Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ریپۆرتاژێک بە شیعر …  شێرزاد هەینی

ریپۆرتاژێک بە شیعر … شێرزاد هەینی

Closed
by April 5, 2012 ئەدەب

 

نا… نا ژنە فینلەندییەکە،
لەسەر ئەو دەریایە و لەسەر پوولە ئاوەکەش
باسک و کەفەل و بن هەنگڵت دامەپۆشە،
ئیمساڵ لە باکووریش بەفر کەم باریوە
با سەهۆڵ و مەندی دەریای جەستەت بۆ هەموومان کراوە بێت.

چونکە حەبی شەوانەم پێ نییە!
ئەوان من نابەنە ناو بەزمەکە و دەڵێن بۆ تۆ
ئەو تاریکستانە باش نییە و ماندوو دەبیت.
ئێوە ژمارەتان لە دەش زۆرترە
منیش پیرێکی نەخۆش
بە شەکر و بە زەغت و بە کۆلسترۆل و بە ترس.

خۆم بە ئەنقەست کلیلی ژوورەکەم ونکردووە
تا نەگەڕێمەوە دیار کەناڵی ئەلجزیرە و کوردسات!
ئەوان کلیلەکەیان بۆم دۆزیەوە
بەڵام زووتر ئەو لە فەیسبووک قسەی خۆشی بۆم کردبوو،
بۆیە بەپەلە چوومە ژوورەکەم و پاش چوونە گەرماوەکە
خەوێکی شیرینم هات،
کە تێر خەوم بوو، بەئاگام هاتم (غادە عەبدلرەزاق) لە کەناڵی ئەلنیل دەیوت:
من بەنهێنی شووم بە پیاوێکی دەوڵەمەندی عیراقی نەکردووە
منیش لەبن بەتانییەکەوە وتم  غادە راست دەکات
درۆ لەو ناوەشێتەوە.

لەناو ئەو هەموو ژنە رووتەی سەردەریا و
لەناو بەلەمە شووشەییەکە
لەدیار شەپۆل و هەژانی قەدی دارخورماکان
لەگەڵ هەنگاوی شل و خاوی ژنە سەرخۆشەکان و
لە ئەلغردقەدا
من چاوم هەر لە دوو وشەی نامەیەکی فەیسبووکە!
چونکە بە کوردییە و بۆنی قەڵاتی هەولێری لێ دێت.

ئافەرین سەرۆک، سەرۆکی دائیرە، سەرۆکی حیزب
سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان و مەکتەب و سەرۆکی کۆڵان و بازاڕ
هەموو بڕیارەکان بە دەستی خۆتانە
من دەپرسم و حەقی خۆمە لێیان بپرسم:
ئەوە ئێوە ماندوو نابن!
پشووێک نادەن، بێجامایەک لەبەر ناکەن
ژنەکانتان پشتان ناشۆن
کوڕەکانتان داوای ژنتان لێ ناکەن!
ناترسن وەک موبارەک و کوڕ و بنەماڵەکەی
لەو وڵاتە بەرینەدا وەک مەیمونێک بکەونە ناو قەفەس.

لەو دونیایە ئەمانەت و وەفا نەماوە
چل ساڵ هونەرمەند عادل ئیمام
هەر خۆی عادل و ئیمامیش بوو،
بەڵام بەداخەوە وا ئیمڕۆ بەلەتەچییەکی بەسام
دەست بەقەچۆیەک
هەڕەشە لە خۆی و لە بووک و لە زاوا و لە هونەرەکەشی دەکات،
عادلەکان و ئیمامەکانیش
هەر ئەوەندە دەتوانن هەواڵەکە بکەنە پەیام،
دەکرێ ئەو بڵێ من پەشیمانم
دەتوانێت بڵێ من نە عادلم و نە ئیمامم.

لە میسر ئەوەم بەبیرهاتەوە
کە لەناو جانجاڵییەکەی پاریس سەیری کاسکێتەکەی ژەنراڵ دیگۆلم دەکرد
ئەو بڵند و لەبەرزاییەوە بە جلی سەربازییەوە هەر وەستاوە
ئەو سانشی هەبوو،
کاتی ئەو بەهار و سەرهەڵدان نەمابوو
بۆیە پەیکەرەکەی وا بەبەرزییەوە ماوە.

هەتا بەیانی چاوەڕوان ناکەم
کێ هەیە ئەوە وشەیە و ئەو سۆزەم بەبیربهێنێتەوە
من دەڵێم بۆ لقی هەموو دارەکان وەک گوڵەکان، ناوی خۆیان نییە
وەک کەند و چۆم و کانییەکان، ناوی تایبەتی خۆیان نییە
با لقی داری بێ ناوی بێژەن بوایە
با لقی گوێز ناوی گۆران بوایە
با لقی چنار ناوی نازدار بوایە
با لقی دار سێویش
ناوی ستیان بوایە
کە لەسەر ئەو دەریا کراونەتەوە
بەری مەمکیان وەک کالاکانی وڵاتی میسر هەرزان کردووە .

ئێرە شاری ئەلغردقەیە و لەگەڵ شەرم ئەلشێخ جیاوازی چییە؟
ئەو وتی: هیچ!
لێرە دەریا و بیابان و حوشتر و دەریای مەرجانییە
لەوێش شەوی سارد و خۆری گەرمە،
لێرە خەڵک ماندوو و شار حەپەساو
لەوێش نان کەم و خەڵک داماو
منیش وتم بەڵام لە شەرم ئەلشێخ
کۆنە سەرۆکێک و هەردوو کوڕەکەی،
وەک من ناتوانن لەدیار ئەهرامەکان ستایشی ئاوەکەی نیل بکەن.

سەرۆک کەمال ئەلجنزوری لە میسر
یەکەم سەرۆک وەزیرانە، لەناو پەرلەمان و راستەوخۆ
دەڵێت پارەمان نەما، وڵاتەکە ئارام نییە
من نیگەرانم و دۆستەکانیشمان پەمۆکەمان ناکڕن.

کوڕەکە لەسەر خوانی رێستورانتەکە وتی:
ئەو کیژەی هەموو رۆژێک خۆر لەبەر ئەو هەڵدەهات دیار نییە
فڕۆکەی هەبوو و رۆیشت؟
وەڵامیان دایەوە و وتیان:
دایکی لەگەڵ کوڕێکی میسری بۆ رابواردن ناردی
بۆ شەوچەرە ئەویش بردی
هەتا نۆ مانگی تر مناڵێکی قژرەشی ببێت
هەتا موسلمانێک لە کافرێک لەدایک ببێت،
منیش وتم واز لەو قسانە بێنە و گلاسێک ئۆزم بۆ بێنە
ئەویش وتی فەرمانتە پاشا.



شێرزاد هەینی
شاری گەشتیاری ئەلغردقە، میسر

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.