روانگه‌ی ڕه‌شبینی له شیعری _گۆران_دا
بێگومان شیعر وه‌ك ژانرێك, ره‌نگدانه‌وه‌ی دنیابینی شاعیره, په‌یوه‌ست به‌و قۆناغ‌وهه‌ڵومه‌رمه‌جه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی شاعیر تیایدا ده‌ژیت. به‌و مانایه‌ی نووسینی شیعر هێنده‌ی كردارێكی خودیه , بابه‌تی نییه.واته په‌یوه‌سته به ئاگایی زه‌ینی شاعیره‌وه. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه رووداو‌و دیارده‌كانی ده‌وروبه‌ر كار نه‌كه‌نه سه‌ر ئه‌و كرداره خودیه , به پێچه‌وانه‌وه هه‌میشه شیعر له زۆر هه‌ڵومه‌رج‌وكاتدا ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و واقیعه بوه, كه شاعیر تیایدا ژیاوه‌و رووداوه‌كانی بینیوه.واته به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان گوزارشت بوه له‌و زه‌مه‌ن‌و مێژووه‌ی شیعره‌كه‌ی تیادا نووسراوه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ش ده‌بینین, كه‌م نین ئه‌و شیعرانه‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی مێژوویی‌و زه‌مه‌نی رووداوه‌كان بوون. به راده‌یه‌ك كه زۆر جار رووداوێك له ئاستی روودانی‌دا وه‌كو خۆی له شیعردا ره‌نگیداوه‌ته‌وه به ئه‌دگاره مێژوویه‌كانیه‌وه,به‌ڵام له چوارچێوه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی.واته شیعر دێت رووداوێكی سیاسی یا مێژوویی, سه‌ر له‌نوێ له بونیادی ده‌قدا ته‌وزیف ده‌كاته‌وه. له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه, هه‌موو رووداوودیارده‌كانی ژیان, دواجار ره‌نگدانه‌وه‌یان ده‌بێت به سه‌ر دنیابینی‌و بیركردنه‌وه‌ی شاعیر. واته كرده‌ی شیعر نووسین,هه‌ر ته‌نها ئه‌زموونێكی خود گه‌رایانه نییه, به لكو به ئه‌زموونكردنی بابه‌تیانه‌ی ژیانیشه. بۆیه گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین, رووبه‌رێكی به‌رفراوان له گوتاری شیعری كوردیدا, به درێژایی قۆناغه‌كانه‌وه ئه‌زموونكردنێكی بابه‌تیانه‌ی ژیانه له ئاستی كۆمه‌لایه‌تی‌و سیاسی‌دا. واته شیعر هێنده‌ی گوتارێك بوه, بۆ گوزارشتكردنی ژیان, هێنده ئه‌زموونێكی ئۆبژێكتی خودی شاعیران نه‌بوه. به پێچه‌وانه‌وه, هه‌میشه شیعری كوردی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه كۆمه‌لایه‌تی‌و سیاسی‌و ژیارییه بوه, كه شاعیر وه‌ك مرۆڤێك تیایدا ژیاوه. ئیدی به وهۆیه‌وه كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری رووداوه‌كان. بۆ نموونه:_ مێژووی شیعری كوردی له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه تا به قۆناغی راپه‌رین ده‌كات, مێژووێكی تێكهه‌لكێش بووه‌و له رووداوه سیاسیه‌كان. به درێژایی ئه‌و قۆناغه, شیعری كوردی هێنده ئه‌زموونكردنێكی بابه‌تیانه‌ی ژیان بوه بۆ رووداوه سیاسیه‌كان, هێنده ئه‌زموونێكی خودگه‌رایانه‌ی شاعیر نه‌بوه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌م شاعیری كورد هه‌یه, شیعری بۆ نیشتمان‌و به‌ره‌نگاری‌و خه‌بات‌و تێكۆشان‌وقوربانیدان نه‌نووسیبێت. واته شیعر رۆلی هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كۆمه‌لگا ده‌بینێت, له هه‌مبه‌ر رووداوه‌كاندا. یاخود گوزارشت له كاره‌سات‌و نه‌هامه‌تیه‌كانی ژیانی ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌كات,له ده‌ره‌نجامی ژێر ده‌سته‌یی‌و چه‌وساوه‌ییدا. له‌و روانگه‌یه‌وه ده‌بینین, له هه‌ندێك هه‌ڵومه‌رجدا, شیعری كوردی هه‌ڵگری گوتارێكی نائومێدانه‌وه ره‌شبینیانه‌یه له ژیاندا. واته كاره ساته‌كان دواجار ئه‌و دنیابینیه,لای شاعیر دروست ده‌كه‌ن, كه به روانگه‌یه‌كی ره‌شبینانه‌و نائومێدانه بروانێته ژیان.دواجاریش ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بێت له ده‌قی شیعریدا. به‌و پێیه‌ی ده‌قی شیعری زاده‌ی بیر‌و روانینه‌كانی شاعیر خۆیه‌تی.ئه‌و روانگه ره‌شبینیه وه‌ك تێروانینێكی كۆمه‌لایه‌تیانه‌ی شاعیرانی ئێمه بۆ ژیان, ده‌كرێ بڵێین: له گشت قۆناغه‌كانی شیعری كوردی‌و به‌راده‌یه‌ك لای هه‌موو شاعیرانی ئێمه, به جیاوازی شیعر نووسینیانه‌وه هه‌ستی پێده‌كرێت.كه‌م تێكستی شیعری كوردی هه‌یه به شیعری كلاسیكی‌و نوێخوازیشه‌وه هه‌ڵگری ئه‌و گوتاره ره‌شبینیه نه‌بێت. گوتارێك كه به نائومێدانه ده‌روانێته ژیان‌وره‌نگدانه‌وه‌ی ناسۆری‌و نه‌هامه‌تیه‌كانی ژیانه. بێگومان به شێكی ئه‌و گوتاره ده‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه كۆمه‌لایه‌تی‌و سیاسیه‌یه,كه به درێژایی مێژوو كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك بینیویه‌تی. به‌و پێیه‌ی مێژووی ئێمه مێژووێكه له تراژیدیا‌و كاره‌سات‌و نه‌هامه‌تیه‌كان. ئیدی هه‌موو ئه‌و رووداوانه دواجار ئه‌و دنیابینیه لای مرۆڤ دروست ده‌كه‌ن, كه به شێوه‌یه‌كی ره‌شبینانه بروانێته بوون‌و ژیان.یاخود گوزارشت له‌و ساتانه بكات. بۆیه كاتێ تێكستێكی شیعری به‌نموونه هه‌ڵگری گوتارێكی ره‌شبینانه‌و نائومێدانه‌یه,له بنه‌ره‌تدا ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌لو مه‌رجه كۆمه‌لایه‌تیه‌یه كه شاعیر وه‌ك مرۆڤێك, له ژیانیدا بینیویه‌تی‌و تیایدا ژیاوه.به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو ره‌شبینی‌و نائومێدیه‌كانی مرۆڤ له ژیانیدا, په‌یوه‌ست به هه‌ڵومه‌رجی كۆمه‌لایه‌تیانه‌ی ژیانه‌وه بێت. بگره له هه‌ندێ كاتدا, مرۆڤ بێ بوونی هیچ جۆره پاڵنه‌رێكی سایكۆلۆژی هه‌ست به نائومێدی‌و غه‌ریبی ده‌كات. یاخود له ژیانیدا رووبه‌رووی كاره ساتێك ده‌بێته‌وه, ئیدی ئه‌و كاره ساته كاریگه‌ریه‌تی له سه‌ر ژیانی جێده هێلێت, كه سه‌ره‌نجام به ره‌شبینی‌و نائومێدیه‌وه بروانێته ژیانی داهاتووی. یاخود له روانگه‌ی ئه‌ودا ژیان له‌و پنته‌دا كۆتایی دێت, كه كاره ساته‌كه‌ی تیادا رووداوه. له كاتێكدا ژیان هه‌ر به‌رده‌وامه. له‌و روانگه‌یه‌وه ده‌كرێ بڵێین( گۆران) یه كێكه له‌و شاعیرانه‌ی, له به شێكی شیعره‌كانیدا, به روانگه‌یه‌كی ره‌شبینیه‌وه ده‌روانێته ژیان.