Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
رۆشنبیری زیندوو… رۆشنبیری كوشنده‌

رۆشنبیری زیندوو… رۆشنبیری كوشنده‌

Closed
by August 22, 2010 گشتی

 

جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌نێوان رۆشنبیری زیندوو ‌و رۆشنبیری كوشنده‌دا، جیاوازییه‌ك كه‌ پێكڕا پێكهێنه‌ری ئه‌و روانین‌و دنیابینیانه‌یه‌ كه‌ رۆشنبیر له‌فه‌زایه‌كی شارستانی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی‌و ئابوریدا به‌رجه‌سته‌ده‌كات. رۆشنبیری زیندوو واته‌ پڕۆژه‌ی زیندوو، كتێبی زیندوو، مه‌عریفه‌یه‌كی زیندوو، خه‌ونی زیندوو، كه‌ پێكڕا خاوه‌ن هه‌ڵوێست‌و دنیابینی جیاواز، سه‌ربه‌خۆ‌و خاوه‌ن روانینی مۆدێرن‌و كاریگه‌ر، واته‌ رۆشنبیرێكی ئینساندۆست‌و ژیاندۆست‌و بوونه‌وه‌رێك كه‌ قبوڵی ماڵیبوون‌و رامكردن ناكات. زۆر به‌ ساده‌ییش رۆشنبیری كوشنده‌ش واته‌ ئینسانگه‌لێكی وابه‌سته‌‌و بێده‌نگ‌و رامكراو ‌و رۆشنحیزب‌و بێ‌ هه‌ڵوێست‌و كرۆنۆشبه‌ر‌و ده‌ربار‌و نادنیابین‌و نابینا‌و بێ‌ روانین‌و جوێنفرۆش‌و تاسه‌رئێسك جاهیل‌و دوژمنی جیاوازی‌و دنیابینی مۆدێرن. رۆشنبیری كوشنده‌ گرنگ نییه‌ به‌لایه‌وه‌ رۆژنامه‌نوس ده‌ڕفێنڕیت‌و ده‌كوژرێت، گرنگ نییه‌ به‌لایه‌وه‌ حیزب بووه‌ به‌ مافیا‌و دنیای تاڵانكردووه‌، تاكه‌شتێك كه‌ به‌لای ئه‌وه‌وه‌ گرنگه‌ وه‌رگرتنی مه‌كره‌مه‌‌و موچه‌‌و پاداشتی بێده‌نگی‌و ستایشه‌كانی.
رۆشنبیری زیندوو ته‌نها خاوه‌نی هه‌زاران خوێنه‌ری زیندووه‌، به‌ڵام رۆشنبیری كوشنده‌ خاوه‌نی خوێنه‌ری كوشنده‌‌و فیكری كوشنده‌‌و مۆڕاڵی كوشنده‌‌و پلان‌و ستراتیژی كوشنده‌‌و پله‌وپایه‌‌و هێزی ساخه‌ته‌كاریی‌و توانستی شاردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی مۆنۆپۆلكردن‌و داگیركاریین، به‌ڵام پێكڕا ئه‌م هه‌موو هێزانه‌ ناتوانن ببنه‌ خولقێنه‌ری تێكستی زیندوو ‌و خوێنه‌ری زیندوو.
ئایا سیخناخكردنی ده‌زگاكانی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ پاره‌‌و مه‌كره‌مه‌‌و دروستكردنی ته‌لاری ته‌ڵایی بۆیان ده‌توانێت ببێته‌ خولقێنه‌ری فه‌زایه‌كی رۆشنبیریی به‌رهه‌مهێنه‌ر‌و ته‌ندروست؟ یان دواجار ئه‌و ته‌لارانه‌ بێجگه‌له‌ كۆمه‌ڵێك ته‌لاری حیزبی‌و گه‌له‌كۆمیته‌یه‌كی بێساحه‌ب‌و وێران هیچی دیكه‌ نیین، ئه‌و ده‌زگایانه‌ چه‌ند ده‌زگاگه‌لێكن بۆ جوانكردنی حیزب‌و ماكیاژكردن بۆ ناعه‌داله‌تی‌و گه‌نده‌ڵی‌و نائینسانیه‌ت، هێنده‌ش رێگر‌و به‌ربه‌ستێكی ناشرینن له‌به‌رده‌م پڕۆژه‌‌و گه‌شه‌ی رۆشنبیری‌و مه‌عریفی‌و دنیابینی نوێ‌دا.
