Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
رابردوو…حیكایه‌تێك بۆ خه‌وتن!!

رابردوو…حیكایه‌تێك بۆ خه‌وتن!!

Closed
by May 19, 2012 گشتی



رابردوو…حیكایه‌تێك بۆ خه‌وتن!!
داهاتوو.. خه‌ونێك له‌ نێو حیكایه‌ت

رابردوو تا ئه‌و ساته‌ وه‌ختانه‌ی هه‌ر تاكێكی مرۆڤ تیایدا ده‌ژی بریتییه‌ له‌ نه‌خشه‌ی مه‌عریفی ئه‌و، رابردوو هه‌ر به‌ ته‌نها زانیاری و گردبوونه‌وه‌ی شاره‌زایی مرۆڤه‌كان نییه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌روه‌ك دێوی ده‌ڵێ‌: هه‌ر ئه‌م رابردووه‌یه‌ له‌ ئه‌نجامی به‌رخورد و كارلێكی تاكه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری خۆیان كه‌لتوور پێكده‌هێنێ‌. رابردوو زه‌مه‌نێكه‌ له‌ سه‌یروره‌ی خۆیدا به‌سه‌رده‌چێ‌، به‌ڵام مێژووێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی عه‌قڵ و ڕه‌فتاری مرۆڤه‌كان دروست ده‌كات. ئه‌م یه‌كه‌ زه‌مه‌نیه‌ی ئێمه‌ پێی ده‌ڵێین رابردوو چه‌نده‌ ده‌لالاتی مێژوویی هه‌یه‌ چه‌ندین ئه‌وه‌نده‌ ده‌لاله‌ی سایكۆلۆژی و فیكریی ده‌گه‌یه‌نێ‌.
ئایا ئێمه‌ی كورد چۆن ئاوڕ له‌ مێژوو ده‌ده‌ینه‌وه‌؟ بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌مان ساته‌كانی ڕوویانداوه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك به‌رهه‌م بێنینه‌وه‌؟ یا دڵسۆزی خۆمان و راستگۆیی یادگه‌كانمان تاقی ده‌كه‌ینه‌وه‌؟ یا ئه‌وه‌تا به‌ چینه‌كانی ئه‌م مێژووه‌دا ده‌چینه‌ خوارێ‌ و دیراسه‌یه‌كی مه‌عریفیانه‌ی وێستگه‌كانی ده‌كه‌ین؟ یان رابردوو به‌مه‌به‌ستی وه‌به‌رهێنان له‌ ئێستادا و بۆ داهاتوو به‌كارده‌به‌ین؟ مێژوو تا ئێستا لای ئێمه‌ حكایه‌تگه‌لێكه‌ چه‌ند كه‌سێك هه‌ن بۆمانی ده‌گێڕنه‌وه‌، میكانیزمه‌كانی قاڵبگرتنی حیكایه‌تیش گێڕانه‌وه‌ و به‌دوایه‌كداهاتنی زنجیره‌یه‌ك رووداوو به‌سه‌رهاتن ئاگایی ئێمه‌ هه‌میشه‌ به‌ره‌و ئه‌و كردارانه‌، ره‌فتارانه‌، ڕووداوانه‌… تد. ده‌به‌ن و زیاتر رووێكی بانكییان هه‌یه‌ نه‌ك شیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن. مێژووی حیكایه‌تگه‌ریی مێژوونووسی تیادا ده‌بێ‌ به‌ حیكایه‌تخوان و هیچ سیفه‌تێكی دیكه‌ی جگه‌ له‌ گێڕه‌ره‌وه‌ ناداتێ‌. هه‌ربۆیه‌ خه‌سڵه‌تی حیكایه‌ت هه‌رده‌م بۆنه‌ و سرووتی خۆی ده‌وێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی تیایاندا دووباره‌ و سێباره‌ و ده‌یان باره‌ بگێڕدرێنه‌وه‌ و مه‌به‌ست تیایدا به‌ شێوازێك له‌ شێوازه‌كان سه‌رله‌نوی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی نێویه‌تی. ئه‌م به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌ بیرۆكه‌ی یا عیباره‌ی (مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌)ی لای زۆركه‌س و نێوه‌ند كردووه‌ به‌ قه‌ناعه‌ت. خۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی مێژوو به‌ مانا ئیشكردنی مرۆڤه‌كان له‌ نێو مێژوودا به‌یه‌ك ئاراسته‌ و كردنی رابردوو به‌ پێوه‌رێك بۆ كردارو ڕووداوه‌كانی ئێستا و ته‌نانه‌ت داهاتووش. هۆبز باوم ده‌ڵێ‌: هه‌ژموونی رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر به‌سه‌ر ئه‌مڕۆدا له‌وانه‌یه‌ ڕێگه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ر گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌یه‌ك بگرێ‌. هه‌ڵبه‌ته‌ رێگرتن له‌به‌رده‌م گۆڕان به‌مانا سه‌لب بوونی مرۆڤ له‌ تواناكانی بۆ گۆڕان و زه‌وتكردنی ئیراده‌ی ئه‌و بۆ جووڵه‌ به‌ ئاراسته‌ی جیاجیا. ئه‌م رێچكه‌ كلاسیكییه‌ له‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی رابردوو سیفه‌ته‌كانی رابردوو له‌ ئێستادا ده‌رده‌خاته‌وه‌ و مه‌عریفه‌ی كه‌سه‌كان ده‌به‌ستێ‌ و ستریۆتایپێكی ئاشنا ده‌داته‌ تاكه‌كان  و هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وامان لێده‌كا بڕیار بده‌ین كه‌ ده‌بێ‌ هه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌ به‌ باوك و باپیرو ئه‌وانه‌ی پێش خۆی بچێ‌. هه‌ڵبه‌ته‌ رابردوو ره‌هه‌ندێكی به‌رده‌وامه‌ له‌ ره‌هه‌نده‌كانی هۆشی مرۆڤه‌كان و پێكهاته‌یه‌كی حه‌تمی پێكهێنانی دامه‌زراوه‌ و به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤه‌، ئه‌م بینینه‌ی هۆبزباوم گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رابردوو نییه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ی وه‌ك خۆی به‌رهه‌می بێنینه‌وه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی رابردوو له‌ بونیادی عه‌قڵی و سایكۆلۆژی تاكه‌كاندا گه‌وره‌ترین فه‌زایه‌ و كۆگه‌یه‌كی له‌بن نه‌هاتووی زانیاریی و شاره‌زاییه‌ و تا ئه‌مڕۆی هه‌ر تاكێك بریتییه‌ له‌ كه‌سه‌كه‌ وه‌ك “ئینسان”. به‌ڵام حه‌تمیه‌تی سه‌یروره‌ی زه‌مه‌ن ناچارمان ده‌كا له‌سه‌ر ئه‌م مێژووه‌ تاكه‌كان ئیشی خۆیان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رهه‌مهێنانی ژیانی ئێستاو داهاتوویاندا دووچاری خۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ نه‌بن، به‌مانا رابردوو ئه‌رشیفێكی به‌ نرخه‌ و كاتێ‌ بۆی ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ ده‌بێ‌ به‌و نیازه‌ بێ‌ كه‌ شیكاركاری بۆ بكه‌ین و به‌ بینینێكی ره‌خنه‌ییانه‌ پێیدا شۆڕبینه‌وه‌ تاوه‌كو هێزو توانای ئه‌م باكگراوه‌نده‌ هزری و مه‌عریفیه‌مان بخه‌ینه‌ پاڵ جووڵه‌ی زه‌مه‌ن و له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وته‌ تازه‌كانی عه‌قڵ له‌ نێو زه‌مه‌ندا بیگونجێنین.