یاخود گوزارشت له كاره‌سات‌و رووداوێكی دڵته زێن ده‌كات‌و ئیدی ئه‌و رووداوانه, ره‌نگدانه‌وه‌یان له دنیابینی شاعیر ده‌بێت.گۆران چونكه هاوشێوه‌ی هه‌موو شاعیرانی كورد له رابردوودا,ژیانێكی سه‌ختی گوزه‌راندوه,ئیدی ئه‌مه وایلێكردوه كه له هه‌ندێ كاتدا, به ره‌شبینیه‌وه بروانێته ژیان‌و گوزارشت له بوون بكات.به‌تایبه‌تیش كه چه‌ند كاره‌سات‌و رووداوێكی دڵته‌زێن, له ژیانی تایبه‌تی ئه‌و روویانداون, كه كاتێ شیعره‌كانی ده‌خوێنینه‌وه هه‌ست به كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و رووداوانه ده‌كه‌ین,له ژیانی شاعیردا.بێگومان دیارترین ئه‌و رووداوانه‌ش مردنی هه‌ردوو جگه‌رگۆشه‌ی شاعیر, گوڵاله‌و هیوایه. شاعیر له هه‌مبه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌دا, به دوو ده‌قی شیعری گوزرارشتی له‌و كۆسته گه‌وره‌یه‌ی خۆی وه‌ك باوكێك كردوه.بێگومان هه‌موو مان ده‌زانین كه هیچ كاره ساتێك له ژیانی مرۆڤدا, به قه‌د مردنی جگه‌ر گۆشه‌كه‌ی تراژیدی‌و به ئازار نییه. ده‌شێ دایك‌و باوكه‌كان له ژیانیاندا به‌رگه‌ی زۆر كاره‌سات‌و رووداو‌و به‌سه‌رهاتی تراژیدی بگرن, وه‌لێ ئه‌سته‌مه به ئاسانی بتوانن, دوای كۆچی جگه‌رگۆشه‌كانیان, به ئاسوده‌یی بژین. ئێمه كاتێ وه‌ك خوێنه‌رێك سه‌رنج له هه‌ردوو ئه‌و ده‌قه شیعریه ده‌ده‌ین, كه گۆران بۆ مه‌رگی(گوڵاله)و(هیوا)ی نووسیوه, هه‌ست به‌و كاریگه‌ریه‌تیه ده‌روونییه ده‌كه‌ین, كه ئه‌و رووداوه له سه‌ر ژیانی گۆرانیان‌وه‌ك مرۆڤ‌و وه‌ك باوكێكیش جێهێشتوه. له‌ناوه‌رۆكی ئه‌و شیعرانه‌دا ,خه‌می گه‌وره‌ی باوكێك ده‌بینین ,كه دوای له ده‌ست دانی منداڵه‌كانی جگه له شیوه‌ن‌و خه‌م,شتێكی تر شك نابات له ژیانی. له دوای ئه‌و كاره‌ساته‌وه(گۆران) ی شاعیر ره شبینی‌و نائومێدیه‌كی گه‌وره رووی تێده‌كات. به راده‌یه‌ك كه ئیتر ئه‌و ژیان به جۆرێكی تر ببینێت,خاڵی له ماناكانی ئاسوده‌یی. له روانگه‌ی گۆرانه‌وه, دوای ئه‌و كاره‌ساته ئیدی ژیان, پڕ ده‌بێت له نائومێدی‌و ره‌شبینی.كاتێكیش سه‌رنج له هه‌ردوو ئه‌و ده‌قه شیعریه ده‌ده‌ین, كه بۆ مه‌رگی هیواو گوڵاله‌ی نووسیوه,هه‌ست به‌و نائومێدی‌و ره‌شبینیه ده‌كه‌ین, كه گۆران وه‌ك باوكێك‌وشاعیرێك دوای ئه‌و كاره‌ساته رووبه‌رووی بۆته‌وه. ده‌شێ ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌بێت, كه گۆران ئیدی تاهه‌تایه به هۆی مه‌رگیانه‌وه جگه‌رگۆشه‌كانی نابینێته‌وه. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ش هه‌ست به بۆشایه‌كی ده‌روونی گه‌وره ده‌كات له ژیانی وتووشی ره‌شبینی ده‌بێت.بۆیه‌شه له شیعره‌كانیدا, وێنای ئه‌و ساتانه ده‌كات, كه ئه‌و وه‌ك باوكێكی جگه‌ر سووتاو دوور له منداڵه‌كانی ده‌ژیت. بۆنموونه:- له شیعری مه‌رگی هیوادا ده‌ڵێ:_
توخوابه‌و جووته چاوه شینانه…
ئاخیر نیگاته تێر بۆم بروانه..
