكراسی و فرەیی و چەپكە گوڵ… بكات. وە هیچ حزب و ڕێكخراوێك نادۆزینەوە هێندەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بانگەشەی پاراستنی مافەكانی مرۆف و ئازادی و ….بكات.
 كەچی یەكێتی نیشتمانی وەكو هەموو هێزو ڕەوتگەلە قەوپەرست و كۆنەپارێزەكانی كوردستان،  لەكردەوەدا نەك هەر نمونەیەكی بەرجەستەكراوی  كەلتور و رەفتاری زبر و ڕەقە، بەڵكە خۆی قوتابخانەو كارگەی خوڵقاندنیانە.هیزیكی هەلەشەو هاوكات سەركەوتوی وەرگرتنی تەجروبەی سیستمە عەسكەرتاریاریەت و دیكتاتۆرەكانە. ئەمە لە ژیانی ڕێكخراوەییانەوە بگرە بۆ مامەڵەیان لەگەڵ دواوا و خواست و ناڕەزایەتیەكانی خەڵك، لە خەباتی شاخ و نهێنیانەوە بۆ شارو حكومرانی، ئەمە لەگەڵ دۆستانی هەڵگەڕاوەی خۆیان تا دەگات بەوانەی لەدەرەوەی ئەوان ڕەخنەو ناڕەزایەتی توندو ڕیشەیان لێیان هەیە، بەبەرجەستەیی تاقیكراوەتەوە.
  پانۆراما و لیستی درێژی دژی ئازادی و دژی دیموكراسیی ودژی كراوەیی، ڕاستەوخۆو ئاشكراو ناڕاستەوخۆو شاراوەو پشتی پەردەیان هێندە زۆرە كە بەحەق كێوێكە لە خەرمانەی بیرەوەری هەر كادرو ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی و هەموو چاودێرو مێژوونووسێكی بەئەمەك و ڕاستگۆ.
 ئەو مامەلەیەی بەرامبەر بە كادرانی ڕەوتی گۆرانی دیموكراسی، و ئەم دەربڕینە قێزەون و شەمهێنەرە، ئەم لێدانەوە لە قاوانی كۆنی ڕژیم و دەسەڵاتە كەنارخراوەكان، چاوەروانكراو بوو.
 "گروپیكی چواركەسی سەلێشێواو، تەكتەتول لەدژی یەكێتی، هەڕەشەی دەرەكی و فام نەكردنی هەلومەرج، كودەتاچی، كاری گێرەشێوێنی، ژێرپێخستنی سەرەتاكانی ڕێكخستن…."
 ئەمانە ئەم دەربرینانەی كە لە بڕیاری دەركردنی ئەم كادرانەی ڕەگ دا بەكارهێنراون.
 دیارە ئەمانە لە فەرهەنگی یەكێتی نیشتمانی و هەموو هێزە قەومچیەكانی تری كوردستاندا، تازەنین و یەكەم جار نییە بەكاردەهێنرێن، بە دڵنیاییەوە ئەو چوار كادرەی پێشووی یەكێتی نیشتمانی و ڕەوتی گۆڕانی دیموكراسی ئێستا، بەهەزاران حاڵەتی وایان لەبەردەستەو بەملیۆنان وشەو دەربڕین و لەوانەش واوەتر چەندین حاڵەتی دەستبردن بۆ توندوتیژی و سەركوت و كوشتن و بێسەروشوێنكردن و دەستبردن بۆچەك بەڕووی نەیارانیاندا، نەیارانی خۆی و ناوڕیزەكانیان كە ڕەخنەی توندیان گرتووەو شكۆی سەرۆكیان وەكو پێویست ڕانەگرتووە، كە هەوڵیان داوە ڕەخنەو بۆچونە سیاسیەكانیان چواچێوە پێبدەن و خەڵك لەدەوری بیروبۆچونەكانیان كۆبكەنەوە، بەهەمان ئەو پاساوانەی سەرەوەو بەهەمان ئەم دەربرینانەوە بەدەستی هاورێی پاڵ دەستی خۆیان سزای شۆرش و شەرعیەتی دەسەڵات و ئەزمونیان داون. لە دەرەوەی حزب و ڕێكخستنیش لەگەڵ حزبە مخالیفەكانی خۆیان كە هاوپەیمانیەتیان تێك چووە، دیسان تەقڵەیان بە فیل لێداوەو تۆڵە بەزەبرە ئەمما بەزەبرە،  بەزەبری چەورو گەرم كردۆتە نیشانە و دەستیان لەهیچ كاروكردەوەیەك نەپاراستووە.