ئێستای هزری ئێمه‌ به‌و عه‌قڵییه‌ته‌ مۆدێرنه‌ ئیش ناكا و به‌رده‌وامه‌ له‌نێو خۆدووباره‌كردنه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كه‌س و عه‌قڵه‌ نه‌مه‌تیه‌كان. رابردوو وه‌ك هۆكارێك بۆ ئێستا به‌كارده‌به‌ین و ئه‌م له‌ كۆڵنانه‌ی رابردووه‌ ئه‌وه‌نده‌ باری عه‌قڵی ئێمه‌ی قورس كردوه‌ بواری بۆ ده‌رك پێكردنی ئێستا و پێدراوه‌ نوێیه‌كانی نه‌هێشتۆته‌وه‌. له‌ نێو نه‌خشه‌ی مه‌عریفیماندا قه‌ره‌باڵغییه‌كی ئه‌ستوور هه‌یه‌ و هه‌ربۆیه‌ش كاتی دیارده‌یه‌كی نوێ‌ دێته‌ پێش عه‌قڵی كوردی زۆر به‌ زه‌حمه‌ت قبووڵی ده‌كا تاوه‌كو فۆڵده‌رێكی بۆ سازده‌كا له‌نێو زاكیره‌دا. هه‌رچی مرۆڤ هه‌یه‌ هوشیارییه‌كی هه‌یه‌ له‌سه‌ر رابردوو و لای هه‌ندێكیان ئه‌م هه‌ستكردنه‌ به‌ رابردوو ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی هوشیارانه‌یه‌، چوون له‌وێوه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ هه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتی خێزانه‌وه‌ تا دامه‌زراوه‌ی ئایینی و توراسی و دابونه‌ریت و سیاسی و … تد خۆیان حه‌شار داوه‌ و ده‌كرێ‌ له‌ هه‌ر زاكیره‌یه‌كدا مێژوویێكی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان، سیسته‌مه‌كان،  فه‌راهه‌م بكه‌ین. فرۆید ده‌ڵێ‌: ده‌بێ‌ باوه‌ڕمان وابێ‌ كه‌ رابردوو قابیلی ئه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌روونه‌كاندا ڕه‌نگ بداته‌وه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی هه‌ر رووداوێك له‌و رابردووه‌ ورده‌ ورده‌ له‌ به‌ین ده‌چێ‌ و ناكرێ‌ سه‌رله‌نوێ‌ له‌ ژیاندا ده‌ركه‌وێته‌وه‌. تێگه‌یشتنی فرۆیدیش له‌وانه‌یه‌ له‌ پێكهێنانی روئیای هۆبزباومدا بۆ مێژوو ڕۆڵی هه‌بووبێ‌ و ئه‌م پیاوه‌ سایكۆلۆژیسته‌ به‌مه‌به‌ستێك ئاوڕ له‌ رابردوو ده‌داته‌وه‌ جیا له‌ مه‌به‌ستی كه‌سێك كه‌ ده‌یه‌وێ‌ خۆی له‌به‌ربگرێ‌ و له‌به‌ردابێنێ‌. فرۆید له‌م رابردووه‌دا وه‌ك پشكنه‌رێك ئیش ده‌كا تاوه‌كو هه‌رچی ده‌ركه‌وتی ئه‌مڕۆ هه‌یه‌ له‌سه‌ر كه‌سێتی تاكه‌كان به‌دیارده‌یه‌كی وابه‌سته‌ به‌شێوازی ژیانی له‌ رابردوودا بزانێ‌ و له‌و قوڵاییه‌ی نه‌ستدا كێشه‌كانی ئه‌و ڕۆژانه‌ وه‌دیار بخا كه‌ تیایاندا ژیاوه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ی له‌مڕۆدا به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رهه‌م نه‌یه‌نه‌وه‌ بگره‌ به‌شێوه‌یه‌كی عاقڵانه‌ ئاراسته‌یان بكا. فرۆید هه‌میشه‌ به‌ قوڵاییه‌كانی نه‌ستی تاكه‌كاندا ده‌چێته‌ خوارو له‌و مێژووه‌ی هه‌ر تاكێكدا هۆكاره‌كانی ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی هه‌ڵچوون و داچوونه‌كانی وه‌دیار ده‌خا. له‌ نه‌ستی تاكه‌كاندا دنیایه‌كی تایبه‌ت و خه‌فه‌ هه‌یه‌ رۆژ به‌ ڕۆژ زانیاری و حه‌ز و ئاره‌زووی فڕێده‌درێته‌ نێو.