بابه كلۆڵی‌وبه رۆڵه رۆی..
كه دانیشم كز وه‌ختی بێ تۆی..
هه‌روه‌ها له شیعری(بۆ گوڵاله‌ش) ده‌ڵێ:_
كچم خۆ تۆ نه‌ماوی تاببینی..
كه باوكت چه‌ند به ناسۆره برینی..
چ كۆچێ بوو چ كۆچێ وا كش‌و مات…
له هه‌ردوو شیعره‌كه‌دا, گۆرانی شاعیر وێنای ئه‌و ساتانه‌ی ژیانی خۆی ده‌كات, دوای كاره‌ساتی له ده‌ستدانی جگه‌ر گۆشه‌كه‌ی, له دوو هه‌ڵومه‌رجی جیاوازدا.له ناوه‌رۆكی شیعره‌كانه‌وه ئێمه هه‌ست به‌و روانگه ره‌شبینیه ده‌كه‌ین, كه ژیانی گۆرانی دوای ئه‌و رووداوانه گرتۆته‌وه.به ده‌ربرینێكی تر, گۆرانی داهێنه‌ر له‌و دوو ده‌قه‌یدا,گوزارشت له‌و چه‌ند چركه ساته‌ی ژیانی خۆی ده‌كات, كه ته‌ژیه له نائومێدی‌و خه‌م‌و حه‌سره‌ت, بێگومان هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌ش دواجار مرۆڤ رووبه‌رووی ره‌شبینی ده‌كه‌نه‌وه. چونكه ده‌ربرینه‌كانی وه‌ك(ناسۆره برینی)و(وه‌ختی بێ تۆیی)و(رۆڵه) رۆی, ئه‌و ده‌ربرینانه‌ن كه مانایه‌كی غه‌مگینانه‌یان هه‌یه‌و گوزارشتن, بۆ نائومێدی‌و خه‌م‌و حه‌سره‌ت له ژیاندا.له‌و دوو كۆپله شیعریه‌دا, گۆران نایه‌وێت بروا به‌و قه‌ده‌ره لاهوتیه بێنێت, كه ناوی مردنه‌و هه‌موو مرۆڤه‌كان ده‌بێ بمرن. به پێچه‌وانه‌وه به‌ڵكو سكاڵا ده‌كات, له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی كه بۆ ده‌بێ ئه‌وانه بمرن. ئاشكراشه مه‌رگی مرۆڤه‌كان, له هه‌ره‌تی گه‌نجی‌ولاوێتیدا, به سوێتر‌وبه ئازارتره, وه‌ك له‌وه‌ی له ته‌مه‌نێكی پیریدا.بۆیه مردنی جگه‌ر گۆشه‌كانی گۆران, له ته‌مه‌نی لاویه‌تیدا, ئه‌وه‌نده‌ی تربرینی خستۆته دڵی گۆرانه‌وه, وه‌ك باوكێكی كۆست كه‌وتوو.به‌ڵام بێگومان مردن چاره‌نووسی هه‌موومانه‌و په‌یوه‌ست نییه به ته‌مه‌ن‌و قۆناغه‌وه. وه‌لێ چونكه مردنی جگه‌ر گۆشه بۆ دایك‌و باوك كۆستێكی گه‌وره‌یه, ئیدی له ژێر كاریگه‌ریه‌تی ئه‌و كۆسته گۆران وه‌ك باوكێك‌و شاعیرێك, سكاڵا ده‌كات‌و نایه‌وێت بروا به‌وه بێنێت كه منداڵه‌كانی مردوون.