Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
دەستی ئاژاوە یان دەسەڵاتی ئاژاوەچی؟!

دەستی ئاژاوە یان دەسەڵاتی ئاژاوەچی؟!

Closed
by February 25, 2011 گشتی

دەستی ئاژاوە، ئەو تۆمەتە پێشترئامادەکراوەیە، کە وەک مۆری موختاری گەڕەکەکان لە عەریزەی داخوازی وداواکاریەکانی خەڵکی ناڕازی دەدرێت، ئێستا دەسەڵات جگە لەو مۆری مۆڵەتەی کە دەیدا لە داوایەک بۆ خۆپیشاندن، هەر دوابەدوای خۆپیشاندانەکە مۆرێکی تری لێدەدا کە ناوی ناوە دەستی ئاژاوە!
ئەم تۆمەتبارکردنەی خۆپیشاندن و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە لایەن دەسەڵات و میدیاکانی دەسەڵاتەوە بە دەستی ئاژاوە، تەنیا تایبەتمەندی دەسەڵاتی کوردی نییە، بەڵکو خاڵی هاوبەشی تەواوی دەسەڵاتەکانی ناوچەکەیە. حکومەتی میسرو تونس و بەحرەین و لیبیا و ئێران و……………هتد، بە هەمان شێوەی حکومەتی هەرێمی کورستان و پارتە دەسەڵاتدارەکانی، بە خۆپیشاندن و ناڕەزایەتی خەڵکی وڵاتەکانی خۆیان دەڵێن دەستی ئاژاوەی لە پشتەوەیە. خاڵی هاوبەش و لەیەکچووی ئەم دەسەڵاتانە ئەوەیە کە هەر هەمویان بە بێ جیاوازی بە نەفرەت و بێزاری خەڵک لە برسێتی و گەندەڵی و نەبوونی ئازادی دەڵێن (تەخریب!).
دواترین و تازەترین کاڵای ئەم تۆمەتانە کە بە باڵای ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکدا کرا لە لایەن دەسەڵات و میدیاکانیەوە، خۆپیشاندانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری سلێمانی بوو، کە بە داخێکی گرانەوە تا ئێستا 3 گەنج بوون بە قوربانی و زیاتر لە 125کەس برینداربوون.
 لێدوانی هاوبەشی هەریەک لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت وفازل میرانی و نێچیروان بارزانی و بەرپرسی  لقی 4 و هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکیەتی  ئەمەی لای خوارەوەیە: (کۆمەڵێک خۆپیشاندەر بەردبارانی لقی 4ی پارتیان کردووە، ئەمە دەستێکی ئاژاوەیە، سیناریۆی لە پێشدا داڕێژراوە، تەعەدا لە لقی 4 وپارتی کراوەو قابیلی قبوڵ نییەو ………….هتد)، ئەوانیش وەک خۆیان دەڵێن لە پەرچەکرداردا دەبێت چی بکەن جگە لە خۆپاراستن و گولەبارانکردنی خەڵک زیاتر!!!
ئەوەی من دەمەوێت سەرنجی بخەمە سەر لەم نوسینە کورتەدا، ئەو میتۆدی (پەرچەکردارارەیە) کە دەسەڵاتی کوردی کردویەتی بە سرودی ئەی ڕەقیب و پێش و پاش هەموو هێرشکردنێک بۆ سەر خۆپیشاندان، دەیڵێتەوە. ئاخر دەسەڵاتێک ئەگەر کەمترین هەستی بەرپرسیارێتی هەبێت چۆن لە بەرامبەر هاویشتنی چەند بەردێکدا سەدان فیشەک دەنێت بە گەنجانی خۆپیشاندەرەوە، ئەمە چ پەرچەکردارێکە؟! ئەمە کارەساتە، کارەساتێکی گەورەیە کە دەسەڵات هێندە خۆی بچوک دەکاتەوە کە سەرۆکی حکومەتەکەی هاوخەمی خۆی دەرنابڕێت بۆ ئەو ژمارە زۆرە لە بریندارانی ڕووداوەکانی17  ی شوبات  و سەردانیان ناکات، بەڵام سەردانی  لقی 4 دەکات و هاوخەمی و دڵتەنگی خۆی دەردەبڕێت بۆ برینداربوونی بینای لقی 4 و شکاندنی پەنجەرەکانی!!
