Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ساتێک لە مەرگی جیهاد دلپاک! …. جەلال قادر

ساتێک لە مەرگی جیهاد دلپاک! …. جەلال قادر

Closed
by October 13, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

زۆربەی ئێواران لە گەل برادەرێکی ئازیزم لە باڕێکدا مەست دادەنیشین و دوو پاکەتی جگەرەی دانیالش دەکێشین.

لە گۆشەیەکی باڕەکەش مامۆستا ( جیهاد دڵپاک ) مان دەبینی و بە تاقی تەنیا دادەنشت و جگەرە لە سەر جگەرە دەکێشا و ئاوێتەی خەمەکانی دەبوو.

 ئێوارەیەکیان برادەرەکەم لێیپرسیم : تۆ جیهاد دڵپاک دەناسی؟

منیش وەلامیمدایەوە : دوور بە دوور دەیناسم .

 : ئەی بۆنایەیت بە یەکترتان بناسێنم ؟!

وتم : نا ، حەز دەکەم هەر لە دوورەوە بیناسم .

: دەزانیت ئەویش سەردەمانێک لە رەحیماوە ژیاوە ؟

: بەلێ .

 : دەبا بچینە سەر مێزەکەیی و لە نزیکەوە بیناسی .

: گوێ بگرە ، هەستدەکەم ئەم ئێوارەیە دوا ساتی ژیانیەتی ..ئەم ئێوارەیە جیهاد دڵپاک دەمرێت!.

 : مەست بوویتە ، بە چی دەزانیت دەمرێت ؟

: ئەگەر کاک جیهاد پاکەتی جگەرەکەی بەتاڵ بوو دەمرێت !

: واتە دوا جگەرە بکێشێ دەمرێت ؟

: بەلێ ، دوا مژ لە دوا جگەرەی بدات دەمرێت .

بەم شێوەیە من و برادەرەکەم پێکمان هەلدەداو جگەرە لەسەر جگەرەمان دەکێشا چاوەڕوانی مەرگی مامۆستا جیهادمان دەکرد .

زۆری پێنەچوو کاک جیهاد دوا جگەرەی لە پاکەتەکەی دەرهێنا و بە چەرخەکەی دایگیرساند . پاشان پێکە ویسکیەکەی هەلداو بە بێ مەزە ساتێک هەناسەی لە خۆی بڕیی ، مژی لە جگەرەکەی دا. هەرکات قومی لە جگەرەەکەی بدایە سەیرێکی دەکرد دەیویست بزانێت تەمەنی چەندی ماوە !.

برادەرەکەم وتی : دەبینی چۆن لە جگەرەکەی دەڕوانێ ؟

: ئارام بگرە ئێستا دەبینی چۆن لار دەبێتەوە سەر مێزەکەی بەردەمی .

 : ئەگەر تۆ دڵنیایت دەمرێت با بە گارسۆنەکە پاکەتێ جگەرەی بۆ بنێرین .

: تۆ شێتی هەر کەس بە شێوەیەک دەبێت بمرێت ، ئێمە بۆمان نییە پێش لە مەرگ بگرین .

برادەرەکەم وتی :  مردنی چی؟ مەگەر هەموو ئێوارەیەک کاک جیهاد نایەت بۆ ئەم باڕەو دخواتەوە و جگەرەش دەکێشێ وبە سەلامەتیش دەگەڕیتەوە ماڵ.

: ئاخر ئەم ئێوارەیە جیاوازە ..نابینی لە جیاتی قاپوتە ڕەشەکەی چاکەتە سەوزەکەی گیڤارای  لەبەردایە !.

— بۆ ئەو چاکەتە چییە ؟

وتم : ئەوە چاکەتەکەی شەهید ئەنوەری برایەتی ؟

— تۆ شەهید ئەنوەری برایت دەناسی؟

 : ئەویشم لە دوورەوە دەناسی!