بۆیه هه‌موو ئه‌و ده‌ربرینانه‌ی دوای ئه‌و كۆسته له ودوو شیعره‌یدا, گۆران ده‌ریبریوون, ره‌نگدانه‌وه‌ی دۆخی نائومێدی‌وره‌شبینی گۆرانه وه‌ك مرۆڤێك. به‌ومانایه‌ی زۆرجار له‌ده‌ره‌نجامی كۆستێكی گه‌وره‌وه, مرۆڤه‌كان له ژیانیاندا, ره‌شبین‌و نا‌ئومێد ده‌بن‌و ژیانیان تاریك ده‌بێت. له‌و دوو ده‌قه شعریه‌شدا, ئێمه به تاسه‌وه خه‌می گه‌وره‌ی باوكێك ده‌بینین, كه له ده‌ره‌نجامی مردنی جگه‌ر گۆشه‌كانیه‌وه,نائومێدیه‌كی گه‌وره رووی تێده‌كات‌وكۆستێكی گه‌وره له ژیانی دێته ئاراوه. بۆیه هه‌ردوو ده‌قه شیعریه‌كه, ده‌ره‌نجامی دۆخی سایكۆلۆژی‌وروحی گۆرانن دوای رووداوه‌كه. به‌و مانایه‌ی ژیانی خۆی به شێوه‌یه‌كی تر ده‌بینێت, كه بچوكترین به‌خته‌وه‌ری‌و ئاسوده‌یی تیادا نه‌ماوه. به‌ڵام به بۆچوونی من, گۆران ره‌شبینی وه‌ك دیارده‌یه‌ك, له چوارچێوه‌ی ره‌هه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تی‌وده‌روونی به ته‌نیا نابینێت, به ڵكو ره‌شبینی وه‌ك پرسێكی فه‌لسه‌فی‌و عه‌ده‌می ده‌بینێت. به ده‌ربرینێكی تر گۆران ره‌شبینی مرۆڤه‌كان, په‌یوه‌ست ناكات به دیارده‌و رووداوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان, به ڵكو له روانگه‌ی ئه‌ودا ره‌شبینی ره‌گێكی درێژتر‌وقولتری هه‌یه‌و له گه‌ڵ دروستبوونی مرۆڤ هاتۆته ئاراوه. به‌و مانایه‌ی ره‌شبینی مرۆڤه‌كان, ده‌ره‌نجامی بوونی مرۆڤه‌كان خۆیانه له ژیانیاندا, واته له سروشته‌وه مرۆڤه‌كان, به ره‌شبینیه‌وه خوڵقاون. بۆیه‌شه ره‌شبینی وه‌ك تایبه‌تمه‌ندیه‌كی مرۆڤه‌كان ده‌بینێت,له هه‌ر شوێنێك‌و له هه‌ر كاتێك‌و له هه‌ر جێگه‌یه‌ك بن.هه‌روه‌ك خۆی له شیعری(بۆ هیوای كورم) ده‌ڵێ:_
ئه‌گه‌ر وه‌ك باوكه حه‌سره‌ت دیده‌كه‌ت ژه‌هرت بچێژایه…
زه‌مان گه‌ردی ئه‌مه‌لتی گشت به‌ده‌م باوه بپێژایه…
له‌ناو كڵپه‌و بلێسه‌ی نائومێدی‌وحه‌سره‌تا یه‌كسه‌ر..
بسووتایه به هاری عومری جوانیت….