 یەكێتی نیشتمانی، ئەمجارە هەمان تۆمەتە قەدیمی و سواوەكانی خستەوە گەر، سەرەتای گەڕانەوەیان بۆ ناوشارەكان و لەبەرامبەر بە شوراكان هەڵسوڕاوانیان و پاشان بە ڕابەرانی ناڕەزایەتیەكانی خەڵكیان ئەوت ئەمانە تابوری پێنجەمن، بەرگری لەبەعس دەكەن، نۆكەری ئێران و تۆرانیەكانن، سەر بە ئەنسارئیسلامن. هەر دوێنێش بوو بە خۆپیشاندانی خەڵكی نەدارو ئەنفالكراوی گەرمیان و هەڵەبجەی لە كیمیایی هەڵكێشراویان ئەوت ئەمانە دەستیان لەپشتە، ئەمانە دژی ئەزمونی گەلەكەمانن، ڕوباری خوێنی شەهیدان نابینن،  ئێستاش هەكەسێك ڕەخنەیەكی بەرجەستەو ڕیشەیی بگرێت، ئەڵێن لە كاتێكدا ئێمە هەڕەشەی دەرەكیمان لەسەرە، پیلان لەدژی گەلەكەمان هەیە، هەرچی بەڕوویاندا وەستایەوە، بەزۆرو مامەڵەی ناشارستانی و دێهاتی وەڵامی دەدەنەوە. وەڵامی كادرانی ڕەگ بەشێك و تەنها بەشێكە لەهێرشێكی گەورەترو بەبەرنامە كە دەسەڵاتی سیاسی لەكوردستاندا پەیرەوی دەكەن.
 بێگومان ئەم دەربرینە بازاری و كۆن و ناسەردەمیانە، و سەرئەنجام ئەم ڕەفتارە لەگەڵ چوار كادر كە بەبەیانیك خۆیان ڕاگەیاندووە و ئەجندای سیاسی خۆیان بەیان كردووە، لە ئێستادا هەڵگری چەند مەغزایەكی سیاسییە، لەوانە:
 
 -ڕەوتی تەكەتولەكانی ناو یەكێتی و جموجۆڵەكانیان كۆنترۆل بكەن. و لە ژیرناوی یەكێتی ناویەكیتیدا ئەم نایەكێتیەی ناو یەكێتی و ئەو پیلان و نەخشانەی لەدژی یەكتری بەكار دەهێنن، سنورداربكەن و لە هێڵی سوری ناو یەكێتی ئاگاداریان بكەنەوە.
 -بێگومان ڕەگ بێئاگاداری باڵی ریفۆرم، دەستی بۆ ڕاگەیاندن و دەست بەكاربوونی خۆی نەكردووە، وەڵامدانەوەی خێراو بەپەلەو زبر، بەر لەوەی وەڵامێك بێت بەو چوار كادرەی كە دەركران، هەڕەشەیەكی ئاشكرایە لەوكادر و هەڵسوڕاوانەی لەگەڵ باڵی ریفۆرمن و لەناویەكێتیدان.
 -هەوڵێكی ناشارستانی ترە، بەرامبەر بە نەیارانی خۆیان و لەدەرەوەی یەكێتی و هەڕەشەیە لەخەڵكی كوردستان و ئەو ناڕەزایەتییە پەرش و بڵاو پچرپچرانەی هەموو چین و توێژە كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگای گرتۆتەوە. كۆنترۆڵكردن و ڕێگەنەدان بە سەراسەری بوونەوەیان، بەفروانبوون و سیاسی بوونەوەی زیاتریان، بەڕێخراوتربوونی، پێویستی بە نیشاندانی هێزە، ئەمە كەناڵێك بوو بۆ ناردنی پەیامی ترس بۆ هەلسوراوانی ئەم خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتیانە.
 ڕەوتی گۆڕانی دیموكراسی" ڕەگ"  ئەگەر بڕیاربێت ڕەوتێك و ئاراستەیەك بگرنە بەر  بۆئەوەی شانسێكی هەبێت، بەر لەهەموو شت ئەوەیە، كە لە كارنامەو ڕەفتاری نزیك بە سێ دەیەی یەكێتی نیشتمانی و حزبە قەومیەكانی تری كوردستان، دەرسیان وەرگرتبێت، بەكردەوە بەگژ ئەو كەلتورە دڵڕەق و نادیموكراسی و داخراوەدا، بچنەوە كە كۆمەڵگای سخناخ كردووە.   
  *تایتڵی بڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی یە بۆ دەركردنی ئەوچوار كادرەی ئیمزای ڕاگەیاندنی (ڕەگ) یان، كردووە.
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.