— دەپێمبڵێ چۆن ئەم بنەمالەیە دەناسی ؟

: بە داخەوە هەمویان لە دوورەوە دەناسم . ڕۆژێک نەچووم لە نزیکەوە بەشداری خەمیانبم .

— چۆن دەیانناسی ؟

وتم : منداڵ بووم لە ڕەحیماوا قوتابخانە نەبوو ، ماڵی  جیهاد و شەهید ئەنوەر خانوەکەیان چۆڵ کرد بۆ منداڵانی ڕەش و ڕووتی رەحیماوا تا فێری خوێندنبن .

— کامە خانوو ماڵی ئەوان بوو؟

وتم : ئەو پاساژ و تەلارەی بەرانبەر ( موزەفەر حەلاق ) . ئێستا نازانم کێ خاوەنیەتی؟

: سەیرە ئەو پاساژە ئێستا لە کڕین نایەت ، کەچی سەردەمانێک ماڵی شەهید ئەنوەر و جیهاد دڵپاک بووە .

وتم : لەوەش سەیرتر ئەوە یە ..کاک جیهاد دوا مژی لە جگەرەکەی دا …

 : دوا جگەرەی کێشا و نەمرد .

: پەڵە مەکە .

لەم کاتە مامۆستا جیهاد دەست و پێی کەوتە لەرزین ..زنجیری چاکەتەکەی داخست و خۆی گرمۆلە کردەوە.

برادەرەکەم هاواری کرد : ئەوە خەریکە قسەکەت دێتەدی . هەلسە با فریای بکەوین .

پاکەت و شقارتەکەم لەسەر مێزەکەی خۆمان هەلگرت و چووین بۆ لای کاک جیهاد.. بینیم لەسەرما ددانەکانی هەلدەڵەرزین. .

جگەرەیەکم لە پاکەتەکەم دەرهێنا و خستمە دەمیەوە ئنجا بە دەنکە شقارتەکەم جگەرەکەم بۆی داگیرساند . دوکەڵی جگەرەکەی هەلمژی لە سییەکانی دەرینەهێنایە دەرەوە . پاشان مژی دووەمی لە جگەرەکەدا دووبارە دوکەڵەکەی هەلمژی و لە سینگی پەنهانیدا. پاکەت و شقارەتەکەم لەسەر مێزەکەی دانا و بەجێمانهێشت .

بیست و پێنج هەزاردیناری سوورم لەسەر مێزەکەی خۆمان دانا و دەستی برادەرەکەم گرت و لە باڕەکە هاتینە دەرەوە .

برادەرەکەم وتی : ئەوە چیبوو بۆ قسەت لەگەڵ نەکرد ؟

 : مامۆستا جیهاد ئەمشەو دەیەوێ خۆی بکوژێ!

: ئەی چۆن ئێمە بتوانین یارمەتی بدەین.

: ئێمە ناتوانین دەستکاری چارەنوسی مرۆڤ بکەین .

: تۆ منداڵی رەحیماوەی ..ئەوها پاداشتی دەدەیتەوە .

: من پاداشتی ئەو بنەمالەیەم پێنادرێتەوە .

: ئەی ئێستا چیبکەین بۆ کوێ بچین ؟.

وتم : دەچینەوە ماڵ و دەنوین ..سبەنێ زوو لەخەو هەلدەستین ..لە ڕادیۆ گوێدەگرین هەواڵی مەرگی جیهاد دڵپاک دەبیستین .

ئەو شەوە بە سەرخۆشی لە گەل برادەرەکەم گەڕاینەوە ماڵ، لەسەر جێگا ڕاکشام و تووشی سەریەشەیەکی قورس ببووم و خەو نەدەچووە چاوم . لە تێنویەتیا  پەرداخێ ئاوی ساردم خواردەوە …. کاتێک چاوم بە برادەرەکەم کەوت لە شیرینی خەودا بوو ، پرخەی دەهات . منیش لەدڵی خۆمدا وتم : ئەم ئێوارە یە زۆرمان خواردەوە وخەراپ سەرخۆشبووین !.

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.