Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
رێكخراوەكان هێشتا خۆیان مەدەنى نین….عومەرمحەمەد

رێكخراوەكان هێشتا خۆیان مەدەنى نین….عومەرمحەمەد

Closed

  ئەگەرچى كۆمەڵگەى كوردستانو عێراق، زۆر نیە لە رژێمێكى تۆتالیتارو سەركوتگەرى وەكو بەعس رزگارى بووە، بۆیە ناشێت ئێمەش چاوەروانى گۆرانكاریەكى ئۆتۆماتێكى تەندروست بكەین، چونكە رژێمى بەعس بەلەناوچوون، هەموو كلتورى خۆى نەبردە ناوگۆرەوە، بەلكو لەدواى ئەو ئەركى كۆمەڵگایە خۆى لەپیسىو پۆخەڵییەكانىو ئەوكلتورو رەفتارانە پاك بكاتەوە، كە بەدرێژایى دەسەڵاتى تۆتالیتاریزمو دیكتاتۆریەتى بەعس پێى بارگاوى بووەو هەتا ئەمرۆش ئەو كلتورو رەفتارە تۆتالیتاریانە لەناوخیابانو فەرمانگەو دامودەزگا حكومىو حزبیەكانەوە، تەنانەت لەناو رێكحراوە بەناومەدەنىو ناحكومیەكانو لەناو خانەوادەكانیشمانەوە شەڕى مانەوەى خۆى دەكاو زۆر جار لەنزیكترین بنكەى بەناودیموكراسیەوە بەعسیزمو تۆتالیتاریزم بەرەنگارمان دەبێتەوەو توشى شوكمان دەكات.
  ئەگەر كەسانێك لە ساڵانى رابوردوودا واى بۆچووبوون لەگەڵ روخانى بەعس عێراق دەبێتە شامى شەریف، لەراستیدا ئەوانە نەلە بەعسو نەلە بەعسیزمو نەلەو كاروكردەوانەش تێگەیشتووە، كە بەقوڵى رەگیان لەكۆمەڵگەى عێراقو كوردستانداداكوتاوە.  ئەوانەى بەبانگەشەى دیموكراسى بەهەریان لەخۆیان هێنابووە چۆكانو بە هەراوبانگەشەى دیموكراسىو نەمانى دكتاتۆرەكان سەرمەست بوون، بێئاگابوون لەوەى دكتاتۆرەكان بەتەنیانینو هەریەكەیان لەشكرێك دیكتاتۆرى بچوكتر لەخۆیان بەرهەمهێناوەو تا چاوبركات بازنەى دیكتاتۆرەكان بچوكدەبێتەوە، بەڵام مەبەستم نیە هەموو ئەمانە ببنەمایەى بىَ هیوایمان، بەڵكو هەوڵدانمان بۆ بەدەستهێنانى كۆمەڵگاى مەدەنى لە رێگەى نزیكبوونەوەیە لە مرۆڤ بوونمان، بێگومان زامنى كەمكردنەوەى رۆڵى دكتاتۆرەكان لەهەركۆمەڵگایەكدا تێگەیشتنمانە لەبەهاى مرۆڤ بوونى خۆمانو نزیكبوونەوەیە لەبەهابەرزەكانى مرۆڤو دەستەبەركردنى مافەكانە، دەستەبەركردنى كۆمەڵگەیەكى مەدەنىو دیموكراسى كەتیایدا هاوڵاتى سەركوێر نەبێت و رۆڵى خۆى بگێرێت لە ئیدارەى كۆمەڵگەدا، بێگومان لەدەرگادانى كۆمەڵگەى مەدەنى لە پێشەوە ئەركى رێكخراوەكانى مافى مرۆڤو رێكخراوە مەدەنىو كلتوریەكانە، بەداخەوە ئەمرۆ كۆمەڵگەى كوردى وێراى بوونى چەندین رێكخراوگەلێكیش لەم بوارانەدا، هێشتا رۆڵیان وەكو پێویست نیەو بەپێشچاویانەوە كۆمەڵگە لەگەندەڵىو بێحورمەتى تەواو دا دەتلێتەوە.