دوای فرۆید، كارڵ گۆستاڤ یۆنگ وه‌ك قوتابییه‌كی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ له‌و چه‌مكی نه‌ستی لای تاك گواسته‌وه‌ لای كۆ و ناوی نا “نه‌ستی به‌كۆ” و ئه‌م جۆره‌ نه‌سته‌ درێژكراوه‌یه‌كی مێژووییه‌ به‌ رابردووی هه‌رگرووپ و ده‌سته‌یه‌كی مرۆیی و به‌رده‌وام له‌ ڕێگه‌ی ژیانی هاوبه‌ش و شێوازی ژیانی هاوبه‌ش و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كه‌سه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر پڕو قه‌ره‌باڵغ ده‌بێ‌. گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر تاكێكی ئاده‌می بۆ رابردوو هه‌ر به‌ ته‌نها له‌ جۆری پیرۆز راگرتن و دووباره‌كردنه‌وه‌ و به‌پێودانگكردنی خۆی نابینێته‌وه‌. به‌ڵكو ئێمه‌ زۆرجار له‌گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ی به‌سه‌رچوون چێژێكی تایبه‌تی ده‌كه‌ین و ئه‌مه‌شیان ئه‌وه‌نده‌ی ڕووێكی سایكۆلۆژی هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ سیاسی و فه‌لسه‌فی و عه‌قائیدی نییه‌.
هه‌موو ئه‌و وێنه‌و زانیاریانه‌ی له‌یادگه‌ی هه‌ریه‌كێكماندا هه‌ن به‌جوان و ناشیرین و تاڵ و شیرینیانه‌وه‌ له‌مڕۆدا دێنه‌وه‌ بیرمان جگه‌ له‌نمایشێكی ڕۆحی و ڕه‌وانی و یادكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ساتانای به‌سه‌رچوون و ئێمه‌ له‌گوڕوتین و تاقه‌تێكی تردا بووین و ئێستا شتی ترین و له‌ هه‌لومه‌رجی ترین شتێكی دیكه‌ نییه‌. ئه‌مجۆره‌ یادكردنه‌وانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌پڕۆسه‌ی بیكردنه‌وه‌و بیرهاتنه‌وه‌ وه‌ك دوو كرداری عه‌قڵی هه‌ر تاكێكه‌وه‌ هه‌یه‌و جیاوازن له‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ڕابردوو وه‌ك پێوه‌ر بۆئه‌مڕۆ وه‌ك چوارچێوه‌ی بیركرنه‌وه‌و وه‌ك به‌ڕه‌سه‌ن ناسینی ڕابردوو و گونجاندنی هه‌ر نوێیه‌ك له‌گه‌ڵ یاساو ڕێسا ڕه‌سه‌نه‌كان تاوه‌كو ڕه‌زامه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌قیده‌تی وه‌رگرن. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه‌یه‌و هه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ش وایكردووه‌ دواتر سیفه‌تی بوونه‌وه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیش وه‌رگرێ‌. بیركردنه‌وه‌ به‌مانا جوڵاندنی مێشك و به‌رده‌وام ئیش پێكردنی عه‌قڵ به‌مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی مانا. بیركردنه‌وه‌ وه‌ستان نازانێ‌ و پڕۆسه‌یه‌كی دینامیكی بزۆزه‌ و به‌مانا مۆدێرنه‌كه‌ی بوونی مرۆڤ به‌به‌رده‌وامی بیركردنه‌وه‌یه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، كاتێ‌ تاك له‌بیركردنه‌وه‌ وه‌ستا به‌مانا ئه‌و كه‌سێكی مه‌سلوبه‌و ئیدی جه‌سته‌ شتێك نییه‌ فه‌زڵی به‌سه‌ر ئاژه‌ڵ و گیانداره‌كانی دیكه‌وه‌ هه‌بێ‌. به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌و دووباره‌ بوونه‌وه‌ی ڕابردوو به‌مه‌به‌ستی پێوانی دیارده‌و ده‌ركه‌وته‌ نوێیه‌كان و ڕێكخستنی ژیانی خۆمان به‌پێی ده‌ستوورو ته‌عالیمه‌كانی به‌سه‌رچوون بڕیارێكه‌ پێشوه‌خته‌ مرۆڤه‌كان داویانه‌ بۆڕاگرتنی بیركردنه‌وه‌و به‌رهه‌مهێنانی ماناو پێویست به‌وه‌ناكا ئیدی له‌مه‌ولا مرۆڤ خه‌ریكی داهێنانی به‌رهه‌مه‌ هزری و عه‌قڵیه‌كان بێ‌ چوون له‌بنچینه‌دا چوارچێوه‌ی مه‌رجه‌عی ئایدیۆلۆژی هه‌ن ڕه‌سمی ژیانمان ده‌كه‌ن و ڕه‌فتاره‌كانمان ئاراسته‌ ده‌كه‌ن. ئاراسته‌ گرتنی تاك له‌به‌ر ڕۆشنایی چوارچێوه‌ی مه‌رجه‌عی قالبگرتوو ته‌نانه‌ت هه‌سته‌كانی كه‌سه‌كانیش كول ده‌كاو ماشێنی به‌رهه‌مهێنانی مانا له‌كارده‌خاو مرۆڤ له‌و حاڵه‌ته‌دا نه‌پێویستی به‌میكانیزمه‌ عه‌قلیه‌كانی ڕاڤه‌كردن و شیكردنه‌وه‌یه‌و نه‌ده‌شتوانی پاش ئه‌مانه‌ شتێك به‌یه‌كه‌وه‌ بنێته‌وه‌و ڕێك ڕۆڵی ڕۆبۆتێكی گۆشتین ده‌گێڕێ‌ و سه‌نته‌ری كۆنترۆڵی ده‌ره‌كیه‌و له‌ده‌ره‌وه‌و دوور له‌خۆی ئاراسته‌ده‌كرێ‌. كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ مێژوو بۆ ڕابردوو له‌سۆنگه‌ی نۆستالیژیاو پاشان دووباره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌تی و به‌هۆی حاڵه‌تی دووه‌میانه‌ ئێمه‌ داهێنانی هزری و مه‌عریفیمان نییه‌و بینین و خوێندنه‌وه‌ی كوردانه‌شمان بۆ دیارده‌و ده‌ركه‌وتی تازه‌ نییه‌ یائه‌گه‌ر هه‌شبێ‌ هزرێكی پاشكۆییه‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی تێگه‌یشتنی خه‌ڵكانی تره‌وه‌یه‌.