باشتربوو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتە دەسەڵاتدارەکانی، کە هێندە پاساو بۆکرداری تەقەکردن لە خۆپیشاندن دەهێنێتەوەو بە پەرچەکردار ناوزەدی داکات، بڕێک لەو کردارو سیاسەتە چەوتانەی خۆی وردبوایەتەوە، کە گەنجانی خۆپیشاندەر وەک پەرچەکردارێک بەردبارانی بارەگای یەکێک لە پارتە سەرەکیەکانی دەسەڵات دەکەن( با ئەوەش بڵێم کە من پێم باش نییە خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆی پەنا بۆ ئەم شێوازی دەربڕینە ببەن).
بێکاری و برسێتی و گەندەڵی وئیحتیکارکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لە لایەن چەند مەسولێکەوەو کەمی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و سەرکوتی سیاسی و کوشتن و گرتنی ڕۆژنامەنووسانی ئازادو و چەندین کێشەی تر، کە دەسەڵات خۆی ئیعتراف بە بەشێکی زۆریان دەکات، ئەو هۆکارو کردارانەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی خۆپیشاندەران وەک پەرچەکردارێک چەند بەردێک و تەنها چەند بەردێک بگرنە پەنجەرە پیرۆزەکانی لقی 4 !
بەڵام لە بەرامبەرداو لە پەرچەکردارێکدا دژی ئەو چەند بەردەی گیراوەتە لقی 4، لیستێکی دووروو درێژ دەخوێنینەوە لە کوشتن، بریندارکردن، ترساندن، تۆقاندن، سوتاندن:
ـ کوشتنی 3 گەنج و بریندارکردنی زیاتر لە  125 کەسیتر.
ـ سوتاندنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی و چەندین بارەگا لە شارەکانی هەولێرودهۆک و سۆران.
ـ بەگەڕخستنی ماکینەیەکی ئیعلامی نامەسئول بە نەفەسی شەڕی ناوخۆو داوەتکردنی هەندێک دوکتۆرو بەناو ئەکادیمی کە تەنها پیتی د. پێش ناوەکانیان گرێیان دەدات بە مەعریفەوە، کە زۆر بێشەرمانە داخوازی و خۆپیشانانی چەندین شاری کوردستانیان بە ئاژاوەگێڕو گێرەشێوێن ناوزەد دەکردو لە هەوڵی پاساو هێنانەوەدا بوون بۆ تەقەکردن لە خەڵک.
 ـ بە لۆژیکی شەلم کوێرم دەست ناپارێزم، تەقەکردن بە ناو بازاڕداو، سەپاندنی فەزای ترس و میلیتاریزم بە سەر شاری سلێمانیدا.
ـ لێدوانی نامەسئولانەی هەندێک لە پیاوانی دەسەڵات کە ڕاسترە ناوی لێبنێین شەڕدوان یان هەڕەشەدوان! کە بە بڕوای من ئەو لێدوانانە فاکتەرێکی تر بوون لە پاڵ ئەو فاکتەرانەی سەرەوەدا بۆ درێژەکێشانی ئەو فەزا نائارامە.
هەربۆیە ئەگەر ئەو ڕاستییانەی سەرەوە لەبەرچاوبگرین و لەو میتۆدی پەرچەکردارە وردبینەوە کە دەسەڵات لە ڕێگەیەوە هاویشتنی چەند بەردێک بە دەستی ئاژاوە تاوانبار دەکات ، ئەوا گولەبارانکردنی خەڵک و بریندارکردنی سەدەها گەنج، دەسەڵات بە دەسەڵاتێکی ئاژاوەچی تۆمەتبار دەکات. 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.