ئایا بارۆنه‌كانی حیزب ده‌توانن به‌رهه‌مهێنه‌ری پرۆژه‌یه‌كی مه‌عریفی جیدی بن، ره‌نگه‌ بتوانن ببنبه‌ داگیركار‌و زمانحاڵ‌و والی ئاهه‌نگێكی رۆشنبیری‌و ئه‌ده‌بی، ره‌نگه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری چه‌پڵه‌ڕێزانێكی ئه‌ده‌بی‌و هونه‌ریی بن‌و ده‌زگا‌و هۆڵه‌ خاڵییه‌كان پڕبكه‌ن له‌ئه‌ندام‌و ئه‌حبابی حیزب، به‌ڵام ناتوانن پڕیبكه‌ن له‌رۆشنبیریی‌و روانین‌و دنیابینی مۆدێرن‌و كاریگه‌ر‌و جیدی.
رۆشنبیریی زیندوو واته‌ دنیابینییه‌كی خاڵی له‌سه‌له‌فیه‌ت‌و وابه‌سته‌گی، به‌ڵام لێوڕێژ له‌ڕوانینی ئێستایی‌و هه‌نوكه‌یی سه‌رشار له‌تێگه‌یشتن‌و ره‌خنه‌‌و راڤكاریی. به‌ڵام رۆشنبیری كوشنده‌ هه‌میشه‌ چه‌كدار‌و ئاماده‌باشه‌ به‌ بودجه‌‌و پاره‌‌و هێز بۆ كوشتنی پڕۆژه‌ی جیدی بۆ ناشرینكردنی ئه‌و ئاسته‌ رۆشنبیریی‌و مه‌عریفییه‌ جیاوازانه‌ی كه‌ هه‌ست به‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی مه‌عریفی‌و رۆشنبیریی ده‌كات به‌رامبه‌ریان، هه‌ستێك كه‌ هه‌ڵقوڵاوی زیاد له‌كینه‌‌و رقێكی نائینسانی‌و نالۆژیكییه‌، هه‌ستێك لێوڕێژ له‌ترسی بچوكبوونه‌وه‌‌و به‌تاڵی.
چۆن رۆشنبیری كوشنده‌ بوونی هه‌یه‌، ده‌زگا‌و نێوه‌ند‌و رۆژنامه‌‌و بڵاوكراوه‌ی كوشنده‌ش دوابه‌رهه‌م‌و دواكرده‌گه‌لی داڕێژراون بۆ به‌رجه‌سته‌كردن‌و داكوتینی پڕۆسه‌ی كوشنده‌گه‌رایی. حیزب هه‌یه‌ خاوه‌نی ده‌یان ته‌له‌فزیۆن‌و ده‌زگای رۆشنحیزب‌و ده‌یان رادیۆ‌و سه‌دان رۆژنامه‌‌و گۆڤاره‌، به‌ڵام پێكڕا سه‌رله‌به‌ری ئه‌و كه‌ناڵانه‌ بێجگه‌ له‌دامه‌زراوه‌گه‌لێكی مردوو ‌و چه‌واشه‌كار‌و ستایشكار‌و جه‌نگاوه‌ری حیزب هیچی دیكه‌ نین، ده‌توانن رووبه‌رێكی گه‌وره‌ی چه‌واشه‌كاریی‌و پاشاگه‌ردانی داگیربكه‌ن، به‌ڵام ناتوانن ببنبه‌ هێزێكی رۆشنبیریی‌و مه‌عریفی، ده‌توانن ملیۆنه‌ها دۆلاری خه‌رجی نیشتیمان به‌فیرۆ بده‌ن، به‌ڵام ناتوانن ببنبه‌ ده‌زگاگه‌لێكی پرۆفیشناڵی میدیایی‌و فه‌رهه‌نگی‌و رۆشنبیریی له‌كڵێشه‌سازییه‌كی مه‌عریفی‌و میدیایی هاوچه‌رخ‌و زیندوو، به‌ڵام پێكڕا ده‌توانن ببنبه‌ ده‌زگاگه‌لێكی كوشنده‌‌و سونه‌تگه‌را‌و حیزبگه‌را بۆ كوشتنی زه‌وق‌و چه‌شه‌ی بینین‌و بیستن‌و خوێندنه‌وه‌‌و دروستكردنی هه‌ستی ریسوایی فه‌رهه‌نگی‌و ناكارامه‌یی له‌كرده‌‌و چالاكی‌و به‌رهه‌مدا‌و ناكامڵی له‌عه‌قڵ‌و روانین‌و دنیابینیدا.