 ڕۆژئاواییه‌كان له‌مێژه‌ تایپی حیكایه‌تیی مێژوویان واز لێهێناوه‌و له‌و ڕابردووه‌دا سه‌رقاڵی پشكنینی ئه‌و دنیایه‌ به‌سه‌رچووه‌ن وه‌ك چۆن له‌فه‌زاو له‌قوڵایی گه‌ردوون و له‌و دیو زانراوه‌كاندا سه‌رقاڵی ناسینی شتی تازه‌ن. ڕابردوو دنیایه‌كه‌ ئێمه‌ تیایدا نه‌بووین كه‌هات و ورده‌ ورده‌ تاگه‌یشته‌ له‌دایكبوونی ئێمه‌، خه‌ڵكانێكی تیا ژیاو دواتر له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وته‌كانیدا تامردن چوون. ته‌واوی مێژووی شارستانیه‌ته‌كان له‌ڕووی هزری و گه‌شه‌ی زانستی و عه‌قلیه‌وه‌ به‌قه‌د ئه‌م دوو سه‌د ساڵه‌ی ڕابردوو گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌ ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌درێژه‌ی گه‌شه‌ی مێژوودا مرۆڤه‌كان له‌نێو بیركردنه‌وه‌دا نه‌بوون و بیركردنه‌وه‌ لای ئه‌وان چێژی تایبه‌تی خۆی نه‌بووه‌و بیرهاتنه‌وه‌و دووباره‌كردنه‌وه‌ی تایپه‌ فیكری و ڕه‌فتاری و به‌هاییه‌كان باوبووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕۆشنگه‌ری و فیكری مۆدێرنیزمدا عه‌قڵ كه‌وته‌ جووله‌و چێژه‌كانی ئاده‌میی زیاتر له‌هزر كه‌وتنه‌وه‌و هزر تاده‌هات فه‌زاو جوگرافیای چێژه‌كانی زیاد ده‌كردو سه‌ره‌نجام مرۆڤایه‌تی وه‌ك ته‌نها دووسه‌د ساڵبێ‌ هه‌بێ‌ واده‌رده‌كه‌وێ‌. له‌و ساتانه‌ی مرۆڤ وه‌ك بیركه‌ره‌وه‌یه‌ك خۆی به‌سه‌نته‌ری دنیا زانی و له‌نێو خودی خۆیدا بڕیاری لێكدانه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ریداو چیدی له‌ودیو شته‌كاندا به‌دوای هۆكاره‌كانی وجودی خۆیی و دنیادا نه‌گه‌ڕا له‌وێ‌ ڕۆژێوه‌ خودی مرۆڤ و(من)ی ئه‌و حاكمانه‌ به‌عه‌قڵ نێو له‌شته‌كان ده‌نێ‌ و هه‌ربۆیه‌ش له‌و ده‌مه‌وه‌(ئێستا) وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی دیكه‌ی زه‌مه‌ن ماناو ده‌لالاتی فه‌لسه‌فی و هزری تازه‌ی په‌یداكرد. له‌ئێستادا مرۆڤه‌كان مێژووێكی هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیان له‌به‌رهه‌م و داهێنراوی ئینسانه‌كانی پێش خۆیان هه‌یه‌. ئه‌م مێژووه‌ به‌رده‌وامیی سووڕی ژیانی جۆرێك ڕوحله‌به‌ره‌ كه‌مرۆڤه‌، تاگه‌یشتۆته‌ ئه‌مڕۆ به‌سه‌دان و هه‌زاران قۆناغدا تێپه‌ڕیوه‌، ئه‌مڕۆ له‌ڕووێكی تازه‌ترو به‌رێكی تازه‌ترو ڕه‌نگێكی تازه‌ترو عه‌قڵێكی تازه‌تردایه‌، بۆئه‌وه‌ی سووڕه‌كه‌ له‌وه‌ستان نه‌كه‌وێ‌ پێویسته‌ ئه‌ڵقه‌كانی دادێن به‌ستراوه‌ی ئه‌ڵقه‌كانی پێش خۆیانبن، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌ڵقه‌نه‌بن و تادێ‌ درێژتربنه‌وه‌ جۆری په‌یوه‌ندبوونیان هه‌م هاوڕێك و هه‌م دواییه‌كبێ‌، به‌مانا به‌له‌به‌رده‌ركێشانی ئه‌ڵقه‌یه‌كیان له‌مێژووی خۆمان بپچڕێین و له‌هه‌مانكاتیشدا نه‌كوژێینه‌وه‌و به‌رده‌وامبین له‌به‌رهه‌مهێنانی پێداویستیه‌كانی ژیانی خۆمان. ڕابردوو بریتییه‌ له‌كۆی به‌رهه‌می عه‌قڵی ئێمه‌و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌زیندووكردنه‌وه‌و ڕه‌سمكردنه‌وه‌ی وێنه‌و دیمه‌نه‌كانی دابین، ده‌كرێ‌ عاقڵانه‌ وه‌به‌ربهێنرێ‌ و تادێ‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئێستامان مۆركی داهێنانی به‌مانا تۆرانسیه‌كه‌ی پێوه‌ دیاربێ‌ واته‌ ڕه‌سه‌نبێ‌ و به‌رله‌خۆی به‌رهه‌منه‌هاتبێ‌. هه‌میشه‌ ئه‌مریكیه‌كان پلاری ئه‌وه‌ له‌ئه‌وروپیه‌كان ده‌گرن كه‌به‌رده‌وامن له‌ڕاكێشانی مێژووی پیری خۆیان. ڕاكێشانی مێژوو له‌دواخۆت به‌دنیایه‌ك پێوه‌ند ده‌تبه‌ستێته‌وه‌و مرۆڤ به‌وهێزه‌ عه‌قڵیه‌ له‌بن نه‌هاتووه‌ی و له‌به‌ر ئه‌م هه‌موو پێوه‌نده‌ به‌قه‌د ئه‌م گه‌وره‌ییه‌ شت به‌رهه‌م ناهێنێ‌. ئه‌مه‌ به‌مانای ئه‌وه‌نییه‌ ڕابردوو له‌دوای خۆمان به‌جێبهێڵین وه‌ك بۆدریار پێیوایه‌ ئه‌مریكییه‌كان وان، به‌ڵكو ڕابردوو ئه‌و ده‌رسانه‌بن بیانخوێنین تاوه‌كو له‌ئێستاو داهاتوودا شتیتری پێ‌ ببینین.