له‌و كۆپله شیعریه‌دا, گۆران وه‌سفی ژیان‌و بوونی خۆی ده‌كات بۆ منداڵه‌كه‌ی.گۆران ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێته هیوای كوری,كه ئه‌ویش وه‌ك مرۆڤێك ژه‌هری زۆری له ژیان چه‌شتوه‌وناسۆری زۆری بینیوه.واته ژیانی هیوای كوری به درێژكراوه‌ی ژیانی خۆی وه‌ك باوكێك بناسێنێت.لێره‌وه‌ش گۆران وێنای ژیانی مرۆڤه‌كان ده‌كات به‌وه‌ی كه دواجار هه‌موویان نائومێد‌ونابه‌خته‌وه‌رن له ژیان.به جیاوازی ته‌مه‌نیانه‌وه. بۆیه كاتێ هیوا له‌ته‌مه‌نێكی بچوكدا,ماڵئاوایی ده‌كات, به‌لای باوكیه‌وه ئه‌مه قه‌ده‌ری مرۆڤه‌كانه, كه له‌ته‌مه‌نێكی ز‌و‌و سه‌ربنێنه‌وه‌وبه‌خته‌وه‌ری نه‌بینن له ژیانیاندا. بۆیه له‌روانگه‌ی گۆران‌دا, چونكه هیوا كوری ئه‌وه‌و ئه‌میش وه‌ك مرۆڤێك له ژیانیدا ناسۆری‌و نه‌هامه‌تی زۆری بینیوه,ئیدی هیوای كوریشی به‌هه‌مان چاره‌نووس ده‌گات.واته ئه‌وه‌ی لێره حه‌سره‌ت ده‌بینێت, هه‌رته‌نها گۆرانی شاعیر نییه, به‌لكو هیوای كوریشیه‌تی,ئه‌مه‌ش سروشتی ژیانه كه ده‌شێ له ئه‌زه‌له‌وه وابێت.
له‌راستیدا, به‌ده‌ر له‌م دوو شیعره‌ی گۆران بۆ جگه‌رگۆشه‌كانی نووسیوه‌وتیایدا,روانگه‌یه‌كی ره‌شبینی‌ونائومێدانه ده‌رده‌برێت بۆژیان, له چه‌ندین ده‌قی تریشیدا هه‌مان ئه‌و روانگه ره‌شبینیه‌ی هه‌یه بۆژیان.لێره‌وه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێمه ده‌رده‌كه‌وێت,كه‌وتمان ره‌شبینی‌ونائومێدی له لای گۆران به‌رله‌وه‌ی دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت‌وره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵومه‌رجی ژیانی مرۆڤه‌كان بێت,ئه‌وا خه‌سڵه‌تێكی سایكۆلۆژیانه‌ی مرۆڤه‌كانه‌وله‌گه‌ڵ هاتنه‌بوون‌ونێو ژیانه‌وه,سه‌رهه‌ڵئه‌دات.واته مرۆڤه‌كان له سروشته‌وه خۆیان نائومێدن‌وبه‌ره‌شبینیه‌وه ده‌روانه ژیان.ئه‌مه‌ش به‌رله‌وه‌ی پرسێكی كۆمه‌لایه‌تی بێت, پرسێكی وجودی‌وفه‌لسه‌فیه. بۆیه كاتێ سه‌رنج له هه‌ندێك شیعری گۆران بۆ نموونه: وه‌ك(گوڵی كه‌م خایه‌ن)و(هاورێی سه‌فه‌رتم ئه‌ی گوڵی لاولاو)ده‌ده‌ین,ده‌بینین گۆران هه‌مان ئه‌و روانگه ره‌شبینیه له شیعردا به‌رجه‌سته‌ده‌كاته‌وه, كه ئه‌و بۆژیان هه‌یه‌تی.كه‌واته لێره‌دا ده‌كرێ بپرسین, ئه‌گه‌رگۆران, له‌هه‌ردووشیعری گوڵاڵه‌و هیوادا,ده‌ره‌نجامی مردن‌ومه‌رگی هه‌ردووكیان وه‌ك باوكێك ره‌شبین‌ونائومێد ببێت له ژیاندا, به‌و پێیه‌ی به‌ر گه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌و رووداوه تراژیدیه‌ی نه‌گرتووه, ئه‌ی بۆچی له به شێكی دیكه‌ی شیعره‌كانیدا,هه‌مان ئه‌و روانگه ره‌شبینیه‌ی هه‌یه وه‌ك مرۆڤێك له ژیاندا…؟
ئه‌م بابه‌ته له رۆژنامه‌ی (هه‌واڵ) ژماره(471)رۆژی 12/5/2012بڵاوكراوه‌ته‌وه…
سه‌دیق سه‌عید رواندزی