  ئایا سه‌رجه‌م تێكسته‌كانی نوسه‌رێك ده‌توانن رووی گه‌شی نائینسانیه‌ت‌و بێ‌ هه‌ڵوێستی‌و گه‌نده‌ڵی‌و سازش‌و ستایشه‌ بێماناكانی بۆ حیزب‌و سه‌ركرده‌كان بشارنه‌وه‌؟ ئایا نوسینی شیعرێك بۆ رۆژنامه‌نوسێكی شه‌هید یان بۆ ئافره‌تێكی كوژرا‌و به‌سه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌دان هه‌زار دۆلاره‌ی كه‌ له‌ده‌زگایه‌كی رۆشنحیزبدا لوش ده‌درێت؟ ئایا ده‌زگا به‌ناو رۆشنبیرییه‌كان چ جیاوازییه‌كیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ باره‌گا حیزبییه‌كاندا؟ ئایا ئه‌و ده‌زگایانه‌ بێجگه‌ له‌باره‌گایه‌كی حیزبی به‌شدار له‌گه‌نده‌ڵی‌و ناحه‌قی‌و راوڕوت هیچی دیكه‌ن؟
ئه‌وكاته‌ ئیتر هاوكێشه‌كه‌ كه‌شف ده‌بێت‌و حه‌ماس جێی فیكر ده‌گرێته‌وه‌، توندوتیژی وێنه‌یی‌و زمانه‌وانی جێی ژیاندۆستی‌و ره‌خنه‌ی جیدی ده‌گرێته‌وه‌، هه‌ڵوێستی خێراو نالۆژیكی جێی عه‌قڵانیه‌ت‌و جیهانبینی ده‌گرێته‌وه‌، ئیتر ده‌ره‌نجام رق‌و كینه‌ی پیر‌و زه‌بونی‌و تومه‌تباركردن‌و ساخته‌كاریی جێی ململانێی مه‌عریفی‌و جیدی ده‌گرێته‌وه‌، نانبڕین‌و ناچاركردن جێی گفتوگۆ‌و وتووێژی ئینساندۆستانه‌ ده‌گرێته‌وه‌…دواجار رۆشنبیری كوشنده‌ ده‌توانێت زیاد له‌ڕۆڵێك بگێڕێت، له‌كاتی جه‌نگ‌و خوێنڕشتندا ده‌توانێت رۆڵی جه‌لاد‌و شاعیری حیزب‌و هوتافكێش‌و ماڕشلێده‌ری مه‌رگ‌و بازرگانی هه‌ڵوێست بگێڕێت، له‌كاتی ئاشتبوونه‌وه‌‌و ته‌باییدا یاریزانێكی كارامه‌یه‌ له‌ستایش‌و پیاهه‌ڵدان‌و چنینه‌وه‌ی پاره‌‌و پۆست‌و هێزدا، دواجار رۆشنبیری كوشنده‌ گه‌وره‌ترین رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌گێڕیت كه‌ كۆكتێلێكه‌ له‌دژایه‌تیكردن‌و رێگرتن له‌به‌رده‌م پڕۆژه‌ی جیدی‌و هه‌وڵی رۆشنبیریی‌و مه‌عریفی سه‌ربه‌خۆ‌و جیاواز.
ساخته‌كاریی‌و گه‌مه‌ی ناشرین
به‌گریكردن له‌خوێنڕشتن‌و ئینسانكوشتن‌و باسكردنی عیشق‌و ژیاندۆستی دووڕووی دراوێكی ساخته‌‌و قێزه‌وه‌نه‌(وه‌كچۆن بینیمان له‌شه‌ڕی براكوژیدا گه‌له‌رۆشنبیرانێك وه‌كچۆن شیعرنوسی خوێنڕشتن‌و نوسه‌ری مه‌رگهێن‌و هوتافكێش‌و ماڕشی كوشتن بوون، هاوكات شیعر‌و نوسین‌و هه‌ڵوێستی عاشقانه‌‌و ژیاندۆستانه‌شیان له‌ڕێی كه‌ناڵه‌كانی مه‌رگبێژیه‌وه‌ په‌خشده‌كرد، ئائه‌مه‌یه‌ چه‌واشه‌كاریی‌و ساخته‌كاریی تاسه‌رئێسك)، بێگومان سوتاندنی گۆڤار‌و كۆكردنه‌وه‌‌و له‌ناوبردنی كتێبی هه‌ندێك له‌نوسه‌رانی جیدی له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كان‌و جوێندان‌و ناشرینكردنی میدیای سه‌ربه‌خۆ‌و داپڵۆسین‌و رفاندنی رۆژنامه‌نوسان‌و ره‌خنه‌گران له‌لایه‌ن دوو زلحیزبی میلیشیایی ته‌نها به‌رپاكردنی شه‌ڕێكی گه‌وره‌ نییه‌ به‌رامبه‌ر نوسه‌ران‌و رۆژنامه‌نوسانی ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵكه‌ هه‌وڵێكی كوشنده‌شه‌ بۆ ناشرینكردن‌و ده‌مكوتكردنی خه‌ڵك‌و رۆشنبیره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌ڕێی میدیای زه‌به‌لاح‌و رۆشنبیرگه‌لی كوشنده‌‌وه‌، به‌ڵام هاوكات ئه‌م دامه‌زراوه‌ حیزبی‌و سه‌ركوتكارانه‌ له‌رێی میدیاكانیانه‌وه‌ تاسه‌رئێسك بوونه‌ته‌ ره‌وانبێژێكی سه‌قه‌تی دیمۆكراسیه‌ت‌و سه‌روه‌ری یاسا‌و خه‌مخۆری خه‌ڵك. بێگومان ئا ئه‌مه‌یه‌ گه‌مه‌ی ناشرین‌و ساخته‌كاریی تا ترۆپكی قێزه‌وه‌نی.
  رۆشنبیر چه‌ند هێزێكی شارستانییه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی گفتگۆ‌و دۆزینه‌وه‌‌و پشكنین‌و راڤه‌كاری‌و به‌رپرسیارێتی، هاوكات كارئه‌كته‌رێكی زیندووی ناو قه‌یران‌و دیارده‌‌و گۆڕانكارییه‌كانیشه‌، ئه‌وانه‌ی پێیانوایه‌ رۆشنبیران له‌ده‌ره‌وه‌ی دیارده‌‌و گۆڕانكارییه‌كاندا ده‌ژین، بێگومان بێخه‌به‌ره‌ له‌و ململانێ‌ مه‌عریفی‌و فه‌رهه‌نگییه‌ی كه‌ خولقێنه‌ر‌و داڕێژه‌ری سه‌رله‌به‌ری ئه‌و راڤه‌كاریی‌و شكارییه‌ زیندووانه‌ن كه‌ له‌ڕه‌گوڕیشه‌وه‌ جیاوازییه‌ مه‌عریفی‌و فیكریی‌و رۆشنبیرییه‌كان له‌نێوان حه‌قیقه‌ت‌و ساخته‌كارییدا، له‌نێوان ئینساندۆستی‌و راوڕوتدا، له‌نێوان تێكستی زیندوو ‌و تێكستی مردوودا ئاشكراده‌كه‌ن.
عه‌لی حه‌رب ده‌ڵێت: “به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌سه‌رده‌می ئێستادا بارودۆخه‌كان گۆڕان‌و وه‌ك پێشدان نین؛ ئه‌و رۆشنبیره‌ی قه‌یران دروستده‌كا‌و گرفت ده‌نێته‌وه‌، ئێستاكه‌ خۆی له‌قه‌یراندایه‌، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی تیۆر‌و پرنسیپه‌كان عه‌یب‌و عاره‌كانی ئه‌ویان ئاشكرا كردووه‌ به‌وه‌ی رۆشنبیر له‌به‌رامبه‌ر ئاڵوگۆڕ‌و گۆرانكارییه‌ گه‌وره‌كانی دنیادا‌و له‌پتر له‌ئاستێكدا ده‌سته‌وه‌سان‌و لاوازه‌. ئه‌مه‌ش رۆشنبیری له‌راستگۆیی چه‌كه‌كانی داماڵی. ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و شتانه‌ ده‌بینین كه‌: ئه‌و به‌ها گه‌ورانه‌ی رۆشنبیر داكۆكی لێده‌كرد، له‌ژێر كوته‌كی روداوه‌ گه‌رمه‌كاندا، ده‌روخێن، ئێستا روداوه‌ گه‌وره‌كانی دنیا گاڵته‌ به‌ ساكاری دروشم‌و پڕۆژه‌كان ده‌كه‌ن، ده‌ریده‌خه‌ن به‌رنامه‌‌و تیۆره‌كان چه‌ند كه‌مده‌ست‌و لاوازن.” له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی رۆشنبیرانێكی ده‌سه‌ڵاتخواز‌و نه‌ریتپارێز‌و حیزبپارێز‌و گه‌نده‌ڵپارێز دروستیده‌كه‌ن ئه‌وڕۆكه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و شه‌پۆله‌ نوێیه‌ی جیاوازی‌و گۆرانكاریه‌كاندا لاواز‌و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شا‌و‌و زه‌لیله‌. ئه‌و قه‌یرانه‌ی نه‌ریتێك له‌نه‌ریته‌كان ده‌یخوازێ‌ له‌تاكه‌یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرێ‌، به‌ڵكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌یاڵگه‌ نه‌ریتییه‌كان‌و ره‌مز‌و دروشمه‌ سه‌رسه‌خته‌كان‌و كولتورێكی پڕ بێده‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و بێده‌نگی سیاسی‌و رۆشنبیریی‌و ئه‌و ته‌باییه‌ نامه‌نتیقی‌و ساده‌‌و ساكارانه‌ی ئه‌و رۆشنبیره‌ی كه‌ له‌ئاسته‌كانی گه‌شه‌كردن‌و گۆرانكاری‌و جیاوازییه‌كان تێناگات. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ به‌هاكان‌و مۆڕاڵه‌ جیاوازه‌كان‌و بیركردنه‌وه‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و نه‌ریته‌ مه‌ترسیداره‌ی بێده‌نگیی‌و ساخته‌كارییه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ قه‌یرانی گه‌وره‌ دێته‌ ئاراوه‌، ئه‌وكاته‌ی رۆشنبیرێك یان ده‌سته‌بژێرێكی رۆشنبیری یان گروپێكی فشار تاكه‌یه‌ك ره‌خنه‌‌و تاكه‌یه‌ك خۆپیشاندان‌و قسه‌ له‌سه‌ر ناعه‌داله‌تی‌و ده‌سه‌ڵات‌و گه‌نده‌ڵییه‌كانی سیستمی سیاسی‌و حیزبی‌و گروپه‌ ته‌قلیدییه‌كان‌و حوكم ناگرن؛ ئه‌وكاته‌ ده‌رئه‌نجام گه‌له‌رۆشنبیرێكی بێده‌نگ‌و بێقسه‌‌و بێوه‌یمان ده‌ستده‌كه‌وێت، كه‌ ئاستێكی داخراوی قه‌یرانامێز به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن. له‌و كاتانه‌دا نه‌وه‌یه‌ك له‌شاعیران دێن وه‌ك چه‌رخی جه‌هاله‌ت شیعر به‌سه‌ر سه‌روه‌رییه‌كان‌و بێماناییه‌كاندا هه‌ڵده‌ده‌ن‌و له‌ژێر ئه‌و ساباته‌ شاراوه‌یه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا به‌روبومی ئایدۆلۆژیاكان‌و ناعه‌داله‌تییه‌كان ده‌خۆن، ئه‌وكاته‌ ژه‌مه‌خواردنی به‌ره‌كه‌ت‌و مه‌كره‌مه‌ ناشرینه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌خۆن‌و سفره‌ی بێده‌نگی‌و ساخته‌كاریی‌و ده‌ره‌به‌گخوازیی  بۆ یه‌كتری ده‌ڕازێننه‌وه‌.
رۆشنبیری زیندوو واته‌ روانین‌و دنیابینی زیندوو ‌و هاوچه‌رخ‌و كاریگه‌ر‌و پێكڕا به‌رهه‌مهێنه‌ری مه‌عریفه‌‌و لێكتێگه‌یشتن‌و گه‌ڕان‌و دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت‌و دروستكردنی پرسیار‌و گومانی جه‌وهه‌ری‌و په‌یوه‌ندیامێز، هاوكات رۆشنبیر یان نوسه‌ری مردووش سه‌رله‌به‌ری ئه‌و نوسه‌ر‌و رۆشنبیره‌ بێده‌نگ‌و بێ‌ پرۆژه‌‌و بێ‌ دنیابینییانه‌ ده‌گرێته‌ كه‌ خولقێنه‌ری جه‌هلێكی كوشنده‌ن بۆ دابه‌زاندنی ئاستی رۆشنبیری‌و فه‌رهه‌نگی‌و سوككردن‌و ریسواكردنی كاری ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری، هاوكات پێكڕا ده‌بنه‌ هێزگه‌لێكی ناشارستانی‌و به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م كاری جیدی‌و پڕۆژه‌ی نوێ‌‌و كاری ئه‌ده‌بی‌و فه‌رهه‌نگی زیندوو. رۆشنبیری مردوو ته‌نها هێزێكی ترادسیۆنی نییه‌ بۆ په‌خشكردنی جه‌هل، به‌ڵكه‌ كوشنده‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی هه‌ر فیكر‌و روانینێكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ترادسیۆنی جه‌هل‌و مۆنۆپۆلێكی راسته‌قینه‌یه‌ بۆ داگیركردنی دامه‌زراوه‌ فه‌رهه‌نگی‌و ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیرییه‌كان.

ئاسۆ جه‌بار

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.