 له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م تێگه‌و ده‌رچه‌ فكریانه‌ بۆمێژوو و بۆ ڕابردوو، وێنه‌یه‌كی ڕۆشنی ژیانی خۆمانمان وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ئاستی گه‌شه‌ی فیكری و عه‌قڵی كوردی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ‌ له‌بواره‌كانی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری و ته‌نانه‌ت ئایینی و ئابووریشدا. له‌هه‌موو ئه‌م بوارانه‌دا به‌رده‌وام له‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی تایپ و فۆرمووله‌ی كۆنین و له‌سیاسه‌ت گه‌شه‌ به‌عه‌قڵی سیاسیمانه‌وه‌ دیارنیه‌و ئه‌م پره‌نسیپه‌ دیموكراسیانه‌ی له‌بنچینه‌دا له‌خۆرئاوا حزبی وه‌ك ده‌ركه‌وتێكی سیاسی له‌سه‌ر دروستبوو، ته‌نها دروشمی بریقه‌دارن و حزبه‌كان له‌نێو خۆیاندا به‌رده‌وامن له‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی جۆره‌كانی بیركردنه‌وه‌ی كۆن، كه‌سێتی حزبی و سیاسی كۆن، شێوازی ئیشكردنی كۆن، ئیشكردن له‌سه‌ر زاكیره‌ی كوردی به‌هه‌مان میكانیزمه‌كانی كۆن.. تاد.له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیشماندا دابونه‌ریته‌كانی ڕابردوو به‌توراسی و ئاینیه‌وه‌ بوونه‌ته‌ دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و هه‌ر ده‌ركه‌وت و ده‌یارده‌یه‌كی نوێ‌ به‌پێوه‌ره‌ كلاسیكه‌كان ده‌گرن و ئه‌گه‌ر له‌ئه‌زموونی ئه‌وان ده‌رنه‌چێ‌ ئه‌وا ته‌مام عه‌یارنیه‌و حه‌ڵاڵ ناكرێت. به‌هه‌مانشێوه‌ له‌بواره‌ جیاجیاكانی دیكه‌شدا حه‌نینێك بۆڕابردوو هه‌یه‌و له‌گوتاری كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوریشماندا عیباره‌ی (خۆزگه‌ به‌ڕۆژانی ڕابردوو) و(ساڵ به‌ساڵ خۆزگه‌ به‌پار) و…. تاد دیارترین عیباره‌كانی نێو ئه‌م گوتارانه‌ن و ئه‌مانه‌ش له‌خۆیاندا ده‌لالاتی فیكری گه‌وره‌یان هه‌یه‌و پێویست به‌له‌سه‌ر وه‌ستان و خوێندنه‌وه‌ی وردی فیكری و ئه‌كادیمی ده‌كات. ئه‌و یه‌كه‌ زه‌مه‌نیه‌ی ئێمه‌ تیایدا ناژین و جارێ‌ ماویه‌تی بیگه‌ینێ‌ داهاتووه‌، ئێمه‌ له‌ئێستادا هه‌میشه‌ به‌حیكایه‌ته‌كانی ڕابردوو ده‌خه‌وین و له‌نێو خه‌وه‌كانماندا خۆشترین خه‌ونه‌كانمان ئه‌وانه‌ن كه‌هه‌رگیز له‌واقیعی به‌رهه‌ست و به‌رجه‌ستدا بۆمان نه‌لواوه‌ وه‌ك له‌وێ‌ ئازادین ئازادبین. ئێمه‌ بوونه‌وه‌رێكین له‌ ئێستادا مه‌وجود نین، بوونمان له‌ڕابردوودا ڕه‌سمی كێشراوه‌و هه‌میشه‌ له‌وێدا خۆمان ده‌دۆزینه‌وه‌و بۆیه‌ش هه‌میشه‌ چاومان له‌داهاتووه‌و په‌له‌ په‌لی به‌سه‌رچوونی ئێستامانه‌ تاوه‌كو له‌وێدا وه‌ك ئه‌وه‌ده‌ركه‌وین كه‌ڕابردوو ده‌یه‌وێ‌، به‌ڵكو ئه‌و ئاینده‌یه‌ به‌ته‌واوی له‌م هه‌موو ماندووبوون و كۆڵكێشیه‌ی ڕابردوو بمانحه‌سێنێته‌وه‌. داهاتووگه‌ریی خه‌ریكه‌ ببێ‌ به‌غه‌ریزه‌و له‌چوارچێوه‌ی پاراستنی وه‌چه‌و دابینكردنی دنیایه‌كی ئارام بۆیان بگیرێ‌. داهاتوو په‌رستی چی له‌ڕابردوو په‌رستی كه‌متر نییه‌، ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ خۆی له‌به‌ر ئاوێنه‌ی ڕابردوو دادێنی و ڕێكده‌خا بۆ ئه‌وه‌یه‌تی له‌ئاینده‌دا به‌و حه‌زو ئاره‌زووانه‌ بگا كه‌ ناشێ‌ له‌ئێستادا پێیان بگا. ڕابردوو ئه‌و جله‌ كۆنانه‌نین فڕێیان ده‌ین و چیدی له‌به‌ریان نه‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌لێ‌ هه‌میشه‌ كاتێ‌ پیسده‌بن و چڵك ده‌یانگرێ‌ ده‌بێ‌ بشورێن و سه‌رله‌نوێ‌ قه‌دبكرێنه‌وه‌و بۆله‌به‌ركردنه‌وه‌یه‌كی نوێ‌ بشێن و كه‌له‌به‌ریشمانكردن به‌شێوه‌یه‌كی جوانترو به‌بۆن و به‌رامێكی تر ده‌ركه‌وین. داهاتووش ئه‌و هێڵه‌ كۆتاییانه‌نین هه‌ر كه‌پێیان گه‌یشتین لێیان ده‌په‌ڕینه‌وه‌و ئیدی هه‌رچی ئازار هه‌یه‌ نامێنێ‌ و به‌سه‌ركه‌وتنی كۆتایی ده‌گه‌ین.