 ئەوەندەى بە تەجربەى خۆم لەناو ئەو رێكخراوانەدا هەلسوراومو مامەڵەم لەگەلیاندا كردووە ( جگە لەبەرناوپەیڕەوى ناوخۆى جوان) كە بوونەتە مەرەكەبى سەركاغەز  هیچ بڕگەو بەرنامەیەكى ئەوتۆ یان پراكتیك نەكردووە، كە بووبێتە مایەى وەرچەرخانێكى گرنگو بەرچاوو، رێكخراوى مەدەنى كاتێك پابەند نەبوو بە بەرنامەو پەیڕەوى ناوخۆى خۆیەوە " كە زۆربەیان لە بەرنامەى ئەو رێكخراوانەوە هەڵهێنجراون كەلەدەرەوەى عێراقو لە سیستمێكى دیموكراسیدا دارێژراون" هەر بۆخودى خۆى زەرەمەند نیە، بەڵكو زەرەر ى گەورەش لە هیواو ئومیدى كۆمەڵگەش دەدات، بەتایبەتى ئەو لاوانەى چاوەروانى گۆرانو ئایندەیەكى گەشن، ئەو متمانەیەش دەكوژىَ كە كۆمەڵگە خەریكە لەدواى سیستمە تۆتالیتارەكان بنیاتى دەنىَو چاوەروانى وەرچەرخانە، ئاخر كە رێكخراوێك لە ژێرناوى داكۆكى كار لەمافەكانى مرۆڤ دروست دەبێتو خۆى نمایش دەكاو " دروشمەكانى لەكەنالەكانى راگەیاندن رادەگەیەنى"  چۆن دەبێتە ببێتە فاكتەرى كوشتنى خەونەكانى مرۆڤ؟!  چۆن دەبێت چاو لەو هەموو پێشێلكاریە بخەوێنىَ كە بەبەرچاوى كارمەندەكانیەوە رودەدەنو لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێن؟  چ جاى ئەوەى خۆى لەناو پەیكەرى كارگێرى خۆیدا پێشیلكارى مافى ئەندامەكانى بێت؟! مەگەر كارمەندەكانى خۆى مرۆڤ نین؟!  هەقوایە لەناو پەیڕەوى ناوخۆى ئەو رێكخراوانەدا رێزگرتن لەمرۆڤ  یەكێك بێت لەمەرجە سەرەكیەكانى ئەندام بوون، من واى بۆدەچم .. ئەندامو كارمەندى ئەو رێكخراوانە ئەگەر بەتەنگ منداڵەكانى خۆیانەوە نەبن، منداڵانى دەرودراوسىَ بمرن لەبرسان مێشیان میوان نابێت.
 بۆیە هیچ سەیر نیە بەلامەوە .. ئەمرۆ لەناو ئەو رێكخراوانەدا كە پروپاگەندەى مەدەنیەتو دیموكراسىو ئاشتى دەكەن، یان دژى گەندەڵى خۆیان نمایش دەكەن، گەلێك كارمەندوئەندامى نامەدەنىو توندرەو كۆنەپارێزو گەندەڵ دەركەون.. چونكە واتێگەیشتووم هێشتا رێكخراوەكان خۆیان تەندروستو مەدەنى نین.. هێشتا رێزگرتن لەمرۆڤ نەبووەتە هوشیارى تەواو ئەمە جگە لەوەى هەندێكیان پاشكۆى حزبەكاننو ئیفرازاتى سەردەمى شەرى ناوخۆن، زۆربەیان خەونى ئەوەیان هەیە هەمان رۆڵى حكومەت بەڵام حكومەتێكى چكۆلەى گەندەڵو ئیستبدادى ببینن، بەتایبەتى كاربەدەستو دەست رۆیشتووەكانیان.     
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.