نه‌ژیان له‌ئێستادا خه‌سڵه‌تی بوونێكی كاریگه‌ر له‌مرۆڤ ده‌ستێنێته‌وه‌و تائه‌و ئاسته‌ سه‌لبی ده‌كا خۆی پـێ‌ بابه‌تێك نه‌بێ‌ بۆقسه‌ له‌سه‌ركردن و واخه‌یاڵ بكا ئه‌و هه‌رده‌بێ‌ له‌ڕابردوودا به‌دوای خۆیی و هاوشێوه‌كانیدا بگه‌ڕێ‌ تاوه‌كو له‌داهاتوودا ڕاحه‌ت و ئارامی ده‌روونی و ڕۆحی وه‌ده‌ستبێنی.  ڕابردوو هه‌میشه‌ ناونیشانی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و ده‌رسانه‌ن ئه‌مڕۆ ده‌یانخوێنین بۆئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا سوودیان لێببینین. له‌داهاتوودا ده‌بێ‌ سه‌ربه‌رزبین، سه‌ركه‌وتووبین، گه‌شبین بین، هاووڵاتی چاك و به‌سوودبین، ئه‌م ئومێده‌ ڕابردوو له‌ئێمه‌ی ده‌وێ‌، هه‌ربۆیه‌ئێستا ته‌نها پردێكه‌ ڕابردوو له‌به‌رێكه‌وه‌ به‌داهاتوو له‌به‌ره‌كه‌ی تر ده‌به‌ستێته‌وه‌. ئه‌ستوونده‌كانی ئه‌م پرده‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزو پته‌ونین هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ی ئاده‌می زۆر ئاگاو وریایانه‌ ده‌بێ‌ قورساییه‌كانی ڕابردوو به‌سه‌ر ئه‌م پرده‌دا بپه‌ڕێنینه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر. ئه‌م له‌كۆڵنانه‌ی كولتوور هه‌ر له‌لای ئێمه‌ی كورده‌وه‌ بارێكی قورس نییه‌، به‌ڵكو زۆربه‌ی گروپ و كۆمه‌ڵه‌ ترادیسیۆن په‌روه‌ره‌كان و پارێزگاره‌كان به‌م ئیشه‌ ئه‌خلاقی، په‌روه‌رده‌یی، كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ قاڵبیانگرتووه‌. داهاتوو له‌دیدی كلاسیك بین و ترادیسیۆن په‌روه‌راندا هه‌میشه‌ له‌نێو دوو تویێ‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتووریدا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌تا په‌روه‌رده‌ تائێستا به‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێ‌ كه‌گواستنه‌وه‌ی كولتوورو شێوازی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆنه‌وه‌یه‌كی ترو ئاراسته‌كردنی تاكه‌كانه‌ به‌مه‌عریفه‌ی باوو تۆڕی به‌هایی و دابونه‌ریت له‌كۆمه‌ڵگادا. به‌مانایه‌كی تر په‌روه‌رده‌ بۆئه‌وه‌یه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا كاتێك دێنه‌ نێویه‌وه‌ ده‌بێ‌ تائه‌و ئاسته‌ ئاماده‌بكرێن له‌دواڕۆژدا ببن به‌هاووڵاتی باش و كۆمه‌ڵگه‌ش به‌سیستمی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیستمی به‌ها ئه‌خلاقیه‌كانیه‌وه‌ قبوڵیانبكا.  قبوڵبوون له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ به‌مانا هه‌رتاكێك كۆمه‌ڵگه‌ لێی ڕازیبێ‌ ئه‌وا هه‌ڵگری دابونه‌ریت و كولتووری ئه‌وه‌و ڕه‌سه‌نه‌و ئه‌گه‌ر ناڕازیشبێ‌ لێی ئه‌وا ناڕه‌سه‌نه‌و له‌نێویدا جێی نابێته‌وه‌و له‌یه‌كێك له‌په‌راوێزه‌كانیدا جێگا بۆخۆی ده‌دۆزێته‌وه‌. ئێستا ئه‌گه‌رچی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه‌ ئێمه‌ تیایدا ده‌ژین هیچ ئاماده‌ییه‌كی له‌یادگه‌و هیواكانماندا نییه‌، ئێستا ئه‌وساتانه‌ن كه‌ته‌نها جه‌سته‌كانی تیایه‌و تونێڵێكی تاریكه‌ هه‌میشه‌ ده‌نگه‌كانی ئه‌وبه‌رو ئه‌مبه‌ر تیایدا ده‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌. منداڵه‌كانمان بۆداهاتوو په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ین، بۆداهاتوو ده‌خوێنین، بۆ ئاینده‌ خۆمان ماندوو ده‌كه‌ین، ماڵ و سامان بۆداهاتوو كۆده‌كه‌ینه‌وه‌، تا پیرده‌بین و ئاینده‌ ده‌كه‌وێته‌ دوامانه‌وه‌ ئێمه‌ هه‌رواده‌زانین جارێ‌ ماویه‌تی بیگه‌ینێ‌، ئه‌م نه‌زعه‌ كوێرانه‌یه‌ عه‌قڵی ئێمه‌ی تووشی شه‌پڕه‌كردووه‌و به‌حه‌ق ئه‌گه‌ر عه‌قڵ به‌شی هه‌ره‌ زۆری به‌رهه‌مه‌كانی بۆ ئه‌مڕۆ نه‌بێ‌ یاخیه‌كی لاسه‌نگه‌و زۆركه‌م له‌نێو ئه‌م جه‌سته‌دایه‌ كه‌ پێیه‌وه‌ لكاوه‌. ئاماده‌یی ڕابردوو به‌هه‌موو قورسایی خۆی له‌چاره‌ی هه‌ركێشه‌یه‌كی ئێستادا، جۆره‌ خۆدزینه‌وه‌یه‌كی عوسابیانه‌یه‌و ده‌ربڕینی ناتوانایی ئاده‌مییه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌وپرس و بابه‌تانه‌ی له‌واقیعی به‌رهه‌ست و به‌رجه‌ستدا به‌رخوردیان له‌گه‌ڵ ده‌كا. به‌هه‌مانشێوه‌ به‌قوربانكردنی ئێستاو خه‌یاڵفڕین بۆئه‌و ئاینده‌یه‌ی ڕابردوو بۆی وێنه‌كێشاوین هه‌میسان جۆره‌ عوسابێكی دیكه‌ی مه‌ترسیداره‌و هه‌رجۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی تاك له‌گه‌ڵ واقیعدا ده‌پچڕێنێ‌، له‌حاڵه‌تی دابڕانی تاكیشدا له‌گه‌ڵ ئێستا كه‌زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ی پێوه‌ گرفتاره‌ ئه‌وا توانا دیارو نادیاره‌كانی هه‌ر تاكێك له‌كۆمه‌ڵگه‌دا به‌فیڕۆ ده‌چێ‌ و هه‌میشه‌ له‌بازنه‌یه‌كی به‌تاڵدا ده‌خولێته‌وه‌. ئه‌زواڵد شپینگله‌ر له‌كتێبی ساڵه‌كانی بڕیارداندا ده‌ڵێ‌: مرۆڤی ئه‌وڕۆ زیاد له‌پێویست به‌هزرو فیكری ڕابردوو و داهاتوو هه‌ڵده‌سوڕێ‌ تا ئاستێك كه‌ئیتر ناتوانێ‌ هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی ئێستا ڕووده‌ده‌ن بیانبینێ‌ و له‌گه‌ڵیان بیباته‌سه‌ر. ئه‌م ڕوانینه‌ی شپینگله‌ر ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌ركه‌وت وه‌لێ‌ به‌حه‌ق ئامانجی خۆی پێكاوه‌ چوون ئایدیۆلۆژیا له‌یه‌ك له‌م دوو زه‌مه‌نه‌ ده‌رناچێ‌ یا ئه‌وه‌تا له‌ڕابردوو هێز وه‌رده‌گرێ‌ و ده‌یه‌وێ‌ ئێستای پێ‌ بنه‌خشێنێ‌، یا ئه‌وه‌تا حه‌تمیگه‌رو ئاینده‌سازه‌ ده‌یه‌وێ‌ له‌دواڕۆژدا ئه‌و دنیایه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێ‌ بسازێنێ‌. ده‌شبێ‌ ئایدیۆلۆژیای واهه‌بێ‌ هه‌ردوو زه‌مه‌ن به‌یه‌كه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، هه‌م له‌ڕابردوودابێ‌ و هه‌م ئاینده‌ش، له‌وحاڵه‌ته‌شدائێستا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌ودا ته‌نها تاقیگه‌یه‌كی تاقیكردنه‌وه‌ی نیازو عه‌قیده‌و بۆچوونه‌كانی ده‌بێ‌. هه‌رشپینگله‌ر بۆئه‌وه‌ی توانای هه‌ردوو زه‌مه‌ن و كاریگه‌ری هه‌ردووكیان له‌سه‌ر كه‌سێتی مرۆڤی ئه‌ڵمانیدا بدۆزێته‌وه‌و ئه‌و لاوازی و دۆڕاویه‌ی ئه‌وێ‌ ڕۆژێ‌ ئه‌ڵمانیا تیایدا ده‌ژیا ده‌ربخا ده‌یگووت: ئه‌و هێزانه‌ی ئاینده‌ ده‌بزوێنن جگه‌ له‌هێزه‌ بزوێنه‌ره‌كانی ڕابردوو چیدیكه‌ نین. به‌مانا هه‌مان ئه‌و هێزانه‌ن و له‌و حاڵه‌ته‌شدا مرۆڤی وڵاته‌كه‌ی خۆی مه‌حكومی خولانه‌وه‌یه‌ك ده‌كا له‌ده‌وری بازنه‌یه‌كدا پێیوایه‌ تادێ‌ له‌ئاینده‌ی هه‌ره‌سی خۆی زووتر نزیك ده‌بێته‌وه‌. ناساندنی ئێستا وه‌ك ئه‌وساته‌ حه‌قیقیانه‌ی پێویسته‌ تیایاندا بژین هه‌وڵێكه‌، خه‌باتێكه‌ بۆ رزگاركردنی خۆمان له‌وتۆڕه‌ جاڵجاڵۆكه‌ییه‌ی به‌ها كلاسیك و دابونه‌ریته‌ نه‌گونجاوه‌ كۆنه‌كان و بڕیارێكه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ عه‌قڵ دێته‌وه‌ نێو كه‌لله‌مان و ڕاسته‌وخۆ له‌هاوكێشه‌كانی واقیعدا هێز وه‌رده‌گرێ‌. له‌هه‌مانكاتیشدا به‌ومانایه‌ نییه‌، كه‌ ڕابردوو  ئیدی هیچ ڕۆڵێكی له‌ژیانی ئێمه‌دا نامێنێ‌ و داهاتووش خاڵێك نییه‌ به‌ئاراسته‌ی بچین. ڕابردوو له‌و حاڵه‌ته‌ نرخی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بێ‌ كه‌له‌مڕۆدا له‌پشت به‌رهه‌مهاتووه‌ نوێیه‌كانمانه‌وه‌ بیبینین و هه‌رله‌م ئێستایه‌شدا هێزی مانه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وام و ئومێدی ڕێڕۆیشتنێكی هاوسه‌نگ بۆ داهاتوو هه‌ست پێبكه‌ین. ڕابردوو داهاتوو ئه‌گه‌ر دوو یه‌كه‌ی زه‌مه‌نی گرنگن له‌ته‌مه‌ن و سه‌رده‌می مرۆڤدا ئه‌وا ده‌بێ‌ له‌ ئێستادا بۆیان بڕوانین و تادێ‌ ئه‌م ئێستایه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر زه‌خیره‌ی ڕابردوو و به‌م هێزه‌ كۆكراوه‌یه‌ ژیان تادێ‌ خۆشترو جوانتر بژین. ئێستا ئه‌و پارسه‌نگه‌یه‌ رابردوو و داهاتوو له‌مڕۆدا هاوسه‌نگ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌مڕۆدا هه‌رچی هه‌یه‌ به‌لاسه‌نگیی ده‌یبینین ئه‌وه‌ بێبایه‌خكردنی ئێستاو نه‌خوێندنه‌وه‌ی پێدراوه‌ تازه‌كانیه‌تی و زاڵكردن و به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ڕۆژه‌ به‌سه‌رچووه‌كانن له‌ئێستادا، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش ناتوانین كه‌مترین چێژ له‌ژیان وه‌رگرین و كه‌مترین حه‌زو ئاره‌زووه‌كانمان وه‌دیبهێنین ئه‌وا ته‌سلیمی قه‌ده‌ر ده‌بین و ئومێد بۆئاینده‌یه‌ك ده‌خوازین له‌وێدا هه‌رچی بمانه‌وێ‌ بێته‌دی. ئێستا ده‌بێ‌ ببێته‌ بابه‌تی ئیش له‌سه‌ركردن و ئیش بۆكردن تاوه‌كو عه‌قڵمان، هزرمان تێكه‌ڵی به‌رهه‌مه‌كانی بێ‌ و دواڕۆژ له‌ ئاركیۆلۆژیای گه‌ڕان به‌دوای هزری ئه‌م سه‌رده‌مه‌ماندا بزانرێ‌ له‌وڕۆژانه‌دا به‌جوودا له‌ڕۆژانی تر بیركراوه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ی به‌رهه‌میان هێناوه‌ له‌ده‌سه‌ڵات، سیاسه‌ت، كولتوور، مادیات، له‌زه‌مه‌نه‌كانی به‌رله‌خۆیان جوودابوون.  وه‌ك چۆن یه‌كێك له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی مرۆڤ بیرهاتنه‌وه‌ی هه‌ربابه‌ت و زانیارییه‌كه‌ كه‌له‌ڕابردوودا فێری بووه‌و تیایدا ژیاوه‌ ئاوه‌هاش پێشبینیكردن خه‌سڵه‌تێكی دیكه‌یه‌تی له‌ئه‌نجامی كۆمه‌ڵێك زانیاری كه‌له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی مه‌عریفی ئه‌ودا هه‌ن و له‌ ده‌ركپێكراوه‌ هه‌ستیه‌كانی ئه‌وهاتوون ڕووده‌دا. پێشبینی له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ ده‌بێ‌ كه‌تاكه‌كه‌ له‌گه‌ڵیدا ژیاوه‌و به‌پڕۆسێسه‌ عه‌قڵیه‌ باڵاكانیدا ئاینده‌یه‌ك بۆ ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێ‌ شت، ڕووداو ده‌بینێ‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌ نه‌ك ته‌نها خه‌سڵه‌تێكی مرۆڤه‌ به‌ته‌نها، به‌ڵكو خودی زانست یه‌كێك له‌ئامانجه‌كانی پێشبینیكردنی دیارده‌ی تازه‌ن له‌به‌ر ڕۆشنایی دیارده‌و زانیاری پێشترو هه‌لومه‌رجی داكه‌وتی تازه‌دا. ئه‌م داهاتوو بینیه‌ به‌حه‌تمی ڕوونادا به‌ڵكو ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجه‌كان گۆڕان و فاكته‌ره‌كان جێ‌ گۆڕكێیانكردو دۆخی ئه‌زمونكراو شێوازی دی وه‌رگرت ئه‌وا ڕووداوو داكه‌وته‌كان به‌ئاراسته‌ی دیكه‌دا ده‌چن. كه‌واته‌ ئه‌و دنیایه‌ یوتوپی و شاره‌ فازیلانه‌ی له‌چوارچێوه‌ی ئایدیۆلۆژیاو عه‌قیده‌دا هه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشبینیانه‌ نایه‌نه‌وه‌و به‌حه‌تمی باوه‌ڕدار به‌هاتنی ئاینده‌یه‌كی پێشتر وێنه‌كێشراو گه‌شبینه‌و هه‌رچی توانای هه‌یه‌ ده‌یخاته‌كار بۆئه‌وه‌ی چانس هاوڕێیبێ‌ ئه‌گه‌ر بۆساتێكیش بگاته‌ ئه‌وێ‌. ئه‌م نه‌زعه‌ی یاریكردنه‌ به‌مێژوو له‌چوارچێوه‌ی هزری هیگل و كۆجیڤ پاشان كارل ماركس و ئینجا له‌ئێستاشدا فرانسیس فۆكۆ یاما دێ‌ و ده‌چێ‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌م تیۆریسیۆنانه‌ به‌قۆناغبه‌ندی مێژوودا هاتوون و پێیانوایه‌ له‌خاڵێكدا مێژوو كۆتایی پێدێت و خۆرئاواش وه‌ك فۆكۆیاما له‌هیگلی قه‌رزكردووه‌ دوا فۆرم و گه‌وهه‌ری مرۆڤ ده‌بێ‌. شپینگله‌ر ده‌یووت: شارستانیه‌تی خۆرئاوا له‌به‌رئه‌وه‌ له‌هه‌ره‌س نزیكبۆته‌وه‌ چونكه‌ هه‌موو قوناغه‌كانی خۆی بڕیوه‌و له‌ئه‌وجی گه‌شه‌و پێگه‌یشتنی خۆیدایه‌و هه‌رچی هه‌یه‌ له‌عه‌قڵ قه‌رزی ده‌كاو جگه‌ له‌عه‌قڵ له‌هیچیتر ده‌رس وه‌رناگرێ‌، ئه‌مه‌ لای هزروانانی نوێ‌ به‌جۆرێك له‌حه‌تمیگه‌ری لێكدراوه‌ته‌وه‌و شێوازێك له‌ده‌سكاریكردنی مرۆڤ و ئیراده‌ی ئه‌وی تیا ده‌بینرێ‌ بۆئاراسته‌گرتنی مێژوو، هه‌رچه‌نده‌ شپینگله‌ر نه‌یووتووه‌ ئێمه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتماندا هه‌یه‌ به‌رله‌و هه‌ره‌سه‌بگرین به‌ڵام خودی پێشبینیكردنه‌كه‌ قه‌ناعه‌تێكی حه‌تمیگه‌ریمان بۆده‌رده‌خا. قسه‌كردن و توێژینه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئاینده‌و ترساندنی هه‌میشه‌یی مرۆڤ به‌دواڕۆژ جیاكردنه‌وه‌یه‌تی له‌خۆی وه‌ك خودو ئینجا دوورخستنه‌وه‌یه‌تی له‌واقیع وه‌ك سه‌رچاوه‌ی گه‌شه‌و پێگه‌یشتنی عه‌قڵ و ده‌روون. جیابوونه‌وه‌ له‌خود به‌مانا فڕینی خود بۆئه‌و شوێنانه‌ی سه‌ره‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌سته‌كان و گه‌ڕانی له‌وێدا بۆئه‌و كه‌ڵكه‌ڵانه‌ی ده‌وره‌ی مێشكی ده‌ده‌ن. دووركه‌وتنه‌وه‌ش له‌واقیع دابڕانه‌ له‌عه‌قڵ و ئه‌مه‌شیان زیاتر وه‌ڵامێكه‌ بۆ خواسته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی. ژیانی مرۆڤ به‌مانا گوزه‌ركردنی ڕوح و جه‌سته‌ی ئه‌و به‌ئێستاداو، ئه‌وه‌ ژیان نییه‌ ئه‌گه‌ر له‌ڕابردوودا بژی و ڕوح لێره‌دا قه‌رزكراوێكی دۆنا دۆنیه‌و، ئه‌وه‌ش كه‌هه‌میشه‌ بۆداهاتوو ده‌ژی له‌خه‌یاڵێكدایه‌و له‌هزری خۆی ڕایكردووه‌و پێویسته‌ به‌خه‌به‌ر بهێنرێته‌وه‌. ئێستا كۆدی ڕابردوو داهاتووشه‌و ده‌بێ‌ مرۆڤ ئێستای خۆی به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ته‌سلیمی ڕابردووكاو به‌و كۆده‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ئاینده‌یه‌ك بدا یه‌كسانبێ‌ به‌ئاستی كاربۆكردنی ئه‌و.
وه‌ستانخوێندنه‌وه‌ی وردی فیكری و ئه‌كادیمی ده‌كات.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.